فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

بێستون پێشڕۆbestun peshraw

ئێستا کاتی خۆیەتی باسی سیستەمی تەندروستی بکەین؛ زۆریش باسی بکەین. هەقە میدیا ئامانجدارەکان گفتوگۆ، رەخنە و چالاکی جۆربەجۆری بنیاتنەرانە برەو پێ بدەن لە پێناوی شڵەقاندنی بارودۆخی چەقیوی تەندروستی. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان پاشکەوتوویی سیستەمی تەندروستی لە چاو پێداویستی و چاوەڕوانییە پەرەسەندووەکانی نەخۆش. دووەمیان وردە وردە هەستکردنی سیاسییەکان و حکومەتە بە کۆنی ئەم سیستەمە و نەگونجانییەتی لەگەڵ بارودۆخی نوێ. رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لە میانی لێدوانێکی بە ئاشکرا گوتی: “سیستەمی تەندروستی فەشەلی هێناوە.” پێویستی و خواستی خەڵکی کوردستان بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی باشتر و پێشکەوتووتر لە دوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوە زۆر زیادی کردووە. لە دوای ئەو ساڵەوە بە هۆی گۆڕانکاری سیاسی ریشەیی ناوچەکەمان، باری ئابووری – کۆمەڵایەتی خەڵک گۆڕانکاری ریشەیی بەسەر هاتووە. سنوورەکان کرانەوە و چاویشمان لەگەڵیدا کرایەوە. ئەو خۆشگوزەرانییەی لەم چەند ساڵەدا بینیومانە لە مێژووی خەڵکی کوردستاندا وێنەی کەمە. خۆشگوزەرانی و باشبوونی باری ئابووری کۆمەڵایەتی خواستی خەڵک بۆ خزمەتی باشتر و فراوانتر زیاتر دەکات. خزمەتگوزاری تەندروستیش بەشێکی گر نگی ئەو خواست و ویستەیە. لە هەمان کات پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی زۆر بەرەو پێشەوە بردووە بەڵام ئاڵۆزتر و گرانبەهاتری کردوون. زیاتر لە دوای (٢٠٠٣)ەشەوە بوو ئەم ئامێر و تەکنۆلۆژیایانە چ لە رێی کەرتی تایبەت چ لە رێی کەرتی گشتیەوە گەیاندرانە خزمەتی نەخۆش لە کوردستان. 

ئەم دوو هۆکارە (بەرز بوونەوەی ویست و خواستی خەڵک بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی باشتر-پێشکەوتووتر و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا لە بواری تەندروستی) وایان کردووە خەرجییەکان لە بواری تەندروستی بتەقنەوە. داتای وردمان نییە پیشانی بدات ئێستا ساڵانە چەند پارە لە تەندروستی خۆماندا سەرف دەکەین بەڵام ئەگەر بەراوردی بڕ و جۆری ئەو خزمەتگوزارییانە بکەین کە پێش ٢٠٠٣ نەمانبووە و ئێستا هەمانە ئەوا جیاوازییەکە بێشومارە.
لە دوای لێدوانەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە فەشەلهێنانی سیستەمی تەندروستی چەند جموجۆڵێک ئاماژە بەوە دەکەن ‌‌حکومەت نیازێکی هەبێ چەند دەسکارییەک بکات یان لە هەوڵی چاکسازی ئەو سیستەمەدا بێت. لەو ئاماژانە هەرە گرنگترینیان سەردانی جەنابی وەزیری تەندروستی بوو بو وڵاتی ئوردن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری تەندروستی ئوردن. وا راگەیاندرا بە مەبەستی سوود وەرگرتن بوو لە ئەزموونی وڵاتی ئوردن کە سیستەمێکی تەندروستی پێشکەوتووی هەیە. ئاماژەیەکی دیکە بانگهێشتکردنی وەزیرێکی تەندروستی پێشووی تورکیا بوو بۆ کوردستان. وا راگەیاندرا کە ئەم پیاوە میوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بۆ چاککردنی سیستەمی تەندروستی بانگهێشت کراوە. قسە لەسەر ئەوەی ئایا تورکیا و ئوردن بەراستی سیستەمێکی تەندروستی باشیان هەیە و دەکرێت ئێمە ببینە شوێنکەوتوویان یان نا؛ ئەمە باسێکی دیکەیە. ئەوەی مەبەستی منە پیشاندانی چەند بەڵگەیەکە لەسەر نیازی حکومەت بۆ دەستکاریکردنی ئەو سیستەمە و بەخۆکەوتن لێی.

لە سەرەتایەکی وا هەستیاردا گرنگە هەنگاوە بەراییەکان رووگە و دیدێکی روون و رەوانیان هەبێت. لێرەوەیە دیاریکردنی رووگە و دید و دەستنیشانکردنی هەنگاوە بەراییەکان بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی نەندروستی بریتی نییە لە دەستنیشانکردنی ئەو سیستەمە بێگانەیەی وڵاتێک لە وڵاتان بە مەبەستی هاوردەکردن.
بە گوێرەی سیستەمی ئێستا پێویستە حکومەت بە خۆڕایی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات؛ خزمەتێک بەبێ جیاوازی هەموو هاوڵاتیان بگرێتەوە. ئەمە بە تیۆری بڕیار و قسەی حکومەتە و بە یاسا تا ئێستاش لەسەری دەڕوات. لە ئەرزی واقیع حکومەت ئەم قەولەی لە بیر خۆی بردۆتەوە و پێی ناچێتە سەر. ئێستا حکومەت بۆ پاراستنی ئاوی روو خزمەتگوزارییەکی نیوەچڵ و جۆر خراپ بەڵام هەر بە خۆڕایی دابین دەکات کە لە ئاستی قەبارەی داخوازییەکان و پێداویستییەکانی کۆمەڵگا نین. کەرتی تایبەت لە هەموو رووێکەوە رووی لە گەشەکردنە. ئێستا کەرتی تایبەت کە هاوڵاتی لە گیرفانی خۆی پارەکەی دەدات قەبارەی خزمەتەکانی گەورەترە لە قەبارەی خزمەتەکانی حکومەت بۆ نەخۆش. لە کاتێکدا بە گوێرەی سیستەمەکە پێویستە کەرتی تایبەت بوونی نەبێت یان بوونێکی ئەوتۆی نەبێت. لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم سیستەمەی تەندروستی لە ئەرزی واقیع بەم شێوەیە بوو و کەرتی تایبەت بوونێکی ئەوتۆی نەبوو؛ تەنیا بریتی بوو لە کلینیکی تایبەتی پزیشکان کە نەخۆش دەیانتوانی لە گیرفانی خۆیان پارەکەی بدەن. وردە وردە سیستەمی حکومی هەرەسی هێنا لەوەی بتوانێت بڕی خزمەنگوزارییەکان و جۆری خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی خواستەکاندا بهێڵێتەوە. بۆیە وردە وردە کەرتی تایبەت پەرەی سەند. ئێستا کەرتی تایبەت نەشتەرگەری و خەوتنی نەخۆش و تاقیگە و تەنانەت خزمەتگوزاری چاودێری چڕ و فریاگوزاریش دابین دەکات، بەڵام قورسایی ئەم هەموو خزمەتگوزارییە لەسەر گیرفانی نەخۆش وەک قورسایی سەردانیکردنی عیادەکەی جارانی دکتۆر نییە کە دواتر نەخۆش بۆ زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەهاتەوە نەخۆشخانەی حکومی و بە خۆڕایی بۆی دەکرا. ئەو کات، بوونی کلینیکی تایبەتی پزیشک لە پاڵ نەخۆشخانە حکومییەکان زیانێکی ئەوتۆی نەبوو ئەگەر سوودی نەبووبێت بە هۆی بچووکی قەبارەی ئەو خزمەتگوزارییە تایبەتەوە لە چاو خزمەتگوزارییە سەرەکییەکاندا کە هەمووی بە خۆڕایی بوون. ئێستا کە قەبارەی خزمەتگوزاری کەرتی تایبەت لە قەبارەی کەرتی حکومی گەورەتر بووە و هەر لەوەدا نەماوەتەوە کلینیکی تایبەتی پزیشکان بێت، تێکەڵاوییەکی زیانبەخش لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا دروست بووە و زیانی گەورەی بە کوالێتی خزمەتگوزاری گشتی و نەخۆش گەیاندووە.

سەرەتای هەر رێگایەک بڕیاردانە لەو شوێنەی کە بۆی دەچیت. ناکرێت بەبێ ئەوەی بزانیت بۆ کوێ دەچیت ملی رێگا بگریت. بۆیە وەک سەرەتا هەنگاو و بۆ دیاریکردنی ئاراستەی رێگای چاکسازی تەندروستی دەپرسین ئایا حکومەت مکوڕە خزمەتگوزاری تەندروستی بە خۆڕایی دابین بکات دوای ئەوەی تێ گەیشتین ئێستا خەرجییەکانی تەندروستی دەیان قات زیادیان کردووە؟! ئەگەر وابێ و حکومەت ئەم رێگایە هەڵبژێرێت (ناوی لێ دەنێم رێگای یەکەم)، ئەوا پێویستە خۆی بۆ تەرخانکردنی رێژەیەکی گەورەتر لە بودجەی ساڵانە بۆ تەندروستی ئامادە بکات و چاکسازی ریشەیی لە کارگێڕی سیستەمی تەندروستی ئەنجام بدات و نابێت لێ بگەڕێت هاوڵاتیان پارەی گیرفانی خۆیان، کەسوکار، ناسیار و دراوسێکانیشیان لە تەندروستی خەرج بکەن! چی دیکە نابێت حکومەت بڵێت من خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هەمووان بە خۆڕایی دابین دەکەم و لە ئەرزی واقیعیش خزمەتگوزارییەکەی بەشی کەس نەکات و کەسیش پێی رازی نەبێت!

رێگایەکی دیکە (رێگای دووەم) دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستییە لە رێگەی بیمەی تەندروستییەوە. لەم رێگەیەوە خەڵک بە کۆمەڵ پارە لە سندوقێکدا کۆدەکەنەوە و هەر تاکێکی کۆمەڵگا بە گوێرەی داهاتی پارە دەخاتە سندوقەکەوە. لە کاتی نەخۆشکەوتنی تاکێکدا ئەم سندوقە بە فریای دەکەوێت و پارەی خەرجییەکانی لە خزمەتگوزاری تەندروستیدا بۆ دەدات. بەم شێوەیە هیچ خزمەتگوزارییەکی بە خۆڕایی نامێنێت بە هی کەرتی گشتیشەوە. حکومەت تەنها بەرپرسیارێتی ئەو کەسانەی لەسەر دەمێنێت کە هەژار و نەدارن و پارەی بەشداریکردن لە سندوقی بیمەیان نییە. پێویستە شێوازێک بۆ دانەوەی خەرجی ئەو خەڵکە هەژارە بدۆزرێتەوە کاتێک خزمەتگوزاری تەندروستی بەکار دەهێنن. باوەڕ ناکەم لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک کوردستان ئەمە ببێتە گرفت یان بارێکی گران بەسەر شانی حکومەتەوە.

رێگای یەکەم (دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە خۆڕایی بۆ هاوڵاتیان) سێ (٣) گرفتی سەرەکی لە پێشە:
١) خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی حکومەت و لە ئێستادا هیچ ئامادەییەک لە حکومەتدا نابیندرێت بۆ لەئەستۆگرتنی خەرجی زیاتر. حکومەت دیدگای روون نییە تەنانەت دیدگای سیاسییەکانیش روون نییە بەڵام لە هەڵسوکەوتیاندا ئەوە دەخوێنینەوە کە ئەم رێگایە پەسند ناکەن. حکومەت و سیاسییەکان حەز دەکەن رێ لەبەر دەم کەرتی تایبەت خۆش بکەن و تەنانەت گوێم لە سیاسی گەورە بووە وەک سەرچاوەی گەشتیاری پزیشکی تەماشای کەرتی تایبەت دەکەن و هانی دەدەن. لە کەرتەکانی دیکەش وەک پەروەردە و خوێندنی باڵا بە روونی مەیلی حکومەت و سیاسییەکان دەبینین کە بەلای کەرتی تایبەتدا شکاوەتەوە. بەڵام بەبێ ئەوەی وەک دیدگا و فەلسەفەیەکی روون جاڕی بدەن.
٢) خزمەتگوزاری تەندروستی بەخۆڕایی یان هەر خزمەتێکی گشتی دیکەی بەخوڕایی لەگەڵ کولتوری ئێستای خەڵکی ئێمەدا ناگونجێت. بەفیڕۆدانێکی گەورە، خراپ بەکارهێنان و لە جێی خۆیدا بەکارنەهێنانێکی زۆر لە هەموو ئەو خزمەتگوزاری و پێداویستیانە دەبیندرێت کە حکومەت بۆ هاوڵاتیانی دابین دەکات. بۆ نموونە لەو شوێنانەی ئاو و کارەبا بە خۆڕایی یان بەرامبەر بڕە پارەیەکی چەسپاو دەستی هاوڵاتیان دەکەوێت، تەنانەت شەوانیش دەستیان تێ ناچێت و پێیان غەدرە ئاوەکە بگرنەوە یان گڵۆپەکان بکوژێننەوە. لە لایەکی دی خەڵکی ئێمە ناتوانێت بە هەمان شێوەی ماڵی خۆی تەماشای ماڵی گشتی بکات؛ لە کاتێکدا ناوماڵەکەی خۆی پاک دەکاتەوە و دەیڕازێنێتەوە، شەقام و سەیرانگاکان پیس و وێران دەکات؛ لە کاتێکدا رۆژانە ئۆتۆمبێلەکەی دەشوات و دەسڕێتەوە، پاشماوە و پیسی لە سەیارەکەیەوە فڕێ دەداتە سەر جادە. کەرتی گشتی تەندروستی ئێستاش چونکە بەخۆڕاییە هەمان بە فیڕۆدان و خراپ بەکارهێنانی ئاو و کارەبا و پیسکردن و وێرانکردنی شەقام و سەیرانگاکان بە خۆوە دەبینێت. هاوڵاتی و تەنانەت پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیش خۆیان بە خاوەنی نازانن. مانگانە بە سەدان هەزار پشکنینی تاقیگەیی و تیشکی گرانبەها ئەنجام دەدرێن بەبێ ئەوەی پێویست بن. بایی هەزاران دۆلار پشکنینی تاقیگەیی مانگانە خاوەنەکانیان بە دوای ئەنجامەکانیشیدا نایەنەوە! بە تۆن دەرمان و دەرزی و قەترە و پێداویستی پزیشکی سەرف دەکرێت بەبێ ئەوەی نەخۆش بۆ دوو رۆژیش لەسەر یەک بەکاریان بهێنێت. لە زۆر دەرمانخانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دەرمان تەخشان و پەخشان دەکرێت و بەسەر مام و برازا و دەر و دراوسێدا دەبەخشرێتەوە.

٣) لە کاتی کورتهێنانی بودجە یان ناسەقامگیری ئابووری – سیاسی بۆ نموونە حاڵەتی ئێستا و شەڕی داعش کە ئەگەری روودان و روودانەوەی لە ناوچەکەی ئێمە زۆرە، ئەم جۆرە سیستەمە هەرەس دەهێنێت لەبەر ئەوەی پارە نامێنێت بۆ بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکان.
رێگای دووەم (دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە رێگای سندوقی بیمەوە)، چانسی ژیان و بەسەرپێ کەوتنی لە ژینگەی سیاسی، کولتوری و کۆمەڵایەتی ئێمەدا زیاترە و سێ گرفتەکەی بەردەم رێگای یەکەم کەمتر دەبنە گرفتی راستەوخۆ بۆ ئەم جۆرە سیستەمە بەڵام گرفتی سەرەکی ئەم رێگایەیان نەبوونی هیچ جۆرە ژێرخانێکی ماددی و مەعنەویە بۆ ئەم سیستەمە. دروستکردنی دەزگا و سندوقی بیمە، ئامادەکردنی چوارچێوەی یاسایی و رێنموون بۆی، مەشق پێکردنی کادیر و فەرمانبەری پێویست، ئامادەکردنی عەقلی تاک و کۆمەڵگا بۆی کاری زۆر و وەستایانەی دەوێت. لەم سیستەمەدا کەرتی تایبەت بوونی دەبێت و دەتوانێت ببێتە کاراکتەری سەرەکی، خەرجی سەرەکی لەسەر شانی حکومەت نییە بەڵکو لەسەر موچەخۆر، کرێکار، خاوەنکار و کۆمپانیاکانە بۆیە وای بۆ دەچم حکومەت زیاتر ئەم سیستەمە پەسند بکات.

پێویستە حکومەت دوو هەنگاو بنێت:

١) سەرەتا رووگە (ئاراستەی رێگا) و دید (فەلسەفە)ی خۆی دیاری بکات و جاڕی بدات بەرانبەر ئەو شێوازەی بە باشی دەزانێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیان. واتە رێگایەک لە رێگاکان هەڵبژێرێت. بۆ ئەم بڕیارەش باشترین کەسانێک راوێژیان پێ بکرێت کادیر و دڵسۆزانی ناوخۆی وڵات بن چونکە ئەوان چەندین ساڵە لەگەڵ گرفتەکانی سیستەمی تەندروستیدا دەژین و لە کرۆکی مەسەلەکان ئاگادارن؛ نەک راوێژکاری بێگانە کە ئاگای لە وردەکارییە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە نییە و ئەم وردەکارییانە زۆر کاریگەر دەبن لە سەرکەوتنی ئەم یان ئەو سیستەمەیان. سوودی راوێژکارانی بیانی دوای بڕیاردانی خۆمان دێت و لە بواری بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە و وردەکارییە تەکنیکییەکان سوودی گەورەیان دەبێت. دوای بڕیار و هەڵبژاردنی رێگا، دەسەڵاتدارانی تەندروستی بۆ نموونە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئاسانتر دەتوانن هەنگاوەکانی دیکە دیاری بکەن بەرەو چاکسازیکردن لە سیستەمی تەندروستی.

٢) دەسەڵات ببەخشێتە وەزیری تەندروستی بۆ هەنگاو هەڵهێنان لە چوارچێوەی ئەو دید و فەلسەفە تەبەننی کراوەدا. ئەمە لەوانەیە هەنگاوی هەرە سەرەتایی بێت چونکە لە نێو تەندروستیکاراندا وا دەگوترێت کە وەزیری تەندروستی دەسەڵاتی پێنەدراوە و دەستی کراوە نییە و لە نیاز و ئیرادەی حکومەت و سیاسییە باڵاکان دڵنیا نییە بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی تەندروستی. قسەیەکی جوان دەکرێت کە سێکتەری تەندروستیش وەک سێکتەری نەوت پێویستی بە ئاشتی هەورامییەکی دەستکراوە هەیە کە حکومەت وەک چاوساغ و متمانەپێکراوێک بە پێش خۆی بدات.
ئەوە رای منە کە لە چوونە لای وەزیری تەندروستی ئوردن و بانگهێشتکردنی وەزیری پێشووی تەندروستی تورکیا هەنگاوە بەراییە سەرەکییەکانمان پەڕاندووە. پێویستە سەرەتا لەو هەنگاوە بەراییانەوە دەست پێبکەین وەک جاڕدانی ئیرادەی سیاسی لە لایەن سەرۆکی حکومەت بۆ چاککردنەوەی سیستەمی تەندروستی، دیاریکردنی دیدی سیاسی بەرانبەر شێوازی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چۆنیەتی پارەدارکردنی و دەسەڵات بەخشین بە وەزیری تەندروستی بۆ دەستکردن بە چاکسازییەکان لەسەر بنەمای دید و ئاراستەی سیاسی دیاریکراو. بێگومان ئەوکات لەسەر رێگای هەڵبژێردراوی خۆمان نموونەی سەرکەوتووی وڵاتان دێنە رێ و دەتوانین سوودی گەورەیان لێ ببینین.

basnews

24/8/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان