ئاریتما موحه‌ممه‌دی
«ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی فارسه‌كان له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه تاكوو ده‌گاته ئه‌مڕۆ تاكه نه‌یاری سیاسیی و كاریگه‌رترین و سه‌ره‌كیترین دووژمن و نه‌یاری مێژوویی، ڕامیاریی و كولتووریی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه. له ڕاستیدا فارسه‌كان تاكه نه‌ته‌وه‌یه‌كن كه به پلانی داڕێژراو مێژووی كوردیان چه‌واشه كردووه و هه‌وڵی دزینی مێژووی كوردستانیان داوه و كاریگه‌ریی نه‌رێنیان له‌سه‌ر مێژوو، زمان، كولتوور و ناسنامه‌ی كورد داناوه. ئه‌مه نابێ پشتگوێ بخرێ»
كورد له ڕوانگه‌ی توركه‌وه؛
تورك تاكوو ئیستاش پێی وایه كه كورد ڕهچڵهكێكی شاخاویی توركیی هه‌یه، دیاره ده‌زانن كه كورد كێیه و خاوه‌ن چییه و ده‌ركه‌وت و هه‌ڵكه‌وتی مێژوویی، سیاسیی و جوگرافییان چۆنه، به‌ڵام نایانهه‌وێت دانی پێدا بنێن، چونكه به‌داننان به مافی كورد و بوونی كورد دا، بنه‌مای سیسته‌می ٩٠ ساڵه‌یان تێك ده‌چێت و وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و لاوازی ده‌ڕوات و له به‌رامبه‌ردا جێ و پێگه‌ی كورد بته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بێت و له ئاستی ناوچه‌كه‌شدا گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسیی و ئابووریی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. تورك به كرده‌وه و ڕاسته‌وخۆ دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كات و نایشارێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی توركدا كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی هه‌ن كه دانیان به مافی كورد و بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورددا ناوه و ته‌نانه‌ت چه‌ندین ساڵیش له ته‌مه‌نیان له‌به‌ر بوونی بۆچوونی كوردخوازانهیان له به‌ندیخانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركدا به‌سه‌ر بردووه. د. ئیسمائیل بێشكچی یه‌كێ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌یه كه هه‌میشه له پێوه‌ندی به كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه خاوه‌ن ده‌نگ و ڕای جیاواز بووه، دیاره كهسایهتیگهلی دیكه‌ش له‌نێو توركدا هه‌ن كه هه‌مان ڕاوبۆچوونی كوردخوازانهی به‌ڕێز بێشكچییان له‌مه‌ڕ پرسی سیاسیی كورده‌وه هه‌یه.
كورد له ڕوانگه‌ی عه‌ره‌به‌وه؛
عه‌ره‌ب دانی به‌وه‌دا ناوه كه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازه و خاوه‌ن تاییبهتمهندیی خۆیه‌تی و كولتوور و دابونه‌ریتی كۆن و مێژوویی خۆی هه‌یه و خاوه‌ن سیپاڵ و زمان و ناسنامه‌ی تاییبه‌ت به خۆیه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فاشیزمی عه‌ره‌بیی تاكوو ئیستاش مه‌ترسیداره و له ڕابردووش‌دا كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد له باشووری كوردستان داناوه و هه‌وڵی له‌نێو بردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه دراوه. هاوكات له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وه‌شدا چه‌ندین كه‌سایه‌تیی سیاسیی و ئایینیی هه‌ن كه سۆزیان بۆ دۆزی ڕه‌وای كورد هه‌یه و كورد به‌خاوه‌ن ویست و ئیراده پێناسه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن كه كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دامه‌زرێنێت و له ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئه‌و دهوڵهتهشدا چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌ب دانی پێدا ده‌نێن. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد سه‌ربه‌ستیی خۆمان له داننانی ئه‌وان به مافهكانماندا ده‌بینین، به‌ڵكوو مه‌به‌ست هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕوانگه‌ی داگیركه‌ران له پێوه‌ندی به مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده. تاكوو هه‌نووكه‌ش چه‌ندین كه‌سایه‌تیی سیاسیی و ئایینیی له‌نێو عه‌ره‌ب به شیعه و سوونه‌وه دانیان به‌وه‌دا ناوه كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ویستێكی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ی كورده.
كورد له ڕوانگه‌ی فارسه‌وه؛
به‌ڵام فارسه‌كان پێچه‌وانه‌ن و هه‌میشه‌ش پێچه‌وانه بوونه و قه‌د له مێژووی سیاسیی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا فارسێك بوونی نه‌بووه یانخود هه‌ڵنه‌كه‌وتووه كه دان به بوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد و مافی نه‌ته‌وایه‌تیی كورددا بنێت و كورد به شایانی خاوه‌ن ماف هه‌ژمار بكات، هه‌میشه نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به به‌شێك له ناسنامه‌ی فارس ئه‌ژمار كردووه و یارییان به چاره‌نووسی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه كردووه. هه‌میشه زمانیان وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی كورد و نه‌ته‌وه‌ی كورد و كه‌سایه‌تییه‌كانی سیاسیی كورد به‌كار هێناوه، قه‌د له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد و نوێنه‌رانی سیاسیی كورد له هیچكام له قۆناغه‌كانی سیاسیی و مێژوویی كوردستاندا ڕاستبێژ نه‌بوونه و هه‌میشه له ڕێگای زمانیانه‌وه كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر مێشك و هزری تاكی سیاسیی و ڕووناكبیری كورد و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری نه‌رێنییان له‌سه‌ر بزاڤی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی كورد داناوه، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كێ له‌و هۆكارانه ئه‌ژمار ده‌كرێت كه هه‌میشه سیاسییه‌كانی فارس سیاسییه‌كانی كورد به ساوێلكه پێناسه ده‌كه‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هزر و ستراتیژیی سیاسیی كورد داده‌نێن. ئه‌م تاییبه‌تمه‌ندییه لاوازه له به‌شێك له سیاسییه‌كان و هه‌روه‌ها له هندێك هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌نی كورد به‌دی ده‌كرێ و به‌داخه‌وه بینراوه كه چۆن خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان دۆڕاندووه یانخود چۆن شۆناسی كوردیان به فارسه‌وه گرێ داوه. پێوه‌ندی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی دراوسێ ئاساییه، به‌ڵام به مه‌رجێك كه هیچكام له‌و نه‌ته‌وانه هه‌ول بۆ په‌راوێزخستن و ئاسیمیله كردنی یه‌كتر نه‌ده‌ن. له ڕه‌وتی مێژوودا كۆمه‌ڵێك نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ژیاون كه دواتر كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و خۆڕاگرنهبوونه و توواونه‌ته‌وه.
ئه‌م ئه‌زموونه له هه‌موو قۆناغێكی مێژوودا ده‌توانێ ڕووبدات و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بخاته مه‌ترسی. وه‌ك ئاماژه؛ له ماوه‌ی سی و پێنج ساڵی ڕابردوو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك ڕووداو ڕوویان داوه كه كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر زمان و ناسنامه‌ی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان داناوه. هه‌نووكه له كرماشان زمانی فارسی تاییبه‌ت به‌و شاره پێك هاتووه و كۆمه‌ڵێكی زۆر فارس و تورك ژیانی تێدا ده‌كه‌ن و خۆیان به‌خاوه‌ن ئه‌و خاك و ئاوه ده‌زانن و كوردیان پێ ده‌ره‌كیی و بێگانه‌یه. له شاری سنه‌ش به‌هه‌مان چه‌شن كاریگه‌ریی كولتووری فارس زاڵه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و هه‌نووكه و به‌پێی هندێك ئاماری ساڵی ڕابردوو له سه‌دا په‌نجای گه‌نجان چ كچ و چ كوڕی ڕۆژهه‌ڵات له گه‌ڵ كچان و كوڕانی فارس‌دا ژیانی هاوسه‌رێتی پێك ده‌هێنن. له‌گه‌ڵ خاتوونێكی شاری سنه له پێوه‌ندی به‌و پرسه گفتوگۆم كرد، وتی كه زۆربه‌ی كوڕانی فارس كهیسگهلی باشن بۆ زه‌واج و خاوه‌ن كار و سه‌رمایه‌دارن و دۆخی ئابوورییان له دۆخی ئابووریی كوڕانی كورد باشتره و ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كییه كه كچانی كورد پتر ڕوو له فارسه‌كان ده‌كه‌ن و مه‌هاباد و شاره‌كانی دیكه‌ش به دۆخێكی له‌و چه‌شنه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن و هه‌نووكه كولتووری كورد له‌ژێر مه‌ترسیی كولتووری گه‌وره‌شاره‌كان دایه و ئه‌مه‌ش پێویستی به شۆڕشێكی كولتووریی، نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی هه‌یه كه پارێزگاری له ڕه‌سه‌نایه‌تیی كورد و ناسنامه‌ی چه‌ندین هه‌زارساڵه‌ی كورد بكات.
درێژه‌ی هه‌یه
23/5/2015