دەیڤید رۆمانۆ
له هەڤپەیڤینێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له ساڵی ١٩٩٧، ئێدوارد سه‌عید رایگه‌یاند ''میزاجی ئێستای جیهانی عه‌ره‌بی عه‌لمانییه''. ئه‌و وایده‌زانی بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له پووكانهوهدان و عه‌لمانیی سیاسی خۆری ئه‌و بزووتنه‌وانه ئاوا ده‌كات. دوای ٢٠ ساڵ ده‌ركه‌وت پرۆفیسۆر سه‌عید له‌و بۆچوونهیدا زۆر هه‌ڵه بوو. ئه‌لقاعیده و تاڵیبان و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و بۆكۆ حه‌رام و جەبههتولنوسره و ئەلشەباب و زنجیره‌یه‌ك گرووپی ئیسلامیی میانڕه‌وتر هه‌ر له پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیاوه بۆ كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین ئێستا له هه‌موو كات زیاتر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر چاره‌نووسی سیاسه‌تی ناوچه‌كه هه‌یه. له ئۆفیسهكهیهوه له زانكۆی كۆڵۆمبس و له راڕه‌وه ئاڵتوونیهكانی ده‌سه‌ڵات و ژووری هۆتێله جوانه‌كان و له بازنه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی فه‌له‌ستیندا، كه باسی سیاسه‌تی ده‌كرد، وا ده‌رده‌كه‌وت پرۆفیسۆر سه‌عید بێ‌ئاگا بێت له‌وه‌ی چی له ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌را.
له‌ڕابردوودا به‌دیلێكی عه‌لمانیی یه‌كسان بۆ رژێمه عه‌ره‌بییه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه له فۆڕمێكی كۆمۆنیستیدا هەبوو. پارته كۆمۆنیسته‌كان زۆرجار هه‌ر له خۆرهه‌ڵاتی جیهانی عه‌ره‌بییه‌وه تاوەکو خۆرئاوای له باكووری ئه‌فریقیا به ئێران و توركیاشه‌وه گه‌وره‌ترین بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون. له‌ئه‌نجامی ئه‌وه و له شه‌سته‌كاندا ژنانی قاهیره و تاران زۆرجار به ته‌نووره‌ی كورته‌وه ده‌چوونه سه‌ركاره‌كانیان. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی وێنه‌ی بیڵبۆردهكان زیاتر شه‌قامه‌كانیان رازاندبووه‌وه و باڕ و یانه‌كانی شه‌وان كراوه بوون و به‌ئازادی خواردنه‌وه كحولیهكانیان پێشكه‌ش به مشته‌ریه‌كانیان ده‌كرد. ئه‌و خوێنه‌ره گه‌نجانه‌ی كه قورسه بۆیان باوه‌ڕ به‌مه بكه‌ن ته‌نها پێویستیان به‌وه‌یه زارهوای ''قاهیره له شه‌سته‌كاندا'' یان ''كابول له هه‌فتاكاندا'' له سایتی گووگڵ لێبده‌ن و ته‌ماشای دیمه‌نه‌كان بكه‌ن. به‌ڵام له‌دوای سه‌ركوتكاریی تووند و هه‌ره‌سهێنانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ئه‌و به‌دیله‌ش هه‌ره‌سیهێنا.
بۆیه زۆرترین لێكدانه‌وه باوه‌كان سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی و به‌تایبه‌ت ئاینییه نه‌ته‌وه موحافیزكارهكان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ شكستی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه عه‌لمانییه‌كان و نه‌بوونی به‌دیلی دیکە. خه‌ڵك له دیموكراسی و ئازادی بێبه‌شكران به‌ناوی ئاسایش و پێشكه‌وتنی ئابووریه‌وه، كه به‌شێكی زۆر كه‌میان له‌و دوو شته به‌نرخه به‌ركه‌وت. بۆیه خه‌ڵك روویانكرده هیوا و ئایدیۆلۆژیای یاخیبوون، كه كاره‌كته‌ره‌كانی ئیسلامی سیاسی دهیانبهخشییهوه. تاوەکو بارودۆخی خه‌ڵكه‌كه خراپتر بووایه وه‌ك له عێراق و سووریا، روویان له گرووپی تووندڕه‌وتر ده‌كرد. هه‌رگیز چانسی ئه‌وه‌یان نه‌بوو عه‌لمانیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان تاقیبكه‌نه‌وه، زۆرینه‌ی كورده‌كان (به‌ڵام هه‌موویان نا)، پشتیان له‌م ته‌وژمه ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌رستییه ئاینییه كرد، له‌جیاتی ئه‌وه وه‌ك عه‌لمانیی نه‌ته‌وه‌یی مانه‌وه یان له فۆڕمی ئه‌ناركیستی مۆدێرن وه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستان.
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م تێڕوانینه كێشه‌یه‌كی نادیار‌و ئاڵۆز وه‌لاده‌نێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه موحافیزكاری ئاینیی نه‌ته‌وه‌یی سیاسی له سه‌رتاسه‌ری جیهان له گه‌شه‌كردندایه. هیندۆسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌ڵبژاردنی هیندستانیان برده‌وه، مه‌سیحییه ئێڤانجلستهكان هه‌وڵده‌ده‌ن فۆڕمێكی نوێ به مێژوو سیاسه‌ت له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بده‌ن، جووله‌كه ئاینییه ئۆردوگانشینه‌كان ئاگربهردهدهنه كه‌نیسه و مزگه‌وته‌كان، یابانیه شینتۆس و بووزاكان رۆڵی چالاكتر له سیاسه‌ت ده‌گێڕن و مه‌سیحییه موحافیزكاره‌كانی ئه‌وروپا هه‌وڵده‌ده‌ن سیستمی سیاسیی ئه‌وروپا به‌ره‌و پێگه‌ی دژه كۆچبه‌ر به‌رن. ئاشكرایه سیستمی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له هیچكام له‌و وڵاتانه شكستی نه‌هێناوه؟ ره‌نگه یه‌كێك ئاماژه به كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات له پاش ساڵی هه‌فتاكانه‌وه بۆ ٩٩% ی ئه‌مریكیه‌كان بكات، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان و ژیان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و وڵاته شكستی نه‌هێناوه.
ئه‌گه‌ر سیستمی ده‌وڵه‌ت له وڵاتانی وه‌ك هۆڵه‌ندا و سویسرا كه هه‌ردووكیان گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاو له پارته ئاینیه موحافزكاره‌كان به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن شكستی هێنابێت، ئه‌وە من تێناگه‌م مانای سه‌ركه‌وتن و شكست چیه.
خه‌ڵك گرنگ نییه كێن و له‌كوێ ده‌ژین، پێویستیان به سیستمێكی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه كه مانا به ژیانیان ببه‌خشێ. ئه‌و گرووپانه‌ی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و سهركوتكاریدان وه‌ك گه‌لی كورد زۆر به‌ئاسانی ئه‌و مانایه له خه‌بات بۆ پارێزگاریكردن له ناسنامه و به‌ده‌ستهێنانی ماف و ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستیه بنچینه‌ییه‌كانیان ده‌دۆزنه‌وه. عه‌ره‌ب و تورك و ئێرانی و جوله‌كه و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی دیکە ئه‌و مانایه‌یان دۆزییه‌وه كاتێك بوونی نه‌ته‌وه‌ییان كه‌وته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆڵۆنیاڵیزم و دراوسێ دوژمنه‌كانیان، هه‌روه‌ك چۆن فه‌ره‌نسا ئه‌و مانایه‌ی له خه‌باتی دژی ئه‌ڵمانیا دۆزییه‌وه یان موسوڵمان و هیندۆسه‌كانی هیندستان له‌دژی داگیركاریی به‌ریتانی یه‌كیانگرت.
كاتێك ئه‌م كێشه سه‌ره‌كییه چاره‌سه‌ركرا، دۆزینه‌وه‌ی مانا كه‌مێك ئاڵۆزتر ده‌بێت. له‌كاتێكدا جیهانی ئابووریی سه‌رمایه‌داری رۆڵێكی زۆر باشی هه‌یه له دروستكردنی سامان و پێشكه‌وتن، به‌ڵام پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆیی تاك و چاوچنۆكیی ماددی خواست و ئاره‌زووه‌كانی خه‌ڵك له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و مانایه پڕناكاته‌وه. له كه‌شوهه‌وای جیهانگیری و ده‌ستتێوه‌ردانی كولتووریدا، زۆرێك له كولتووره‌كان به‌تایبه‌ت كولتووری موسڵمانان و وڵاتانی دیکەش هه‌ستده‌كه‌ن له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاته زلهێزه سه‌رمایه‌داره عهلمانییهكاندان. بۆنموونه خه‌ڵك هه‌یه هه‌موو شتێكی هه‌یه، به‌ڵام ئاماده‌یه له بیابانێكی وشكی وه‌كو رۆژهه‌ڵاتی سووریا و رۆژئاوای عێراقدا به خۆبه‌خش شه‌ڕ بۆ داعش بكات. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی دیکەش كه هیچ خێرێكیان له‌م جیهانه نه‌بینیوه، به‌هه‌مان شێوه رووده‌كه‌نه به‌دیلی دیکە.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌شێك بێت له كێشه‌كه كه ئه‌مڕۆ جیهان رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، باشترین چاره‌سه‌ر یارمه‌تیدانی خه‌ڵكه له دۆزینه‌وه‌ی مانای ژیانیان، كه دوورده‌ست ده‌رده‌كه‌وێت بۆیان. ئه‌گه‌ر چه‌ند جیهادییه‌كی به‌ریتانیی دڵگه‌رم كه له سووریا شه‌ڕ بۆ داعش ده‌كه‌ن مانا له كۆمه‌ڵكوژكردنی خه‌ڵكانی بێباوه‌ڕو به كۆیله‌كردنی ژنانی ئێزدی‌دا بدۆزنه‌وه، یان چه‌ند ئهوروپییهكی کریستیانی فاشیست مانا له تۆقاندنی كۆچبه‌ری نوێ‌دا بدۆزنه‌وه، ئه‌وە چه‌ند ساتێكی تاریك له‌پێش جیهانه.
21/8/2015