هێمن عەبدوڵڵا
خەڵکی باشووری کوردستان دەیانەوێ چ جۆرە دەستوورێکیان هەبێت؟ ئیسلامی بێت یان عەلمانی؟ ئەگەر بە کاردانەوەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت دەستوورێکی ئیسلامی پەسەندترە لە یەکێکی عەلمانیی “خوانەناسانە”. بەڵام مادام ئەو هەموو خەڵکە بڕوایان بە دەستوورێکی ئیسلامی هەیە، بۆچی هێشتاش پارتە ئیسلامییەکانی کوردستان نەیانتوانیوە ببنە یەکەمین و دووەمین و تەنانەت سێیەم گەورەترین پارتی باشووری کوردستانیش؟ مەتەڵێک هەیە دەبێ هەڵبهێندرێ. ناکۆکی لەسەر ناسنامەی ئاینی یان نائاینیی دەستوور وەکو ناکۆکی لەسەر ماوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە. زۆریش گرنگترە. بۆیە گرنگترە چونکە باسی دوو ساڵی دیکە و چوار ساڵی دیکەی دەسەڵاتدارێتی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکێک ناکات، بەڵکو بناغە دادەنێت بۆ ئایندەی دوورتر. بۆیە ئەو گەنگەشە گەرمەی لەسەر مژاری دووەم دروستبوو، دەبووایە لەسەر ئەوەی یەکەم گەرمتربێت. ئەو پشتگوێخستن و نەبردنە سەرەوەی ئاستی گەنگەشانە لەسەر پێگەی ئاین لە دەستووردا وایکرد خەڵکی کوردستان جوان لە کێشەکە تێنەگەن و ئەو کاردانەوەیەیان هەبێت کە بینیمان.
لە هەر کوردێکی موسڵمان بپرسیت: “دەتەوێ لە دەستووردا رێز لە ئیسلام بگیرێت؟” ناڵێ: “نا”. زۆر ئاساییشە وانەڵێت، چونکە ئەگەر هەمان پرسیار لە کوردێکی ئێزدی یان کریستیان یان کاکەییش بکەیت هەر هەمان وەڵامت دەداتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: “لە دەستوورێکی عەلمانیدا بێڕێزی بە ئاینەکان دەکرێت؟” بێگومان نا. هەروەها وەکچۆن ئەو شەریعەتی ئیسلامەی بڕیاروایە لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا بچەسپێندرێت جۆرەها پێناسە و لێکدانەوەی هەیە، ئاواش بۆنموونە عەلمانیەتی فەڕەنسا لە عەلمانیەتی هۆڵەندا و بەریتانیا جیاوازە. لە مۆدێلی فەرەنسیدا لە هیچ شوێنێکی گشتی رێگە نادرێت ناسنامەی ئاینیی کەسەکان دەربکەوێت. بۆیەش ئەو کچە موسڵمانانەی نیقاب دەپۆشن لە قوتابخانەکانیان کێشەیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام لە هۆڵەندا پارتە کریستیانەکان دەتوانن رێگە لە هەڵواسینی رێکلامی جلی ژێرەوەی ژنان لە شوێنە گشتییەکان بگرن.
ناسنامەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوە دەچێت وەکو هاوشێوە عێراقییەکەی ببێتە مۆدێلێکی سەیر و سەمەرە. چونکە لەلایەکەوە بە کورت و کرمانجی ناڵێت دەستوورەکە ئیسلامییە و لەلایەکی دیکەشەوە بەندێکی گرنگی تێدا گونجێندراوە سەبارەت بە سێبەری شەریعەت بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە. ئەمە بۆیە هەڵە و مەترسیدارە چونکە بنەمای وەکیەکی بۆ هەموو ئاینەکان دەسڕێتەوە. ماناکەشی ئەوەیە کە هیچ یاسایەک نابێ لە کوردستان دەربچێت کە لەگەڵ شەرعی ئیسلامدا کۆک نەبێت، بەڵام ئاساییە کۆک نەبێت لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئاینی ئیزدییان یان کاکەییان، کە ئەوەی دواییان کەڤنارترین ئاینی کورد بووە.
کەواتە چارە چییە؟ رەنگە چارە ئەوە بێت کە لەجیاتی ئەو بەندەی تایبەتە بە شەریعەت یەکێکی نوێ دابنرێت و تێیدا بگوترێت: “نابێ هیچ یاسایەک دەربچێت کە کۆک نەبێت لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئاینەکانی کوردستان”. بەڵام ئەوکات بۆ دەرچوواندنی هەر یاسایەک پێویستمان بە چەندین ساڵ و مانگ دەبێت تاوەکو دڵنیابینەوە لەگەڵ هیچ ئاینێکدا ناکۆک نییە. هەروەها لە مژارێکی وەکو فرەژنیشدا لەنێوان چوارژنەکەی ئیسلام و فرەژنیی لەوە زیاتر لەنێو ئێزدییان و یەکژنی لەنێو کریستیانەکاندا تێدەمێنین! ئەنجام ئەوە دەبێت کەس ناتوانێ هاوسەرگیری بکات و وەکو دایناسۆرەکان وردە وردە لەنێودەچین!
بەشبەحاڵی خۆم لەگەڵ دەستوورێکی هیومانیستانەی سیکۆلارم بۆ کوردستان. دەستوورێک کە خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی بۆ کۆمەڵگە کردبێتە ئامانج و رێزی هەموو ئاینەکان و بێئاینەکانیشی وەکو یەک گرتبێت. ئەمەی دەیڵێم هیچی تێدایە دژی ئیسلام و شەرع بێت؟
18/7/2015