ڕێبوار سیوه‌یلی
– ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی كه هه‌میشه ململانێكان به شێوه‌یه‌كی خراپ و له ته‌قینه‌وه‌دا به‌یه‌كتر بگه‌ن، وێنا ده‌كات، ڕوانگه‌یه‌كی ئامانجدار نيیه
– مرۆڤ له ململانێدا خاڵ و پنتێكی ڕه‌ش نیيه لایه‌نێك بیه‌وێت بیسڕێته‌وه و له‌به‌رده‌م خۆیدا ته‌ختی بكات و ئه‌مجا ئیدیعا بكات ده‌توانێت به‌خته‌وه‌ری بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ر بكات
– زمان له دۆخی ناوبژیكهرانهیدا، هێزێكی زۆر به مرۆڤ ده‌به‌خشێت و وزه‌یه‌كی زۆر بۆ لایه‌نه‌كان ده‌گێڕێته‌وه
– هیچ دایك و باوكێك نیيه بیه‌وێ منداڵه‌كانی له داهاتوویكی تاریك و له‌ناو میراتێكی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ململانێدا، كه له هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا بۆی هه‌بێت به ڕوویاندا بته‌قێته‌وه، ژیانێكی هه‌ژارانه و پڕ كۆژانیان هه‌بێت
ده‌زانم ئه‌وه شتێكی قورسه مرۆڤ ڕوانگه‌ی خۆی له‌میانه‌ی ململانێكاندا بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش شتێكی خودایی، یاسایی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری نیيه كه هه‌میشه پێمانوابێت ململانێكان ڕێگایه‌كی باشن بۆ پێكدا هه‌ڵپڕژان و شه‌ڕ. پێویست نیيه هه‌موو ململانێكان به ته‌قینه‌وه و شه‌ڕ كۆتاییان پێ بێت. له ململانێدا لایه‌نی باش و به‌سوودیش هه‌ن، كه داوای چاره‌سه‌ری و هاوئامانجی ده‌كه‌ن، نه‌ك ههڵشخان و لێك دووركه‌وتنه و پێكدادان. ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی كه هه‌میشه ململانێكان به شێوه‌یه‌كی خراپ و له ته‌قینه‌وه‌دا به‌یه‌كتر بگه‌ن، وێنا ده‌كات، ڕوانگه‌یه‌كی ئامانجدار نيیه. هونه‌ر ئه‌وه نیيه خۆمان ته‌سلیم به لۆژیكی ململانێكان بكه‌ین و ئامانجه‌كه‌مان بیر بچێته‌وه كه له‌پێناوی چیدا ململانێ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌یه‌ك نه‌بایه بۆ ده‌ربازبوون له ململانێكان و یهكئامانجی، ژیان زۆر له‌وه ناخۆشتر ده‌بوو كه هه‌یه. ئه‌وه‌ش ڕاستییه‌كی تاڵه، كه ژیانی مرۆڤ له بنه‌مادا ژیانێكی پڕ له ململانێیه، به‌ڵام ئه‌و وزه‌یه‌ی هه‌ریه‌كه‌مان بۆ باشتركردنی دۆخی ژیان هه‌یه‌تی و ململانێی له پێناودا ده‌كه‌ین، لایه‌نێكی باشی ململانیََكانه.
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده باشه‌ی ململانێكان، خۆ ڕزگاركردنه له به‌فیڕۆدانی ئه‌و وزه‌یه‌ی بۆ به‌رده‌وامی و گه‌یاندنی ململانێكان به پێكداپڕژان و ته‌قینه‌وه، سه‌رفی ده‌كه‌ین. مرۆڤ ئه‌وه باش ده‌زانێت كه ململانێ هه‌یه و ده‌مێنێ و ده‌بێت ململانێ بكات له‌پێناوی ئه‌و ئامانج و به‌هایانه‌دا كه هه‌یه‌تی. ئێمه پێكه‌وه ده‌ژین و كۆمه‌ڵگایه‌ك كۆمان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام یه‌كمان ناخات چونكه له بنه‌مادا جیاوازین. له‌به‌رئه‌وه ململانێ به‌شێكه له ژیان به گشتی و له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووری و هیچ پرۆسه‌یه‌ك نيیه به‌بێ ئه‌وه‌ی ململانێی له پێناودا بكه‌ین، به ئامانجه‌كانمان بگه‌یه‌نێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچه‌نده ململانێكان به‌هێز و ئه‌و به‌هایانه‌ی كه له پێناویان‌دا ململانێ ده‌كه‌ین، گرنگ بن، كه‌س نيیه ئه‌وه نه‌زانێت كه توانایی ئه‌وه‌مان هه‌یه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانج و به‌هاكانمان بگه‌ین، مه‌رج نيیه له فۆرمێكی توندوتیژیدا له دژی یه‌كتر ڕووبه‌ڕوو ببینه‌وه. ئه‌وه به‌شێك نیيه له ئامانجه‌كانی ململانێ كه ئێمه بێین و له ئاست یه‌كتریدا خۆمان بخه‌ینه بۆسه‌وه، خۆمان گرمۆڵه بكه‌ین و خۆمان بۆ ساته‌وه‌ختی پێكدادان ئاماده بكه‌ین و كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌و دۆخه‌وه گیرۆده بكه‌ین، كه دووره له‌و ئامانجه‌ی له پێناویدا ململانێ ده‌كه‌ین.
ئامانجی ململانێكان هه‌مان ئامانج و به‌های چاوه‌ڕوانكراو له كێشه‌كان، هه‌مان به‌ها نيیه كه ئێمه له میانه‌ی تێكۆشانهكانماندا بۆ سه‌ركه‌وتن و خۆدوورخستنه‌وه له هه‌ر بردنه‌وه و دۆڕانێك، وزه‌ی خۆمانیان بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ین.
له‌به‌ر ئه‌وه له میانه‌ی هه‌ر ململانێیه‌كدا، گرنگه ئه‌و شێوازه‌مان بیر نه‌چێته‌وه، كه پێویسته بیگرینه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ململانێكه‌مان به ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بگات، كه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتيی تێدایه، نه‌ك كۆمه‌ڵێك ئامانجی درۆزنانه و كاتی. سه‌ركه‌وتنه كاتی و بردنه‌وه كورتخایه‌نه‌كان، چیژبه‌خش و بۆ ماوه‌یه‌ك گرنگن، به‌ڵام ئه‌وه سه‌ركه‌وتن نيیه له ململانێكاندا كه بیكه‌ینه بارمته‌ی ئه‌م چێژ و بردنه‌وه كاتییه كورتخایهنانهی كه وزه‌ی شه‌ڕانیی ئێمه‌ی به‌ره‌و لا كیَش ده‌كات. ململانێ پێویستی به‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی بیناكهرانه و سوودمه‌ندانه ئه‌نجام بدرێت، تاكو له میانه‌ی ململانێی تاك و گرووپه‌كاندا ئه‌و ڕه‌هه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌ش له‌ده‌ست نه‌ده‌ین كه له خودی ململانێدا هه‌یه و كۆمه‌ڵگا و تاك و گرووپه‌كان پێش ده‌خات.
ململانێ له‌وه‌دا به‌سووده كه پهرچكهرهوهی ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا. هیچ ململانێ و هیچ لایه‌نێكی ململانێكان نیيه، بتوانێت ئه‌م گرنگییه‌ی ململانێ له پێناوی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگادا له‌بیر بكات و له هه‌مان كاتیش‌دا به‌رده‌وام بێت له ململانێكردن. مرۆڤ له ململانێدا خاڵ و پنتێكی ڕه‌ش نیيه لایه‌نێك بیه‌وێت بیسڕێته‌وه و له‌به‌رده‌م خۆیدا ته‌ختی بكات و ئه‌مجا ئیدیعا بكات ده‌توانێت به‌خته‌وه‌ری بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ر بكات. ململانێ تا ئه‌و شوێنه ململانێیه‌كی ڕاسته‌قینه و به‌سوود و به‌هادار و ئامانجداره كه لایه‌نه‌كان ڕه‌هه‌ندی سوودیی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتیی له ململانێكهیاندا، له بیر نه‌كه‌ن. له‌و دیو ئه‌م له بیركردنه‌وه، دوژمنایه‌تی ده‌ستپێده‌كات و ئه‌و كاته‌ش ململانێكان به‌هایان نامێنێت و هێزه‌كان ده‌كه‌ونه قۆناغێكی دیكه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، كه دۆخی شه‌ڕ و پێكدادانهكانه. شه‌ڕ به‌خته‌وه‌ریی ناهێنێت و هیچ حورمهتێكیشی بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاش تێدا نیه تا به‌هۆیه‌وه لایه‌نێك شه‌رعییه‌ت بداته هه‌نگاوه‌كانی بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌ویتردا، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه.
سه‌ره‌تای ئه‌م دۆخه به‌وه‌دا ترسناكه، كه لایه‌نه‌كان په‌یامی یه‌كتر ئاڵۆز و شێلوو ده‌كه‌ن و ده‌یشێوێنن. ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ به جۆرێكی دی ده‌گێڕنه‌وه و هیچیان گوێ له‌وه ناگرن كه گوتراوه. ئه‌مه سه‌ره‌تای دابه‌شبوونێكی مه‌ترسیداره كه تیایدا لایه‌نه‌كان به‌جۆرێكی دی خۆیان ڕێكده‌خه‌نه‌وه، وه‌كئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان بۆخۆی قسه‌ی خۆی بكات، نه‌ك بۆ یه‌كتر و له‌گه‌ڵ یه‌كتر.
ئه‌مه ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه تیایدا په‌یوه‌ندی جێگه‌ی خۆی بۆ ڕقهه‌ڵگرتن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه جێگه‌ی خۆی بۆ پلانگێڕیی و ئه‌ویتریش وه‌ك دوژمن خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات، نه‌ك لایه‌نی ململانێیه‌كی به سوود كه ئامانجێكی سوودمه‌ندانه‌ی هه‌یه.
بیركردنه‌وه دۆخێكی ڕه‌ش و سپیانه به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت. وزه‌ی مرۆیی ده‌كه‌وێته سه‌ر سكه‌ی به‌فیڕۆدان نه‌ك بیناكردن. به‌مجۆره‌ش، ململانێكان به‌و جۆره ده‌خرێنه ڕوو وه‌كئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك هیچ شانسێكی له‌لای لایه‌نه‌كه‌ی دی نه‌مابێت و ئه‌م شوێنه، ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، ئه‌م پانتاییه جوگرافیاییه جێگه‌ی هه‌ردوو لای تێدا نه‌بێته‌وه. لێره‌شه‌وه، مرۆڤه‌كان و شوێنه‌كان، چ له‌سه‌ر دابه‌شكردنه‌وه‌ی یادوهرییانهی لایه‌نه‌كان له ئاست یه‌كتریدا، دابه‌ش ده‌بنه‌وه، چ له ئاستی ده‌روونی و جهستهییشدا په‌رت و لێكتر ده‌ترازێن. ئه‌مه‌ش ئه‌و سه‌ره‌تا شوومه‌یه كه بۆی هه‌یه به توندڕه‌وی و پێكدادان كۆتایی بێت و ململانێكه به یه‌كجاره‌كی ئامانج و نیه‌تی خۆی له‌بیر بكات له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌ی ڕۆژگارێك ململانێ‌یان ده‌كرد و ئێستا بوونه‌ته دوژمن.
ململانێ تا ئه‌و شوێنه ململانێیه و شه‌رعیه‌تی هه‌یه، كه پێكهێنه‌ری لایه‌نه‌كانی، به‌رامبه‌ره‌كانیان وه‌ك مرۆڤ ببینن. ئه‌م یه‌كتری وه‌ك مرۆڤ بینینه‌یه كه به‌های ململانێ ده‌باته سه‌رێ و ئامانجه‌كه‌ی به‌رجه‌سته ده‌كات. وه‌لێ ئه‌و كاته‌ی لایه‌نێك له لایه‌نه‌كان، ئه‌م ڕوانگه‌یه ده‌دۆڕێنێت، ئیتر قسه‌ش دێته سه‌ر سڕینه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌م ته‌قینه‌وه هێزهكییهی ناو ململانێكان بگرین و نهھڵین ببێته ته‌قینه‌وه‌ی كرده‌كی، پێویسته له پێناوی به‌رده‌وامی ململانێكانماندا به‌وردی گوێ بۆ گوتاری ئه‌ویتر بگرین و دایماڵین له هه‌ر گرژییه‌ك، كه بۆی هه‌یه هه‌ڵگری بێت، یان له میانه‌ی ته‌فسیر و تێگه‌یشتنی خۆماندا بۆ ئه‌و گوتاره، به‌رهه‌می ده‌هێنین. ئه‌مه ئه‌و نیهتمهندییهیه كه ململانێ له شه‌ڕ و ویستی به‌رده‌وامی له ویستی شه‌ڕ جیا ده‌كاته‌وه. ئه‌مه حیكمه‌تی ململانێیه له‌چاو په‌نگخواردنه‌وه‌ی میزاجدا. چییه ئه‌و شته‌ی یان ئه‌و به‌هایه‌ی ئه‌ویتر له پێناویدا ململانێم له‌گه‌ڵ ده‌كات؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه ناچارمان ده‌كات، توێكڵ له ناوهڕۆك جیا بكه‌ینه‌وه. ئه‌مه پنتی به‌رگرییه له ململانێیه‌كی شه‌ریفانه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته شه‌ڕێكی ناشه‌ریفانه كه نه بردنه‌وه و نه دۆڕاندنی بۆ هه‌میشه سه‌ركه‌وتن نيیه.
ململانێی به‌ده‌ر نیيه له فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت، هه‌موو فه‌لسه‌فه‌یه‌كیش به سه‌رسووڕمان ده‌ست پێده‌كات. بۆیه ئه‌و لایه‌نه‌ی له ململانێدا جه‌خت ده‌كاته‌وه سه‌ر پنت و خاڵه هاوبه‌شه‌كان، ویستی ده‌ربازبوون زاڵ ده‌كات به‌سه‌ر ویستی تێوه‌گلاندا و ئه‌و شوێنه ده‌كاته خاڵی وه‌رچه‌رخان له ململانێكه‌دا. ململانێ لێره‌وه ده‌بێته پێگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی و پێگه‌یاندن و پێشخستنی تاكه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كۆمه‌ڵگاش.
زمان له‌م وه‌رچه‌رخانه‌دا گرنگییه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه. چ زمانی میدیاكان و چ زمانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی لایه‌نه‌كان و مرۆڤه‌كان. ئه‌ڵبه‌ته هه‌میشه زمان ئه‌و گرنگییه‌ی خۆی له ململانێدا به‌رجه‌سته و ئاشكرا ناكات، چونكه ئه‌وانه‌ی له‌ناو زماندا بیر ده‌كه‌نه‌وه و له ململانێیه‌كه‌وه گلاون، هه‌مان هؤشیارییان نیيه له ئاست گرنگی و ڕۆڵی وه‌رچه‌رخێنه‌رانه‌ی زماندا له زمانێكی گرژ و زبر و فیتنه ئه‌نگێزه‌وه، (كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی میزاج و ده‌روونپشێوی بێت)، بۆ زمانێك كه به‌رهه‌مهێنه‌ری دیالۆگ و تێگه‌یشتن بێت، (زمانێك كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیركردنه‌وه و ئه‌قڵ و ژیرییه).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمان ئه‌و فیلتهرهیه كه له‌سه‌ر سنووری شه‌ڕ و ئاشتی، له‌سه‌ر كه‌وشه‌نی مانه‌وه له ململانێ و چوونه وێرانه‌ی شه‌ڕه‌وه، به‌رگری له مرۆڤبوونی ئێمه ده‌كات و به‌های ئامانجی ململانێكانمان ناخاته گرۆی ئه‌و چێژه كورتخایهنانهی له ئه‌نجامی بردنه‌وه كاتی و به گورگانخواردووكردنی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌دا، ئه‌زموونی ده‌كه‌ین.
زمان گرنگة، چونكه ناوبژیكردن و به‌رهه‌مهێنانی تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له ئامانجی ململانێی نێوان لایه‌نه‌كان، به‌ناو زماندا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ئه‌وه زمانێكی ناوبژیكهرانهیه كه ناهێڵێت لایه‌نه‌كان ئامانجی هاوبه‌شیان بیر بچێته‌وه. ئه‌وه هه‌ر زمانیشه كه به‌رچاوڕوونیمان له‌سه‌ر وزه‌ی ئێستا و به‌رهه‌مه‌كه‌ی له داهاتوودا، پێشچاو ده‌خات. زمان له دۆخی ناوبژیكهرانهیدا، هێزێكی زۆر به مرۆڤ ده‌به‌خشێت و وزه‌یه‌كی زۆر بۆ لایه‌نه‌كان ده‌گێڕێته‌وه. زمان له‌م دۆخه‌دا ڕۆڵی (ئاگۆرا) و خه‌رمانێكی هاوبه‌ش بۆ پێكهوةبوون و كۆبوونه‌وه پێشنیار ده‌كات، تا ئه‌وه‌ی هه‌یه، با نه‌یبات.
به‌یه‌ك گه‌یشتنی لایه‌نه‌كان له میانه‌ی ململانێدا، دروستبوونی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه تیایدا هه‌ر لایه‌نێك له‌و ڕاستییه تێده‌گات كه ئه‌وان ئامانجێكی هاوبه‌شیان هه‌یه و ئه‌م ئامانجه‌ش سوودی گشتیی تێدایه بۆ به‌رده‌وامیی كۆمه‌ڵگا به‌و وزه زۆره‌ی تیایه‌تی. ئامانجێكی هاوبه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆكبوونی له‌سه‌ر هه‌بێت. به‌ڵام مانه‌وه‌ی ناكۆكی و ململانێ گرنگتره له چوونه ناو زۆنی شه‌ڕ و پێكدادانه‌وه.
ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی باش و به‌سووده له ململانێدا، كه لایه‌نه‌كان ویستی باشه‌ی خۆیان له كۆكبوون له‌سه‌ر ناكۆكیيهكانیان به‌رجه‌سته بكه‌ن. ژیری و ئه‌قڵی مرۆیی (چاكه) له به‌رده‌وامیدا ده‌بینێت نه‌ك له پێكدادان و شیرازهتێكچووندا، بۆیه لایه‌نه‌كانی هه‌ر ململانییه‌ك له‌به‌رده‌م ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی ئهقڵدان.
ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانیی مرۆیه ساده‌كان بێت له كۆمه‌ڵگادا، كه ململانێكان به‌ره‌و گه‌شه و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تیان ببه‌ن و سوود ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت له ژیانیاندا، نه‌ك دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر لایه‌نی ڕه‌ش و سپیی ململانێكاندا.
هیچ دایك و باوكێك نیيه بیه‌وێ منداڵه‌كانی له داهاتوویكی تاریك و له‌ناو میراتێكی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ململانێدا، كه له هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا بۆی هه‌بێت به ڕوویاندا بته‌قێته‌وه، ژیانێكی هه‌ژارانه و پڕ كۆژانیان هه‌بێت. هیچ كاتێك له مێژوودا، چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵكی ئاسایی، چاوه‌ڕوانیی نه‌بووه بۆ هاتنه ديی خراپه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ئومێدیان بووه به هاتنه‌دی ژیانێكی ئاسووده. له ناخ و ده‌روونی ئه‌و ئاپۆره‌یه‌دا كه ئێستا به‌ئاسانی و له ناچارییه‌وه، ده‌بنه قووت و سووته‌مه‌نیی لایه‌نه‌كانی ململانێكان و بۆیان هه‌ڵده‌په‌ڕن، چاوه‌ڕوانیه‌كی باش هه‌یه بۆ ڕۆژگارێكی باشتر كه ئه‌وان تیایدا به هه‌مان هێزی ئاپۆره‌یی و ده‌سته‌جه‌معیی خۆیانه‌وه، ستایشی ئه‌وانه ده‌كه‌ن كه ئه‌و ژیانه‌یان بۆ ده‌هێننه به‌رهه‌م كه ئه‌وان تیایدا ڕیز لێ‌گیراو بن و داهاتووی نه‌وه‌كانیان مسۆگه‌ر بێت. ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه وه‌ڵامی بده‌نه‌وه، كه پێكهێنه‌ری لایه‌نه‌كانی ململانێن و ده‌یانه‌وێ ململانێ بكه‌نه ڕێگایه‌ك به‌ره‌و شه‌ڕ و پێكدادان: له پێناوی چیدا ئه‌مه ده‌كه‌یت: له پێناوی پێكدادان، یان وه‌رچه‌رخاندا؟
22/8/2015