فازڵ جاف
ره‌نگه به‌ده‌گمه‌ن سیاستهوانێك شك ببه‌یت، كه كاتێك بۆ خۆی ته‌رخان بكات
نیكیتا خروشوڤ، كه پاش جۆزیڤ ستالین، سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی كرد، یه‌كێك بوو له‌و سیاسه‌تمه‌داره ده‌گمه‌نانه‌ی، كه به ته‌نز و ساتیر و هه‌ندێك جارێش به گاڵته‌جاڕییه‌وه ته‌ماشای ژیانی ده‌كرد، پاش خانه‌نیشینی ژیانێكی هێمنی له كیڵگهیهكدا هه‌ڵبژارد، زۆربه‌ی كات له‌وێ خۆی به چاندنی نه‌مام و گوڵ و سه‌وزه‌وه خه‌ریك ده‌كرد. پاش شه‌ڕی ساردی نێوان ئه‌مریكا و سۆڤیه‌ت، كه له كاتی حوكمڕانیی ئه‌ودا گه‌یشتبووه لووتكه، ژیانێكی ئارامی تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م دونیایه‌ی به‌جێ هێشت به‌سه‌ر برد. خروشۆڤ له یه‌كێك له گوزراشتهكانیدا، كه ره‌نگه پوخته و درهئهجامی كۆتایی ئه‌زموونی ژیانی بێت، ده‌ڵیت: ژیان زۆر كورته، هه‌وڵ بده به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه بژیێت”. ئه‌م بۆچوونه زۆر ساده‌یه، تۆش ره‌نگه پێت وابێت كه ئه‌م بۆچوونه زۆر گشتییه، یان باوهڕییهكه زۆر كه‌س به‌ر له خروشۆڤ پێی گه‌یشتبێت. راسته، به‌ڵام كه سه‌رۆكی یه‌كێك له زلهێزه‌كانی جیهان بگاته ئه‌م راستییه، ئه‌میان جێگه‌ی سه‌رنجه.
ئه‌ی من تۆ بڵێین چی؟
خروشۆڤ له ساڵانی كۆتاییی ژیانیدا كاتێكی باشی بۆ به خۆداچوونه‌وه و تێڕامان ده‌برده سه‌ر، حیكمه‌تی و سینگفراوانی و لێبوورده‌یی ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره بۆ خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی بۆ نه‌یاره‌كانی جوانتر و روونتر ده‌ركه‌وت.
له كاتی حوكمڕانیی ئه‌ودا، پێشانگه‌یه‌كی نیگاركێشی به بلدۆزه‌ر راماڵێندرا. پێشانگاگه له لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كۆمهنیستهوه به كارێكی خراپ و هونه‌رێكی رووخێنه‌ر و دژ به گه‌ل له قه‌ڵه‌م درا، گوایه ئه‌م هونه‌ره ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی هونه‌ری ” سورریالیزم” ه‌وه، ئه‌مه‌ش رێبازێكی هونه‌ریی دژ به مرۆڤایه‌تی و گه‌لان و سیسته‌می سۆڤیه‌تییه.
بۆیه به فه‌رمانی خروشۆڤ ده‌بێ به بلدۆز رابماڵدریت. دۆست و هاوڕییانی خروشۆڤ، به تایبه‌ت ئه‌وانه كه هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر بوون، پاش خانه‌نشینبوونی، هه‌ر له كێلگهكهی خۆیدا، سه‌ردانیان ده‌كرد. دیار بوو هونه‌رمه‌ندان قه‌ده‌غه‌كردن و له‌ناوبردنی ئه‌و پێشانگایه‌یان له دڵ ده‌رنه‌ده‌چوو.
رۆژێك لێیان پرسی: بۆچی ئه‌و فه‌رمانه‌ت دژ به هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار ده‌ركرد؟
خروشۆڤ: كام فه‌رمان؟
فه‌رمانی تێكدانی پێشانگای هونه‌رمه‌ندانی سه‌ر به رێبازی سورریالیزم؟
خروشۆڤ به سه‌رسڕمانه‌وه پرسیاری كرد: سوریالیزم چییه؟
– ئه‌ی خۆتان نه‌بوون كه بڕیاری له ناوبردنی پێشانگاكهتان ده‌ركرد؟
خروشۆڤ: ئێوه باسی چی ده‌كه‌ن؟ من هیچ ده‌رباره‌ی هونه‌ر نازانم، هه‌ر نازانم سوریالیزم چییه؟ من به هیچ جۆرێك توخنی هونه‌ر و كاری هونه‌رمه‌ندان نه‌كه‌وتووم، من بابایه‌كی گوندیم، هیچ له هونه‌ر نازانم، راسته چێژ له هونه‌ر وه‌رده‌گرم، به‌ڵام فه‌رمانی له‌و جۆره‌م هه‌رگیز ده‌رنه‌كردووه.
ئه‌م بۆچوونه‌ی خروشۆڤ، ئه‌م داناپێدانانهی، به‌رهه‌می تێڕامان و به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ساڵانی خانهنیشینیهتی، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌و كاتێكی باشی به ته‌نیا به‌سه‌ر ده‌برد، كاتێكی پڕ له بیركردنه‌وه و ئه‌ندێشه‌ی چاك. كاتێكی چڕی بێده‌نگی له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا.
له ساڵانه‌ی ته‌نیایی و تیڕاماندا، خرۆشۆڤ زۆر له جاران ساده‌تر و خاكهڕاتر بووبوو.
ره‌نگه سیاسه‌تمه‌داران دوورترین كه‌س بن له تێڕامان و بێده‌نگی، ره‌نگه به‌ده‌گمه‌ن سیاستهوانێك شك ببه‌یت، كه كاتێك بۆ خۆی ته‌رخان بكات، هیچی تێدا نه‌كات و بیر له هیچ نه‌كاته‌وه، كاتێك كه تێیدا هێور ببێته‌وه، ئارام و ئاسووده بێت، له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ست به هارمۆنیا و هاوئاهه‌نگی و هاوسه‌نگی بكات.
به‌ڵێ له‌ناو سیاسه‌تمه‌داراندا، كه‌سانی وا هه‌ن، به‌ڵام ده‌گمه‌نن، ئه‌و كه‌سانه: یان ئه‌وانه‌ن كه ره‌هه‌ندی روحییان گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده، له‌وانه بۆ نموونه: گاندی و دلای لامه، یان ئه‌وانه‌ن كه له سه‌رده‌می به‌ساڵاچوون و خانه‌نیشینی و پاش ده‌ست له‌كار هه‌ڵگرتن پێی ده‌گه‌ن، كه ئیدی كاتیان به‌سه‌ر چووه و چیدی له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماون.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و سیاستمهدارانه بده‌یت، ئه‌وانه‌ی كه ره‌هه‌ندی روحییان به‌هێزه، راستییه‌كه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه په‌سه‌ندتر و خۆشه‌ویستترن، ناویشیان له مێژوودا دره‌وشاوه‌تره. بۆچی؟ چونكه له رووی بیركردنه‌وه و كار و كردهوهیشهوه ئینسانیترن. جارێ هه‌ر هه‌موویان له سیاسه‌تمه‌دارانی دیكه، ساده‌تر و دهستپاكترن. ئه‌مجا به‌ڕاستی و نه‌ك به مه‌به‌ستی ریكلام و نمایشكردن، خه‌مخۆری خه‌ڵكی خۆیان و ئینسانییهتن، وابزانم گاندی و ماندێلا باشترین دوو نموونه‌ن.
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه پاڵ به سیاسهتوانانهوه ده‌نێت كه ره‌هه‌ندی روحییان لاواز بێت، ترسه، ترس له ئاینده، ترس له مه‌ترسییه‌كی نهێنی. مه‌ترسی له چاره‌نووسێك كه نهێنییه، وه‌كو ئۆشۆ ده‌ڵێت، ئه‌و ترسه سه‌رچاوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌یه. دوور نییه گه‌ر بڵێین خه‌ڵكی بواری سیاسه‌ت له هه‌موو خه‌ڵكێكی تر، پتر له مه‌ترسیدا ده‌ژین، چونكه خۆیان به‌رانبه‌ر به ژیانی خۆیان و به‌رانبه‌ر به ژیانی كه‌سانی دیكه، به به‌رپرس ده‌زانن، ئه‌مه‌ش بێگومان زۆر ره‌وایه، به‌ڵام فه‌رامۆشكردنی ره‌هه‌ندی روحی، گوێنه‌دان به تێڕامان و هێوری و هارمۆینا له‌گه‌ڵ خوددا، ئه‌م ترسه قووڵتر ده‌كات و كێشه‌كانیان ئاڵۆزتر ده‌كات.
هه‌روه‌كو ئۆشۆ ده‌ڵێت: زۆرن ئه‌و هۆكارانه‌ی كه پاڵ به‌م جۆره كه‌سانه‌وه ده‌نێن كه به‌م جۆره بژین: چونكه به‌گشتی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی های لایف و مسۆگه‌ردا هه‌وڵ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵدانانه‌یان بۆ سامان و ده‌ستكه‌وتی مادی، له لای زۆرینه‌ی سیاسه‌توانه‌كان سنووری نییه. بۆیه وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت: ژیانیان له ژیانی ناو گۆڕ ده‌چێت.
پێموایه، سیاسه‌تمه‌داران به‌رله‌وه‌ی بیر له راهێنانی وتاربێژی و ئه‌تیكێت و پرۆتۆكۆل بكه‌نه‌وه، چاكتر وایه بیر له تێڕامان و تاتوێكردنی خود و كاركردن له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی روحی بكه‌ن.