سهڵاح حهسهن پاڵهوان
مارتین سلیگمان لە کتێبی “فێربوونی گەشبینی” لەسەر ژیان رامان دەھێنێ، ژیانێکی تایبەت پڕ لە ھیواو و دوورکەوتنەوە لە نائومێدی، ژیانێک ھەموو ساتێک تێیدا بەشدار بین. لە سێ بەشی ئەم کتێبەدا فێر دەبین کە چۆن لە دوو رێگاوە بڕوانینە ژیان. یەکەم رێگای بوون بە مرۆڤی گەشبین و دووم چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی نەھامەتییەکان. لەم کتێبەوە فێری ئەوە دەبین کە چۆن ببینە کەسێک، یارمەتیی کەسمان نەوێ و خۆمان بژێنێ. لەسەر ئەوە رات دەھێنێ کە بەردەوام لەنێو دەریای ژیاندا، ھەست بە کاری گەڕان و پشکنین و مامەڵە لەگەڵ رەشبینیەکانی خۆت بکەی، چۆن بتوانی بیر بکەیتەوە و بژیت، لە کارەکانتدا سەرکەوتوو بیت. بتوانی لەگەڵ منداڵ و ھاوسەری ژیانت ھەڵکەیت، لەم کتێبەدا ھەوڵێکی بێوچان ھەیە تا مرۆڤ لەسەر ئەوە رابھێنرێ کە لە رێگای چالاکییەکانی رۆژانەوە مامەڵە لەگەڵ دیاردەکان بکات، وەک بەکارھێنانی قوتابخانە و وەرزش لە نێزیکبوونەوە لە بوارەکانی شادمانی و خۆشی. ھەروەھا سوودوەرگرتن لە شێوەکانی پارێزگاریکردن لە تەندروستی و سەرکەوتن بەسەر گرفت و خەمەکاندا. سلیگمان پێی وایە لە رووی کردارەوە سێ جۆر مەبەست ھەیە کە مرۆڤ ھەوڵی بۆ دەدات تا بگاتە خۆشی و گەشبینی، یەکەم بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆشگوزەران بژێت، لە دڵەڕاوکێ دوورکەوێتەوە و خاوەنی سوووربوون بێت لە ئەنجامدانی کارەکانیدا. سلیگمان پێی وایە مرۆڤ خۆی خاوەنی ئەو گرفتەیە کە وای لێ دەکات بەردەوام رەشبین بڕوانێتە ژیان، بۆیە دەبێ دەرگاکانی رەشبینی لە ناخی خۆی دابخات. داوامان لێ دەکات لەخۆمانەوە شۆڕش دەست پێ بکەین. دەبێ لە ناخەوە کۆمەڵێ پلانی تایبەتیت ھەبێ تا پاڵت پێوە بنێت بۆ ورەبەرزی، تا بتوانی لایەنەکانی بڕوابوون بە خۆشی لە خۆتدا پەرە پێ بدەیت. بۆ ئەوەی بەردەوام سەرقاڵی پەرەپێدان بیت بە ژیان، دەبێ ھەوڵ بدەیت بە سوودوەرگرتن لە ھەندێ لە پێویستییەکان، مانایەک ببەخشیتە ژیانت. نووسەر لە سەرەتای ئەم کتێبەوە دەڵێ کە من زۆربەی ژیانم خەرج کردووە تا تێبگەم ئایا مرۆڤ خۆی رەشبینە یان رەشبینی لە دەرەوەی مرۆڤ ھێرشی بۆ دەھێنێت. وەک لە بەشی چوارەم و پێنجەمی ئەم کتێبەدا تێبینی دەکەیت. کە ژیان و جیھانی نوێمان ژمارەیەکی زۆر شێوەی سەیرسەیری رەشبینی بەرھەم ھێناوە.
پاشان ھەر لەو کتێبەدا ئاشنا دەبین بە زاراوەی بڕوا بەخۆبوون، یان لەخۆ دڵنیابوون، ئەمە یەکێکە لەو کلیکانەی کە کۆمەڵگا و منداڵەکانمان دادەخەن و دەیکەنەوە، زۆر لە پێوانە ستانداردەکان ئەم زاراوەیە دەکەن بە پێوانە بۆ پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی مرۆڤ لە یەکتری، ئەگەر بەرزترین ژمارەت لە قوتابخانە ھێنا، ئەوە تۆ کەسێکی بەتەواوی بڕوات بە خۆت ھەیە، گەر نا تۆ دەچیتە پلەیەکی خوارتر، بەمەش ئاستی خۆشی و ناخۆشییەکان لەوێوە دیاری دەکرێن، لەولاشەوە، ھەندێکی تر پێیان وایە ئەمە گەورەترین ماشێنە بۆ وێرانکردنی مەزنیەکانی مرۆڤ، چون باشبوون و خراپبوون پلەیەک نییە بۆ دەستنیشانکردنی بڕوابوون بەخۆ، بڕوابوون بەخۆ ئەو شتەیە کە لەناخەوە خۆشیت پێ دەبەخشێ، نەک پلە و سەرکەوتن لە لایەنێک و دواکەوتن لە لایەنێکی تر. ئەگەر تەماشا بکەین رەشبینی جۆرێکە لە پاڵەپەستۆی گەورە لەسەر گەشبینی، گەشبینیمان سەرکوت دەکات. ئەو پێی وایە رەشبینی تەنیا پەیوەست نییە بە ھۆکاری سایکۆلۆژی و پێکھاتەیی مرۆڤەوە، ئەمەیان زیاتر شتێکە لەناوەوەی تۆوە کار دەکاتە سەر تۆ نەک لە دەرەوە، رەشبینی نەخۆشی نییە تووشی مرۆڤ ببێ، بگرە زیاتر پەیوەندی بەشێوەی روانینی مرۆڤی رەشبینەوە ھەیە بۆ ژیان. پاشان یەکێ لە ھۆکارەکانی ئەوەی کە مرۆڤ لە خۆشی دوور دەکەوێتەوە، ئەوەیە کە ئەو ھەوڵی ئەوە نادات تێبگات، واتە راستەڕێگای بیرکردنەوەی خۆی گرتووە و ھەر بەو ڕێگایەدا دەڕوات، یان نەتوانی بگەیتە ئەو ئامانج و مەبەستەی کە نەخشەی ژیانت بۆ تەرخان کردووە. بەمەش تۆ پێویستت بەوەیە کە سەرچاوەیەک بۆ بوونی خۆت دابنێیت و بکەویتە نێو سەرچاوەی بوونەوە.
سلیگمان نایەوێ ئێمە لەسەر خۆشییەکی ساختە رابھێنێ، خۆشیی ساختە لای ئەو بریتییە لەوەی تۆ خاوەنی کۆمەڵێ ھەست و شتومەک و پێداویستیی کاتی بیت، بەڵام بەپێی بەسەرچوونی رۆژگار ئەو شتانە بێزاریت لا دروست بکەن. ئەو پێی وایە خۆشی و شادمانی مرۆڤ ئەوە نییە کە رووداوێ یان پێویستییەک دڵخۆشی بکات، دڵخۆشیی راستەقینە سەرکەوتنە لەو حەزانەی کە خۆت ھەن، سەرکەوتن لە بوای وەرزش، ئەو ئەرک و کارانەی رۆژانە جێبەجێیان دەکەیت، واتە ئەو شتانەی کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ شانبەشانت دەڕۆن. بەڵام ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە لەم کتێبەدا دەخرێتە روو، ئایا چۆن بتوانین بەردەوام ھەست بە خۆشی بکەین، چۆن بتوانین بەرھەمی ئەو خۆشییە بەدەست بھێنین، مرۆڤ دەبێ خۆی فێری گەشبینی بکات، تۆ بە بوونی گەشبینی دەتوانین چێژ لە شتەکان ببینی، سەرباری ئەمەش زۆر لەوانەی کە ھەوڵی ئەم فێربوونە دەدەن، کەم تا زۆر شێوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر، سلیگمان لەم کتێبەیدا فێرمان دەکات کە چۆن راھێنان لەسەر ئەوە بکەین، واتە راھێنان بۆ ئەوەی بزانین گەشبینی چییە و چۆن لە ناخماندا جێگای دەکەینەوە. بۆ نموونە یەکێ لەو راھێنانەی کە پێشکەشمانی دەکات گەڕانە، واتە لەنێو مێژووی ژیانتدا بگەڕێ بەدوای ئەو ساتانەی کە بەڕاستی تێیدا دڵخۆش بووی، واتە ساتێ کە کەسێ شادمانی کردووی، شتێکی جوانی پێشکەش کردووی، کارێکی مرۆڤانەی لەگەڵ کردووی، لەو بیرەوەرییانە وەبیری خۆتی بھێنەوە کە تۆ چیت بۆ ئەو کەسە کردووە، ئەگەر ھیچت نەکردووە، ئەوە وەرە شتێ لەبارەی ئەو کەسە بنووسە و ھەموو ھەستەکانی خۆتی بەرامبەر دەببڕە لە نامەیەکدا با ئەو نامەیە لە ٣٠٠ وشە پێکھاتبێ، پاشان تەلەفۆنی بۆ بکە و بڵێ دەمەوێ سەردانت بکەم، پێی مەڵێ بۆ چییە، پاشان کە رووبەڕووی بویتەوە نامەکەتی بۆ بخوێنەرەوە. یان ھەر شەوەو سێ شت بنووسە کە ئەو رۆژە دڵخۆشیان کردووی، بەڕاستی ئەمانەش کلیلی خۆشبەختین یان رێگایەکن بەرەو چوون بۆ خۆشبەختی. ھەمیشە لە ژیانی رۆژانەت و ساتەکانتدا بەدووی ئەوە مەگەڕێ چی خراپت کردووە، ھەوڵدە جەخت بکەرەوە سەر ئەو خاڵە باشانە و ئەو کارە باشانەی کردووتن.
کتێبەکەی سلیگمان دەروونناسیی تیۆری نییە، زیاتر سایکۆلۆژیی پراگماتیزمییە، واتە چارەسەرکارییەکە دوور لە عیادەکانی دکتۆری دەروونی، بۆیە ئەمڕۆ کار و بەرھەمەکانی ئەو نووسەرە پێگەیەکی تایبەتیان ھەیە.
سەرچاوە:
Learned Optimism
How to Change your mind and your life
Martin E.P.Seligman
National besteller
Vintage; Reprint edition January ٣, ٢٠٠٦
basnews
17/8/2015