بەفراو نوری
شانۆنامەی كەركەدەنەكان بەناوبانگترین و گرنگترین بەرهەمی ئۆژێن یۆنێسكۆ، نووسەری فەرەنسییە و لە جۆری شانۆی پووچی حیساب دەكرێت. ئەم جۆرە شانۆیانە لە ژێر كاریگەریی رێبازی ئێگزیستانسیالیزمدا نووسراون و باس لە بابەتەكانی مەرگ و پووچی و بێ مانایی ژیان و گوناهـ و ... هتد دەكەن. خاڵی گرنگی ئەم جۆرە كارە شانۆییانە نیشاندانی مانای پووچی و بڵاوبوونەوەی بێهوودەییە لەنێو خەڵكدا. شانۆنامەی كەركەدەنەكان، باسی لەنێوچوونی رەسەنایەتی دەكات لەنێو دونیای مۆدێرنەدا و خاڵیبوونەوەی ژیانیش لە مانا بە ئەنجامی ئەم رەوتە دادەنێ. وەرگەڕانی جوانی و نەرمی مرۆڤ بۆ ناشیرینی و سەختی، ئەمە دۆخێكە هەموو رۆژێك لە دونیادا بۆ هەزاران كەس دروستدەبێت، ئەو مرۆڤانەی كە لەژێر كاریگەریی ئایدولۆژیا، یان لەگەڵ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی سەخت و ناخۆشی ژیانی ئەم سەردەمەدا، ئەخلاق و خەسڵەتی مرۆڤانەی خۆیان لە دەستدەدەن و دەبنە ناشیرینترین مرۆڤەكان.
شانۆی كەركەدەنەكان چیرۆكی ژیانی خەڵكانێكە كە وردە وردە رەسەنایەتی خۆیان لە ژیانی رۆژانەیاندا لەدەست دەدەن، ئەو خەڵكانەی كە نوقمی كاری پیشەسازی و ئایدۆلۆژیا و چێژ و حەزەكانیان بوون، شوناس و بوونی خۆیان لە پشتی دەمامكەكانەوە ونكردووە و هەوڵی ئەوە دەدەن شوناسێكی نوێ بۆ خۆیان ساز بكەن.
ئەم چیرۆكە باس لە حاڵ و ژیانی مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە دەكات كە ئیرادە و رێكخستن و دەسەڵات، سێ هێزە گەورەكەی دونیای مۆدێرنە، دەستی بەسەر هەست و نەستیاندا گرتووە. ئەم سێ هێزە شوێنی عەشق و هەست و رەسەنایەتییان گرتووەتەوە و بە هەموو شێوەیەك كاریگەری خستووەتە سەریان. چیرۆكی كەركەدەن باس لە خەڵكی شارێك دەكات كە دەبن بە كەركەدەن و ئەم گۆڕانەش سەرەتا لە فەرمانبەرەكانی كومپانیایەكی بچووكەوە دەستپێدەكات. فەرمانبەرانێك كە هەركامیان دەكرێت نموونەی جیاوازی مرۆڤەكان بن لەنێو كۆمەڵگادا بە خواست و ئارەزووە جیاوازەكانیانەوە. پەشێویی مرۆڤەكانی نێو چیرۆكەكە پەشێویی كۆمەڵگایەك پیشان دەدات كە مانا لە هەموو شتێكدا رەنگ و بوونی نەماوە و خەڵك بەبێ هۆ ئینسانیەتی خۆیان بەجێدەهێڵن و دەبنە كەركەدەن.
یەكەم كەس كە دەبێتە كەركەدەن ناوی بویوفە، وەك ئەوەی نووسەر ویستبێتی بە ئەنقەست كەسایەتی ئەفسانەیی ئەنگڵۆساكسۆنەكان (بیوولف) مان بیر بهێنێتەوە، بیوولف ئەو پاڵەوانە بووە كە بوونەوەرە دڕندەكانی دەكوشت بۆ ئەوی مرۆڤەكان بتوانن لە ئارامیدا بژین. یۆنێسكۆ ویستوویەتی لەنێوچوون و نەمانی مرۆڤایەتیمان لە رەوتی مێژوودا لە مرۆڤی باڵا یان بەرزەمرۆڤەوە بۆ حەیوانێكی پووچ نیشان بداتەوە، وەك چۆن بویوف دەبێت بە كەركەدەن.
یۆنێسكۆ ئەم شانۆنامەیەی كاتێك نووسیوە كە هێشتا بیرەوەری و كارەساتەكانی شەڕی دووەمی جیهانی لە زەینی خەڵكدا نەسڕاونەتەوە و ئیشەكەی ئاماژەیە بۆ ئەو رووداوانە، كارەساتەكانی نێوان دوو شەڕی جیهانی هەر ئەوە نەبوو كە شەست ملیۆن مرۆڤ لەناو ببات، بەڵكو گرنگتر و ناشیرینتر لە هەمووی سیستماتیزەكردنی توندوتیژی و بێڕەحمی و دەڕندەیی بوو، كە هانا ئارنت لە كتێبی (ئایشمن لە ئۆرشەلیم)دا بە (كاڵفامی خراپە) ناوی دەبات. ئارنت پێیوابوو ترسناكترین تاوان لە لایەن ئەو كەسانەوە روودەدات كە نابێت وەك كەسێكی نەخۆش و نائاسایی سەیر بكرێن، بەڵكو باشترین وەسف بۆیان ئەوەیە كە بڵێن كەسێكی تەواو نۆرماڵ و ئاسایین. ئاماژەی ئارنت بۆ ئایشمن، ئەو ئەفسەرە نازیەیە كە هەزاران خەڵكی لەنێو كورەكاندا سووتاند.
ئەو دەڵێت، ئایشمن كەسێكی ئاسایی بوو نەوەك نەخۆشێكی دەروونی، ئەمەش كارەساتی ئەو ئایدیۆلۆژیانەیە كە دەتوانن لە مرۆڤە سادە و نۆرماڵەكان دڕەندەترین مرۆڤەكانی مێژوو بەرهەمبهێنن. شەڕی دووەمی جیهانی هەر ئەوە نەبوو كە گیانی مرۆڤەكان بكێشێ، لەوە گرنگتر ئاساییكردنەوەی بێڕەحمی و توندوتیژی بوو كە وایكرد ئەمڕۆ بە بیستنی هیچ كارەساتێك لەشمان نەلەرزێت. بەم شێوەیە ملیۆنان مرۆڤ كە لەنێو كورە ئاگرەكانی نازیدا سووتان، ملیۆنان ژن و منداڵ كە لەنێوان شەڕەكاندا بوونە قوربانی و ئازار دەچێژن، توندوتیژیی گرووپە فەندەمێنتاڵەكان و ئایدیۆلۆژیستەكان كە هەموو رۆژێك كارە سامناكەكانیان دەبیستین، هەمووی بووە بە شتێكی سادە و بە ئاسانی بۆمان تەحەمول دەكرێت و بەسەرماندا تێدەپەڕێت، تەنانەت وای لێهاتووە كە ئەگەر باس بكرێت، حەز دەكەین باسەكە بگۆڕین و قسە لە شتێكی تری ژیان بكەین.
دونیا لە ئێستادا لەڕێگای تۆڕەكانی پەیوەندی و نمایشەوە خۆی بووە بە گۆڕەپانێكی گەورە لە نمایش كە ئیتر نیشاندانەوەی حەقیقەتەكانی كارەسات نییە، بەڵكو نمایش خۆی بووەتە حەقیقەت، حەقیقەتێكی ناشیرین و تراژیدی. تۆڕەكانی نمایش و پەیوەندی و میدیا وایانكردووە كە ئیمان بهێنین بەوەی هەموو شتێك نمایشە و حەقیقەت كەم و زۆر كارمان تێنەكات و هەر وەك وێنە و شانۆگەری بیبینین.
لە شانۆنامەی كەركەدەندا مرۆڤەكان دەبن بە كەركەدەن و پێستیان ئەستوور دەبێت و شاخیان لێ دەڕوێ، دەنگیان ناخۆش دەبێت و هەستە ناسكەكانیان لە دەست دەدەن و دەبنە بوونەوەری دڕندە و تەنیا توندوتیژی دەزانن. خەڵكەكان پەرچەكرداری جیاوازیان دەبێت لە بەرامبەر ئەوەی ببنە كەركەدەن یاخود نا، بەڵام دوایی هەموویان دەگەن بەوەی كە بوون بە كەركەدەن شتێكی نورماڵە و كێشە نییە و، باشترە بۆ ئەوەی تەنیا نەبن، هەموو ببنە كەركەدەن. تەنیا یەك كەس نابێت بە كەركەدەن كە ناوی برانژە-یە، برانژە عەقڵی پێی دەڵێت بۆ ئەوەی بە تەنیا نەمێنیتەوە و بتوانێت وەك ئەوان بژیت، ببە بە كەركەدەن، بەڵام قەبوڵی ناكات و خۆی نادات بە دەستەوە و ناتوانێت هاوڕەنگی جەماعەت بێت و لە كۆتاییشدا ئەو تەنیا كەس دەبێت كە دەمێنێتەوە و دەڵێت دەمەوێ تا كۆتایی ئینسان بم و وەك ئینسان بمێنمەوە.
یۆنێسكۆ پێمان دەڵێت بۆ ئەوەی بتوانین لە بەرامبەر ئەم ناشیرینی و خراپەیەدا رابوەستین و دژی بوەستینەوە، دەبێ ئەم دۆخەی تێیكەوتووین و وادەزانین حەقیقەتە، باوەڕی پێنەكەین و دانی پێدا نەنێین و لە بەرامبەر كاڵفامی خراپەدا بوەستینەوە و باوەڕی پێنەكەین. كەسایەتی برانژە لەسەرەتاوە، كەسایەتییەكی دەركراو و نامۆیە بە كۆمەڵگا، لە كۆتاییدا وەك تاكە كەسێك دەمێنێتەوە كە پرەنسیپەكانی ئینسانبوون دەپارێزێ. لە بەرامبەر ئەودا كە مرۆڤی بڕوا و پرەنسیپە ئینسانییەكانە، كەسێتی هانز پێچەوانەكەیەتی، نموونەی مرۆڤی دووڕووە، كەسێكە هیچ توانا و بەهرەیەكی نییە، بەڵام خۆی لە خەڵك بە باشتر دەزانێت. قسە بە برانژە دەڵێت، چونكە دەخواتەوە، بەڵام خۆی پەرداخە شەرابەكە لەو دەستێنێ و دەینۆشێ، ئامۆژگاریی ئەو دەكات بچێت بۆ شانۆ، بەڵام خۆی حەوسەڵەی ئەوەی نییە بچێت لەگەڵیدا. ئەو هەر شتەكانی بە رووكەش گرتووە، بۆیە كە خەڵك هەموو دەبنە كەركەدەن، هیچ كێشەی نییە لەگەڵ ئەوەی ئەویش وەك خەڵك ببێتە كەركەدەن. خوێندنەوەی شانۆنامەكە بە چەندین جۆر كراوە، گەرچی كەسانێكی زۆر بە سەردەمی داگیركردنی فەرەنساوەی گرێدەدەن لە لایەن نازییەكانەوە، بەڵام دەكرێت وەك نیشانە بۆ هەموو كۆمەڵێك سەیری بكەین كە خەڵكەكەی بە خێرایی دەتوانن ببنە ئۆردوویەك لە ئاژەڵ. بەڵام یونێسكۆ لەم شانۆنامەیە و شانۆنامەكانی تریشدا زۆر دژی درۆكردنی ئینسان بووە لەگەڵ خۆیدا، سەیر لەوەدایە كە سەرەتا دژی شانۆش بووە، لە شوێنێك كە باسی گەنجێتی خۆی كردووە، دەڵێت "هەموو شتێكم دەكرد، دەمخوێندەوە، گوێم لە موزیك دەگرت، دەچووم بۆ سینەما، بەڵام پێم نەدەخستە شانۆ". ئەو شانۆشی بە درۆیەك زانیوە كە ناتوانێت راستیی ژیان پیشان بداتەوە.
2/6/2015