ئاریتما موحه‌ممه‌دی
له‌پاش ئه‌وه‌كه پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له ئاستی نێوخۆی توركیه و هاوكات له ئاستی سیاسه‌ت و ستراتیژیی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی تووشی كێشه و به‌ربه‌ست بووه‌وه و نه‌یتوانی ستراتیژیی سیاسیی خۆی له‌ناوچه‌كه به‌ره‌وپێش ببات و جێگیری بكات، له ئاكامدا بڕیارێكی گه‌لێك قورسیدا و له‌گه‌ل داعش چووه نێو شه‌ڕه‌وه، دیاره تاكوو هه‌نووكه چۆنێتی ستراتیژیی ڕۆیشتنی توركیه بۆ نێو بازنه‌ی شه‌ڕی دژبه داعش ڕوون نییه. چونكه لاوازبوونی داعش له سووریه، ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك PYD كه لایه‌نێكی به‌هێزی كورد له شه‌ڕی دژبه داعشه. توركیه پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك به نه‌یاری سیاسیی خۆی پێناسه ده‌كات و به به‌شێك له پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌ژماری ده‌كات. ڕێكخراوی ناتۆ له ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوودا له شه‌ڕی دژبه پارتی كرێكارانی كوردستان و شۆڕشی كورد له باكووری كوردستان هێز و پشتیوانیی سیاسیی و چه‌كداریی تووركیه بووه و ڕژیمی توركیه له هێز و چه‌كه‌كانی پێشكه‌وتوی ناتۆ و وڵاتانی ئه‌ورووپی و ئه‌مریكا له دژی كورد له باكووری كوردستان كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. به‌ڵام له‌پاش ئه‌وه‌كه بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی كورد له باكووری كوردستان هێزی گرت و ده‌ستی به‌به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ ڕژیمی توركیه‌دا كرد، ئیتر هێز و پشتیوانی سیاسیی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا بۆ دژایه‌تیكردنی كورد له باكوور ڕووی له كزی كرد. به‌تاییبه‌ت كاتێ كه توركیه ئیزنی نه‌دا كه له‌نێو خاكی ئه‌و وڵاته‌وه هێرش بكرێته‌سه‌ر ڕژیمی به‌حسی ئێراق، ئیتر له‌پاش ئه‌و ڕووداوه جیاوازیی له بۆچوونی سیاسیی و ستراتیژیی ئه‌مریكا و تووركیه پتر خۆی ده‌رخست. وه‌ك ده‌بینین له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا درزێكی پانوبه‌رین كه‌وتووه‌ته نێوان ستراتیژیی سیاسیی توكیه و ڕۆژئاوا له پێوه‌ندی به چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی جیاوازی ناوچه‌كه و هاوكات ڕووداو و پێشهاته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. له ڕاستیدا ستراتیژیی توركیه له پێوه‌ندی به پرسی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ئاڵۆزه و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی توركیه به چه‌شنێكی فاشیستیی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه له‌گه‌ڵ پرس و كێشه‌ی كورد هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.
ته‌نانه‌ت ڕژیمی تورك چه‌ندین جار به شێوه‌ی ڕوون و ئاشكرا دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان دووپات كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی له باشووری ئه‌فریقاش درووست ببێ، دیسان دژایه‌تی ده‌كات و ڕێی لێ ده‌گرێت. بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و هێرشانه‌ی كه له‌لایه‌ن توركیه‌وه كرانه‌سه‌ر داعش پتر له ستراتیژییه‌كی تاییبه‌ت و پلان بۆ داڕێژراو دێته به‌رچاو تاكوو ئه‌وه‌كه توركیه داعش به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێناسه بكات. چونكه لاوازبوونی داعش له سووریه ده‌بێته هۆی به‌هێز بوونی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د و هاوكات به‌هێزبوونی كانتۆنه‌كانی كورد له باكووری سووریه و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ش له ئێراق پتر جێگیر ده‌بێت. ئه‌مانه‌ش هه‌رهه‌موو به زیانی توركیه پێناسه ده‌كرێن، یانخود توركیه به‌زیانی خۆی پێناسه‌یان ده‌كات. چونكه به لاوازبوونی داعش له ناوچه‌كه ته‌نیا دوو لایه‌ن سوودمه‌ند ده‌بن، یه‌كیان كورده و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان شیعه و ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌ده و له كۆشدا ستراتیژیی ڕژیمی ئێران له ناوچه‌كه سه‌رده‌كه‌وێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی په‌راوێزخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیه له ناوچه‌كه.
له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشی خه‌ڵكی سووریه له دژی به‌شار ئه‌سه‌د، توركیه پشتیوانی خۆی له به‌رهه‌ڵه‌ستكارانی سوریه پێشاندا و دژایه‌تی خۆی بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕاگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌م قۆناغه كه تێیدا توركیه بڕیاری شه‌ڕی له‌دژی داعش دا، كه‌مێك ئاڵۆز و جیاوازه، چونكه ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی توركیه و به‌تاییبه‌ت دژبه‌رانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ئاكپارتی له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتن و هاوكات به‌شێكی دی له ئۆپۆزیسیۆن كه له پارته ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌كان پێك دێت، دژی گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستانن. بۆیه هێرشه‌كانی توركیه بۆسه‌ر داعش و پارتی كرێكارانی كوردستان له‌یه‌ك كاتدا یه‌ك په‌یامیان پێیه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه پارتی كرێكارانی كوردستان و داعش وه‌ك یه‌ك مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئاساییشی توركیه، دیاره توركیه په‌كه‌كه‌ی پێ مه‌ترسیدارتره. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و پشتیوانییه سیاسیی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه توركیه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له پێوه‌ندی به دژایه‌تیكردنی په‌كه‌كه له‌ده‌ستی داوه، به‌ده‌ستی بهێنێته‌وه و ده‌یهه‌وێت به وڵاتانی ڕۆژئاوا بڵێت كه ئه‌گه‌ر ئێوه داعش به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی خۆتان پێناسه ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئێمه‌ش په‌كه‌كه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان پێناسه ده‌كه‌ین و ده‌بێ بۆ دژایه‌تی كردنی تیرۆر هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین. به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا دوودڵن له‌وه‌كه په‌كه‌كه و شۆڕشی باكوور به بزووتنه‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی ئه‌ژمار بكه‌ن، له كاتێكدا كه به‌شێكی زۆر له نه‌ته‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان پشتیوانیی له پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵگای باكووری كوردستان له‌گه‌ڵ بوونی په‌كه‌كه له گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانه.
به‌تاییبه‌ت له‌م دۆخه‌دا كه هێزه‌كانی سه‌ربه‌و حیزبه به گرینگ‌ترین هێزی داعش ڕۆخێنه‌ر له ناوچه‌كه پێناسه ده‌كرێن و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو جیهان ڕوون بووه‌ته‌وه و په‌كه‌كه‌ش له ڕۆژئاوای كوردستان و له چیاكانی شه‌نگاڵیش به‌باشی ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه. بۆیه پارتی دادوگه‌شه‌پێدان به‌له‌به‌رچاو گرتنی دۆخی سیاسیی نێوخۆی توركیه و ناوچه‌كه ده‌یهه‌وێت هندێك هه‌نگاو بۆ دژایه‌تیكردنی داعش بنێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه له‌دڵه‌وه نین و پتر زاره‌كین و هێرشه‌كانیش كاریگه‌ر نین و بۆ له‌نێوبردنی داعش نیین. چونكه نه‌مانی داعش به‌واتای مردنی ستراتیژیی توركیه دێته هه‌ژمار. هه‌رچه‌ند توركیه به‌م هه‌نگاوه ده‌یهه‌وێت دۆخی سیاسیی نێوخۆی وڵاته‌كه‌ی هێور بكاته‌وه و گوشاره‌كانی نێوخۆ و نێونه‌ته‌وه‌یی كه له پێوه‌ندی به دژایه‌تی كردنی داعش له‌سه‌رییه‌تی كپ بكاته‌وه و دڵی دژبه‌ران و به‌رهه‌ڵه‌ستكارانی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئاكپارتی پتر توركیه به‌ره‌و گێژاوی تێڕمان و تێكشكانی ستراتیژییه‌كه‌ی ده‌باته پێشه‌وه. ته‌نانه‌ت توركیه ستراتیژییه‌كی ڕوونی له‌پێوه‌ندی به باشووری كوردستان نییه، هه‌رێمێك كه زۆربه‌ی كۆمپانییه‌كانی توركیه تێیدا چالاكن و ساڵانه ده‌یان ملیار دۆلار سه‌رمایه‌ی تێدا كۆ ده‌كه‌نه‌وه. له ڕاستیدا توركیه له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه بۆ دژایه‌تیكردنی كورد گا‌و بنێ، كه‌سی له‌گه‌ڵدا نابێ و به‌ته‌نیا ده‌بێ هه‌نگاو بنێ، ئه‌مه‌ش له هێز و توانای ئه‌و وڵاته به‌دووره
26/7/2015