نەهرۆ زاگرۆس
چاوه‌ڕوانی چی ده‌كرێت له‌ودیوی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان؟ چی له‌و گۆڕانكارییه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیانه‌وه به‌دی ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاییه ڕامیارییانه‌ی له گۆڕه‌پانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا ڕوو ده‌ده‌ن، له هه‌مان كاتدا ئه‌و ململانێیه‌ی له‌ناو ماڵی كورد له باشووری كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ناكرێت ترسی له‌ده‌ستدانی (ئه‌زموونی هه‌رێم)مان نه‌بێت. ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستان و ناوچه‌كه ده‌گوزه‌رێت، زۆر جیاوازتره له دۆخی ده ساڵی ڕابردوو. له ده‌ساڵی ڕابردوودا نه ڕه‌وشی توركیا ئاوا نائارام بوو، نه ئێران له قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه و دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی بوو له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا. نه مه‌ترسیی (داعش) و تیرۆر به‌و گوڕوتینه‌وه له‌سه‌رمان بوو. له ده ساڵی ڕابردوودا، پێگه و ده‌سه‌ڵاتی كورد تا ده‌هات پته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بوو له گۆڕه‌پانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ته‌نیا یه‌ك دوو هه‌نگاو بمێنێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. به‌ڵام دواتر زۆر به‌خێرایی هاوكێشه‌كان گۆڕان. به‌تایبه‌تی له دوای گفتوگۆیه‌كانی پرسی ئێران و ڕۆژئاوا، هه‌روه‌ها كێشه‌ی سیاسیی توركیا و هه‌ره‌سهێنانی پڕۆسه‌ی ئاشتی. چاوه‌ڕوانی چی ده‌كرێت له‌ودیوی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان؟ چی له‌و گۆڕانكارییه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیانه‌وه به‌دی ده‌كرێت؟ له خواره‌وه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و واقیعه ده‌كه‌ین.
له‌ودیوی سنووری باكوری كوردستانەوە، له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابووری، توركیا له‌به‌رده‌م گۆمێكی قه‌تیسماوی باری ڕامیارییه، كه هیچ یه‌كێك له پارته‌كان ناتوانن به تاكڕه‌وی ڕێژه‌ی مه‌به‌ست به‌ده‌ست بهێنن بۆ دروستكردنی حكوومه‌ت. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ی به ئاشتی ناوزه‌ند كرابوو له‌نێوان كورد و حكوومه‌تی توركیا، ئێستا نه‌ماوه و شه‌ڕ له‌به‌رده‌م هه‌موو ماڵێكدا خۆی حه‌شار داوه. له‌وانه‌یه دۆخه‌كه خراپتریش ببێت و شه‌ڕ بپه‌ڕێته‌وه (باشووری كوردستان)یش، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پارتیی كرێكارانی كوردستان (PKK) هه‌وڵی ئه‌وه بدات له‌ناو خاكی هه‌رێم له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا بدات.
له‌ودیوی سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، ئێران خه‌ریكی دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌كانی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌م متمانه‌یه‌ی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئێران خه‌ریكه دروستی ده‌كاته‌وه، مه‌ترسیێكی گه‌وره بۆ هه‌ندێك وڵات له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست ده‌كات. هه‌ندێك له مه‌ترسییه‌كان په‌یوه‌ستن به به‌ڕژه‌وه‌ندیی ئابووری و هه‌ندێكیشیان به تاودانی تیرۆریزم و هه‌ژه‌موونی ئێران له ناوچه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه.
له ڕۆژئاوای كوردستان، ئه‌و خۆڕاگری و به‌رگرییه‌ی دژ به دوڵه‌تی ئیسلامی (داعش) ده‌گوزه‌رێت، له‌به‌رده‌م چاره‌نووسێكی نادیاره. له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی سوپای تورك له‌سه‌ر سنوور و ڕژاندنی هێز له‌و شوێنانه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (YPG) تێیدا باڵاده‌ستن، مه‌ترسیی ئافاتێكی گه‌وره و كاره‌ساتێكی مرۆیی لێ ده‌كرێت. له هه‌مان كاتدا، به هۆی فشاره‌كانی توركیا بۆ ئه‌مه‌ریكا، خه‌ریكه یارمه‌تی و ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا له هه‌مبه‌ر یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (YPG) له ڕۆژئاوای كوردستان كز ده‌بنه‌وه.
له‌ودیوی سنووی گه‌رمیان له باشووری كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی عێراق و فراوانبوونی هه‌ژه‌موونی (حه‌شدی شه‌عبی) تا دێت به‌هێز ده‌بێت. به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می مالیكی، حكوومه‌تی عه‌بادی پاڵپشتێكی تا ڕاده‌یه‌ك باشتری له ده‌ره‌وه بۆ خۆی دروست كرد و (سوپای عێڕاق)یش له سه‌روبه‌ندی ڕێكخستنه‌وه‌دایه. فڕۆكه‌كانی (F16)ی له‌م دواییه بۆ سوپا ڕه‌وانه كراون، چه‌كێكی به‌هێزی سه‌ربازی و مه‌عنه‌وییه بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی سوپای په‌رته‌وازه و تێكشكاوی عێڕاق.
له‌و دیوی ڕۆژئاوای هه‌ولێر و كه‌ركووك، هیچ ئاماژه و تروسكاییه‌ك بۆ له‌ناچوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) به‌دی ناكرێت. چه‌ته تیرۆریسته‌كانی (داعش) هێشتا خاوه‌نی پاڵپشتییه‌كی زۆری خه‌ڵكن و ده‌وڵه‌مه‌ندن به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی زۆره‌وه. ڕۆژانه‌ش هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر پێشمه‌رگه و سه‌نگه‌ره‌كانمان. ئه‌م شه‌ڕه بووه‌ته هۆكاری هاتنی په‌نابه‌رێكی زۆر و دروستكردنی كاره‌ساتێكی مرۆیی و ڕه‌وشێكی ترسناك.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، ئێستا نه‌هامه‌تییه‌كی ڕامیاری و ئابووری ئه‌وها به‌رۆكی گرتووین، كه خه‌ریكه ته‌نگ به جو‌مگه گرنگه‌كانی وڵات هه‌ڵده‌چنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پێشهاته نه‌خوازراوانه‌ش، ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ستیاردایه. به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌مڕۆی هێزی سیاسیی كوردستان له‌به‌رده‌م گه‌ل و نیشتمان، ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌یه، كه یان مێژوو دروست ده‌كه‌ن یانیش مێژوو ئابڕووی هه‌موومان ده‌بات. ناكرێت ئه‌و خه‌باته‌ی پێشمه‌رگه له‌پێناو سه‌روه‌ری و ئارامیی كوردستان به‌رامبه‌ر به تیرۆریستان ده‌یكات، بكرێته قوربانیی مه‌رامی چه‌ند كه‌سێك و لایه‌نێك. ڕه‌نگه هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تی و دروستكردنه‌وه‌ی یه‌كڕیزیی ماڵی كورد و سازان له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتنه‌كانی ڕابردوو، ته‌نیا ڕێگاچاره بن بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانانه‌ی له‌به‌رده‌ممان قووت بوونه‌ته‌وه. له كاتێكدا له چوار ده‌وری كوردستان ترووسكایی ئاشتی به‌دی ناكرێت، به ڕاده‌یه‌ك كه ژیان و مانه‌وه‌ی ئێمه كه‌وتووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، كاره‌ساته گرفته‌كانی نێوانمان وه‌لا نه‌نێین و یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز له سه‌نگه‌ردا نه‌وه‌ستین.
10/8/2015