شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە شەڕی ئەمجارەی توركیا شەڕی كورد و دەوڵەت نییە، بەڵكو شەڕی سیاسییەكانە. ئەوان دەڵێن "زەمینەی درێژەكێشانی شەڕ نەماوە" و پێشبینیش دەكەن بەم نزیكانە ئاگربەست رابگەیەندرێت و دەست بە پڕۆسەی چارەسەری بكرێتەوە. دوای دوو ساڵ لە بێدەنگكردنی چەك، رۆژی 23ی مانگی رابردوو جارێكی دیكە شەڕ لە نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان هەڵگیرسایەوە. پریشكی شەڕی ئەمجارە سەنتەری شارەكانی توركیا و باكووری كوردستانیشی گرتەوە. لە شارەكاندا شەڕەكە لەنێوان پۆلیس و دەزگای ئاسایشی توركیا و بزووتنەوەی گەنجانی دیموكرات و وڵاتپارێز (YDG-H) بوو كە بە باڵی گەنجانی پەكەكە ناسراوە. ئەمجارە شەڕی شاخ زۆر سنووردارە، تەنیا فڕۆكە جەنگییەكان بۆردومانی بارەگاكانی پەكەكە دەكەن و هێرشی زەمینی بۆ سەر پەكەكە تائێستا نەبووە. بەڵام جگە لەوەی لە شارە گەورەكانی باكووری كوردستان هێرش كرایە سەر پۆلیس و دەزگاكانی ئاسایش، چەندین شارۆچكەش وەكو (سلۆپی، جەزیرە، شەمزینان، گەڤەر، فارقین، لیجە، وارتۆ) بوونە مەیدانی شەڕی قورس لەنێوان (YDG-H) و پۆلیسی توركیا، كار گەیشتە ئەوەی والیی شارەكان لەو شارۆچكانە باری نائاسایی رابگەیەنن.
"شەڕێكی كاتی و ئامانجدارە"
سەرەڕای ئەمە، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە شەڕەكە "كاتی"یە و "ئامانجی سیاسی" لە پشتەوەیە.
گونای ئەسڵان نووسەر و سیاسەتمەداری كورد دەڵێت "شەڕی ئێستا شەڕێكی كاتییە، بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەكانە لەسەر مێزی گفتوگۆ. شەڕێكی ستراتیژی نییە. راستە پەكەكە بەهێز بووە، بەڵام ئەو شەڕە بۆ سەودایە لەسەر مێزی گفتوگۆ. حكومەتی ئاكپارتی هەوڵدەدات بەو شەڕە كورد لە هێز بخات بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ كارتەكانی بسەپێنێ. لە داخوازییەكانی كورد كەمتر بدات. پەكەكەش دەخوازێ بەهێزتر لە جاران بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ".
رۆژنامەنووس مەحمود ئۆرال، نوێنەری رۆژنامەی جمهوریەت لە ئامەد كە لە كاتی راگەیاندنی باری نائاسایی لە شارۆچكەی فارقین لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، چووە ناو شارۆچكەی فارقین و رووداوەكانی ئەوێی بۆ رای گشتیی توركیا گواستەوە، قسەكانی گونای پشتڕاست دەكاتەوە.
ئۆرال بە (رووداو)ی گوت "پێموایە شەڕێكی تەكتیكیە، ژمارەی كەمی گەریلا لە ناوچەكانی شەڕ نیشانی دەدات كە ئەمە شەڕێكی ماوە درێژ نییە".
ئۆراڵ كە دەڵێت ئەم شەڕە تاكتیكیە، پشت بە لێدوانی بەرپرسانی ئاكەپە و پەكەكە دەبەستێ و دەڵێت "سەرۆك كۆمار بەر لە چەند رۆژێك لە لێدوانێكیدا گوتی پڕۆسەی چارەسەری لەناو سەلاجەدایە. واتا پڕۆسەی چارەسەری هەڵگیراوە، بەڵام تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو كاتی كارپێكردنی دیار نییە".
لەبارەی پەكەكەشەوە دەڵێت "پەكەكە دەڵێ هێرش ناكەینە سەر سوپا، كێشەی ئێمە لەگەڵ پۆلیسە. كەواتە ئەوەش نیشانەیەكە بۆئەوەی كە ئەو شەڕە تەكتیكیە".
ئایا پەكەكە دەتوانێ بەشەڕ مەرجەكانی بەسەر توركیادا بسەپێنێ؟ گونای ئەسڵان دەڵێت "ئەمە تەنیا بەچەك ناكرێت، لەلایەنی سیاسی و دیپلۆماسی پەكەكە بەهێزە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توركیا پڕۆسەیەكی نوێ لە ئارادایە. پەكەكە جێگای خۆی لەناو سیستەمی نێودەوڵەتی كردووەتەوە، بووەتە ئەكتەرێكی نێودەوڵەتی، ئیتر بەتەنیا پێویستی بە چەك نەماوە. زەمینەی سەركەوتن سیاسەتە، پەكەكە باش لەوە تێگەیشتووە، بۆیە لەلایەك شەڕ دەكات و لەلایەكەی دیكەش داوای چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی دەكات".
رای گشتیی توركیا گۆڕاوە
بەگوێرەی ئامارە فەرمیەكانی سوپا و هێزەكانی ئاسایشی توركیا، تاوەكو ئێستا 57 پۆلیس و سەرباز كوژراون، 169 كەسیش بریندار بوون. لەبەرامبەردا پەكەكە ژمارەی قوربانیەكانی بە كەمتر لە 30 كەس مەزەندە دەكات.
بەدرێژایی مێژووی شەڕی دەوڵەتی توركیا و پەكەكە، رای گشتی توركیا ئەو شەڕەی وەكو شەڕی دەوڵەت و دوژمن لە قەڵەم دەدا و بەچاوی دوژمن سەیری كوردی دەكرد، بەڵام لەم شەڕەدا رای گشتی وەكو جاران بیرناكاتەوە.
گونای ئەسڵان دەڵێت "رای گشتی توركیا شەڕی ناوێت، ئەو سێ ساڵەی دوایی تێگەیشتن ئەو شەڕە شەڕی نیشتمان نییە، شەڕی دەوڵەت و كورد نییە، دەزانن كە هێزە سیاسیەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەو شەڕە دەكەن. بۆیە وەكو رابردوو پشتگیری شەڕ ناكەن".
بۆ یەكەمجارە لەكاتی گەڕانەوەی تەرمی سەربازانی تورك بۆ لای كەسوكاریان، بەرپرسانی حكومی و سەربازی پڕۆتەستۆ دەكرێن.
رۆژی 20ی ئەم مانگە كاتێك تەرمی رەجەب بەیجور لە ئەرزڕوم بە خاك دەسپێردرا كە والیی ئەرزڕوم و پەرلەمانتاران و گەورە ئەفسەرانی سوپاش ئامادە بوون، عومەر بیلیر ئامۆزای سەربازە كوژراوەكە گوتی "ئەی رۆژنامەنووسان بنووسن، سەرۆك كۆمار بەمە دڵخۆشە. برا بەدەستی برا بە كوشت دەدات".
رۆژی 16ی ئەم مانگەش لە مەراسیمی بەخاك سپاردنی تەرمی مووسا سایدم كە لە بینگۆل گیانی لەدەستدابوو، لە شاری كركقەڵا، یاڵچین ئاكدۆغان جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بە فیكە لێدان پڕۆتەستۆ كرا. هەموو ئەو دیمەنانە بۆ یەكەمجارە لە توركیا دەبینرێن.
رۆژنامەنووسێكی دیاری توركیا كە لەبەر ئەوەی دەزگاكەی رێگەی پێنەداوە لێدوان بدات، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی "ئیدی تورك بە ئاشكرا دەڵێن شەڕ بەسە. لە كاتی گەڕانەوەی تەرمی سەربازان یاخی دەبن. كەس ناڵێت بژی نیشتمان".
ئەو رۆژنامەنووسە ئەو كاردانەوەیە بە گرنگ وەسف دەكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پڕۆسەی ئاشتی دەست پێبكاتەوە "دەوروبەری ئاكپارتی دەڵێت بەهۆی كاردانەوە لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی ئەو سەربازانە دەنگەكانمان لە كورتی داوە. لەبەر ئەمەش لەم چەند رۆژەی دوایی ئۆپەراسیۆنەكان راگیراون".
ئەو رۆژنامەنووسە كە رووماڵی شەڕی شارەكانی كردووە، هەروەها دەڵێت "چەند رۆژە دەگەڕێم، پۆلیس و سەربازیش دوور لە چاوی كامێراكان دەڵێن با كۆتایی بەو شەڕە بێنن".
ئەو رۆژنامەنووسە گفتوگۆی پۆلیسێك و گولتان كیشاناك، هاوسەرۆكی هەدەپە لە كاتی چوونی بۆ شارۆچكەی فارقین بە نموونە دەهێنێتەوە كە پۆلیسەكە بە كیشاناكی گوتووە "بەڕێزەكەم باوەڕ بكە بەرقەراربوونی ئاشتی خواستی هەموومانە".
26/8/2015