فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

hangarya u barzani

 

سه‌رچاوه‌گه‌لی وڵاتانی رۆژئاوا: بارزانی به‌ قه‌باره‌ی ناوخۆی كوردستان گرنگیی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، بووه‌ته‌ بابه‌تی رۆژه‌ڤی جیهانی و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ میدیایی و توێژینه‌وه‌كانی به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا و ئاگه‌داریش له‌ دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بۆ (باس) ئاشكرای كرد، وڵاتانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تیش فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و هه‌نگاریا و ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ هاوپه‌یمانیی شه‌ڕی داعشدان و به‌ئاشكرا پشتیوانی له‌ دۆزی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان ده‌كه‌ن، ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نهێنی و ئاشكرا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت و ده‌یانه‌ویچ به‌ سیاسه‌تكردن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر وڵاتانی ئیقلیمی و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ كاریگه‌ری بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مریكا له‌ به‌رانبه‌ر به‌ پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند په‌یامێكیان بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ناوخۆدا ناردووه‌، كه‌ ئه‌وه‌یان روون كردووه‌ته‌وه‌، له‌م قۆناغه‌دا به‌ ئه‌ندازه‌ی گرنگیی رۆڵی مه‌سعود بارزانی له‌ هاوكێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان، بارزانی گرنگیی بۆ كۆی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ی كه‌ پرسی مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌ی بابه‌تێكه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ناوخۆی كوردستان به‌ڵكو هاوپه‌یمانانی دژ به‌ شه‌ڕی داعشیش پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كانیاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئیقلیمی، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و دواجار له‌سه‌ر ئه‌مریكاش ده‌بێ، روونیشیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر لۆبیكردنی به‌ره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ئیقلیمی بووه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ سعودیه‌ و قه‌ته‌ر و ئیمارات وای كردووه‌ گۆڕانكاریی گه‌وره‌ به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مریكادا بێت سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان. 

سه‌رچاوه‌كه‌ راشی گه‌یاند، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ گۆڕانكاری به‌سه‌ر كۆی سیاسه‌ته‌كانی له‌ عێراقدا بهێنێ و ئه‌گه‌ر پێشتر مه‌به‌ستی بووبێت هه‌ژموونی ئێرانی و رووسی و چینی له‌ كوردستان و عێراق دوور بخاته‌وه‌، ئێستا ده‌یه‌وێ له‌ رێگه‌ی هاوكێشه‌ی نوێوه‌ گه‌مارۆی هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بدات، كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌و سیاسه‌تكردنه‌ش پشتیوانی ده‌بێ له‌ جیابوونه‌وه‌ یان راگه‌یاندنی كۆنفیدڕاڵیی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوا ده‌یانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی كوردستانه‌وه‌ ئیحتوای رۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن.

كۆبوونه‌وه‌كانی بارزانی و پرسی ده‌وڵه‌ت 

دوای كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئۆباما و كاربه‌ده‌سته‌ ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌و گه‌شبینیانه‌ی كه‌ به‌ بارزانی و شانده‌كه‌یه‌وه‌ بینرا، پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی له‌ ناوه‌نده‌ میدیایی و توێژینه‌وه‌كاندا گه‌رمتر كرد، چونكه‌ هه‌مووان ده‌زانن كه‌ تاكه‌ ئامانجێك كه‌ بارزانی له‌و سه‌ردانه‌دا دڵخۆش بكات پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پڕچه‌ككردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ خه‌ڵك و خاكی كوردستان.

هاوكات له‌و سه‌ردانه‌یدا بارزانی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی ئه‌منی هه‌بێت، راپرسی بۆ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌درێ، ئه‌وه‌ش به‌ بڕوای چاودێرانی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و پرسه‌ گڵۆپی سه‌وزی بۆ سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان داگیرساندووه‌ و ئه‌نجامدانی راپرسیش خۆی به‌و مانایه‌ دێت كه‌ ئیتر كاتی دیاریكردنی سنووری كۆتایی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق.

هه‌ڵوێستی ئه‌مریكی له‌ راگه‌یاندنه‌كان راست نییه‌ 

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ئاژانسی‌ (المعلومه‌)ی‌ عیراقیی راگه‌یاندووه‌: “ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌باره‌ی‌ پارێزگاریكردن له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی‌ عیراق ده‌یڵێن، راست نین و ده‌یانه‌وێت رێككه‌وتنه‌ نهێنییه‌كان به‌ شاراوه‌یی بهێڵنه‌وه‌”.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، چه‌ند وڵاتێكی ئیقلیمی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بانگهێشتی ئه‌مریكا ده‌كرێن، له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ وڵاتانی‌ كه‌نداوه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌، هه‌روه‌كو مانشێتی پێشووی هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ئه‌وه‌شی گوتووه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی كه‌ هه‌یه‌، سه‌ره‌تا هه‌رێمی كوردستان كۆنفیدڕاڵی‌ راده‌گه‌یه‌نێ.

ئێستا وا ده‌بینرێ، وڵاتانی كه‌نداو و سعودیه‌ كه‌ زۆبه‌یان له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌مریكیدان و ئه‌مریكاش گوێ له‌وان ده‌گرێ، پشتیوانی له‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكه‌ن و توركیاش بۆ گه‌یشتن به‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا و به‌ده‌ستهێنانی سۆزی كوردان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ره‌ت ناكه‌ته‌وه‌، (ئه‌رده‌ن)یش پشتیوانی له‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكات، چونكه‌ شای ئه‌و وڵاته‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی وڵاتانی عه‌ره‌بی بووه‌ به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا پێشوازیی له‌ بارزانی كرد، هاوكات ئێستا ئێرانیش به‌ بێده‌نگی ده‌بینرێت و پێده‌چێت دڵنیا بووبێت له‌وه‌ی كه‌ تازه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووبێته‌ ئه‌مری واقع، بۆیه‌ باشتره‌ لانی كه‌م دژایه‌تیی ئاشكرای نه‌كات.

عه‌بدولحه‌مید به‌رزنجی چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بۆ (باس) ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، ده‌بوایه‌ كورد له‌ ساڵی (2011)ه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندبایه‌، كه‌ 200 ساڵه‌ به‌ درێژایی مێژوو هه‌وڵی بۆ ده‌دات، ئه‌وه‌ش مافێكی ره‌وای میلله‌تێكی نزیكه‌ی 50 ملیۆنییه‌ نه‌وه‌كو خێرێك بێت پێمان بكرێ، گوتیشی: “هه‌رێمی كوردستان ئێستا زۆربه‌ی ره‌گه‌زه‌كانی بوون به‌ ده‌وڵه‌ت تیایدا بوونی هه‌یه‌ و ئه‌و پرسه‌ هێنده‌ی وابه‌سته‌ی ناوخۆیه‌، په‌یوه‌ندیی به‌ دانپێدانانی وڵاتانی ئیقلیمی نییه‌، چونكه‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تازه‌ دروستبوو بێ كێشه‌ و گرفت نابێ، هه‌ر گرفتێكیش له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌بێ، ده‌توانرێ به‌ ئیراده‌ی ناوخۆیی كۆنتڕۆڵ بكرێ”.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ 2011 سه‌ركردایه‌تیی كورد ئاماده‌سازیی بۆ راگه‌یاندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كرد، به‌ڵام به‌هاری عه‌ره‌بی و رووداوه‌كانی 17 شوبات رێگر بوون له‌به‌رده‌م ئه‌و پرسه‌، ئێستاش دروستبوونی داعش هه‌ر بۆ راگرتنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بووه‌، به‌ڵام هه‌وڵی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌ بواری ئابووریدا نراون ئه‌وه‌ دواجار ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام.

هاوكات سه‌رسام شوانی مامۆستای زانسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: ”هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌و ده‌وڵه‌ته‌ كاری كردووه‌ و له‌ رووی ئابووری و سیاسییه‌وه‌ توانیویه‌تی خۆی له‌ وڵاتانی ئیقلیمی نزیك بكاته‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ زیاتر ئه‌و ئه‌جێندایه‌ درێژه‌ پێ بدات لایه‌نه‌ په‌روه‌رده‌یی و كولتوورییه‌كانیش بگرێته‌وه‌“.
لای خۆیه‌وه‌ محه‌ممه‌د نه‌زیفی قادری ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حزبی دیموكراتی كوردستان بۆ (باس) هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئێران هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌ و ئه‌وه‌شی به‌ ئاشكرا وتووه‌، به‌ڵام كه‌ ئێستا بێده‌نگیی لێ‌كردووه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ ره‌نگه‌ پێویستی به‌ دیراسه‌ی بابه‌تیانه‌ هه‌بێت، به‌ڵام به‌ بۆچوونی ئه‌وان ئێران نایه‌وێ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی به‌هێزی سیاسی و خه‌ڵكی باشووری كوردستان هه‌بێ ئه‌وه‌ ئێران و هیچ وڵاتێكی ئیقلیمی ناتوانێ رێگریی لێ بكات، كه‌ ئێستا پشتیوانیه‌كی به‌هێزی له‌ ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كاندا به‌ده‌ست هێناوه‌.

د.رێبوار كه‌ریم مه‌حمود مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی سلێمانی بۆ (باس) ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، رای گرنگی ناوچه‌كه‌ ئێران، توركیا، عێراق، سعودیه‌ و كه‌نداوه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌پێی ئه‌و هه‌ژموونه‌ی كه‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئه‌گه‌ر روو بدات دابه‌شی رای جیاواز ده‌بن، وڵاتانی كه‌نداو سعودیه‌ نزیكن له‌ رای ئه‌مریكی و سعودیه‌ سه‌یری رای سوننه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كات، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌یه‌ كه‌ كورد تیایاندا نفوسی زۆری هه‌یه‌ و نایانه‌وێ له‌ناوخۆیاندا دان به‌ مافی ئه‌و میلله‌ته‌دا بنێن، كه‌ ئه‌وانیش ئێران و توركیان، گوتی: ”ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌ی كه‌ هه‌یه‌ زه‌مانه‌تی رای توركی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ ناكات و ئێرانیش پێناچێت به‌رژه‌وه‌ندیی له‌گه‌ڵ دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندی زیاتر به‌ خه‌ڵكی كوردستان و رای سیاسیی كورد خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌“.

basnews

12/5/2015

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان