حەمەسەعید حەسەن
بەڵام ئاخۆ کورد نووسەری وا شک دەبات، یەک وشەی زیادە لە ڕۆمانیدا نەبێت؟
ڕۆمان بە ئاسمانی خەیاڵدا لە شەققەی باڵ دەدات، بەڵام یادداشتەڕۆمان بە موو لە شاڕێی واقیع لا نادات. ڕۆمان سەرقاڵی سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی دونیایە، بەڵام یادداشتەڕۆمان ئاوێنەیەکی ڕاستگۆیە، ڕووداوەکان وەک خۆیان نمایش دەکات کە دەنووسین، ڕەنگە ھەم لە دەربڕیندا بەخت یاوەرمان نەبێت، ھەم مانای وشەیەک بە دروستی نەزانین و بە ھەڵە بیخەینە ڕستەوە، ئەوە بۆیە وەشانخانە، پێویستی بە زمانزان ھەیە، تا پێش بڵاوکردنەوە، بە زمانی کتێبدا بچێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی یادداشتەڕۆمان، پێبەندبوونە بە نووسینەوەی ڕاستییەکانەوە، ئاخر نووسەر دەبێت بێلایەن بێت و مافی ئەوەی نییە، خەیاڵ تێکەڵ بە ڕووداو بکات، یان خۆی وەک قارەمان نیشان بدات و لە قازانجی خۆی بپەیڤێت
ڕۆمان بە قەڵەمی یادداشت
بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام نەوەین و لە سەردەمی ئێمەدا، کام شێوازی نووسین سەروەرە، وەک ئەرکی سەرەکیمان وایە، بەردەوام لە ھەوڵی نوێکردنەوەی زمان و تەکنیکی نووسیندا بین. تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە، نووسەرانی ھاوزا و ھاوزێدمان، ڕەخنە لە واقیع دەگرن، یان بە زمانێکی شیعرئامێز دەنووسن، ئیدی نابێت، ئێمەیش فریو بخۆین و شوێنپێێ وان ھەڵبگرین، ئاخر نووسەری داھێنەر، ڕێچکەی نوێی تایبەت بە خۆی دەبینێتەوە. ئەوە ئاسایییە، بۆ دیالۆگ ھانا بۆ ئەم یان ئەو شێوەزار ببەین، وەلێ بە گشتی دەبێت بە ستاندارد بنووسین، ئەگەر نا بڕێکی باش لە ڕەنجمان بەفیڕۆ دەڕوات. ڕەنگە ئەو سەیر نەبێت کە پیاوانی خێڵ ڕەدووی سەرخێڵ دەکەون، بەڵام پارادۆکس ئەوەیە، نووسەرێک بکەوێتە ژێر ھەژموونی نووسەرێکی دیکەی نەریتپەرستەوە.
گەلێک جیاوازی لە نێوان ڕۆمان و یادداشتەڕۆماندا ھەن، ڕۆمان بە ئاسمانی خەیاڵدا لە شەققەی باڵ دەدات، بەڵام یادداشتەڕۆمان بە موو لە شاڕێی واقیع لا نادات. ڕۆمان سەرقاڵی سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی دونیایە، بەڵام یادداشتەڕۆمان ئاوێنەیەکی ڕاستگۆیە، ڕووداوەکان وەک خۆیان نمایش دەکات. لە ڕۆماندا، نووسەر دەستکراوە و ئازادە، خۆی ڕووداوەکان دەخوڵقێنێت و وەک پێی پەسەندە پاش و پێشیان دەخات، بەڵام لە یادداشتەڕۆماندا، نووسەر دیلی دەستی ڕاستی و دروستی و ڕیزبەندیی ڕووداوەکانە و ڕاستگۆیانە و کرۆنۆلۆگیکاڵ دەیانگێڕێتەوە.
کە خەریکی گێڕانەوە بووین، پێویستمان بە ئەفراندنی زەوینەیەکی گشتیی گونجاو ھەیە، ئاخر ھەموو ڕووداوێک لە ھەلومەرجێکی تایبەتیدا دەقەومێت و پێویستی بە شوێن و کاتی لەبار و کارەکتەری شییاو دەبێت. ڕیتمی گێڕانەوە، نە دەبێت ھێندە خێرابێت کە پەلەی پێوە دیاربێت و خوێنەر تووشی ھەناسەبڕکێ ببێت، نە دەبێت ھێندە خاوبێت، وەک لە قوڕدا چەقیبێت و خوێنەر خەو بیبابتەوە. لە یادداشتەڕۆمانی (سێگۆشەی سنوور)ی (سەلام عەبدوڵڵا)دا، ململانێ لە نێوان پێشمەرگە و ڕژێمی بەعسدایە، نووسەر ھەرچەندە تازەکی لە زیندانی ڕژێم ھەڵاتووە و بەعس تاڵاوێکی زۆری بە گەروویدا کردووە، بەڵام لە سەرجەمی بەرھەمەکەیدا خاوەنی گوتارێکی کرژ نییە، نەک ھەر قسەیەکی سووک بە دوژمن کە بە ھەق فاشیست بوو، ناڵێت، بەڵکوو تەنانەت ھانا بۆ گوتەیەکی زبریش نابات، ھەر دەڵێیت فەرھەنگی نووسینی لە ڕق و لە وشەی ڕەق خاڵییە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی یادداشتەڕۆمان، پێبەندبوونە بە نووسینەوەی ڕاستییەکانەوە، ئاخر نووسەر دەبێت بێلایەن بێت و مافی ئەوەی نییە، خەیاڵ تێکەڵ بە ڕووداو بکات، یان خۆی وەک قارەمان نیشان بدات و لە قازانجی خۆی بپەیڤێت. لە یادداشتەڕۆمانی (سێگۆشەی سنوور)دا، سەلام عەبدوڵڵا کە کارەکتەری سەرەکی و گێڕەرەوەی ھەمووشتزانی کارەکەیە، ڕاستگۆیانە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و چی کردووە و چی دیتووە، ئەوانە دەڵێت. کە بۆسە بۆ کاروانێکی دوژمن دەنێنەوە و لەبری سەیارەی سەربازی، زرێپۆشیان لێ پەیدا دەبێت، چونکە چەکی سووکیان پێیە، بێ تەقە دەکشێنەوە. کە بە ھەڵە ڕێیان دەکەوێتە گوندێکی دیوی ئێران و لە مزگەوتی دێدا، ئابڵووقە دەدرێن، دوای ھەندێک خۆگیڤکردنەوە، چەک دادەنێن. کە پێشمەرگە تازەکی پێوەندیی بە شۆڕشەوە دەکات و ئەزموونی پارتیزانیی نییە، تا ڕادێت، ئەم ھەڵە دەیداتە دەست ئەو ھەڵە. ھەرچەندە ساڵێک و چەند مانگێکە شۆڕش ھەڵگیرساوەتەوە، جێپێی پێشمەرگە لاوازە، کەچی کە دەنگۆی گوتوبێژ بڵاو دەبێتەوە، بە خۆشی و بە گەرمییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. چی ڕووی داوە، نووسەر ڕاستگۆیانە ئەوە دەگێڕێتەوە، بە چاوپۆشین لەوەی خۆی خەونی بە چییەوە بینیووە.
جۆرجی زەیدان کە ڕۆمانی مێژوویی دەنووسی، پشتی بە دیرۆکی ئیسلام دەبەست، بەڵام ئەو ڕووپەلانەی مێژووی ئیسلامی بەسەر دەکردەوە کە تژیبوون لە ڕۆچوون و دواکەوتن و تێکشکان، نەک ئەو لاپەڕانەی بە گەش و پرشنگدار لە قەڵەم درابوون. سەلام عەبدوڵڵا چونکە باسی سێ چوار مانگێکی سەرەتای ساڵی دووەمی شۆڕشی نوێ دەکات و ئەو وەختەیش پێشمەرگە بێجگە لە گەڕان بۆ خۆناساندن، چالاکییەکی ئەوتۆی نەبووە، بۆیە زێدەڕۆیی نەکردووە، دەستپاکانە، بێ دەستتێوەردانی ھونەری کە ھەر دەبوو وا بکات، ئەو بەسەرھاتانەی گێڕاوەتەوە کە خۆی تێیاندا بەشداربووە.
ڕاستگۆیی ھونەری لە یادداشتەڕۆماندا ئەوەیە، نووسەر بابەتییانە جیھانێکی ڕاستەقینە، ململانێ و ڕووداوی ڕیالیست، ھەستی ڕاستی لە دڵەوە ھەڵقوڵاو تۆمار دەکات و ھەم دەوروبەرەکەی ژینگەیەکی ڕاستەقینەیە و ھەم کارەکتەرەکانیشی ھەموویان کەسانی ڕاستەقینەن. وەک چۆن ڕیکۆردەرێک، چی بڵێین، ئەوە تۆمار دەکات، یادداشتەڕۆمانیش ھەمان مێتۆد، لەبەرچاو دەگرێت و چی ڕووی داوە، ئەوە دەنووسێتەوە. لە ڕۆماندا ھەموو شتێک دەچێتەوە سەر خەیاڵ، بەڵام یادداشتەڕۆمان ھەموو ڕەگەز و وردەکارییەکانی دەچنەوە سەر ژیانی ڕاستەقینە و نووسەرەکەی شایەتێکی ھەقبێژە، چی گوزەراوە، ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە.
یەکێک لە کارەکتەرەکانی یادداشتەڕۆمانەکە، ئەنوەری مەجید سوڵتانە کە لە شاخ یەکەمین بەرپرسی نووسەر (گێڕەرەوە) بووە، کە وەک ناڕاستەوخۆ باسی کردووە، لەو شەھیدەدا ھەر چی خەسڵەتی فەرماندە ھەیە، ھەبووە. ئەو نە بارگرانی بووە بەسەر گوندنشینەکانەوە، نە کێشەی بۆ دروست کردوون، بەوەی بچێت، نزیکی دێ، ڕێ لە سەرباز بگرێت. ئەو سەروەختی شەڕ، لە سەنگەری پێشەوەدا بووە، بۆ ئێشکگرتن کام کات سەخت بووە، ئەو وەختەی بۆ خۆی داناوە، لە ڕێوباندا، لە پێش ھەمووانەوە ڕۆییشتووە، بەڵام بۆ قوتاربوون لە مەترسی، ھاوڕێیەکانی پێش خۆی خستووە.
لە ڕۆماندا، دووبارەکردنەوە ئەگەر بە ھۆشیارییەوە بێت و بۆ مەبەستێکی دیاریکراوبێت، یەکێکە لە پێویستییەکانی کارە ھونەرییەکە. لای یەشار کەمال کە ئافرەتێکی بەستەزمان ئەتک دەکرێت و بە نیازی پۆخڵ، چەندان جار بەسەرھاتەکەی پێ دەگێڕنەوە، ئەوە پەردە ھەڵماڵینە لەسەر ڕووی دزێوی بیرۆکراتیزم و ڕیسواکردنی بەراوەژوو سوود وەرگرتنە لە پلە و پۆست. لە (سێگۆشەی سنوور)دا ئەوەی کە زوو زوو باس لە برسییەتیی پێشمەرگە و شەکەتبوونی بە دەست ھەورازی کووڕەوە دەکرێت، ئەوەی زوو زوو باسی شەڕی تاقەتپڕووکێن لەگەڵ سرووشتی سەختدا، بە تایبەتی سەروەختی بەفر و کڕێوە، سەر ھەڵدەداتەوە، کەم و زۆر بە زیانی درامای کارەکە شکاوەتەوە، ئاخر ڕیتمی ڕۆمانەکەی خاو کردووەتەوە.
(بە ڕاستی ھیلاک و شەکەت و ماندوو بووم.) وەک چۆن خشتێک لە دیوارێک دەربھێنین، پێوەی دیارە، ھەر وایش دەبێت، ئەگەر وشەیەکمان لە ڕۆمانێک دەرھێنا پێوەی دیاربێت. دەشێت ئەم گوتەیە، بۆ (بەدگۆڕان)ی کافکا و (پیرەمێرد و زەریا)ی ھەمەنگوای و (نامۆ)ی کامۆ ڕاست بێت، بەڵام ئاخۆ کورد نووسەری وا شک دەبات، یەک وشەی زیادە لە ڕۆمانیدا نەبێت؟ کە بە کوردی دەنووسین، ئەوە کوفر نییە، ھانا بۆ وشەی عەرەبی ببەین، بەڵام تەنیا کاتێک کە چاری دیکەمان نەبێت. کە دەنووسین، ڕەنگە ھەم لە دەربڕیندا بەخت یاوەرمان نەبێت، ھەم مانای وشەیەک بە دروستی نەزانین و بە ھەڵە بیخەینە ڕستەوە، ئەوە بۆیە وەشانخانە، پێویستی بە زمانزان ھەیە، تا پێش بڵاوکردنەوە، بە زمانی کتێبدا بچێتەوە.
جیمس جۆیس گوتوویەتی: (خۆم چۆنم، ھەر وایش خۆم پیشان دەدەم،) سەلام عەبدوڵلایش ھێندە ڕاستگۆیانە دەنووسێت، خودی خۆی لە نووسینیدا بە ئاسانی دەناسینەوە. ئەو ڕوون دەنووسێت، بەڵام باسی خەمێکی قووڵ دەکات و یەکێکە لەوانەی ئەگەر نووسینی شک نەبردبا ھەستی بە ئازادی نەدەکرد. لایەنێکی گەشی نووسینی ئەوەیە، خوێنەر چێژی لێ دەبینێت، ئاخر بە دەم گێڕانەوەی مێژووی ڕاستەقینەی بەرخودانەوە، بە دونیایەکی ئەفسووناوی ئاشنامان دەکات و پێمان دەڵێت: زۆر جار ڕووداو لە فانتازیا سەرسووڕھێنترە.
٦ی ٦ی ٢٠١٥
(١) سەلام عەبدوڵڵا، سێگۆشەی سنوور، خانەی موکریانی ٢٠١٥ ھەولێر.
(٢) قیس الزبیدی، حول إشکالیە نێ الفلم الوپائقی.
basnews
11/6/2015