محەمەد هەریری
لەوەتی هەواڵی قەدەغەکردنی دانراوی چەند زانایەکی سەلەفی بڵاوبۆتەوە، خەڵکێکی زۆر وروژاوە، هەتا کەسانێك کە هیچ پەیوەندیەکیانیش بە فیکری سەلەفی نییە، بونەتە مامەخەمەی فیکر. من لەوەتی هەم دژی قەدەغەکردنی فیکر و کتێبم، لەبەر باوەڕم بە ئازادی دەربڕینی بیروڕا، نەك لەبەرئەوەی باوەڕم بەوەیە کە شەڕی فیکر تەنها بە فیکر دەکرێت! من لەو باوەڕەدا نیم هەموو شەڕێکی فیکری بە تەنها بە فیکر بکرێت، لەبەر چەندین هۆ:
- زۆرجار ئەوەی بەرامبەرت تەنها بیرێکی سەتحی و شەعبیە ختووکەی عەقڵی ساویلکە و نەزانان دەدات، ئەو خەڵکە ئامادەگی بۆ وەرگرتنی فیکری توندڕەو و ناعەقڵانی زیاترە لەوەرگرتنی فیکری میانڕەو و شارستانی، بە تایبەتی ئەگەر فیکرە تووندرەوەکە تێکەڵ بە موقەدەسات کرابیت.
- لە زۆر سەردەم و کات و شوێندا هەلی یەکسان لەبەردەم فیکرەکان وەك یەك نین تا بتوانن شەڕی فیکر بە فیکر بکەن. ئەوەی پارە ودەسەڵات ومیدیای بەدەستە جیایە لەوەی لەو ئامرازانە بێ بەشە.
- چونکە جاروبار ئەو فیکرە لە سنووری فیکر راناوەستێت تا تۆ بتوانی هەلی شەڕکردنیت هەبێت، هێندەی پێ ناچێت ئەو کراوەتە مەخلوقێکی توندڕەوی بێ فیکر، کە مامۆستایانی شورەیەکی قایمیان لە دەوری عەقڵیدا هەلبەستوە، نا هێڵن کاریگەری هیچ فیکرێکی تری بکەوێتە سەر.
- کاتێ سەلەفیەت کەسێك پەروەردە دەکات لەسەر گوێ نەدانە کەس لە خۆیان زیاتر، وبە گومڕا زانینی هەموو خەڵکیکی دینداری نا سەلەفی، بەڵکو بە کافر زانینیان، شەڕی فیکر بە فیکری چی دەکەیت؟! مەگەر شەڕی کلاشینکۆڤ و ئاربیجی لەگەلدا بکەیت.
- کە سەلەفیەتی تووندڕەو دەوڵەمەندترین دەوڵەتی کەنداو و گەورەترین دەوڵەمەندانی عەرەبی لە دوا بێت، کتێب بە لێشاو چاپ بکەن بە خۆرایی، سەدەها کەناڵی ئاسمانی بێ کەڵك ژینگەی ئاسمانی پێ پیس بکەن، پارەیەکی زۆر لە خزمەت بانگەواز و بانگخوازانی بێت، شەڕی فیکر بە چ دەکەیت کە تۆ نەتوانیت دوو کتێبیش چاپ بکەیت، و کەناڵێکی ئاسمانیت هەبێت و ڕادیۆیەکت هەبێت؟!
- کە دەسەڵاتی سیاسی لە پشت فیکری توندڕەو بوو لەبەر خێڵەکی بوونی خۆی و لاسایی کردنەوەی خێڵە عەرەبیەکانی کەنداو، سەدەها و هەزارەها مزگەوتی خستە خزمەتی فکری توندرەو، خەڵکی ئاسایی سەرچاوەی فیکری وفەرهەنگی خۆی لەو مینبەرە توندڕەوانە وەرگرت لەبەر هەژاری فەرهەنگی، پێم ناڵێی چۆن شەڕی فیکر بە فیکر دەکەیت؟! چۆن دەنگت دەگاتە ئەو خەڵکە ساویلکە وسەتحیە؟! کە قسەی مەلایەکی توندڕەو بە هەموو موفەکیر ومیانڕەوانی جیهان ناگۆڕێتەوە؟!
- چۆن بواری فیکری بۆ فیکرێکی سروشت فاشست ونازی خۆش دەکەیت، کە فیکر وعەقڵ بۆ جارێك بەکار دەهێنێت تا سەردەکەوێت، کاتێ سەرکەوت، هێندە دڕندانە لەگەڵت دەجەنگێت نەك بواری فیکریت پێ دەدات بەڵکو خۆت وفیکریشت سەرکوت دەکات؟!
- لە هەر دەوڵەتێك کە سەلەفیەت تیایدا دەستباڵا بێت، هەموو جۆرە کتێبێکی نەگونجاو لەگەل فیکری تووندڕەوی خۆیان قەدەغە کراوە، نەك ئەوە ببینە پاش کودەتاکەی المتوکل ٢٣٢ هـ، بەسەر موعتەزیلە، قەسابخانەیەکیان بۆ کتێبەکانی موعتەزیلە و کەسانیتر کرد بە جۆرێك لە ١% بەرهەمی ناوازەیی وعەقڵی موعتەزیلەکان لە نێوبردران، و ئەوەندەشی ماوەتەوە لە شوێنە دووردەستەکان پارێزران، وبەردەستیان نە کەوتن دەنا ئێستا شتێکمان نەدەزانی دەربارەیان. ئێستاش لە سعودیە بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری سعودی عبدالعزیز العقیل لە پێشانگای کتێبی ریاز پار لە ئازاری ٢٠١٤ گووتی: "هەر کتێبێك پێچەوانەی سەوابتی دینی و سیاسی ممەملکەتی عەرەبی سعودی بکات، قەدەغەیە هی هەر دەوڵەتێك و حزبێك بێت" کەتیایدا هەموو کتێبەکانی ئیخوانیش قەدەغە کران!
- ئەمڕۆ جیهان گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە دیوە، تەنها ڕاستی ودروستی فیکرێك، ئەو فیکرەیە سەرکەوتوو ناکات، ئەگەر بێتوو پاڵپشتێکی مادی ومەعنەوی گەورەی نەبێت، بەڵگەش لەسەر ئەوە، ئەمڕۆ فیکرێکی تەپیوی وەك سەلەفیەت کە لە سەرچاوەکەشی لە سعودیە خەلك لە دەستی بێزارە، ئەوەی ئاگاداری باسوخوازی سعودیە بێت دەزانیت، لە ڕێگای پاڵپشتی مادی کەنداو و پاڵپشتی سیاسی دەسەڵات خەریکە سروشتی دینداری میانڕەوی هەزاران ساڵەی کوردستان دەگۆڕێت، ئەو فیکرەیە نا مرۆییە لە ڕێگای کەناڵی میدیاکانی و مینبەر و کتێب ونامیلکەکانی دەچیتە هەموو شار و گوند و ماڵێكی کوردی بێ سەروبەر و ناکوتراو لە دژی تووندڕەوی ئایینی، خەڵکێکی زۆریان هەتا لە گوندەکان و شارۆچکەکان فریوداوە، هەتا توانیتی سنوری ناوچە داخراوەکانیش ببڕێت وەك دەڤەری بارزان، کە بەپێی زانیاری من خەڵکێکی زۆریشی لەوێ خستۆتە ژێر کاریگەری خۆی، دەتانەوێت چەندیتر چاوەڕێ بین تا بەتەواوی سەلەفیەتی تووندڕەو دەست بەسەر کوردستان دادەگرێت و خەڵك دە سەدە بۆ دواوە بگێڕێتەوە؟! ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات بە ئاگا هاتنێکی درەنگیش بێت باشترە پشتگیری بکرێت، نەك خەمی شەڕی فیکری تیرۆریستیمان بێت.
باسی شەڕی فیکریم بۆ دەکەن، شەڕی فیکری بەچی دەکەیت، کە ئێمەی نووسەرانی میانڕەو لەسەر حیسابی کات و ژیان و خێزانی خۆمان شەو وڕۆژ دەخوێنینەوە و بەدواداچوون دەکەین، بە خۆڕایی بۆشتان دەنووسین، کەچی خاوەن پارە وپولە ملەستورە دەبەنگەکان دڵیان نایەت ئەوەی دەشینوسین بۆمان چاپ بکەن لە دژی فیکری شەڕانگیژ و تووندڕەو؟! دەڵێ شەڕی فیکر بە فیکر دەکەین، خەریکە دەخورێیت هەی بەستەزمان! هەتا لە ئەوروپا یاسایەکی زۆروزەبەند هەیە لە دژی سەربەرزکردنەوەی فیکری فاشیستی و نازیزم، سەرەڕای پێشکەوتنی سیستمی پەروەردەوفێرکردنیان هێشتا هێندە بە متمانەوە ناڵێن شەڕی فیکر تەنها بە فیکر دەکەین!