د. ساقی بارزانی
لە کاتێکدا قەیرانگەلێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی گیرۆدەی ئەم گەل و نیشتمانە بوونە و لایەنەکان ناکۆکن لە سەر ڕەنگڕێژی داهاتووی ئەم گەلە، تەنگژەیەکی مەزنتر کە بەرۆکی ئەم حکومەتە بەر نادات، سەرۆکایەتیی هەرێمە و سەرجەم کەسایەتیی و لایەنە سیاسیەکانی بە خۆی سەرقاڵ کردووە. هەڵبەت لەم ساتەوەختە هەستیارە، کورسیی سەرۆکی هەرێم جێی بایەخە، چۆنکە سەرپشکە لە داتاشینی چارەنوسی ئەم گەلە و چارەسەری پرسە هەنووکەییەکان و یەکخستنی ماڵی کورد. بۆیە چارەنووسی ئەم گەل و نیشتمانە پەیوەستە بە بژارێکی لۆجیکی بە دوور لە دەمارگرژیی و دەستنیشانکردنی سەرۆکایەتییەکی بوێر و بڕیاردەر و خاوەن ئەزموون.
کیشمەکەشی سیاسی ئێستا بەرهەمی مێژووی خەباتیی سیاسیی گەلی کوردە و لە دێرزەمانەوە خۆی ئاخنیوەتەوە ناو پانۆرامای حیزبیی و هزریی ئەم ووڵاتە. بە درێژایی مێژووی سیاسیی گەلی کورد کورسیی و دەستەڵات بوونەتە هۆکاری چێکردنی کێبڕکێی سیاسیی وهەندێ جاریش خیانەت و لێکترازان و تا کارەساتی شەڕی ناوخۆ بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی گەل و نیشتمان. کێشە هەنووکەیی یەکان دەرهاوێشتەی ئاریشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوون. لایەنەکان بەرەو چەندین ئاراستەی هاودژ بە تێفگرینی جیاوازەوە پەراکەندە بوونە، وەلێ لە کۆتایی دا سەرجەمیان دەگەنەەوە یەک ئامانجی هاوساز کە خۆی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەبینێتەوە.
مەودا کەمە و بژارەکان کەمتر. ئاستەنگەکان بۆ پێشڤەچوون دژوارن، وەلێ نامومکین نین. لە نێوان ڕێچکەی پەرتەوازەیی و جیابوونەوە و شکست؛ و ڕێچکەی سازان کامەیان باشترە و خزمەت بە دۆزی کورد دەکات ؟ پاشان سازاندن لە پێناو کام ئامانج و بۆ چی ؟ ئەگەر خوازیارین لە سازان و دانوستاندن پاشەکشە بکەین، بەرەو کام ئاراستەیە دەچین ؟ ٢٢ ساڵە ڕەوتی بزاوتی نیشتمانی هەوراز و نشێوی فراوانی هەبووە؛ تا گەیشتە نزمترینی کە سەردەمی نەگریسی شەڕی براکوژی یە. ئێمە لە بری پێشکەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان و سازان، ئایا لۆجیکە بەرەو پاش هەنگاو بنێینەوە ؟ کلیلی سەرکەوتنی پاش قۆناغەکانی شەڕی براکوژی چی بووە ؟ بێگومان لە سازان و پێکەوە کارکردن و هەڤکاریی و یەکترقەبولکردن کورت دەبێتەوە. ئەمە لە دید و ڕامانێکی هاوشێوەی دا وەکو ستراتیژییەکی نەتەوەیی خۆی دەنوێنێ.
لە کام ووڵاتی ئەم جیهانە پان و بەرینە، خڕ حیزب و لایەنەکان خاوەنی ئایدیۆلۆجیا و تێفێگرینێکی جیاواز نەبوونە ؟ و لە کام ووڵات گشت لایەنەکان، ستراتیژیی نەتەوەیی یان نەکردۆتە سەرچاوە بۆ سەربەخۆیی و کامەیان لە بەرژەوندیییەکانی حیزبیی و تاکیی خۆیان خۆش نەبوونە لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕشەکانیان بە ئاکامی سەربەخۆیی؟
لە میانەی گوتاری حیزبیی ولایەنەکان، دید و بۆچوونی جیاواز دەبینرێ بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەکان، هەندێکیان بە لۆجیکییانە بەرسڤ دەدەنەوە کە کوردستان دیموکراسی ترین مودێلی حکومەتە و تەنانەت لە دیموکراسیبوون کێبڕكێێ ئەمریکاش دەکەین. باشە ئەگەر ئەوەندە دیموکراسین بۆ ئەوەندە ساڵە سیستمی سازان پیادە دەکەین و هەموو دەستەڵات و کورسییەکان دەبەشینەوە؟ چی پێویستە بۆ حیزبێک کە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی مسۆگەرکردووە، لە نیوەی دەستەڵاتەکانی بۆ لایەنەکانی تر خۆش بێ. ئەگەریش سیستمەکە دیموکراسی نیە، چلۆن وازمان لە سازانی نیشتمانی هێناوە ؟ ئەمە خۆی لە خۆی دا بانەکە و دوو هەوا !
تاقمێکی تر زۆر گەرم و گوڕن لە تیورییەکی تری دەستەڵات کە پێویستە پیرەکان واز لە دەستەڵات بێنن و چۆڵی بکەن بۆ گەنجەکان. ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر قەشەنگە، بەڵام ئایا بۆ لە خۆتانەوە دەست پێناکەن ؟ بۆ سەرجەم پیرە کۆنەکارەکانی سیاسەت و سەرۆک حیزبەکان پێکڤە دانانیشن و گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکەن بۆ گەنجە پێگەییوەکان؟ لە لایەکی ترەوە، ئایا لەم هەل و دەرفەتە دا، کام گەنج و تەنانەت کام پیر دەشێ ئەو بەرپرسێتییە گەوەرەیەی سەرۆکایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ؟ کێ خۆی لە قەبارەی ئەو ئەرکە مەزنانە دەدات ؟ کێیە خاوەنیی ئەزموونێکی دور و درێژی سیاسیی و عەسکەریی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویی کە پێیەکی لە بەرەکانی شەڕ بێ و پێیەکیشی لە خەباتی دیپلۆماسیی و چێکردنی بنەماکانی دەوڵەتی کوردی؟ پێیەکی لە ناوخۆ و پێیەکی لە پانۆڕامای سیاسیی جیهانیی و کۆکردنەوەی پشتگیرییی و داکۆکی بێ بۆ بە ئامانج گەیاندنی سەربەخۆیی ئابووریی و سیاسی ولە ئەنجامدا سەربەخۆیی ؟
لەم کات و ساتەدا، ڕاستییەکی حاشاهەلنەگرە سەرجەم حیزبە کوردییەکان، بە بێ هەڵاواردن خزمەتیی دۆزی کوردییان کردووە وهنووکە ئامانجی سەرەکیشیان ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیی یە. کە واتە: با درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی پەیوست بکەین بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیی و گشت حیزب و لایەنەکیش پشتیوانیی لێ بکەین وهیچ کەسیش نەوێرێ ئەجێندایەکی تایبەت یان بیانی جێبەجێ بکات؛ یان بخاتە ناو کارنامەی حکومەت. با لە سەر ئەو مەرجە ڕێک کەوین و پەیمان بدەین کە داکۆکیی لە داوا ڕەواکانی گەلی کورد بکەین کە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەنوێنێ. ئەگەر لەو ماوەیەدا دەوڵەتی کوردی ڕانەگەینرا، ئەنجا با سەرۆکێکی تر لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دا هەڵبژێرێ.
14/8/2015