عومەر چنگیانی
ماوەیەك پێش ئێستا لەسەر مشتومڕی نوێكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم، لای خۆم بابەتێكم گەڵاڵە كرد و خستمە سەر كاغەز و نیشانی خۆشەویستێكم دا، پێی وابوو بڵاوی نەكەمەوە و خۆم لە شەڕی شەڕخوازان بپارێزم، منیش ئەوكات بە گوێم كرد، بەڵام ئێستا بە ئەركی دەزانم دوای بژارێكی كەمی، بڵاوی بكەمەوە، گەرچی لەوكات زۆرتریش چاوەڕێی ئەوە دەكەم بكەومە بەر تەشەر و تانە و ڕەخنەی زۆر تەزێنەر و نابەجێ و بگرە جوێنیش! دیارە وەك ئەوانە وا دەزانن ئازادن چی بڵێن و چی بنووسن، منیش كەمێك ئازادم لەوەی دەینووسم و دەیڵێم. بەرلەوەی بچمە نێو باسەكەم، متمانەی تەواوم بەوە هەیە لەگەڵ ئەوەی كە باشترین مرۆڤ پێغەمبەرانی خوان، ئەگەر خوا نەیپاراستبن وەك هەر تاكێك چاوەڕوانی هەر تاوانێكیان لێ كراوە. بڕوای تەواویشم بەوە هەیە ئەو مرۆڤەی كاتێ كە لەدایك بوو و بانگی بە گوێدا درا و ناوی نرا «مەسعود» و هەر لە سەرەتای تەمەنیدا بوو بە پێشمەرگە و تا ئێستایش هەر پێشمەرگەیە، – ئەو مرۆڤە – ، نە خوایە و نە پێغەمبەرە و نە كوڕی پێغەمبەرە و نە لە تاوان پارێزراوە و نە فریشتەیشە تا بڵێین حەزەكانی تاكی مرۆڤی لێ چاوەڕوان ناكرێت.
چۆن بڕوام وایە بە دەوری پێغەمبەرانەوە دوو ڕوو هەلقۆزەرەوە و خۆویست هەبوون، بە دەوری مەسعود بارزانییشەوە، دوو ڕوو هەلقۆزەرەوە و خۆویست هەن و سەرباری دوژمنە دیرۆكی و سەرسەختەكانی، بهشێك لە یار و دەوروبەرەكانی – بە ویست یان لەبەر ناحاڵێتی – بوونەتە هۆی ئهوهی خهڵكانێك! به سهرۆكێكی دابڕاو له خهڵك باسی بكهن و كار گەیشتووەتە ئەوەی، نابەزەییانە مێژووە پڕ لەسەروەرییە كەی خۆی و خانەوادەكەیشی فەرامۆش بكرێت و ئەوەی خوا و پاشان ویژدان پێی ناخۆش بێت بگوترێ و بكرێ و بنووسرێ!
لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستایشی پێوە بێت، كە كاتی نووسینی ئەم چەند دێڕە 28ی تەمووزی 2015ی زایینی، هێندەی من لە خودی خۆی تێ گەیشتبم، ئەوەندەی لە كۆڵگرتنی خەمی هەموو تاكێكی كورد لە هەرچوار پارچە داگیركراوەكەی كوردستان و سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت لای ئەو ئارمانجە، پۆستی سەرۆكی هەرێم بوون، بەشێكی زۆر گرنگ نییە لە خەمەكانی، بەڵام وەك گوتیشم، ئەمە ئەوە ناگەیهنێ كە «مەسعود بارزانی» لە ژوور مرۆڤەوە شتێكی ترە و بەشێك لە حەز و خواستەكانی مرۆڤانە لەویشدا بەرجەستە نییە، بەڵام وەك زۆر جاری تر باسم كردووە، چونكە تاكوتەران ببنە ڕێبەر و، ڕێبەریش هەن كە نەتەوەن و، بەپێی یاسای «دوورخستنەوەی زیان لە پێش هێنانی قازانجە» لە (ئوسوڵ فیقهی ئیسلام)دا، بە بۆچوونی من، ئەگەر بەڕێزیان – لەم ئان و ساتەی ئێستادا – لەو پۆستەدا نەمێنن و خەڵكانێك وا بزانن بەرژەوەندیی دیموكراسییەت لەو دیارنەمانەی ئەودایە لەوێ، زیانێكی بێ سنووری وای لێ دەكەوێتەوە كە ئەوكات تێ دەگەین مانەوەكەی تا چەند پێویستییەكی نەتەوەیی و سیاسی و لە سەروو هەموویشیانەوە شەرعییە.
دەڵێم شەرعی و مەبەستیشمە بۆ وا دەڵێم، چونكە كۆمەڵێك خەسڵەت هەن بۆ سەركەوتنی ڕابەر، پێویستە هەبن و لە گەڕانەوەماندا بۆ قورئانی پڕ لە بەخشش، كە پەیامی بێ ڕكابەری خوایە و، فەرموودە دروستەكانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (دروود و سڵاوی خوای لەسەر)، كۆمەڵێك سیفەت و ئاكار و خەسڵەت تێ دەگەین كە وەك مەرجی سەرەكی وان بۆ ئەو كەسەی كە بەرپرسیارێتیی خەڵكی پێ دەدرێت، نەخاسمە لە كۆمەڵگایەكی زۆرینە موسڵماندا، وەك:
یەكەم: یەكخواناسی و سەربەرزی
لە پێداگوتنی خوادا بۆ ئیبراهیم پێغەمبەری باوكی پێغەمبەران (دروود و سڵاوی خوایان لەسەر) دەفەرموێت: «بەڕاستی ئیبراهیم، بەتەنیا نەتەوەیەك بوو و، سەری نەوازشی بۆ خوای خۆی چەماندبوو، هەردەم بۆ لای ئەو دەگەڕایەوە و، هەرگیز یەكێك نەبوو لەوانەی كە هاوەڵیان بۆ خوا پەیدا دەكرد» 120 «ئەلنەحل».
ببینن: نەتەوەیەك بوو! كەوابوو دەكرێ ڕێبەرێك بە تەنیا وەك نەتەوەیەك وا بێت و داڕشتنی كەسایەتییەكەی لە ئاستێكی هەرە باڵای بەرپرسیارێتیدا بێت.
دووەم: لە بەرانبەر دۆستانی نەرم و لەسەر دوژمنان بە زەبر
خوا دەفەرموێت: «بەڕاستی ئیبراهیم كەسایەتییەكی لەسەرەخۆی بێ هەڵەشەی وا بوو، كە هەردەم بۆ لای خوای خۆی دەگەڕایەوە»75»هود».
سێیەم: جوامێری و گەورەیی
خوا دەفەرموێت: «لەنێو بڕواداراندا پیاوگەلی وایان تێدایە كە ڕاستیان كردووە لەگەڵ خوای خۆیان، – سەرنج بدەن پیاوگەل – ئەو پەیمانانەی داویانە بە پەروەردگاریان نەیان شكاندووە – ئەمانیش دەكاتە دوو جۆر – هەیانە تا دوا چركە و دوا ساتە وەختی ژیانیان لەسەر پەیمانەكانیان بەردەوام بوون و لە پێناویاندا كۆچی دواییان كردووە، هەیشیانە بەبێ گۆڕان، چاوەڕێی دوا ساتەكانی خۆیانن و، پەیمانیان نەشكاندووە«23ئەلئەحزاب».
لەنێو بڕواداراندا پیاوگەل هەیە! كەوابوو مەرج نییە هەر نێرێكی مرۆڤ كە سیمای پیاوەتیی پێوە بوو، پیاو بێت، زۆرن ئەوانەی بە كەمترین شت تەفرە دەخۆن و دەدۆڕێن.
چوارەم: بە هێزی و دەستپاكی:
خوا دەفەرموێت: «بەڕێز من ئامادەم ئەمڕۆ ئەوكارەت بۆ جێبەجی بكەم و ئەو دەسەڵاتەت بۆ بگوێزمەوە، بەڵام بزانە هەرچەند من بەتوانا و بەهێزم، دەستپاكیشم»39»ئەلنەمل». ئەمەی ئەنجومەنەكەی لای سلێمان بۆ هەموو كات پێوەرێكی گرنگن، هێز لەگەڵ دەستپاكی، زۆرمان بینیوە لاوازی دەستپاك، یان بەهێزی ناپاك، بەڵام كۆبوونەوەی هەردوو سیفەتەكە لە تاكێكدا ئەمەیە پێویستە و ئێمەی كوردیش لە هەموو كەس زۆرتر پێویستمان پێیەتی، ئەگەر كەسێك ڕابردوو فەرامۆش بكات، خۆ دەبێ ئێستای لە پێش چاو بێت كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ئەو «با»ڕەشە پیسەی ڕووی لە كوردستان كردووە، بارزانی چۆن لەبەردەمیا وێستاوە و، سەرۆكایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەكە دەكات.
پێنجەم: بایەخدان بە ئابووری:
خوا دەفەرموێت: «ئەو كەسانەی كە ئێمە دەستەڵاتیان پێ دەبەخشین و جێگەپێیان پتەو دەكەین، دەچن بایەخ بە نوێژ دەدەن و زەكاتی سامان دەردەكەن و فەرمان دەكەن بە چاكە و قەدەغەی خەڵك دەكەن لە خراپە، ئیتر باقی كارەكانی تر خودا بۆخۆی لەبەردەمیان ئاسانی دەكا و ئیشەكانیان بۆ مەیسەر دەكات»41»ئەلحەج».
ماوەتە بڵێم: گەرچی بە دووری نازانم ئەگەر ویستە نێو دەوڵەتییەكان بەو ئاستەدا بڕوا – كە خوازیارم و هیوایشم ئەوەیە – كاتی لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردی هاتبێت، لەو سنوورە دیاریكراوەی بۆی دەنەخشێنرێت، كوردەكانیش نەبن دەوڵەتە كوردییەكە هەر دروست دەكرێت و بۆ سەرۆكایەتی كردنیشی، ئەگەر ویستە نێودەوڵەتییەكان بەو ئاستەدا بڕوا كە كێ سەرۆكی ئەو وڵاتە بێت، هەموو خەڵك سەرقاڵكردنەكانی تر لە گەمە تێ ناپەڕن و هەر وا دەبێت!
بەڵام ئەگەر هاتو ئەو سەرۆكە بارزانی بوو، لە داهاتوودا پیویسته چاوێك به دهوروبهرهكهشیدا بخشێنێتهوه، ئاخر كاتێك شۆڕش مەلا مستەفا دەیبرد بەڕێوە جۆرێك بوو، دوایی «پارتی» گەیشتە پەنجا بە پەنجا و ئێستا سی و هەشت كورسیی هەیە لە پەرلەمان، بۆیه دەبێ كاتی ئەوە هاتبێت، ئاوڕی جیدی بدرێتەوە و لێپێچانەوە بكرێت.
6/8/2015