خالد سلیمان
سێ قه‌یرانی دیار، دیمه‌نی سیاسی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان پێكدێنن، قه‌یرانی یه‌كه‌م ناوخۆییه‌و په‌یوه‌سته به‌ده‌ستووری هه‌رێم‌و جۆری سیستمه سیاسییه‌كه‌ی، ته‌نگژه‌ی ئابووری‌و نه‌بوونی متمانه‌ی سیاسی. قه‌یرانی دووه‌م چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدایه، به‌تایبه‌تیش له‌بواری نه‌وتدا، كه به‌شێوه‌یه‌كی خراپ له‌ژیانی ئابووری‌و سیاسیی هه‌رێمدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. (ته‌حه‌دا)ی سێیه‌م شه‌ڕی داعشه كه كاریگه‌ریی به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی تره‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر له‌مه‌ی سێیه‌مه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ده‌كرێ بڵێین حوكمڕانانی كوردستان تائێستا جگه له‌ڕووی سه‌ربازی‌و ئه‌منییه‌وه، پلانێكی په‌روه‌رده‌یی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتورییان پێ نییه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش. بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كوردی هه‌رێمیش له‌ناو ریزه‌كانی داعشدا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه‌لێنێكی دیار له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورددا هه‌یه‌و فیكری توندڕه‌وی‌و سه‌له‌فیزمی جیهادی وه‌ك ئاوی كارێز نه‌ك له بنی بیره‌كاندا كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵكو به‌ناو جۆگه‌كانیشدا تێپه‌ڕده‌بن. به‌رپرسێكی ئه‌مریكی له‌دانیشتنێكدا باس له‌دوورخستنه‌وه‌ی داعش ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان‌و یارمه‌تییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ئه‌م ئامانجه. كه لێی ده‌پرسم بۆچی باسی له‌ناوبردنی داعش ناكرێت، نه‌ك دوورخستنه‌وه؟ ئه‌وه له‌وه‌ڵامه‌كه‌یدا به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌خاته پێش چاو كه كاتێك پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یارمه‌تی هێزی هاوپه‌یمانان كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، داعش له‌سنووره‌كانی هه‌رێم دوورده‌خه‌نه‌وه، داعشه‌كان شوێنێكی تری عیراق داگیرده‌كه‌ن‌و مۆڵگه‌ی تر بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌گه‌ینه مه‌به‌سته‌كه‌ی‌و ئامانجی له‌ناوبردنی داعش له‌هه‌ماهه‌نگی‌و هاوكاریی نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراقدا ده‌بینێت. له‌كۆی قسه‌كانیدا ئه‌وه به‌باشی روون ده‌بێته‌وه كه دوورخستنه‌وه‌ی داعش چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵام شه‌ڕی یه‌كلایه‌نه‌ی پێشمه‌رگه یان هێزه‌كانی عیراقیش كۆتایی به‌داعش ناهێنێت، كه‌واته كورد پێویستی به‌ستراتیژیه‌تێكی تر هه‌یه كه خۆی له‌نه‌خشه‌پلانێكی نوێ‌دا ده‌بینێته‌وه له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی عیراقدا دژی به‌ربه‌ریزم.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌یارمه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ دۆزینه‌وه‌ی «رێككه‌وتنێكی ماقوڵ»، له‌پێناو سازدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا ده‌بینێته‌وه، به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كه پێیوایه، سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی تائێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه هه‌رێم‌و به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتنێك‌و ئه‌مریكاش له‌م پێناوه‌دا كاری زۆری كردووه‌و كاریش ده‌كات. به‌بێ درێژه‌دان به‌م لایه‌نه، وه‌ڵامه‌كه‌ی پێشووی ده‌رباره‌ی كۆتایی هێنان به‌داعش‌و بیركردنه‌وه له‌كۆتایی هێنان به‌داعش له‌بری دوورخستنه‌وه وه‌ك چاره‌سه‌ر، به‌شێكه له‌سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ده‌ستوور، سیستمی حوكمڕانی، ململانێی حزبه‌كان، پڕچه‌ككردن‌و مه‌شقی پێشمه‌رگه، به‌رپرسه ئه‌مریكییه شتێكی زیاتر له‌وه ناڵێت كه ئه‌وان ناتوانن مۆدێلێك پێشكه‌شی كوردستان بكه‌ن‌و ده‌بێت كورده‌كان خۆیان مۆدێل‌و دنیابینییه‌كی خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌زموونه‌كه‌یان‌و دواڕۆژی هه‌رێمه‌كه. ئه‌و له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی مندا ده‌رباره‌ی «رێككه‌وتنێكی ماقوڵ« Reasonable Accommodation، نموونه‌كانی به‌ریتانیای په‌رله‌مانی‌و فه‌ڕه‌نسای تێكه‌ڵه له‌په‌رله‌مانی‌و سه‌رۆكایه‌تی‌و ئه‌مریكای سه‌رۆكایه‌تی دێنێته‌وه‌و پێیوایه ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كورد خۆی بڕیاری چی ده‌دات‌و چی مۆدێلێكی حوكمڕانی هه‌ڵده‌بژێرێت.
له‌هه‌ردوو وەڵامی پرسیاری یه‌كه‌م‌و دووه‌مدا، به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كه روون‌و ئاشكرا شته‌كانی باس كرد، به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مۆدێلی حوكمڕانی، تۆپه‌كه‌ی خسته‌ناو گۆڕەپانی كورده‌وه.
3/7/2015