حەمەسەعید حەسەن
با لە گەلێک ڕووەوە جیاوازی لەنێوان بیرمەندانیشدا هەبێت، بەڵام نزیکەی هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر، ڕەخنەگرتنە و ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، ڕۆشنبیری ڕەخنەگرە، ڕەخنەگرێکی بوێر و هەقبێژ کە سڵ لەوە ناکاتەوە، هەم ڕەخنە لە خودی خۆی بگرێت و هەم لە نزیکترین لایەنیش لە خۆیەوە. ئەوە هیچ گرنگ نییە، ڕەخنە لەم و لەو، یان لە دوژمنانی فیکریی خۆمان بگرین، ئەوە گرنگە، ڕەخنە لە خۆمان بگرین و چاوپۆشی لە کەسانی نزیکی خۆیشمان نەکەین. لای ئیدوارد سەعید، ناپاکیی ڕۆشنبیر کاتێکە، واز لە ئەرکە سەرەکییەکەی کە ڕەخنەگرتنە، بهێنێت. کە باهۆزی پۆپۆلیزم هەڵدەکات، ئیدی سیاسی بێت، یان کولتووری، ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیرە، ڕاشکاوانە لە دژی ئەو شەپۆلە هەڵوێست بنوێنێت. کە عەوام لە نەزانییەوە، ڕەدووی بتێکی سیاسی، یان کولتووری دەکەوێت، ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیرە، ئازایانە دژی لێکدانەوەی باو بوەستێتەوە، بێ ئەوەی سڵ لە ئەنجامی ئەو هەڵوێستە دروست و پێویستەی بکاتەوە. ڕۆشنبیر نە سواری شەپۆلی هەڵچوونی مێگەل دەبێت، نە لە خۆشکردنی ئاگری پۆپۆلیزمدا بەشداری دەکات، بەڵکوو لەبەر تیشکی لۆگیک و عەقڵانیبووندا هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ دەدات و لەبری ئەوەی خەڵک بۆ هەڵچوونی هەرزەکارانە هان بدات، هەوڵی هێورکردنەوەیان دەدات و بەرچاویان ڕۆشن دەکاتەوە.
ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیر نییە، خوتووکەی هەستی عەوام بدات و زیاتر لە گۆمی بۆگەنی جەهلدا نوقمیان بکات. کە گەڕەلاوژەی پۆپۆلیزم، بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی خۆڕسکی ئینساندۆستانە، لە شەقامدا شەپۆل دەدات، ڕۆشنبیر ڕەدووی ئەو قەڵەباڵغییە ناکەوێت و ڕاستییەکانی پشتی پەردە، وەبەر ڕێژنەی ڕووناکی دەدات و دەمامک لە رووی هەلپەرستان دادەماڵێت. ڕۆشنبیر کەسێکە مرۆڤدۆست، سواری شەپۆلی ڕەگەزپەرستی نابێت، لە دژی جیاکارییە نەتەوەیی و ئاینییەکان دەبێت، سەنگەری داد و لۆگیک ئاوەدان دەکاتەوە و بابەتیبوون لە دەست نادات.
ڕۆشنبیری ڕاستەقینە کەسێکە، ڕاستییەکان بە کۆمەڵ بڵێت، نەک لە پێناوی هاڕەی چەپڵەدا، لەو ئاوازە بخوێنێت کە عەوام پەسەندی دەکەن. گوتنی ڕاستی ئاسان نییە و باجی هەیە، بەڵام خۆ دزینەوە لە گوتنی هەق، بە هەر پاساوێک بێت، دەکەوێتە خانەی ناپاکییەوە. چونکە پۆپۆلیزم، لەسەر سێکوچکەی درۆ و وەهم و گشتاندن ڕۆ نراوە، ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، قەت خۆی لە دژایەتیکردنی نادزێتەوە، با ئەو دژایەتیکردنە، بریندارکردنی هەستی عەوامیشی لێ بکەوێتەوە.
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیر ئەوەیە، پێداگری لەسەر جیاوازی بکات، ئاخر بەبێ دداننان بە جیاوازیدا، ناگەینە هەواری ئازادی. تەنیا ئەوە بەس نییە، ڕۆشنبیر خاوەنی فیکر بێت، بەڵکوو ئەوە گرنگە، بوێریی ئەوە شک ببات، لە کاتی پێویستدا قسەی دڵی خۆی بکات. ئازادی، ئامانجی ڕۆشنبیرە، بۆیە هەم خۆی ئازادانە ڕەوتار دەکات و ئازادانە دەپەیڤێت، هەم کۆمەڵیش بۆ بە ئازادی پەیڤین و بە ئازادی هەڵسوکەوتکردن هان دەدات. کەمئەندام کەسێک نییە، بەشێکی جەستەی لە کار کەوتبێت، یان ئەندامێکی لەشی لە دەست دابێت، کەسێکە بوێریی بڕیاردان شک نەبات و لێ بگەڕێت کەسانی دیکە لەبری ئەو بیر بکەنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، کەمئەندامی راستەقینە، ئەندامی هەمیشە گوێرایەڵی حیزبە.
ڕۆشنبیر کەسێکە هەوڵ دەدات عەقڵمان ئازاد بێت، عەقڵمان ئامێرێک نەبێت لە دەستگەیەکدا، عەقڵمان شتێکی تایبەت بێت بە خۆمان، تەنیا خۆمان بەگەڕی بخەین، کەسی دیکە مافی ئەوەی نەبێت لەبری ئێمە بیخاتە گەڕ. لەم گۆشەنیگایەوە بێعەقڵ کەسێکە، عەقڵی ئازاد نەبێت، عەقڵی لای خێڵێک، حیزبێک، یان باوەڕێک دیل بێت، ئاخر ئازادی ئەوەیە عەقڵمان لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بەکار بهێنین، نەک لە قازانجی گرووپێک. ئازادی ئەوەیە لە دەرەوەی پۆل و بە شێوازێکی تایبەت بە خۆمان بخوێنین، نەک وەک تووتی، چییان گوت، بیڵیینەوە، نەک شوێنپێی ئەم و ئەو هەڵبگرین.
ڕۆشنبیر کەسێکی جیاوازە، ئەوینی بۆ ئازادی، هانی دەدات سڵ لە تێکشکاندنی ڕێسا بەبەردبووە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان نەکاتەوە. ئەوە فریودانی عەوامە، ئەگەر بانگەشە بۆ ڕۆشنگەری بکەین و هیچ ڕۆڵێکیش لە پرۆسەی گۆڕاندا نەگێڕین. کە ڕۆشنبیر لە پێناوی پاراستنی ژیانیدا، لە گوتنی هەق بێدەنگ دەبێت، بەوە تەنیا ناپاکی لە ڕۆڵی خۆی ناکات، بەڵکوو جاڕی مەرگی خۆیشی دەدات. ڕۆشنبیر کەسێکە مل بۆ دەسەڵاتی فیکری زۆربە نەوی ناکات و تەنانەت بێ یەک و دوو لە نێوان هەقیقەت و شەریعەتدا، لایەنی یەکەمیان دەگرێت. ئەوەی وای کردووە حەلاج بە نەمریی بمێنێتەوە، ئەوەیە، لە پێناوی پاراستنی ژیانیدا، لە هەڵویستی فیکریی دروستی خۆی پاشگەز نەبووەوە. لە کن ڕۆشنبیر، هەق لە دەقدا نییە، لە واقیعدایە، ئاخر هەق بە عەقڵ دەرکی پێ دەکرێت، زادەی نەقڵ نییە.
ڕۆشنبیر نانی خۆی بە لێدان لە ژێی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دابین ناکات، دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی خۆی، لە قازانجی گۆڕینی واقیع وەگەڕ دەخات. ڕۆشنبیر هەمیشە لایەنی بەها باڵاکان دەگرێت، بە گژ دوژمنانی دادی کۆمەڵایەتیدا دەچێتەوە و سەنگەری هەژاران چۆڵ ناکات. ڕۆشنبیر چونکە لە پێناوی ئازادیدا دەجەنگێت، هەمیشە خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی کە بەرهەمهێنی کۆت و پێوەندن، بە دوور دەگرێت. ئەگەر ڕۆشنبیر دەستی لە هەژاران بەردا، وازی لە دژایەتیکردنی ستەمکاران هێنا، زوڕنای بۆ حیزب لێدا و کەوتە دووی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئەوە ناپاکیی لە پەیامی خۆی کردووە و وەک هەلپەرستێک ناوی دەچێتە مێژووەوە.
ئەگەر لە سۆنگەی هەڵەی تاکێکەوە، گرووپێک تۆمەتبار دەکەیت، ئەوە تۆ کەسێکی ڕاسیستی نەک ڕۆشنبیر. کە بێدەسەڵات دەکەوێتە بەر زەبری دەسەڵاتدار، ئەگەر بە ئاشکرا لایەنی یەکەم ناگریت، ئەوە تۆ هەلپەرستیت، نەک ڕۆشنبیر. ئەوە چاوەڕوانکراوە کە دەسەڵاتی ستەمکار، ڕۆڵی ڕۆشنبیر بە هەند وەرنەگرێت و لەڕێی ترساندن و تیرۆرەوە هەوڵی بێدەنگکردنی بدات، بەڵام هەڵبژاردنی بێدەنگی و خۆ بواردن لە ڕسواکردنی ستەمکار، هەڵوێستێکی خۆپەرستانەیە.
بەدحاڵیبوونێکی کوشندە لەبارەی ڕۆشنبیرەوە هەیە، ئاخر کەسانێکی زۆر بە هەڵە وای بۆ دەچن، ڕۆشنبیر کەسێکە (لە شتێکدا زانایە و شتێک لەبارەی هەموو شتێکیشەوە دەزانێت.) ئەم پێناسەیە گوتنەوەی تێزێکی (جاحیز)ە کە دوازدە سەدەیەک بەر لە هەنووکە کۆچی دوایی کردووە. لەمەیش کارەساتتر ئەوەیە، کەسانی ستووننووس و (شیعر)نووس لە خۆیان وایە ڕۆشنبیرن! بەڵام ئەوپەڕی بەدحاڵیبوون ئەوەیە، چاودێری سیاسی و کادیری حیزبیش خۆیان لە خانەی ڕۆشنبیردا پۆلێن دەکەن. ڕۆشنبیر کە خاوەنی دونیابینییەکی تایبەت بە خۆیەتی و نوێنەری ویژدانی مرۆڤایەتییە، حەیفە سووک سەرنجی بدەین و لە خوتوخۆڕایی و لە هیچی نەبوو، خۆمان لێ ببێت بە ئەو.
٣٠ی ئەپریلی ٢٠١٥
(*) د. خالد الحروب، خيانة المثقف.
(*) نادية أبو زاهر، حول المثقف و السلطة.
basnews
13/5/2015