رەزا شوان
دوای سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پارستنی گەل و پێشمەرگە و شەڕڤانانی قارەمانی گەلەکەمان لە کۆبانی و گرێ سپی و، و چەند ناوچەیەکی تردا، لەگەڵ پاکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گوند و لە شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان لە تیرۆریستانی داعشی بەکرێگیراو .. رژێمەکەی ئۆردوگان زۆر ناڕەحەت و نیگەران بوون لەم سەرکەوتنانەی کورد و .. بەرچاویان چاویان لێڵ بوو.. بە ئاشکرا و بەبێ شەرم وتیان ئێمە لەم سەرکەوتنانەی کورد بێدەنگ بین و کاردانەوەمان نەبێت .. بە تایبەتیش لە دوای راگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بارەی سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پارستنی گەل و پێشمەرگەکان، کە ئەو راستییەی راگەیان کە : " هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان سەلماندیان، کە بە توانترین هێزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا، هەر بەم هۆیەشەوە پشتیوانی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانیانیان لێدەکرێت لە جەنگی کۆبانی و لە رووبەرووبوونەوەی داعشدا " تورکیا دوای سەرکەوتنەکانی گرێ سپی و دەوروبەری، کە دەروازە و رێگایەکی گەورەیان لە پەڕینەوە و دزەکردنی داعش بۆ رۆژئاوای کورددتان و سوریا داخست .. هەروەها لە دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بەدەستی هێنا، سەرەڕای چەندین پیلانی گڵاو و ئەنجامدانی تەقینەوە لە شارەکانی باکووری کوردستان .. تورکیا کەوتە تومەت هەڵبەستن و بوختان کردن بۆ کورد، گوایە هێزەکانی پارستنی گەل ( عەرەب و تورکمانەکان )کە کەمینەی ئەو ناوچانەن بە زۆر راگواسنەوەیان دەکەن، کوردەکانیان بە رەگەزپەرست تاوانبارکرد .. ئەم توومەتەی تورکیا راست نییە و بێ بنەما و بەڵگەیە .. بەڵکو مایەی پێکەنینیشە .. چونکە تورکیا بە پەنجەی پیسەوە ئاماژەی دەکات و، خۆیان تا ناقڕگەیان لە رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی نوقم بوونە .. تا ئێستا پيسترین وڵاتە لە جیهاندا کە پاکتاوی نەژادی کورد و ئەرمەنییەکانیان کرد . ملیون و نیویک ئەرمەنی بێ تاوانیان سەربڕی، بە هەزاران کوردیان کوشت و، بە هەزاران خێزانی کوردیان راگواستەوە .. دروشمی بۆگەن و رەگەزپەرستیتان ئەوەیە : " لە تورک زیاتر هیچ نەتەوەیەکی تر لە تورکیادا بوونی نییە " لە کاتێکدا کە بیست و پێنج ملیون کورد لە باکووری کوردستان و لە شارەکانی تورکیا دەژین .. هەروەها عەرەب و ئەرمەنی و عەلوی و نەتەوەی تری لێدەژین .. ئەم نەتەوانە لە تورکیای بە ناوە موسوڵمان و دیموکراتی و کراوە .. تا ئێستا هیچ مافێکیان نییە .. ئەوان هێندە رەگەزپەرستن، لە تورک زیاتر هیچ نەتەوەیەکی تر بە شایستەی ژیان و مان نازانن ..لە داوای سەرکەوتن و ئاسایی بوونەی باردۆخی گرێ سپی، هێزەکانی پاراستنی گەل داوایان لە خەڵکانی ئاوەرەبووی کورد و عەرەب و تورکمان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ گرێ سپی و ناوچەکە .. بەبێ جیاوازی هەموولایەک دەپارێزن .. چونکە پێکەوەژیان و برایەتی و دۆستایەتی کورد لەگەڵ ئەم گەلانەدا مێژوویەکی کۆنی هەیە و .. زۆر لەوە گەورەتر و بتەوترە و رەسنترە کە بە درۆ و بوختانەکانی ئۆردوگان و پارتەکەی و نەیارانی کورد و کوردستان .. لەکەداربێت یا بڕوایان پێبکەن .. ئەوان لە منداڵییەوە بە رق و کینەو جیاوازی و رەگەزپەرستی گۆش و پەروەردە کراون .. رەگیان لەناو دڵی ئۆردووگان و هاوڕەگەزپەرستەکانی داکوتاوە .. هەر ئەم رقەیان و، چاوهەڵنەهێنیایانەبە سەرکەوتن و بە پێشکەوتنو بە کرانەوەی کورد و، بە رۆڵی سەرەکی کورد لە تێکشکاندنی داعش .. بە پێگەی کورد لە ناوچەکەدا .. هەموو ئەمانە نیگەرانی کردوون .. ئەوەبوو لە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەمە ( ٢٥/ ٦/ ٢٠١٥) لە تورکیای مۆڵگەی داعشادا .. چەند گروپێکی جاشە ئیسلامیەکانی نوکەر و بەکرێگیراوی تورکیا، کە لە ناو خاکی تورکیادا، مەشق و راهێنانی پێ کردن و .. و چەک و تەقەمەنیشیان پێشکەش کردن و .. جلوبەرگی کوردیی شەڕڤانانیشیان بۆ ئامادەکردن .. هەر تورکیا سێ ئۆتۆمبیل و مۆتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراویشیان بۆ ئامادەکردبوون، دەزگای هەواڵگری تورکیا هەموو زانیارییەکیان پێدابوون و، لە سنووری تورکیاوە، لە سێ قۆڵەوە بەرەو شاری کۆبانی و دەوروبەری ئاراستەیان کردن .. داعشی تیرۆریست، وەکو هەموو کردەوە نامەردی و قێزەوەنەکانی تریان، کە لە بێڕەوشتی و بێویژدانیدا تا تەپڵی سەریان نوقم بوونە .. لە ناو خەڵکی سڤیل و بێ تاواندا، ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوانانەیان تەقاندەوە .. کومەڵێک گوندنشینی کوردیشیان گولەباران کرد .. زیاتر لە سەد کوردی سڤیل شەهید بوون و نزیکەی سەد و دە برینداریش هەیە.. بە ڵام شێرە کوڕ و کچە قارەمانەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل پەلاماریان دان و زیاتر لە چل و پێنجداعشیان تۆپاندن و ژمارەیەکێشیان بە دیل لێ گرتن، چەند کەسانێکیشیان گەمارۆداون .. کەلاکی کۆمەڵێک لە تۆپیوەکانیان لە ناو کۆبانیدا بۆگەن بوونە .. ئەودواشیان بەزین و بەرەو مۆڵگەکاننیان لە تورکیادا هەڵهاتن .. ئەم کارە قێزەوەنەی داعشی هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەکردنی بە ناوە ئیسلامی .. سەرانی رژێمی تورکیای دڵخۆش و شاد کرد .. چونکە ئەوان بە کوشتن و سەربڕینی منداڵ و ئافرەتی کورد زۆر شاد دەبن.
بەڵگەی هاشا هەڵنەگر و سەلمێنراوە هەیە کە ئەم هێڕشکەرانی داعش لە سنووری تورکیاوە ئاودیوی کوبانی کران و،دەزگای هەواڵگری تورکیا هەموو ئاسانکارییەکی لۆجستی و پەڕینەوەی بۆ کردوون . کێ تا ئێستا گوێی لێبووە کە ئۆردوگان، داعش بە تیرۆریست ناوبەرێت .. ؟؟ تورکیا وەکو هەموو کردەوەکانی پێشتری نکووڵی و هاشای لێکرد کە داعش لە سنووری تورکیاوە دزەیان کردووبێت و، پەلاماری کۆبانی یان دابێت .. ئەم هاشاکردن و نکووڵیکردنە شتێکی سەیر و تازە نییە بە لای تورکیاوە .. نە یەکەمین جارێتی و نە دواجاریشی دەبێت ..حەزکەم نوکتەیەکی مەلا نەسرەدینتان بە بیر بهێنمەوە : ( رۆژێک دراوسێیەکی مەلا نەسرەدین دەچێت و داوای گوێدرێژەکەی لێدەکات .. مەلا نەسرەدین پێی دەڵێت، گوێدرێژەکەمان لە ماڵ نییە و بردوویانە بۆ شار .. لەم کاتەدا گوێدرێژەکەی مەلا دەزەڕێت .. دراوسێکەیان بە تووڕەییەوە : ئەرێ مەلا شەرم و شوورەیی ناکەیت کە درۆدەکەیت .. ئەوەنە گوێدرێژەکەت دەزەڕێت .. ؟ مەلا نەسرین وەڵامی دایەو و پێی وت : کورە کابرا تو بۆ ئەوەندە بێ بڕوایت .. تۆ بە قسەی من بڕواناکەیت .. بە زەڕینی گوێدرێژەکەم بڕوا دەکەیت .. ".. جەنابی ئۆردوگان ئێوە هاشا لە چی دەکەن، ئەوەتا جاشە داعشەکانتان لە ناو تورکیادا دەزەڕن .. ! درۆکانتان ئاشکرایە و ناتوانن پەردەپۆشی راستییەکان بکەن .. تەنانەت زەردەخەنەکانیشت ژەهڕواین ..چونکە دڵت پڕە لە رق وکینە بەرانبەر بە کورد .. ئەم تاوانەش پەڵەیەکی ترە بە نێوچەوانی رێژمە رەگەزپەرستییەکەتەوە .
تەنانەت دوو کەسیش جیاوازیان نییە و هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە تورکیا دڵنیاترین پردی پەڕینەوەی داعشە و، تورکیا بۆتە گەورەترین مۆڵگەی داعش،بۆتە گۆڕەپانی مەشق و راهێنان و پیلان و نەخشەدانی کاری تیرۆریستی .. بە تایبەتیش لە دژی گەلی کوردمان .. ئاشکراشە کە هەموو نەخۆشخانەکانی تورکیا لە بەردەم چارەسەرکردنی بریندارەکانی داعشدا کراوەیە و، بە خۆڕایی چارەسەریان بۆ دەکەن .
ئەوەش بە بەڵگەوە سەلمێنراوە ، کە لە نێو کارتۆنی داو دەرماندا، گوایە هێندە بە بەەزەیین و هەڵوێستی مرۆڤانەتان هەیە و چەندین لۆری دەرمانتان بۆ داعش ناردوون .. بەڵام درۆیەشتان ئاشکرابوو .. کە ئەو کارتۆنانە پڕبوون لە چەک نەک دەرمان ، ئەو چەکانەش دیاریی رژێمەکەتانە بۆ داعشی هاوپەیمانتان، بە مەرجێکیش ئەو چەکانەتان پێ بەخشیوون ،کە لە دژی گەلی کورد بەکاریان بهێنن .. دەک رەودار نەبن و هەزاران هەزار نەفرەتان لێبێت،لە خۆتان و لە کردەوەکانتان .. بەڵام ئەی رەقیبانی گەمژە و نیازگڵاو، ئەی دوژمنانی ئازادی و دیموکراتی .. خەیاڵتان خاوە، هەر ماوە و هەردەمێنێت قەومی کورد زمان .. نایشکێنێت دانەری تۆپی زەمان .
ئەمڕۆ لە سایەی سیاسەتی چەوت و شکستخواردووی حکوومەتەکەی ئۆردووگاندا، بە هۆی هاوکاری کردن و رێکەوتنی لەگەڵ داعشدا، بە هۆی دەستێوەردانی لە ئیشوکاری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ و میسر و لێبیادا، بە هۆی دژایەتی کردنی گەلی کوردمانەوە، توورکیا دووچاری گێژاوەیەکی سیاسی و رەخنەی ناوخۆ و دەرەکی بووە .. رۆژ لە دوای رۆژ تورکیا زیاتر پێگەی خۆی لە دەست دەدات و، وەکو دەوڵەتێکی یارمەتیدەری تیرۆریستی ناودەبرێت .. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، لە دووڕوویی و لە هەڵوێسی نادروستی تورکیا نیگەرانن .. بەڕێوەبەری دەزگای ناوەندی ئەمریکی ( جێمس کلابیر) بە راشکاوی و ئاشکرا دەڵێت : " ئێمە ناتوانین رێکخراویداعشلەناوبەرێن،ئەگەربێتو یارمەتیدانی ئەم رێکخراوە لە لایەن تورکیاوە بەردەوام بێت " جێمس کلابیر درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت : " لە ـ سەدا شەستی ـ شەڕکەرانی بیانی کە پەیوەندیان بە رێکخراوی داعشەوە کردووە، لە خاکی تورکیایەوە پەڕیونەتەوە بۆ سوریا .. " بە ئۆردووگان دەڵێین، ئا بەم بەم کردەوە قێزەوەنانەتان، بە پاشەڵی پیسەتانەوە دەتانەوێت ببنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپای دیموکراتی و ئازادی ..؟؟
جەنابی ئۆردووگان، پارتی دیموکراتی گەلانیش ( هـەدەپـە) لێیان تێکدایت و، چاوی رەشت کاڵەوەبوو،خەونەکەتیش نەهاتەدی و،نەبوویت و هەر ناشبیت بە سوڵتان ئۆردووگان .. ئێمەش بۆ دڵدانەوەت .. ئەم دێڕە هەڵبەستەت پێشکەش دەکەین:
دە مەگـری مەگـری، ئاغـای ئۆردوگـان
جــبەکەت دانێ ، نەبــوویت بە سوڵتـان
نەرویـج : ( ٢٦/ ٦/ ٢٠١٥)