رێزان عەبدوڵڵاهی
ئاسایشی بوونناسانە، چەمکێکی غایب لای کورد
بواری ئاسایش و ئەمنیەت یەک لەو بوارە گرینگانەیە لە لە پەنجا ساڵی رابردوو دا پانتاییەکی فرەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا بۆخۆی بردووە و لە تیۆری و پڕاکتیک دا خاوەن پێگە و گرنگایەتی خۆیەتی و دەتوانین بێژین بۆتە کاکڵە و ناوەڕۆکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان و بۆتە هێز و هەوێنێک بۆ پێشڤەبردنی زانستیی ئەم بەشە. تێگەی "ئاسایش" لە سەرنجی یەکەم دا زیاتر بە واتای کێبڕکێکانی تایبەت بە چەک و موشەک و هەروەها ئاشتی و ئارامی بۆ مرۆڤ بەکار دێت. بەڵام وەک هەر تێگەیەکی دیکە، ئەمیش بە درێژایی زەمەن مانا و ئامانجی جیاوازی بە خۆیەوە گرتووە. ئاسایش لە مانا کلاسیکییەکەی دا زیاتر گرێدراوی بواری سەربازی و تایبەت بە زیندوومانەوەی دەوڵەتەکان بوو بەڵام لە ساڵانی دوایی دا مانای نوێ لە ئاسایش پێشکەش کران کە بێجگە لە بواری سەربازی، بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، مرۆیی، ژینگەیی و سیاسیشی گرتەوە و خوێندنەوەی تازە لەو بوارەدا هاتنە ئارا.
چەمکێکی غایب لای کورد
ئەو ئاسایشەی کە لێرە دا مەبەستی ئێمەیە، ئاسایشی بوونناسانەیە بۆ مرۆڤ وەک پێش مەرجێکی سەرەکی بۆ مانەوە و درێژەدان بە ژیان وەک مرۆڤێکی دڵنیا و بڕوابەخۆ. هەروەها گەرەکمانە تیشک بخەینە سەر پێویستی و گرنگایەتی ئەم چەمکە بۆ کورد و خەسارەکانی نەبوونی بۆ کورد باس بکەین.
تێگەی ئاسایشی بوونناسانە[1] سەرەتا لە لایەن "ئەنتۆنی گیدنز" و لە تیۆری "بوونی مرۆیی" دا باس کرا. گیدنز لە ئاستی تاکەکەس دا باس لەو بابەتە دەکات و دواتر ئەو ئاستە بەرز کرایەوە بۆ ئاستی ئەکتەرە سیاسییەکان و دەوڵەتەکان. بە بڕوای گیدنز(1991)، ئاسایشی بوونناسانە "واتە هەبوونی وەڵام بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکان لە هەست و نەستی مرۆڤدا کە هەموو ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەک بریتییە لە وەڵام بۆ ئەم پرسیارانە". کەواتە مرۆڤ بەو وەڵامانەی بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکان لە مێشکی دا هەیەتی، دونیای دەوروبەر و هەروەها خۆی دەناسێت. واتە ئەو تێگەیشتنە لە خۆت، ئەو رەوایەت و گێڕانەوەیە کە مرۆڤ بە پێی ئەم رەوایەتە، درێژە بە ژیان دەدات و بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئاسایشی بوونناسانە واتە بڕوا بە راستی و دروستی ئەو گێڕانەوەیە بۆ "خۆت". واتە بزانی لە پێشهاتە چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراوەکان دا چۆن بجوڵێیەوە و بە پێی نیزامی ئێپیستمۆلۆژیکی جێکەوتوو لە مێشکت دا رووبەڕووی رووداوەکان ببیتەوە. واتە "ئاسایشی بوونناسانە، ئاسایشی بوون و وجودە" (فیروزئابادی، 1388). وەکوو جێنیفێر میتزێن(2006) دەڵێت: "تاکەکان بۆ ئەوەی کە بزانن کێن، دەبێ هەست بە هەبوونی ئاسایش بکەن". چونکە نادڵنیایی و نەبوونی سەقامگیری کار دەکاتە سەر ناسێنەری تاکەکان و لە ئاکام دا لە ئەکشن و کردەوەنواندن دووریان دەخاتەوە. چونکە کردەوەمەندی و خۆنواندن پێویستی بە ناسێنەرێکی سەقامگیر هەیە و ئەو ناسێنەرە لە ژینگەی مەعرەفەتی تایبەت بە خۆی دا خۆی مەڵاس دەدات و دەمێنێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، بونیادنانی "خۆت" وەک پرسێکی دیسکۆرسیڤ هەمیشە پێویستی بە یەک دانە "ئەویدیکە" هەیە کە تۆ بە جیاکردنەوەی خۆت لە ئەو، خۆت دەناسی و دەناسێنی. کەواتە "ئەویدیکە" لەو پڕۆسەیە دا دوو دانە رۆڵ دەگێڕێت: هەم بە شێوازێکی سەلبی، بوونی تۆ لە نەبوونی ئەو دا رەنگ دەداتەوە: واتە تۆ بۆیە خۆتی چونکە ئەو نیت و هەم تاکوو ئەویدیکەیەک نەبێت کە خۆت لە بەرامبەر ئەو دا بناسێنێ، ناتوانی خۆت دابڕێژی. لە لایەکی ترەوە تۆ لە ژیانی رۆژانە دا و لە فەزای کۆمەڵایەتی دا پێویستت بە تەعامول لە گەڵ ئەو دا هەیە، چونکە فەزای کۆمەڵایەتی فەزای تاک و هێز و رەهەندە جیاوازەکانە.
ئەم بابەتە دەتوانرێ لە ئاستێکی بەرزتر دا بگشتێنرێت بۆ بواری سیاسی و هێزە سیاسییەکان وەک ئەکتەرەکانی دونیای سیاسەت. ئەگەر دونیا و فەزای سیاسەت وەک فەزای کۆمەڵایەتی چاو لێبکەین و ئەکتەرە سیاسییەکان وەک تاکەکانی ناو کۆمەڵگا چاو لێبکەین، دەتوانین باسی ئاسایشی بوونناسانە بگوازینەوە بۆ ئێرە و بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان قسەی لە سەر بکەین.
لە تیۆرە باوەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی دا ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی سیاسەت تەنها دەوڵەتەکانن و بەو پێیەش کاتێک باس لە ئاسایشی بوونناسانە دەکەین، دەبێ ئەو تێگەیە بۆ دەوڵەتەکان دەکار بێنین. چونکە لە نیزامی "دەوڵەت- نەتەوە"ی زاڵ بە سەر دونیا دا ئەوە دەوڵەتەکانن کە دەبنە نوێنەری بەرژەوەندی نەتەوەکانی خۆیان و ئەوانن کە لە کایە سیاسییەکان دا رۆڵ دەگێڕن. کەواتە دەوڵەتێک بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات، پێش هەموو شتێک پێویستی بە کۆمەڵێک رەوایەت و پڕەنسیپ هەیە تاکوو خۆی بە پێی ئەو پڕەنسیپانە بناسێنێ و کردەوە بنوێنێت.
ئەگەر بمانەوێ نمونەیەک باس بکەین، دەتوانین باس لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەوڵەتێک بکەین. بە پێی قسەی فیروزئابادی(1388) دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی ناسێنەری خۆی لە سەر چوار کۆڵەکە بونیات ناوە کە بریتین لە: "ئیسلامی بوون، ئێرانی بوون، شۆڕشگێڕبوون و هەناردەکردنی شۆڕشەکەی لە گەڵ بێلایەن بوون". بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە، کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە لە کاتی پێشهاتە سیاسییەکان دا چۆن بجوڵێتەوە و چۆن خۆی رابگرێت و خۆی بەرهەم بێنێتەوە. و لە مێژووی دەسەڵاتەکەی دا، ئەو دەوڵەتە تەنانەت لە کاتی تەنگانەش دا پشتی لە بڕوا و ئامانجەکانی نەکردووە و بە پێی نیزامی هەقیقەتیی خۆی جوڵاوەتەوە.
ئەگەر ئەو چەمکە بۆ کورد بێنینە بەر باس، لە هەنگاوی یەکەم دا لە گەڵ ئەو کێشەیە بەرەوڕوو دەبین کە کورد ئەکتەرێکی نادەوڵەتە و ئەوە دەوڵەتەکانن کە رۆڵگێڕی سەرەکی سیاسەتی نێودەوڵەتین. بەڵام ئێمە دەتوانین کوردیش وەک ئەکتەرێکی سیاسی چاو لێبکەین کە کەم تا زۆر لە هاوکێشە ناوچەییەکان دا بەشدار بووە و بەشدار دەبێت. واتە ئەکتەری نادەوڵەتیش دەبێ خاوەن ناسێنەر بێت و بەو ناسێنەرە و بە پێی پڕەنسیپەکانی هەڵقوڵاو لە نیزامە هەقیقەتییەکەی رووبەڕووی رووداوەکان ببێتەوە و رۆڵ بگێڕێت و تەعامول بکات. چونکە ئەگەر چاو لێبکەین، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک گەورەترین و کاریگەرترین ئەکتەری نادەوڵەت لە دونیا دا بوونی هەیە رۆڵ دەگێڕیت و خاوەن پڕەنسیپەکانی تایبەت بە خۆیەتی. یان دەتوانین باس لە رێکخراوگەلی وەک "ئەلقاعیدە" بکەین کە لە گەڵ ئەوەش دا کە دەوڵەت نین، بەڵام بە پێی تاریفێک کە لە خۆیان هەیانە و بە پێی ئەو بنەمایانەی بۆخۆیان دایانڕشتووە، لە دونیای سیاسەت دا بوونیان هەیە و نکوڵیش لە بوونیان ناکرێت. یان وەک حکومەتی فەلەستین یان دەوڵەتە دوفاکتۆکانی وەک قێبرێس و تایوان و... هتد.
کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کوردیش دەتوانێت و دەبێت خاوەن شوناسی تایبەت بە خۆی بێت کە لە بواری نێودەوڵەتی دا خۆی پێ بناسێنێت و لە ئەنجام دا بە پێی بنەماکانی خۆی بجوڵێتەوە و هەست بە ئاسایشی بوونناسانە بکات. میتزێن(2006) پێی وایە کە "ئاسایشی بوونناسانە بریتییە لە پاڵنەر و هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی نادڵنیایی لە رێگای داسەپاندن و دابەزاندنی نەزمی ئێپیستمۆلۆژیکی خۆت بە سەر ژینگەدا" کە لە ئاکام دا دەتوانی بە کەڵکوەرگرتن لە "نیزامی متمانەی سەرەکی[2]" بەدیهاتوو لەو نەزمە، رووبەڕووی کێشەکان ببیتەوە و تووشی دڵەڕاوکێ نەبیت.
کاتێک ئەکتەرێکی سیاسی بوونی خۆی روون کردەوە و زانی کێیە، ئینجا دەتوانێ بزانێت کە چی دەوێت و دەبێ چۆن بجوڵێتەوە. ئەم سێ رستەیە دەکرێ وەک کاکڵەی ئاسایشی بوونناسانە چاوی لێبکرێت. ئێستا ئەگەر بێینە سەر باسی کورد، لە هەنگاوی یەکەم دا کورد بۆخۆی روونی نەکردۆتەوە کە کێیە و بۆ ئەم پرسە چەندین رای جیاوازی خستۆتە بەر دەست، پەرشوبڵاوییەک لە ناساندنی کورد دا هەیە کە هەر لایەنێکی کوردی بە دڵی خۆی کورد پێناسە دەکات. یەکێک کورد بە ئێرانی دەزانێت و یەکێکی تر نا، لایەنێک ئیسلامی بوون پێش کوردبوون دەخات و لایەنێکی تر نا، لایەنێک کورد لە ناو ئەنتەرناسیۆنالیزم دا دەتوێنێتەوە و لایەنێکی تر نا، و دەیان باوەڕی جیاوازی دیکە کە رێگەیان لە چێبوونی ناسێنەرێکی کوردی گرتووە کە کورد لە دونیا دا خۆی پێ بناسێنێ و بجوڵێتەوە و داواکاری بێنێتە گۆڕێ. لە لایەکی تریشەوە کورد هێشتا بە پێی ئەو پێناسانە دەجوڵێتەوە کە داگیرکەرەکانی بۆیان داناوە و نەیتوانیوە خۆی و ئەویدیکە لە یەکتر جیا بکاتەوە کە جیاکردنەوەی "خۆت" لە "ئەویدیکە" یەکەم هەنگاوی خۆناساندنە.
بە پێی یاسای ناسێنەر- کردەوە[3]، گەلێک کە خاوەنی ناسێنەر نیە، ناشتوانێ کردەوە بنوێنێت و لەو رێگایەوە خۆی بەرهەم بێنێتەوە. ئیدی لە ئاکام دا لە کاتی پێشهات یان هەل و هەڕەشە سیاسییەکان دا بێ ئیرادەیی پێوە دیارە کە ئەم باسە کوردیش دەگرێتەوە و کورد لە کاتی پێشهاتەکان دا لە باشترین حاڵەت دا دەبێتە ئەکتەرێکی پاسیڤ کە لە کۆتایی دا ناچارە مل بداتە ئەو ژینگەیە کە ئەکتەرە چالاکەکان خوڵقاندوویانە. لە خراپترین حاڵەتیشدا دەبێت بە شوێنکەتە و راپەڕێنەری فەرمان و کردەی ئەکتەرەکانی دیکە و مێژووش نیشانی داوە کە ئەو ئەکتەرانە هەمیشە یەکێک لە داگیرکەرەکانی خۆی بوون.
نەبوونی ئاسایشی بوونناسانە هەروەها کاریگەری نێگەتیڤ دەخاتە سەر تاکەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو شوێنێک و دوچاری خەساری گەورەیان دەکاتەوە. هەر لە بڕوابەخۆنەبوون و بێ متمانەیی را بگرە تا دەگاتە پەلهاویشتن بۆ توانەوە لە فەرهەنگ و ناسێنەری گەلی باڵادەست دا و تەنیایی و تەریککەوتن لە لە ناو خەڵکانی خاوەن ناسێنەر دا.
بنیاتینانی ناسێنەر لە کورد دا دەبێت بە سەرەتای خۆجیاکردنەوە لە "ئەویدیکە" و خستنەڕووی داخوازییەکان و دروستکردنی قەوارەی سیاسی تایبەت. کە هەر وەک قەوام(1387) لە کتێبی "دەوڵەتسازی،نەتەوەسازی، و تیۆری پەیوەندی نێودەوڵەتی" دا پێی وایە کە سازکردنی قەوارەی سیاسی، بڕوابەخۆبوون و هەستی هەبوونی شوناس دەگێڕێتەوە بۆ ئەو خەڵکانەی لە لایەن دەوڵەتی خەڵکانی ترەوە چەوسێنراونەوە یان سەرکوت کراون. کاتێک هێز یان گوتار یان ناسێنەرێک دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و سەرکوت لە لایەن یەک "ئەویدیکە" را، ئەبێ دەست بداتە کردەوە و گیدێنز(1385) وتەنی لێرەدا "ساتی چارەنوسساز" دێتە پێش کە دەبێ کردەوەمەندی لەم ساتە چارەنوسسازە دا بە لای زیندووکردنەوە و بەربڵاوکردنی مانا و ئاماژ و هێماکانی تایبەت بە "خۆت" بێت، بۆ ئەوەی لە ناو فەزایەکی ئەمنی بوونناسانە دا خۆت بەرهەم بێنییەوە و ناسێنەرت بەردەوام بێت.
لە کۆتایی دا بۆمان دەردەکەوێت کە ئاسایشی بوونناسانە لە پێشەوەی جۆرەکانی دیکەی ئاسایش دا جێگە دەگرێت و گرەنتی سەرەکی مانەوە و خۆبەرهەم هێنانەوەیە و لە غیابی ئەم چەمکە دا کۆمەڵێک کێشە و گرفت دێنە گۆڕێ کە خەساری گەورەیان لێدەکەوێتەوە. کەواتە بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی پەراوێزخراو پێویستە کە بۆ پێشگرتن لە دڵەڕاوکێکانی بەرەوڕوبوون لە گەڵ پێشهاتەکان و نەتوانەوە و هەروەها بەشداری چالاک و سودمەند لە کایەی سیاسی دا، لە رێگای چێکردنی ناسێنەری تایبەت بە خۆی، دەستی بە ئاسایشی بوونناسانە رابگات و بەردەوامی بە ژیانی سیاسی بدات.
"سەرچاوەکان لای نووسەر دەست دەکەوێت"
[1]. Ontological Security
[2]. Basic Trust System
1. Identity- action
29/8/2015