شێرکۆ کرمانج
چەند رۆژێک پێش ئێستا کاک عەدنان عوسمان، ئەندامی لیژنەی پێداچوونەی دەستوری هەرێمی کوردستان، بابەتێکی بەناونیشانی " ئێمەو پرسی دین لە دەستوری كوردستاندا" لە سایتە کوردییەکان بڵاوکردوە. لەوێدا ئەو هەڵوێستەی لەسەر ڕۆڵی دین لە دەستورو ئەو گفتوگۆو پێشنیازانەی کە ئێستا لەنێو لیژنەکەدا دەکرێن، کە هەندێکیان بە کۆدەنگی گەیشتون، کردوە. ئەگەری زۆر هەیە ئەو خاڵانە لە دەستورە هەمیشەییەکە جێگیربکرێن. ئەم بابەتە هەوڵدەدا ئیشکالییەتەکانی نێو ئەو ماددەو بڕگانە بخاتەڕوو کە لیژنەکە تا ئێستا کۆکن لەسەریان. لەسەرەتا واچاکە بڵێم کە هەر دەستورێک دژایەتی دین بکات ئەوە ئەو دەستورە نە دیموکراسیو نە مەدەنیو نە عەلمانییەو نە دەشبێت بە بنەمایەک بۆ پێکەوژیان. هەر دەستورێکیش دین بکات بە سەرچاوەی یاسادانان ئەوە ئەو دەستورە نە دیموکراسیو نە مەدەنیو نە عەلمانییەو نە دەشبێت بە بنەمایەک بۆ پێکەوژیان.
بەگوێرەی بابەتەکەی کاک عەدنان، ئەندامانی لیژنەکە کۆکن لەسەر ماددەیەک کە دەڵێت "ئەم دەستورە دان دەنێت بە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی گەلی كوردستانو رێزی لێدەگرێت، بەهەمان شێوە رێز لە ناسنامەی دینیی مەسیحیو ئێزیدیو ئەوانی تر دەگرێتو مافەكانیان مسۆگەردەكات، وە بۆ هەموو تاكێك ئازادی بیروباوەڕو ویژدانو ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە دینییەكان دەستەبەردەكات."
من پێموایە واچاکە ئەم دەقە بەمشێوەیە دابڕێژرێتەوە: ئەم دەستورە ڕێز لە هەموو دینەکانی گەلی هەرێمی كوردستان، ئیسلام کە دینی زۆرینەیە هەروەها مەسیحیو ئێزیدیو کاکەیی، دەگرێتو مافەكانیان مسۆگەردەكاتو ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە دینییەكانی هەموو دینو مەزهەبەکان دەستەبەردەكات. هەموو تاكێك ئازادی بیروباوەڕو ویژدانی هەیە.
لەپاڵ ئەم دەستکارییە، لەجیاتی نوسینی "ئەوانی تر" من پێموایە دەبێت ئاماژە بە یەکە یەکەی دینەکان بکرێت. نابێت لە دەستور وشەی "ئەوانی تر" بەکاربێت چونکە ئەمە بچوککردنەوەی ئەو دینانەیە، یان لایەنانەیە، کە راستەوخۆ ئاماژەیان پێنەکراوە.
واپێدەچێت هەموو لایەنەکان کۆکبن لەسەری ئەوەی کە "شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەكی سەرەكی یاسادانانە وێڕای سەرچاوەكانی تر." بوونی دەقێکی لەم شێوەیە لە دەستوردا سەرەڕای کۆمەڵێک کێشەو کورتهێنان چەند ئیشکالییەتێکیش لەخۆدەگرێت. لێرە هەوڵدەدەین هەڵوەستەیەک لەسەر هەندێک کورتهێنان بکەینو ئیشکالییەتەکانیش بخەینەڕوو.
لیژنەکە کۆکە لەسەر ئەوەی کە "سەروەری بۆ گەلەو سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە. " ئەگەر دەستورگەل بکات بە سەروەر و سەرچاوەی دەسەڵاتەكان، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە گەل راستەوخۆ لە ڕیفراندۆم یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمان یاسادانەرەو لە حکومەتدا جێبەجێکەرە. ئەم ماددەیە دژایەتی دەکات لەگەڵ ئەو ماددەیەی کە شەریعەتی ئیسلامی کردوە بە سەرچاوەیەكی سەرەكی یاسادانان، چونکە:
یەکەم، ڕاستە دەقەکە شەریعەتی ئیسلامی نەکردۆتە سەرچاوەی سەرەکی یان تاکە سەرچاوەی یاسادانان بەڵام کێشەکە لەوەدایە هەر کاتێک شەریعەت کەم تا زۆر بکرێت بە سەرچاوەی یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە گەل سەروەر نییە، یان لە سەروەرییەکانی کەمکراونەتەوە. ئەگەر گەل سەروەر بێت دەبێت گەل یان نوێنەرەکانی تاکە سەرچاوەی یاسادانانو بڕیاردان بن.
دووەم، کاتێک شەریعەتی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە هەرچی فەقیهە موسڵمانەکان لە ماوەی ١٤٠٠ ساڵی ڕابردودا وەک فەتواو یاسا بەرهەمیانهێناوە دەبێت ببێت بە یاسا یان سەرچاوەی یاسادانان. ئەمەش لەگەڵ سروشتی گەشەو گۆڕاویی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهان، نەک یەکناگرێتەوە بەڵکو دژایەتی دەکات، چونکە ناکرێت یاسای سەدان ساڵ چەقبەستو بەسەر کۆمەڵگەی گۆڕاو بسەپێنرێت.
سێیەم، کاتێک کە شەریعەتی ئیسلام دەکرێت بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە هاوڵاتیان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت بەڵکو لەسەر بنەمای دین، واتە موسڵمانبوونو ئێزیدیبوونو کرستیانبوونو کاکەییبوونو شەبەکبوون سوننیبوونو شیعیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەما سەرەکییەی دەوڵەتی مەدەنییە کە لەسەر یەکسانبوونی هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا دامەزراوە. هاوکات دژایەتی ئەو دەقە دەکات کە لیژنەکە خۆی لەسەری کۆکە، کە دەڵێت "هیچ جیاكارییەك لە نێوان هاوڵاتیانی كوردستان لەسەر بنەمای نەژاد، نەتەوە، رەگەز، دین، زمان، كەلتور، یان هەر هۆكارێكی تر ناكرێت"، هەروەها ئەو دەقەش کە دەڵێت "هەموو یەكسانن بەرامبەر یاسا، هیچ جۆرە جیاكارییەك بە هۆی ئاین و رەگەزو زمان... رێگەی پێنادرێت".
چوارەم، کاتێک کە شەریعەتی ئیسلام دەکرێت بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە نایەکسانی ژنو پیاوی لێدەکەوێتە چونکە ژنان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی مافی یەکسانیان نە لە میرات، نە لە شایەدی، نە لە مارەبڕین، نە لە مافەکانی ژیانی خێزانیو تەڵاقداندا نییە. ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆکی ماددەیەکە کە لیژنەکە ئێستا جێگیری كردوە، کە دەڵێت "ژنو پیاو لە هەموو مافە مەدەنیو سیاسیو كۆمەڵایەتیو ئابوریو ڕۆشنبیرییەكان یەكساننو دەبێت لایەنی دەسەڵاتدار هەموو جۆرە كۆسپێك لەسەر پرەنسیپی یەكسانی لابدات." دانانی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان ڕاست پێچەوانەی ئەم ماددەیەیەو دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دەیان کۆسپ لەپێش گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان لە هەموو ئەو بوارانەدا.
هەر لە پەیوەند بە ڕۆڵو پێگەی دین، لیژنەکە کۆکە لەسەر ئەوەی کە "مزگەوتو كەنیسەو خانەكانی پەرەستن... نابێت بۆ چالاكی حزبیو ململانێی فكریو ئایدیۆلۆجی... بەكاربهێنرێن". لیژنەکە لەکاتێکدا کۆکە لەسەر ئەم ماددەیە کە شەریعەتی ئیسلامی، کە بەرهەمی مزگەوتە، کردوە بە سەرچاوەیەکی یاسادانو یاسا دینییەکانی بردۆتە نێو دادگاکان تاوەکو ببن بە بنەما بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیو سیاسییەکان. ئەگەر شەریعەتی ئیسلام بکرێت بە سەرچاوەیەکی یاسادانان ئەوە دەبێت ئاسایی بێت کە مزگەوتەکان بکرێن بە شوێنی سیاسەتکردن، چونکە کاتێک شەریعەتی ئیسلام دەکرێت بە سەرچاوەیەکی یاسادانان ئەوە هەر خۆی تێکەڵکردنی دینە بە سیاسەت، جا کە وابێت بۆ دەبێت شوێنی قسەکردن لەسەر دین، کە مزگەوتە، لە کاری سیاسیی قەدەغەبکرێت.
بەکورتی دەستور بۆئەوە دادەنرێت کە ببێت بە مەرجەعێکو بنەمایەک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان ئەندامو بکەرەکانی کۆمەڵگە، هەروەها وەک سەرچاوەیەک بەکاربێت بۆ گەڕانەوە بۆی لەکاتی بوونی ململانێو تێگەیشتنە جیاوازەکان. لەژێر تیشکی ئەو شیکارانەی سەرەوە دەکرێت بڵێین ئەو دەستورەی کە کۆمەڵگەی کوردستانیی چاوەڕێی دەکات هێندەی دەبێت بە بنەماو سەرچاوە بۆ دروستبوونی ململانێو لێتێگەیشتنی جیا لە ماددەو بڕگەکانی هێندە نابێت بە بنەماو سەرچاوەیەک بۆ پێکەوژیانێکی ئارامو یەکلایکردنەوەی کێشەو ململانێکان.
8/8/2015