كەيوان ئازاد
٦٧ ساڵ لەمەوبەر، شاعیری نەتەوەیی کورد (یونس دڵدار) بە نەخۆشییەکی کوشندە کۆچی دوایی کرد. ئەو بەر (٦٢) ساڵ ئەو ھۆنراوە نیشتمانی و نەتەوەییەی ھۆنییەوە، کە دواتر بووە سروودی نەتەوەیی کورد و تا ئێمڕۆ و بگرە بۆ سەدان ساڵی ئایندە لە بیر و ئەندێشە و ورەی ھەر کوردێکی دڵسۆزدا دەزرنگێتەوە. ئەو ھۆنراوەیەی نزیک بە نیو سەدەیە بووەتە مارشی نیشتمانیی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکەی، بۆیە گەورەیی ئەو ھۆنەرە لاو و بەرزەی کورد لەوەدا بووە، کە بە دێڕە ھۆنراوەیەک لەو سروودە نەتەوەییەدا، مێژووییەکی گەورەی بۆ تۆمار کردووین، کاتێک گوتوویەتی:
’’ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخسورەوین
دینمان ئایینمانە نیشتمان
مەبەستی ئەم ھۆنەرە و ئەم گۆشەیەی ئێمە لەم ھەفتەیەدا، ھەردوو چەمکی (میدیا و کەیخوسرەو)ە. یەکەمیان (میدیا) یان بە واتایەکی تر (ماد) ناوی ئەو خاک و دەسەڵاتەی کوردستانە، کە لەنێوان ساڵانی (٧٠٠-٥٥٠پ.ز) بووە سەروەری بۆ داھاتووی کورد و خاکەکەی. سەرئەنجام ساڵنامەی کوردی لێوە دەرئەنجام کرا، کە مەبەست و مێژووی ڕاستەقینەی ساڵنامەکەش دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەتی مێژووییە، کە سیمای دەوڵەتێکی کوردی و کوردستانی بەخۆوە گرت.
دووەمیان (کەیخوسرەو کوڕی فراورتیسی ماد) بوو، کە لەنێوان ساڵانی (٦٣٣-٥٨٣پ.ز) فەرمانڕەوایەتیی ئەو دەوڵەتەی کرد و وەک سێیەمین پادشای ئەو دەوڵەتە سیما و ھێزێکی گەورەیی بە بەردا کرد. ئەو دوای ھەریەک لە (دیاکۆ)ی باپیری و (فراورتیس)ی باوکی گەیشتە پایەی پادشایەتی و ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەتەکەیدا گێڕا. واتە ئەو کەسایەتییەک بوو، لەلایەک سنووری دەوڵەتی مادی گەیاندە ھەردوو ڕووبەرە ئاوی (کەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست)، کە ئەو سەردەمە بە (کەنداوی فارسی و دەریای ڕٍۆم) ناسرابوو، لەلایەکی تر ھاوپەیمانییەتییەکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیی لەگەڵ (دەوڵەتی کلدانی) بەست، تا بەھۆیەوە سنوور بۆ ئیمپراتۆڕیەتی ئاشووری دابنێت. ئەو ئیمپراتۆڕییەتەی باپیریان بە دیلی گرت و لە زینداندا کوشتیان و باوکیشیان لە شەڕدا کوشت. ھەر بۆیە ڕووی لە کلدانییەکان کرد، تا بەھۆیانەوە سنوور بۆ دەستدرێژییەکانیان دابنێت. دواجاریش بەھۆی ئەو ھاوپەیمانییەتیەوە لە ساڵی (٦١٢پ.ز) کۆتایی بە دەسەڵاتی (سێ ھەزار) ساڵەی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری ھێنا. ئەو کارەش لەسەر بنەمای خزمایەتیەک دامەزرا، کە خودی (کەیخوسرەو) لەسەر داوای (نەبوبلاسر)ی پادشای کلدانی دروستی کرد. ئەوەش بەوەی (ئامیتسی کچی کەیخوسرەو) درا بە (نەبوخژنسری کوڕی نەبوبلاسر)ی کلدانی. ئەو (نەبوخژنسر)ەی لە شاڵاوێکدا پەلاماری شاری (ئورشەلیم)ی دەوڵەتی ئیسرائیلی دا و سەرئەنجام (سێ ھەزار) جوولەکەی لێ بەدیل گرتن. بەو کارەش سنووری قەڵەمڕەویی ماد بەھۆی کلدانییە ھاوپەیمانەکانی، گەیشتە وڵاتی شام و خاکی فەلەستین. ھەر بەھۆی ئەو ڕووداوەشەوە، ئایینی جوو بەھۆی ئەو دیلە جووانەوە گەیشتە خاکی کوردستان و بڵاو بوویەوە.
بەدەر لەوانەش یەکەمین پادشا و دەسەڵاتداری کوردستان بوو، کە ئایینێکی ئاسمانیی وەک (ئایینی زەردەشتی)ی کردە ئایدۆلۆجیای دەوڵەتەکەی. واتا بە بەرگێکی ئایینیشەوە ھاتە مەیدان.
لێرەوە ھەموو ئەو کار و ھەوڵانەی کەسایەتییەکی وەک (کەیخوسرەو) لە ماوەی (٥٠) ساڵی دەسەڵاتیدا، بەڵگەی ئەوە بوون، کە پادشایەکی سیاسی و دیپلۆماسیی بەتوانا و چالاک بوو. جگە لەوەی خاوەن ھێز و تەکتیکێکی سەربازیی باشیش بوو، بۆیە بەدەر لە پیاھەڵدان، ھەڵە نییە، ئەگەر بڵێین ئەو پادشایە یەکێک بوو لە گەورەترین پادشاکانی مێژووی کورد و خاکی کوردستان، کە ناوبانگێکی سیاسیی گەورەیی بۆ خۆی و دەوڵەتەکەی چڕی. ئەوەش بەوەی سەراپای خاکی کوردستانی بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی گێڕایەوە. بێ ئەوەی دەستدرێژی بکاتە سەر یەک بستە خاکی دەوڵەت و ھێز و کەسێکی دیکە. ھەروەھا بە پێچەوانەی کلدانییەکانیش ڕێزی لەو (ھەزار) جوولەکەیە نا، کە (نبوخژنسر)ی زاوای وەک دیاری پێشکەشی (کەیخسورەو)ی کردبوون، بۆیە گەورەیی دڵداری شاعیر لەوەدا بووە، کە ئەو دەوڵەت و پادشایەی خستە نێو ھۆنراوەکەیەوە، کە بە ڕاستی دوو نموونەی ڕاستەقینە و واقیعی مێژووی ڕەسەنی کوردستان و کورد بوون.
کەواتە: ’’ھەزاران سڵاو لە (میدیا و کەیخوسرەوە و دڵدار) و ھەمیشە زیندووانی کورد و کوردایەتی و سەروەرییەکی مێژووی کورد (کەیخوسرەوی ماد).
This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.
سەرچاوەکانی ئەم باسە:
دیاکۆنۆف: میدیا، وەرگێڕانی: بورھان قانع.
د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: چەردەیەک لە مێژووی کورد.
ھۆنراوەکانی دڵداری شاعیر.
16/8/2015