سیروان رەحیم
دەسەڵاتداران لە واتای بەرپرسیارێتی نەگەیشتوون، دەنا بەئاسانی بڕیاری شەڕ و خوێنڕشتن نادەن
لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە شەڕکردن گوتی: ئامادەین منداڵ و کوڕانی خۆمان بکەین بە قوربانی وەتەن. ھەندێ ڕۆژنامەوانی وەڵاتەکیش بەرانبەر بەو قسانەی سەرۆکوەزیران گوتیان و نووسیان: بەڕێز مەبەستتان لە کام منداڵانە؟ ئەگەر مەبەستتان ئەوانەی ئێمەیە، ئێمە ئامادە نین منداڵی خۆمان بنێرین بۆ شەڕ و بێنە کوشتن. ئەگەر مەبەستتان منداڵی خۆتانە ئەوە بابەتێکی ترە. بێگومان سەرۆکوەزیرانی تورکیا و ھەموو دەسەڵاتدارانی تری ڕۆژھەڵات منداڵی خۆیان ناکەن بە قوربانی “وەتەن”. کارەکە لەوێدا ڕوونە و ڕامانی ناوێت، ئەوان مەبەستیان لە منداڵی خەڵکە، لە شەڕدا مندالێ خەڵک دەکەن بە قوربانی وەتەن، شەڕێک تەنھا بۆ دەسەڵاتداران بەسوودە و بۆ وەتەنیش زیانی بێکۆتایی ھەیە. کاتێک ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی تورکیام خوێندەوە، ڕستەیەکی نووسەر و بیرمەندی ئەڵمان، ئێلمار کوپکە- م بیر کەوتەوە. کوپکە دەڵێت:
“تەنھا ئەو کەسەی مرۆڤی خۆش دەوێت، مافی ئەوەی ھەیە، باس لە ھەستی بەرپرسیارێتی بکات لەپێناوی مرۆڤدا”.
کێشەی گەورە و پرسگرێکی دژوار لە ڕۆژھەڵات ئەوەیە، دەسەڵاتداران مرۆڤەکانیان خۆش ناوێت، دەسەڵاتداران نرخی خەڵکیان لە لا نییە و بەسانایی دەتوانن ببن بە ھۆکاری خوێنڕشتن. لە رۆژھەڵات دەسەڵاتداران ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن. ھەر لەبەر ئەوەیشە دەتوانن بەئاسانی مرۆڤ بەرەو شەڕ ڕەوانە بکەن. تێگەی نیشتمان، پاراستنی تەناھیی خەڵک و پێکەوەھەڵکردن لە لای ئەوان، شتێکە بەردەوام ڕەنگی پێناسەکردنی دەگۆڕدرێت.
ڕۆژھەڵات سەرزەمینێکە بەردەوام خوێنی لێ دەڕژێت، خوێنێک نەزانیی خەڵک نا، بەڵکو ملھوڕی و خۆویستیی دەسەڵاتداران ھۆکارن.
لە ناوچەکەی ئێمە خەڵک ئەگەر لە تێگەی شەڕ و ئاشتی حاڵی نەبووبێت، پەیوەندیی بە سیستەم و دەسەڵاتدارانەوە ھەیە. چونکە دەسەڵاتدار و سیستەمی سیاسی، پێناسی ڕوونی بۆ نیشتمان، پاراستنی زێد و ژیانی ھاووڵاتیان نییە، ئەوان لە واتای بەرپرسیارێتی نەگەیشتوون، دەنا بەئاسانی بڕیاری شەڕ، خوێنڕشتن و بەکوشتدانی منداڵانی خەڵک نادەن. ئەگەر تێگەیشتن و حاڵیبوون لە بەرپرسیارێتی ھەبێت بەئاسانی کوڕی خەڵک بە قوربانی “وەتەن” ناکەن.
لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری وەڵاتێک ڕاشکاوانە، بەڕوونی و بێترس باس لەوە دەکەن، لە پێناوی “وەتەن”دا منداڵی خەڵک دەکەن بە قوربان، ھاوکاتیش ئامادە نین کوڕانی خۆیان بنێرن بۆ خزمەتی سەربازی. ئاخر چەند ساڵێک لەوبەر دەبوو بیلالی کوڕی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بچوبا خزمەتی سەربازی، کە ئەوە ئەرکێکە و ھەمووان لە تورکیا ناچارن جێبەجێی بکەن، کەچی نەیاننارد و ڕاپۆرتی پزیشکیان بۆ ئامادە کرد کە کوڕەکە لە توانایدا نییە ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت.
ھەر ئەو بەرپرسانەیشن دەڵێن: کوڕانی “وەتەن” کاتێک بەرەو سەربازی دەچن، خەنە لە دەستیان دەگرن. ئەوان خەنە لە دەستی کوڕی خۆیان نادەن، بەڵام ئامادەن کوڕی خەڵک بدەن بە کوشتن، بەئاسانی بیدەن بە کوشت.
ئەمە کارەساتی بەرپرستارێتییە لە ناوچەکە. ئەوان جیاوازی لەنێوان بەرپرسێتی و خوێنڕشتندا ناکەن.
ئەوان لێیان تێکچووە بەرپرسیارێتی پاراستنی خەڵکە لە مەترسیی ھەڵدێر و کەوتنە نێو خەرەند. بەرپرسیارێتی ئەوە نییە لە بەر بەرژەوەندیی چەند کەسێک، وەڵات و نەتەوەکانی ھەڵدرێنە نێو دۆزەخی شەڕەوە!
ئێرنست فێرستل نووسەر و شاعیری نەمسایی دەڵێت:
“ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی یەکێکە لە دژوارترین تاقیکردنەوەکان، شتێکە کە ژیانمان بۆ دەستەبەر دەکات”.
بەرپرسانی ئەمڕۆ لە ڕۆژھەڵات نەک ژیان بۆ ھاووڵاتیان دەستەبەر ناکەن، بەڵکو بەردەوام ھۆکاری کولەمەرگی و خوێنڕشتنینانن.
22/8/2015