بەختیار عەلی
مەزهەبی بوون بریتییە لە وازهێنان لە فیکر وەک جێگایەکی کراوە
لە زۆر نوسینی تردا ئاماژەم بە خاڵێک کردوە، کە بە یەکێک لە کێشە گرنگەکانی دونیای خۆمانی دەزانم، ئەویش مەسەلەی ئیمانە. ئایا ئیمان کێشەیەکی مەعریفییە یان دینییە؟. ئاخۆ ئیمان شتێکە تەنیا کێشەی خەڵکانی دیندارە، یاخود کێشەیەکە ئیماندار و بێئیمانی دینی وەک یەک تێیدا بەشدارن و بێئیمانانیش لە جەوهەردا هەر خەڵکانی مەزهەبگەران کە دەستکارییەکی توێژی سەرەوەی بیر و ڕوانینی خۆیان کردوە؟
تەنیا کاتێک دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، کە بزانین مەزهەبی بوون مانای چی و چی دەگەێنێت؟ چۆن کەسێک دەبێت بە مەزهەبی یان ئیماندار؟ لە ڕاستیدا پرسیارەکە هەم سەختە و هەم دەرگای کێشەیەکی گرنگمان لێ دەکاتەوە. هیچ کەس نییە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی نەبێت، سەلماندنی سەد دەر سەد و پاساودانی زانستی و حەتمی بۆ هەموو ئەم بیروڕایانە کاری نەکردەیە، هەر شتێک کە بڕوای پێدەهێنین، چەندە باوەڕمان بەوە بێت کە لۆژیکمان لەگەڵدایە و دیدی زانستییانە پاڵپشتمانە، هێشتا کەلێنێک و درزێک دەمێنێتەوە کە تەواو ناسەلمێت. خودی مێژووی زانست لە سەدەی بیستدا، مێژووی گومان بووە لە ئەکسیۆمەکان «بەڵگەنەویستە زانستییەکان». سەرکەوتنەکانی زانست و لۆژیک، هەمیشە لە سنوورێکدا دەوەستن و دوای ئەوە پێویستیمان بە ئیمان هەیە، ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. لێرەدا قسەم لە ئیمان نییە لە نێوان زانست و دیندا، پێشتر بەدرێژیی لەسەر ئەو کێشەیە قسەمکردوە و لێرەدا شتێک لەوانە دووبارە ناکەمەوە، لێرەدا پرسیارم ئەوەیە ئایا مرۆڤ کاتێک باوەڕ بە ئایدیایەک دەکات یان هەندێک قەناعەتی بۆ دروستدەبێت، لەو ڕێگایەوە دەبێتە کەسێکی مەزهەبی؟ ئەو هێڵە چییە کە مرۆڤێکی خاوەن بیروڕا «کە هەموومان بەجۆرێک لە جۆرەکان مرۆڤی خاوەن بیروڕاین» لە مرۆڤی مەزهەبی جیادەکاتەوە؟ گەورەترین هەڵەیەک لەم کێشەیەدا بیکەین ئەوەیە، وابزانین کە مەزهەبگەرایی پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی فیکرێکی تایبەتییەوە هەیە، یان جۆرە بیرکردنەوەیەک یان فەلسەفەیەک خۆ بەخۆ تەنیا مرۆڤی ئیماندار دروستدەکات. وەک باوەڕمان وا بێت ئیمان بە ئیسلام یان مارکسیزم ئۆتۆماتیک کەسێکی مەزهەبی دروستدەکەن. بە بڕوای من مەزهەبیبوون پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە ناوەڕۆکی فەلسەفەیەک یان فیکرێکەوە نییە، هەموو ئایدیا و دین و فەلسەفەکان وەک یەک مرۆڤەکان بەرەو ئەوە بانگهێشتدەکەن، باوەڕیان پێبکەن.
هەموو فیکر و ئایدیا و تێکستێک کە دەنوسرێت، بۆئەوەیە بانگهێشتی مرۆڤەکان بکات باوەڕی پێبهێنن، لە مەدا تێکستێک نییە جیاواز بێت لە تێکستێکی دیکە. ئەوەی کە وادەکات بڕوایەک وەک مەزهەب ئیشبکات، پەیوەندیی هەڵگری بیروڕایە بە دونیای ئایدیا و ڕوانین و فیکرەکانی دییەوە. بۆ نمونە، دەبێت بپرسین ئاخۆ کەسێک کاتێک باوەڕ بە بوونی خودا دەهێنێت، بەوە دەبێت بە مەزهەبی، یان کەسێک کاتێک باوەڕ بە دابەشبوونی چینایەتی و ڕۆڵی ئەم دابەشبوونە لە مێژوودا دەهێنێت، بەوە دەبێت بە مارکسی؟ ئایا کاتێک من دەڵێم باوەڕم بە بوونی نەست هەیە، باوەڕم بە گرێی ئۆدیبۆس هەیە، بەوە دەبم بە فرۆیدی؟ ئەوەی مرۆڤێک دەکات بە مەزهەبی، هیچ یەک لەم بڕوایانە نییە، بەڵکو ئەو ساتەیە کە یەکێک دەگاتە ئەو بڕوایەی، ئەم ئایدیایە بەسە بۆ تێگەیشتن لە دونیا. سەرچاوەی هەموو مەزهەبێک لەوەوە دێت کە یەکێک هەیە، دەتوانێت لە پێناوی هەندێک تێکست و ئایدیا و تەفسیردا، واز لە هەموو بۆچوون و زانست و تێکستەکانی تر بهێنێت.
مەزهەب ئەو ساتە سەرهەڵدەدات کە مرۆڤێک لەگەڵ خۆیدا دەڵێت «ئیتر ئەمە ڕێبازی منە». مەزهەبی بوون بریتییە لە وازهێنان لە فیکر وەک جێگایەکی کراوە، وەک ڕووبەرێکی بێمەودا، وەک چالاکییەکی ناکۆتا و هەمیشەیی. من باوەڕم بە دابەشبوونی چینایەتیی کۆمەڵگا هەیە، باوەڕم بە خەبات دژ بە کەپیتالیزم هەیە، بەڵام بەوانە نابم بە مارکسیست، چونکە دەزانم مارکسیزم تەنیا دەتوانێت بەشێکی بچوکی ئەم جیهانە و دیاردەکان و چارەنوسیمان بۆ بخوێنێتەوە، دەزانم ئەوەی کە دەمێنێتەوە تێیبگەین سەدان جار گەورەترە لەوەی بە فیکری یەک فەیلەسوف بەرەنگاری ببینەوە. مارکسیست کەسێکە پێیوایە «مارکسیزم بەسە بۆ تەفسیرکردنی دونیا»، یان تەنیا لە ڕێگای مارکسیزمەوە دەتوانێت لە دونیا تێبگات، بۆیە هەر بیر و ئایدیایەکی دیش بخوێنێتەوە، تەنیا لە ڕێگای گرێدانەوە و بەستنەوەیە بە مارکسیزمەوە دەتوانێت بەکاریانبهێنێت. کێشەی مرۆڤی مەزهەبی لەوەدا نییە کە بڕوای بە چییە، بەڵکو لەوەدایە جیهانی لا بچوک دەبێتەوە، ئەو بابەتانەی دەیانناسێت کەمن، ئەو وەزیفانەی دەیانخاتە سەر ئەستۆی خۆی دووبارەن، ئەو مەرجەعانەی بۆیان دەگەڕێت دیاریکراون.
بە مانایەکی تر گەورەترین هۆکارێک، مرۆڤی مەزهەبی دروستدەکات، ئەو «بەسبوون ـ اکتفاو»هیە، ئەو خۆبەستنەوەیەیە بە «کەم ـ زانین»ـەوە، ئەو سنووردارکردن و لاوازبوونەی کونجکۆڵی و گەڕانە لەناو تێکستەکاندا. مەزهەب هەمیشە لەسەر خواستی «کەم ـ زانین» دروستبووە. مرۆڤی مەزهەبگەرا هەمیشە بە ناچاری بچوک دەبێتەوە بۆ ناو کایەیەک، بۆ ناو کۆمەڵێک گووتار، بۆ ماڵی فەیلەسوفێک، بۆ یاساکانی ناو یەک نەزمی بیرکردنەوە، بۆ ئەو حوکمە کولتوری و ئەخلاقیانەی کە جێگایەک یان ژینگەیەک دەیانسەپێنن.
لە ڕاستیدا مرۆڤی مەزهەبی کە بە شتێکی کەم لە مەعریفەی زانستی و فەلسەفی دابیندەبێت و تینوێتیی دەشکێت، هۆکەی ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا ئیشێکی مەعریفیی بەو تێزانە نییە، پرسیاری ئەو لە بنەڕەتدا، پرسیارێکی فەلسەفی یان فیکری نییە. مرۆڤی مەزهەبی ئیشێکی تری بە بڕوا و بۆچوونەکان هەیە، ئەو ئایدیا و بۆچوون و تێکستەکان وەک کەرەستەی دروستکردنی دوژمن یان ئامڕازی دۆزینەوەی فریادڕەس سەیردەکات. گرنگترین شت بۆ مەزهەبگەرا، بوونی ئەگەری ڕزگاری یان فریادڕەسە لە فیکردا، هەموو مەزهەبگەراکان لەوەدا بەشدارن کە دەبێت ئەو ئایدیایەی هەیانە موژدەیەکی ڕزگاریی پێ بێت، دەبێت جیهانیان بۆ جوانتر و ڕێکتر و ڕوونتر بکات، دەبێت دوژمنێکی ڕوون و کۆتاییەکی گەش و پرشنگدار ببەخشێت. لای کەسی مەزهەبگەرا، خواستی دروستکردنی جیهانێکی جوانتر و ڕێکتر کە بگونجێت لەگەڵ خەیاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەودا، لە پشت هەڵسەنگاندنی هەموو نوسین و ئایدیایەکەوەیە. لێرەوە وەک فریدریش شیللەر ناوی دەنێت «غەریزەی ڕێکخستنی دونیا» ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی مرۆڤی مەزهەبیدا دەبینیت. بەشی زۆری مرۆڤەکان فیکر وەک دەرمان سەیردەکەن، پرسیاری «ئەی چارە چییە؟»، پرسیاری سەرەکیی هەموو ئەوانەیە کە بە گیانێکی مەزهەبی لە فیکر و ڕۆشنبیریی نزیکدەبنەوە. ویلیام ئۆسلەر، کە لە دامەزرێنەرە گەورەکانی زانستی پزیشکیی مۆدێرنە، لە جێگایەکدا دەڵێت «بەرجەستەترن نیشانەیەک کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، خواستی گەورەی ئێمەیە بۆ وەرگرتنی دەرمان». گەڕان بۆ دەرمان، وەرگرتنی چارەسەری، ئەوە مەبەستی کەسانی مەزهەبگەرایە کاتێک باس لە گرنگیی ئایدیاکەیان دەکەن، هەمیشە فیکر دەبێت دەرمانێکی سیحراویی پێ بێت، مژدەی ڕزگارییەک و کۆتاییەکی خۆشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت، ئەوسا دەبێتە جێگای سەرنجی ئەو کەسانەی بونیادێکی عەقڵیی مەزهەبگەرایان هەیە.
لێرەوە زۆربەی ڕۆشنبیران و نوسەرانی پۆپۆلیست، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیانەوێت ئەو خواستە تێربکەن. پێشکەشکردنی موژدەی ڕزگاری، تەنیا خەسڵەتی فیکری دینی نییە، بەشی هەرە زۆری حیزب و ئایدۆلۆژیاکان لەسەر فیکرەی ڕزگاریی «خلاص» ئیشدەکەن. ئەمڕۆ کە نوسینی هەندێک لە لیبراڵییە بازاڕییەکانی خۆرهەڵات دەخوێنینەوە، کە گوێ لە گووتار و بیروبۆچوونیان دەگرین دەمێک باسی دەوڵەت و هەڵبژاردن و وەزیفە سیحراوییەکانی سیاسەت دەکەن، دەبینین ئەوانیش کەمتر خورافی و دەرمانساز و ئەفیۆن فرۆش نین لە دینییەکان کە پەیمانی بەهەشت بە مرۆڤەکان دەدەن. قسەکردنی هەندێک لە لیبراڵەکانی لای خۆمان لەسەر دەوڵەتی دیموکرات یان گووتاری ناسیونالیستەکان لەسەر دەوڵەتی نەتەوە، هەمان ڕەگەز و نیشانە سەرەکییەکانی چەمکی «ڕزگاربوونی» دینیی تێدایە کە لای مەزهەبییە ئیسلامییەکان دەیبینینەوە.
بە کورتی مەزهەبگەرا دوو شتی لە فیکر و زانین دەوێت، کە ئەوان ناتوانن پێشکەشی بکەن. یەکەم تیورەیەک بتوانێت هەموو جیهانی پێ تەفسیر بکات و پێویستی بە گەڕانەوە نەبێت بۆ هیچ کایە و مەرجەعێکی تر، دووەم تیورەیەک مژدەی ڕزگارییەکی گەورەی پێبێت و بتوانێت لە ناوجەرگەی تاریکیدا و لەوپەڕی نائومێدیدا، هیوا و ئامانج پەخشبکاتەوە. لێرەوە زۆربەی ئەو ئایدیا و بۆچوون و فیکرانەی ئەمڕۆ لە مەیداندان، بەجۆرێک لە جۆرەکان هەم خەریکی بەرتەسککردنەوەی سنوورەکانی زانینن و هەم بەردەوام موژدەی دەرمان و عیلاجی سیحراوی بە خەڵک دەدەن، بە جۆرێک نەوەک دین بە تەنیا، بەڵکو سیاسەت خۆشی بووە بە ئەفیونی میللەتان، چونکە ئەو موژدە و دڵنیاییەی کە لە سەردەمەکانی دیدا دین دەیبەخشین، ئەمڕۆ سیاسەت بە هەموو باڵ و ڕەنگەکانییەوە، هەم دروستیاندەکات و هەم دەیانبەخشێت.
basnews
5/6/2015