فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

بەختیار عەلیbaxtyar ali

زۆرینەی خەڵک بە جۆرێک لە جۆرەکان و بێ ئاگای خۆیان لەناو ئامێری توندڕەویدان

• ئەم سەردەمەی ئێمە سەردەمی توندڕەوییە، توندڕەوی تەنیا سیفەتی هەندێک گروپ و تاقم و هێز نییە، بەڵکو سیفەتی زۆرینەی ئایدۆلۆژیا و دەوڵەت و هێزەکانە. توندڕەوی سیفەتی فیکری قوتابخانەیەک یان ڕێبازێک نییە، بەڵکو لە هەموو لایەکەوە هەڵدەقوڵێت. توندڕەوی هێندەی مۆراڵی سیاسیی ئەم سەردەمەیە، بەشێک نییە لە ئەخلاقی گروپێک یان مەزهەبێک.

• توندڕەوی و هێزی توندڕەوی لەوەدایە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و هێزی جەماوەریی گەورە دروستبکات، واتە لە هەموو کۆمەڵگایەک و ژینگەیەکدا جۆرە توندڕەوییەکی زاڵ، جەماوەری، شەرعی و قەبووڵکراو هەیە. جۆرە بەریانێکی شەڕانگێز بەرامبەر بە ئەوانی دی ئامادەیە کە هەردەم لە ئەگەر و نەگەری دەرکەوتندایە. بەم مانایە توندڕەوی دۆخێکی ناوازە و نائاسایی و کتوپڕ و کورت مەودا نییە، بەڵکو ئەو میکانیزمە بنەڕەتییەیە کە مۆدێرنەی خۆرهەڵاتی ئیشی پێدەکات و بەشێکی بونیادیی هەموو جۆرە مۆدێرنەیەکیشە.

• لە جۆرە سەردەمێکی وەک ئەمڕۆدا و لە سایەی میدیا و کەرەستەکانی پەیوەندییەوە، هێزی ئەو فشارەی کە ماشێنەکانی توندڕەوی دەیخەنە سەر فەردەکان، بەتایبەت لەم کۆمەڵگایانەی ئێمەدا کە ڕۆڵی میدیای دەستەجەمعی و فشاری بۆ سەر خەیاڵ و ڕوانینی تاکەکان سنووری خورافیان بڕیوە، زۆر گەورەیە. زۆرینەی خەڵک بە جۆرێک لە جۆرەکان و بێ ئاگای خۆیان لەناو ئامێری توندڕەویدان، زمان و زاراوە و مۆراڵی توندڕەوی، بەشێکە لە زمانی ڕۆژانە و سیستمی ڕوانینمان، بە دەگمەن بشێت مرۆڤێک بدۆزینەوە لە بۆچوون و نیگایەکیدا توندڕەو نەبێت. لێرەوە قسەکردن لەسەر توندڕەوی وەک دیاردەیەکی سنوردار و تایبەت، وەک خەسڵەتی هێزێک و بڕوایەک و گروپێک کە ئەوانی تر لێی پارێزراون، جۆرێکە لەو ماسک و دەمامکانەی کە توندڕەوی خۆی لە ژێردا دەشارێتەوە.

• توندڕەوی تێزەیەکی تیوری و زادەی تەفسیرێکی تایبەتی جیهان نییە. بەڵکو زادەی ئەو ڕەهەندە سایکۆلۆژییەیە کە تێکەڵ بە بیرکردنەوەمان دەبێت. توندڕەوی دۆخێکی سایکۆلۆژییە، بێ تێگەیشتن لە سایکۆلۆژییەتی مرۆڤەکان ناتوانین لە توندڕەوی تێبگەین. لێرەوە کایەی سەرەکی بۆ پشکنینی توندڕەوی سیاسەت یان ئیلاهیات نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم دەرونناسی و ئەدەبیاتە. پشکنینی فیکری کەسی توندڕەو نامانبات بەرەو کاراکتەری کەسی توندڕەو یان بەرەو مانای توندڕەوی. توندڕەوی زادەی خودی فیکر یان زادەی بڕوایەکی دیاریکراو نییە، فیکر تەنیا یەکێکە لە کەرەستەکان، ئیمان تەنیا دەماکێکە لە دەمامکەکان.

• ئەدەب لە دواجاردا هیچ وەزیفەیەکی گەورەتری نییە لە وەزیفەی ناسینی مرۆڤ. لێرەوە سەیر نییە کە بڵێین ئەدەب تاکە بوارێکە کە قووڵ دەتوانێت لە توندڕەوی بنواڕێت یان وردتر بڵێم لە پەیوەندیی تاوان و توندڕەوی بنواڕێت. سەیرکردن لە توندڕەوی پێویستی بە سەیرکردنی ڕۆحی مرۆڤ هەیە، قسەکردن لەسەر توندڕەوی بە زمانی سیاسەت و سیاسەتی رووت، هونەری توندڕەوەکانە. بۆ تێگەیشتن لە توندڕەوی جگە لەوەی سەیری ڕۆحی مرۆڤی توندڕەو بکەین، جێگایەکی تر و شوێنێکی راستەقینەی ترمان نییە بۆ تێگەیشتن. توندڕەوی دواجار پەیوەندیی توندوتیژیی مرۆڤە بە مرۆڤەوە. تێڕوانین لە توندڕەوی پەیوەندییەکی قووڵی بە پشکنینی ڕیشەکانی تاوانەوە هەیە. ئەدەب چەندە پشکنینێکی ناکۆتا و هەمیشەییە، بۆ عەشق و تەنهایی، هێندەش پشکنینە بۆ توندوتیژی. بەدەگمەن ئاسەواری تێکستێکی ئەدەبی دەدۆزینەوە کە خاڵی بێت لە قسەکردن لە توندوتیژی و تاوان. توندڕەوی تەنیا ئەکتێکی فیکری یان زمانەوانی نییە، تەنیا خۆبەستنەوە نییە بە جۆرێکی حەرفی بە هەندێک دەقەوە، بەڵکو جۆرە خواستێکە ئاڕاستەی جەستەی بەرامبەر دەکرێت، توندڕەوی جەوهەرەکەی تەنیا کاتێک دەردەکەوێت کە بەرامبەر جەستەی دوژمنەکەی دەوەستێت. نیازی توندڕەوی هەمیشە ژیان و جەستەی ئەویدییە. پەیامەکەی نە پەیامێکی دینی، نە پەیامێکی فەلسەفییە، بەڵکو هەمیشە نامەیەکی نێردراوە بۆ جەستەی ئەوانی تر. لێرەوە توندڕەوی بەجۆرێک لە جۆرەکان بە غەریزەی کوشتن و شێواندنی جەستەوە بەندە تا بە هەڵوێستێکی فیکری و سیاسیی دیاریکراوەوە، بۆ ئەوەی لە توندڕەو تێبگەین دەبێت سەرەتا لە ئارەزووەکانی توندڕەو تێبگەین بۆ جەستەی بەرامبەر. واتە ئەو پەیوەندییە سادی ـ ماسۆشییە بپشکنین کە توندڕەو بە جەستەی دوژمنەکەیەوە گرێدەدات.

• گەرچی توندڕە و پیاوکوژی ئاسایی زۆر لە یەکتری جودان نین و زۆر لە یەک دوورناکەونەوە، بەڵام توندڕەو هەمیشە جۆرە ماسکێکی هەیە کە جیاوازە لە ماسکی پیاوکوژی ئاسایی. پیاوکوژە ئاساییەکان وادەردەکەون وەک ئەوەی پاڵنەرێکی فەردی و تایبەتیان هەبێت، کوشتن لەلایەن تایبەتە بە خواستە فەردییەکانی خۆیان. کۆمەڵگا ئارەزوو و ویستەکانیان وەک لادان لە نۆرم و یاسا تەماشادەکات. وەک سوبێکتێک کە نەیتوانیوە دەستەمۆی بکات، لێرەوە بکوژی ئاسایی هەمیشە وەک جۆرە عەیبێک یان کەم و کورتییەک لە دەرون یان لە سیستمی پەروەردەدا سەیردەکرێت. پیاوکوژ دەبێتە پیاوکوژ لە بەرئەوەی نەخۆشە یان پەروەردەیەکی دروستی وەرنەگرتووە یان لە ژینگەیەکی تایبەتدا ژیاوە کە بەرەو لاڕێ پاڵی پێوەناوە. بەڵام بۆ کەسانی توندڕەو ئەمجۆرە حوکمدان و خوێندنەوە کۆمەڵایەتییانە دەچێتە دواوە. گەرچی توندڕەو هەمان ژینگە و دەرون و پەروەردەی پیاوکوژی هەیە، بەڵام بەردەوام ماسکێکی سیاسی یان دینی یاخود فەلسەفیی لەسەردایە. وا نیشاندەدات کە کوشتن و وێرانکاری لای ئەو دەرەنجامی بڕوایەتی بە هەندێک ئامانجی بەرز، هەمیشە قسە لە نیازی پیرۆز و خەونی پیرۆز دەکات، دەیەوێت بڵێت ئەو هیچ نیازێکی شەخسی و خواستێکی فەردی یان غەریزیی لە پشت تاوانەکانییەوە نییە، ئەوە نەتەوە یان دین یان مێژووە لە ڕێگای ئەوەوه‌ و بە هۆی ئەوەوە هاتۆتە قسە و کردار. توندڕەو زۆرجار نەوەک بەر سزای کۆمەڵگا ناکەوێت، بەڵکو وەک قارەمان و ڕزگارکەر تەماشادەکرێت. بە کورتی جیاکردنەوەی پیاوکوژی ئاسایی لە توندڕەو تەنیا جیاکارییە لە ئاستی ئەو فەنتازیایەدا کە پشتی پێ دەبەستن. گەر هۆکان و فەنتازیای پشت تاوانەکان فەردی و تاکەکەسی بن، ئەوا تاوانبار وەک بکوژێکی سادە و نەفرەت لێکراو سەیردەکرێت. بەڵام گەر بەشێک بن لە فەنتازیایەکی دەستەجەمعی، نوێنەری خواست و خەیاڵێکی گشتی بن، ئەو کات تاوانەکانی دەچنە خانەی توندڕەوییەوە. بە جۆرێک دەتوانین مەسەلەی مۆتیڤ یان پاڵنەری تایبەتی و گشتی وەک سەرەتایەک بۆ جیاکردنەوەی پیاوکوژی ئاسایی لە توندڕەو دیاریبکەین و بیانکەینە پێوەر.

• توندڕەوی هەمیشە بە دەمامکەوە گرێدراوە. توندڕەو ناتوانێت بێ ماسک بژی. هەمیشە ئارەزووی ڕاستەقینەی لەژێر بڕێکی زۆر لە مەکیاژ و ڕەنگی تردا شاردراوەتەوە. جیاکردنەوەی دەموچاو و ماسک لای کەسی توندڕەو کارێکی ئاسان نییە. پشکنینی توندڕەوی هەمیشە جۆرێکە لە خوێندنەوەی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزانەی کە دەمامک و دەموچاو پێکەوە گرێ دەدەنەوە. قسەکردن بە ناوی دین یان نەتەوە یان فەلسەفەیەکی ژیانەوە هەمیشە ماسکە، بەڵام بەجۆرێک جێگای دەموچاوی راستەقینەی گرتۆتەوە کە ناسینەوە و جیاکردنەوەی ئەستەمە. لێرەدا سوبێکتی کەسی توندڕەو خاڵیبوون و بەتاڵیی ناوەوەی خۆی، هەمیشە بە قەرزکردنی سوبێکتێکی خەیاڵی پڕدەکاتەوە. سوبێکتی کەسی توندڕەو هەمیشە سوبێکتێکی قەرزکراو و دروستکراو و فەنتازییە. لێرەوە ئەدەب کە هەمیشە گەمەی لابردن و دانانی ماسک پیشە و خولیا و ئامانجی بووە، لە زیاد لە ڕێگایەکەوە بە کێشەی توندڕەوییەوە گرێدراوەتەوە. بواری ئیشکردنی ئەدەبیات، پەیوەندییەکی نەپساوی بەو کایەیەوە هەیە کە توندڕەو تێیدا دەسوڕێتەوە.

• لە سەرەتاوە ئەدەب سەروکاری لەسەر هەر دوو بابەتی توندڕەوی و توندوتیژیدا هەیە. بەڵام هەر سەردەمێک و هەر کۆمەڵگایەک جۆرە توندڕەوییەکی تایبەتی هەیە. لە ئەلیازی هۆمەردا سەرەتای جەنگێکی ناعەقڵانی، دوور و درێژ، خوێناوی، پڕ لە تراژیدیا دەبینین لەسەر ژنێک. سەرەتا تێکستەکە وادەردەکەوێت کە وەک لەسەر شەرەف بێت. وەک ئاماژە بۆ سەردەمێک کە پاڵنەری سەرەکی و زاراوەی سەنتراڵ لە هەموو توندڕەوییەکدا، شەرەف بووە. بەجۆرێک دەتوانین بڵێین تێگەیشتن لە زۆربەی جەنگەکانی دونیای کۆن بێ زاراوەی شەرەف کاری نەکردەیە. بریندارکردنی شەرەف ئەو فتیلەیە کە هەم خوداکان و هەم مرۆڤەکان پێکەوە دەجوڵێنێت. لەمڕووەوه‌، خوداکان و مرۆڤەکان یەکسانن. بەجۆرێک دەتوانین بڵێین هەستی شەرەف سەرەتا هەستێکی ئیلاهییە و دواتر بەرەو لای ئادەمیزادەکان دادەبەزێت. بەڵام کە زیاتر بەناو ئەلیازدا ڕۆدەچینە خوار، دەبینین کە هۆی هەموو توندوتیژی و شەڕانگێزی و جەنگاوەرییەکان، تەنیا شەرەف نییە، شەرەف وەک هەموو شتەکان تەنیا ماسکێکە کە توڕەیی و توندڕەویی خوداکان و مرۆڤەکان دەشارێتەوە. لە ئەلیازدا تێدەگەین خوداکان گەر هێزی خۆیان پیشان نەدەن نابن بەخودا، خودابوون بە توندوتیژییەوە بەندە. هۆمەر دەڵێت «پادشا تەنیا کاتێک دەبێتە پادشایەکی ترسناک، کە لایەنی کەم توڕەبێت». بەڵام هەر لەسەرەتاوە، هەر لە یەکەم جەنگی ناوداری مێژووەوە، لە تەروادەوە دەبینین کە توندوتیژیی بەشەریی بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک بەشێک، وەک گوزارشتێک لە توندوتیژیی خودایی خۆی دەردەخات. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە کوشتنی ئەخیل بکەم لە ئەلیازدا، ئەخیل کە بە دەستی منداڵێکی ترسنۆکی وەک پاریس دەکوژرێت، کوشتنەکەی گەلێک لە نرخ و گەورەیی و قارەمانێتیەکانی دادەبەزێنێت، بۆئەوەی مردنی بایەخێکی هەبێت، بۆئەوەی وادەرنەکەوێت کە ئەخیل بە دەستێکی ئینسانی لاواز مردوە، هۆمەر دەڵێت ئەو تیرەی بەر پاژنەی ئەخیل دەکەوێت، ئەپۆلۆ ناردوێتی نەوەک پاریس. لە تەروادەدا چەندە مرۆڤەکان دەجەنگن هێندەش خوداکان دەستیان لە جەنگدا هەیە. مرۆڤەکان خۆیان بە نوێنەری خوداکان دەزانن… توندوتیژیی مرۆڤ بە ناوی خوداوە، لە ئەلیازەوە دەست پێدەکات. شەڕ چەندە شەڕی نێوان یۆنان و تەروادەیە، هێندە شەڕی نێوان «ئەتینا» و «ئەپۆلۆ»یە. ئەتینا لایەنگری لە یۆنانییەکان دەکات و هەر خۆشی دەبێتە هۆی کوشتنی هیکتۆر، ئەپۆلۆش لایەنگری لە تەروادەییەکان دەکات و هەر خۆی دەبێتە هۆکاری کوشتنی ئەخیل. لێرەدا ئیرادە و جەنگی مرۆڤەکان، لە ئیرادە و جەنگی خوداکان جیاناکرێتەوە.

• بەڵام هەر لە یۆنانەوە جۆرە توندڕەوی و توندوتیژییەکی تر سەرهەڵدەدات، کە توندڕەوی و توندوتیژیی یاسا و دەوڵەت و عورفەکانە. دەمێک کریۆن ڕێگا لە ئەنتیگۆنا دەگرێت براکەی بنێژێت، هیگڵ پێی وایە شانی داوەتە سەر شەرعییەتی دەوڵەت. پاراستنی شەرەف تەنیا دەمامکی توندڕەوی نییە، بەڵکو پاراستنی دەوڵەت و نەتەوە و شتەکانی تریش وەک ماسکی گەورە دێنە مەیدان. کریۆن لە ئەنتیگۆنادا بە ناوی خۆیەوە، کریۆنی مرۆڤ قسەناکات، بەڵکو بە ناوی هەیبەتی دەوڵەت و ڕێزگرتن لە یاساکانەوە حوکمدەدات. مرۆڤ تەنیا بە ناوی خوداوە شمشێر بەرزناکاتەوە، بەهانەکان بۆ توندڕەوی و توندوتیژی فرەجۆر و فرە سەرچاوەن. خواستی ئەدەب نیشاندانی ئەو بەهانە جیاوازانە بووە کە مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو بۆ توندڕەوی و دڕندەیی خۆی هێناویەتیەوە.
• بەڵام جگە لەو بەهانە فەلسەفی و فیکرییانەی کە دەشێت بۆ توندڕەویی بیهێنینەوە، جۆرێک لە توندڕەویی نەهلستی، عەدەمی، پوچگەراش هەیە کە ڕووبەرێکی گرنگی لە ئەدەبیاتدا داگیرکردوە. کالیگۆلا لای من نمونەی ئەو جۆرە توندڕەوییە فەلسەفییەیە، توندڕەوییەک پاڵنەرەکەی خۆی ناباتەوە سەر هۆی تایبەتی یان دینی یاخود سیاسی، بەڵکو دەیگێڕێتەوە بۆ قەیرانێک کە پەیوەندیی مرۆڤ بە کۆی وجودەوە ڕێکدەخات. کێشەی کالیگۆلا ئەوە نییە، کە شتێکی دیاریکراوی بەدڵ نییە، بەڵکو کۆی ڕێکخستنی وجودی بەدڵ نییە. کێشەکەی لەگەڵ جۆرە کەسانێکی دیاریکراو یان جۆرە پەیوەندییەکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو تەواوی یاسا و نەزمەکانی ناو ژیان و سروشتیش ڕەتدەکاتەوە. ئەمجۆرە لە توندڕەویی نەهلستی و پوچگەراش لەگەڵ ئەوەی قووڵ لە دۆخی وجودی مرۆڤ دەڕوانێت، بەڵام لەوە ناکەوێت کە ماسکێک بێت بۆ غەریزە وێرانکار و شەڕانییەکانی مرۆڤ. لەگەڵ هەموو قووڵاییە فەلسەفییەکەشیدا هێشتا توند بە خواستە دەرونییەکانی کالیگۆلا و ویستە ئیرۆتیکییەکانییەوە گرێدراوە. کالیگۆلا کە هیچ جۆرە ئیمان و عەقیدەیەکی بەرزی نییە بیکاتە ماسک، لەبری ئەو جۆرە ماسکە دینی و سیاسییانە ماسکێکی فەلسەفیی پوچگەرا دەخاتە سەری خۆی.

سەرچاوە: باسنیوز

٢١/٥/٢٠١٥

 

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان