بەختیار عەلی
توندڕەوی هەمیشە نیشانەی پەیوەندییەکی عاشقانەیە بە ئایدیایەکەوە
11. بۆ ئەوەی لە کەسی توندڕەو تێبگەین، دەبێت بەڕوونی لە تاوانکاری ئاسایی جیابکەینەوە. لە مێژە ئەدەب بەقووڵی سەیری ڕۆحی تاوانباری ئاسایی دەکات. یەکێک لە کارە سەرەتایی و گرنگەکانی ئەدەبی مۆدێرن کە دەربارەی ئەم بابەتە نوسراوە، چیرۆکەکەی فردریک شیللەرە «تاوانبار بەهۆی شەرەفی شکاوەوە». هەر لەم سەرەتا دێرینەوە ئەدەب لە ڕۆحی مرۆڤی تاوانبار دەڕوانێت و بەردەوامیش وەک دەرونێکی بریندار وێنایدەکات. شیللەر مرۆڤ وەک بوونەوەرێک وێنا ناکات کە بە فیترەت و لەسروشتەوە تاوانبار یان بەدکار بێت، بەڵکو مرۆڤ خۆی پاکە و ژینگەی کۆمەڵایەتی پیسیدەکات. کریستیان ولف لەم چیرۆکەدا سەرەتا تەنیا بە هۆی پێویستی و عەشقەوە دەکەوێتە دزی، زیاد لە جارێک دەگیرێت، ئەو سوکایەتی و بچوککردنەوە و بێڕێزییەی کە لە زیندان بەرامبەری دەکرێت، دەبێتە مایەی وەرگەڕانی و هێدی هێدی لەژێر فشاری خەڵک و لە تۆڵەی ناهەقییەکاندا دەبێتە پیاوکوژ. بەڵام کریستیان هیچ کات ئەو ئارەزووەی تێدا نامرێت کە دیسان بگەڕێتەوە و ببێتەوە بە مرۆڤێکی باش. لە چیرۆکەکەی شیللەردا تاوانبار مرۆڤێکی خراپ نییە، تاوان هێشتا شتێکە مەحکومە بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی. ئەمجۆرە تاوانبارانە لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی و بە هۆی لاسەنگبوونی بارودۆخی دەرونییەوە پەنادەبەنە بەر کاری کوشتن. کوشتن لایان کاری هەمیشەیی نییە و هیچ جۆرە هۆکارێکی فیکری و فەلسەفیی لە پشت نییە.
12. ئەمجۆرە لە تاوانبار کە شیللەر باسیدەکات، دواتر زۆر دووبارەدەبێتەوە. تاوانبارێکی سادەیە، مرۆڤکوژێکی تەقلیدییە. مرۆڤ ڕەنگە لە ڕێگای پەروەردە و گۆڕینی هەلومەرجی ژیانەوە بتوانێت کاراکتەری ئەمجۆرە پیاوکوژانە بگۆڕێت یاخود چاکیانبکات. ئەمجۆرە لە خۆشباوەڕی کە گوایە گەر هەلومەرجی خراپ لەسەر مرۆڤ هەڵگیرا، مرۆڤەکان باشدەبن، لەگەڵ ڕۆسۆ و ڕۆشنگەرییدا پەرەدەستێنێت و زۆر بڵاودەبێتەوە. لەو سەردەمەدا قسەیەکی زۆر لەسەر ئاشتیی ئەبەدی و ئاشتیی جیهانی و ژیانی یۆتۆپی کراوە. ئەو بۆچوونەی کە هەڵگرتنی بارودۆخی دژواری ئابووری وادەکات مرۆڤەکان ببن بە کەسی چاک، دواتر مارکسییەکان و سوسیالیستەکان پەرەی پێدەدەن و بڵاویدەکەنەوە، لە هەموو جیهاندا ئەو ئەفسانەیە بڵاودەبێتەوە کە بە چاککردنی کۆمەڵگا مرۆڤی خراپەکار و کاری کوشتن لەسەر زەوی نامێنێت. ئەم خۆشباوەڕییە، ئەم وێنە سادەیە بۆ تاوان لە بەردەم مێژووی سەدەی بیست و بیست و یەکدا تەواو تێکدەشکێت. مرۆڤ تەنیا لەبەر ناچاری، پێویستی، پەراوێزخستن کەسێکی دی ناکوژێت، بەڵکو جیا لەوانە چەندەها هۆکاری ناعەقڵانیی دیکەش بۆ کوشتن هەن، کە کۆکردنەوە و دیاریکردنیان ئەستەمە، هۆکارەکانی کوشتن بە ئەندازەی ئاڵۆزیی خودی مرۆڤ ئاڵۆزە. لە زۆر ساتدا ئیشی ئەدەب دەبێت بە خوێندنەوەی پۆتێنشیالیتەیتی تاوان لە کۆمەڵگا و فەردەکاندا. ئەوجۆرە ئەدەبە ڕەنگە زۆر شتمان دەربارەی توندڕەوی یان ژیان لەناو توندڕەویدا بۆ ڕوون نەکاتەوە، بەڵام ڕاستییەکی گرنگمان دەربارەی مرۆڤ بۆ ئاشکرائەکات، ئەویش ئەوەیە: مرۆڤ دەتوانێت بە هەر بەهانەیەک یاخود لە ڕاستیدا لە نەبوونی هیچ بەهانەیەکیشدا خەڵک بکوژێت. پاڵەوانەکان هەر جارەی بە هۆیەکەوە تاوانەکەیان ئەنجامدەدەن، جارێک لەبەر تێرکردنی غەریزەکانی وەک لای مارکیز دی ساد دەیبینین، جارێک لە بەر وەڕزی وەک لای کامۆ دەیبینین، جارێک بە حوکمی فەرمان و وەزیفە. لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە پێشێ کە ئاخۆ بکوژێکی توندڕەو لەبەرچی دەکوژێت؟
13. کەسی توندڕەو کەسێکە خەونێکی هەیە، و تا ئەندازەیەکی زۆریش کەسێکی ئیدیالیستە. بەدوای جیهانێکی ڕێکدا دەگەڕێت، خوازیارە دونیا ڕەنگی فەنتازیاکانی ئەویان هەبێت، ڕێکی لای ئەو شتێک نییە لە وجود خۆیدا هەبێت، بەڵکو دروستدەکرێت. توندڕەو باوەڕی بەوە هەیە کە جیهان دەبێت بەوجۆرە بێت کە ئەو دەیەوێت. ئەو توند بە خەونەکەی خۆیەوە دەنووسێت، بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەو دەمامکەی دایناوە دەمامک نییە، دەیەوێت بیسەلمێنێت ئەو شتانەی کە بڕوای پێیانە تا سنووری خۆفیداکاری و مردن لەگەڵیاندا دەژی، هارمۆنییەتی جیهان لەگەڵ خۆیدا و هارمۆنییەتی خۆی لەگەڵ فیکرەکەیدا خواستی سەرەکیی ئەوە. توندڕەو ئەو کەسەیە کە تەنیا ژیانی ئەوانی تر ناخاتە مەترسییەوە، بەڵکو بەر لە هەر شت دەیەوێت ژیانی خۆی بنێرێت تا لە ئاقاری سنوورەکانی مردندا بسوڕێتەوە. مەسەلەکە تەنیا کێشکردنی جەستەی دوژمن نییە بۆ ناو ئاگر و خوێن، بەڵکو تاقیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان خۆی و مردن دەبێت بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان. کاتێک تیروریستێک خۆی دەتەقێنێتەوە، بەر لە هەر شت دەیەوێت ئەو بۆچوونە بۆ خۆی بسەلمێنێت کە ئەو بە ڕاستی ئیماندارە، بەبێ گەیشتن بەو سنوورەی سەر مەرگ، بەبێ ئەو یارییە ڕۆژانەیە لەگەڵ مەرگدا. توندڕەو باوەڕی بە حەقیقەتێک هەیە، بە شتێک کە دەتوانێت وەک هێزێکی پیرۆز، وەک ڕاستییەکی ئەبەدی، وەک سەرچاوەیەکی ئیلهام بیگرێت و دەستی لێبدات. توندڕەو دەکرێت نەهەلیست بێت وەک لای کالیگۆلا دەیبینین، بەڵام توندڕەو هەمیشە ئیماندارە، کالیگۆلاش وەک ئیمان، وەک حەقیقەت سەیری نەهەلیزمی خۆی دەکات. ئەو هەمیشە پێویستی بە ئیمانێکی روون هەیە، بە ئایدیایەک، بە کەسێک، بە سمبولێک کە دەبێت توند باوەڕی پێی بێت. ئەوە بەس نییە کە بەڕوونی بزانێت چی دەوێت و بڕوای بە چییە، بەڵکو لەوە زیاتر دەبێت پەیوەندیی بەم ئایدیایەوە لە پەیوەندیی بە هەموو شتێکی تر گەورەتر بێت. کارل یاسبەرز ناوێکی جوان لەم دۆخە دەنێت و پێیدەڵێت «ئیشتیاقی ناڕاستunechter Enthusiasmus ». لێرەدا نرخی هەموو شتێکی دونیای دەرەوە لەبەردەم نرخی ئایدیاکەدا پاشەکشەدەکات، ئیشتیاقی مرۆڤ بۆ نوێنەرایەتیکردن و پیشاندان و دەرخستنی هێزی ئەم ئایدیایە دەکەوێتە پێش هەموو شتێکەوە. هەر شتێک، هەر جەستەیەک، بکرێت وەک سەمبولێکی دژ بەو ئایدیایە بەرجەستەبکرێت، دەبێت تێکبشکێنرێت. جەستەی بەرامبەر تەنیا جەستە نییە، بەڵکو لە خودی ئایدیا دژەکان جیاناکرێتەوە، کە لە شێوەی لەشدا دەرکەوتوونەوە. وەک لە سەرەتاوە گووتم هەموو پەیامەکان بۆ جەستەن، جەستە دوا ئامانجی کەسی توندڕەوە، بەو مانایەی کە تێکشکاندنی جەستەی بەرامبەر سەمبولی تێکشکاندنی ئایدیای بەرامبەرە، جەستە لێرەدا چیتر جەستە نییە بەڵکو کورتبۆتەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئایدیایەک. لەش لای توندڕەو هیچ مانایەکی نییە، بوونی تەنیا گرێدراوی پەیوەندییەتی بە بیرۆکەیەکەوە، مرۆڤ لای ئەو هەمیشە سەمبولی شتێکە، هیچ کات خۆی نییە، بەڵکو نیشانەیە بۆ بیرۆکەیەکی ئەبستراکت. توندڕەو بۆئەوەی دڵنیابێت باوەڕی بە شتێکە دەبێت توانای وێرانکردنی شتێکی تری هەبێت. ڕستەیەکی بە ناوبانگی دۆستۆفسکی هەیە، دەڵێت «ئازادی راستەقینە تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێت کە بگەینە ئەوەی ژیان و مەرگمان لا وەک یەک بێت». توندڕەوی نزیکبوونەوەیە لەو سنوورە، سنووری لە یەکدان و وەک یەک لێهاتنی ژیان و مەرگ لەبەردەم ئایدیاکاندا.
14. بە کورتی توندڕەوی لەسەر دڵسۆزی و وەفا بۆ فیکرەیەک بەندە. لێرەدا لەسەر جیاکارییەکی بچوک کاردەکەم، لەسەر پۆڵینکردنێکی بچوکی جۆری پیاوکوژەکان دەوەستم. بەپێی پلەی دوور و نزیکی و شێوەی پەیوەندییان بە ئایدیایەکەوە دەستەبەندیاندەکەم.
ا: جۆرێک لە پیاوکوژ کە ناچنە قاڵبی توندڕەوەوە، پیاوکوژی بێبڕوا، ناتوندڕەو، کە ئەکتی کوشتن لەلایەن کارێکی بە بڕوا و ئیمان و ئایدیاوە نییە، پەیوەندیی کوشتن و ئایدیا لێرەدا پچڕاوە.
ب: جۆرێک لە توندڕەوی دوودڵ، کە دوودڵن لە راست و دروستی ئایدیاکەیان، کوشتنیان بۆ گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی لە ناوەوە دەیانکرۆژێت ڕاست و دروستیی ئایدیاکەیانە، هەموو شتێک دەکەن تا بگەنە یەقین، توندڕەون بەڵام پێویستیان بە ئاماژەیەک و دەلیلێکی بەهێز هەیە بیانخاتە کار.
ج: توندڕەوی ئەخلاقی، کە دەتوانێت تەنیا تاوانێک بکات پڕاوپڕی فیکرەکەی خۆی بێت و زیان بە کەسانێک ناگەێنێت کە دەکەونە دەرەوەی ئەو قەناعەتەوە. دەکوژن و باکیان بە کوشتن نییە، بەڵام دەبێت دڵنیابن کە تاوانەکەیان پرەنسیپ و ئەخلاق و جێگای خۆی هەیە.
د: توندڕەوی ڕاستەقینە کە جێبەجێکردن و گوزارشتکردن لە فیکرەکەیان لە هەر ئەخلاقێک بەلاوە گرنگترە. گرنگە بەلایانەوە فیکرەکەیان بێتە زمان، بێئەوەی بەلایانەوە گرنگ بێت چەند کەس دەمرێت و چی ڕوودەدات و چ کاولکارییەک دەکەوێتەوە.
15. نمونەی یەکەم لە مرۆڤ کە دوورترین جۆری کاراکتەرە لە توندڕەوییەوە میرسۆی ڕۆمانی نامۆی کامۆیە. میرسۆی کامۆ نمونەی پێچەوانەی ئەو مرۆڤەیە کە دەشێت ناوی بنێن توندڕەو یان ئێکستریمیست. توندڕەوی هەمیشە نیشانەی پەیوەندییەکی عاشقانەیە بە ئایدیایەکەوە، نیشانەی پەیوەندی و وەفادارییە بۆ بیرۆکەیەک. بەڵام میرسۆ نمونەی ئەو مرۆڤەیە کە پەیوەندیی بە هیچ بیرۆکەیەکەوە نییە، هیچ ڕابیتە و پەیوەندییەکی بۆ گرنگ نییە، میرسۆ کە دێتە قسە نازانێت دایکی ئەمڕۆ مردووە یان دوێنێ، لە جیاتی بچێت بۆ پرسەکەی دایکی، دەچێت بۆ سینەما، هاوڕێیەکی کچ دەگرێت و سێکسی لەگەڵ دەکات، بە هۆی وەڕزییەوە لە کەناری دەریا عەرەبێک دەکوژێت و بە تاوانی کوشتن دەگیرێت. کوشتن لای میرسۆ هیچ پاڵنەرێکی نییە، میرسۆ نە قازانجێک، نە ئارەزوویەک، نە پلانێکی بۆ کوشتن هەیە، کە دەگیرێت و خەریکە لە سێدارە بدرێت، هەڵوێستی لەگەڵ قەشەکەدا ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە لێبوردنێکە. میرسۆ نمونەی ئەو کاراکتەرەیە کە هەڵگری بیری کامۆیە، بەوەدا مرۆڤ هەر چییەک بکات، کۆتایی هەر مەرگە، کەواتە هیچ شتێک ڕاست نییە، هیچ حەقیقەتێک و ئایدیایەک نییە مرۆڤ بۆی بژی. هەموو شتەکان لە وەڕزی و بێهودەییەوە دێن. نەبوونی هیچ حەقیقەتێک، هیچ ئیمانێک وادەکات میرسۆ وەک کاراکتەرێکی دژ و پێچەوانەی کاراکتەری توندڕەو ببینین کە بنەمای بوون و ئیشکردنی هەمیشە باوەڕهێنانە بە حەقیقەت. جیهان نەزمێک، ڕێسایەک، مانایەکی ناوەکیی تێدا نییە تا مرۆڤ بیدۆزێتەوە، هیچ جۆرە سیستم و ئایدیا و نەزمێک بوونی نییە مرۆڤ خەونی پێوە ببینێت. میرسۆ خاوەنی خەونێکی گەورە یان پلانێک یان بڕوایەکی قووڵ نییە، بەڵکو دەژی، لەزەت لەو دەرفەتانە دەبینێت کە دێنە بەردەمی، جگە لەوەی خۆی بداتە دەست هەستە کتوپڕ و هەنوکەییەکان، جگە لەوەی بەردەوام خۆی لە هەر بیروڕا و قەناعەتێک دووربخاتەوە کارێکی تری نییە. لێرەوە بە پلەیەکی باڵا، پێچەوانەی مرۆڤی توندڕەوە.
16. جۆری دووەم لە مرۆڤ کە دەبێت جیایبکەینەوە، توندڕەوە دوودڵەکانن. لەم نمونەیەدا گرنگ گەیشتنە بە یەقین دەرهەق بە فیکرەکە. کوشتن لای ئەوان کێشە نییە، خودی کێشەکە ئەو دوودڵییەیە کە دەربارەی ڕاست و دروستی ئایدیاکە تووشیان دەبێت. لێرەدا هێزی فیکرەکە و ئەو ئازارەی کە دروستیدەکات وەک تارماییەکی ڕەش بەسەر سەری کەسەکەوەیە. ئەوەی کە ئەمجۆرە کەسانە دەکات بە شێوە کەسێک، کە وەک توندڕەو لێیان بڕوانین پەیوەندییانە بە ئایدیایەکەوە کە هۆش و عەقڵیان داگیردەکات. ئایدیاکە وەک مۆتەکە بەسەر سەریانەوەیە، چەندە دوودڵی بنوێنن لێیان نابێتەوە، هەمیشە بەدوایانەوەیە. لێرەدا کاراکتەری هاملێت وەک نمونەی ئەمجۆرە ئایدیاپەرستە دوودڵانە وەردەگرم، کە بیرۆکەیەک دەیانخوات، بەڵام بەردەوام لە گوماندان. وێنەی مرۆڤی مۆدێرن کە لە دیکارتەوە سەرچاوەدەگرێت، زۆر هاوشێوەی ئەو ڕەوتەیە کە خودی ئەم فەیلەسوفە بۆمان دیاریدەکات، سەفەری فیکر لای دیکارت لە گومانەوە دەست پێدەکات و بەرەو یەقین دەڕوات. سەفەری هاملێتیش هەمان شێوەیە. لێرەدا ئەو تەفسیرە فرۆیدییەی هاملێت دەخەمە لاوە سەبارەت بەوەی کە دوودڵی هاملێت دەباتەوە سەر ئەوەی کە کوشتنی باوکی هاتنەدیی ئارەزوویەکی چەپێنراوی خودی هاملێتە، لێرەدا تارمایی باوک تەنیا وەک تارمایی فیکرەیەک تەماشادەکەم، فیکرەیەک کە دوودڵی دەچێنێت. هاملێت باکی بە کوشتن نییە، بەرلەوەی بگات بەو قەناعەتەی مامی بکوژێت، بێباکانە چەندین تاوانی کوشتن ئەنجامدەدات. بەڵام ئەم کوشتنانە وەک شتی لاوەکی و وەک بەشێک لە ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە یەقین تەماشادەکات. تەواوی شانۆنامەی هاملێت لەسەر ئەوەیە کە تارمایی بیرۆکەیەک لەسەری هاملێتدایە و دەستی لێ هەڵناگرێت، شانۆنامەکە رەوتی پەیوەندیی هاملێت بەو خەیاڵ و بیرۆکەیەوە دەردەخات. هاملێت دەیەوێت وەفاداربێت بۆ تارماییەکە، ئەم وەفادارییە لە هەر شت گرنگتر و گەورەترە لەلای، بەڵام ئایا خودی ئایدیاکە ڕاستە یان تەنیا وەهمێکە؟ ئەمە پرسیاری سەرەکیی هاملێتە. هاملێت نوێنەری ئەو قۆناغەی فیکری ئەوروپییە کە مرۆڤ لە ئیمانی خوداییەوە بەرەو ئیمانی تاکەکەسی و تایبەتی دەگوازێتەوە. ئەو فیکرەیەی لەسەری هاملێتدایە، شتێکە پێویستی بە یەقینە، بەڵگەیەکی مادی و بەرجەستەی نییە بیگرێت و یەکجار بڕوای پێبهێنێت. تارماییەکەی سەری هاملێت سەمبولی ئەو ئیمانە ونەیە کە مرۆڤی مۆدێرن دەیەوێت بیدۆزێتەوە. هاملێت نمونەی یەکەمی ئەو نەوەیەیە کە دەیەوێت ئیمانێکی دیکەی هەبێت، بگاتە یەقنێکی تر و وەک جەنگاوەرە کۆنەکان بۆی بمرێت. توندڕەویی هاملێت، توندڕەویی کەسێکە بەرلەوەی بگاتە بڕوای تەواو بەو حەقیقەتەی کە بۆی دەگەڕێت.
basnews
25/5/2015