ناسر باباخانی
سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئێران لە سەرەتای دامەزرانی كۆماری ئیسلامییەوە، ستراتیژی سەرەكیی ئەو دەوڵەتە بووە. بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی كۆماری ئیسلامی لەم سیاسەتە، لە هەمان كاتدا كە ویستوویەتی بازنەی نفووزی خۆی لەناو وڵاتانی دەرودراوسێدا بەربڵاوتر بكا، ئەوە بووە كە ئاستی ئەمنیەتی خۆی لەسەر بنەمای بیردۆزی پێشگیری بەرێتە سەر. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە فاكتەری مەزهەبی شیعە وەرگرتووە و جوگرافیای "هیلالی شیعی" وەك جیۆپۆلێتیكی شیعی كردووەتە مەیدانی تەراتێنی خۆی. ئەم هیلالە كە جەمسەرێكی لە لوبنانە و بەسەر سووریا، عێراق، كوەیت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و رۆژهەڵاتی عەرەبستاندا خەرمانەی داوە، جەمسەرەكەی تری دەگاتەوە یەمەن. واتە پانتاییەكی جوگرافیی بەرین بە حەشیمەتێكی بەرچاوەوە. بەپێی ئەوەی كە گەورەترین سەرچاوەكانی وزەی دنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، ئەم هیلالەش بەشێكی بەرچاو لەم سەرچاوانە لەخۆدەگرێ و دەورێكی گرینگی جیۆپۆلێتیكی هەیە. بۆ وڵاتێكی وەك ئێران زۆر ئاساییە كە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆی لە حەسارخەڵوەتی ئەم وڵاتانەدا ببینێتەوە و ئاستی ئەمنیەتی خۆی لەمەڕ هەڕەشە دەرەكی و تەنانەت ناوخۆییەكانیشی بەرێتە سەر، بۆ ئەوەش كە بتوانێ شوێن پێی خۆی لەم وڵاتانەدا جێبێڵێ، باشترین فاكتەر هاوتەریبكردنی ئەو وڵاتانە لەگەڵ خۆیەتی كە خەڵكی شیعە مەزهەبیان تێدا دەژی و رێك هەمان سیاسەتی شا ئیسماعیلی سەفەوییە كە بۆ بەرهەڵستیی ئیمپراتۆری سوننەمەزهەبی عوسمانی، شیعەگەرێتی كرد بە دوكتورینی سولالەی سەفەوی.
خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە لە كاتی گفتوگۆی ئازەربایجانی زۆرینە شیعە لەگەڵ ئەرمەنستانی مەسیحی لەسەر ناوچەی قەرەباغ، چون ئازەربایجان لە دەرەوەی هیلالی شیعەیە، كۆماری ئیسلامی لایەنگریی ناكات. لەمەوە بۆمان رووندەبێتەوە كە ئێران لە فاكتەری شیعەگەرێتی بۆ ئامانجەكانی و ئەمنیەتی خۆی كەڵك وەردەگرێ و بەرژەوەندی وڵاتانی دیكەی هاومەزهەبی خۆی كە لە دەرەوەی دوكتورینەكەیەتی بەلاوە گرنگ نییە!
ئەوەی كە ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع بەدی دەكرێ، ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی لەناو هیلالی شیعیدان بووەتە هۆكاری تێكدانی ئاسایش و ئەمنیەتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی ناوچەكە. لەڕاستیدا ئەم ناسەقامگیرییە پەیوەندییەكی ئەم ئەوێتی لەگەڵ درێژەی تەمەنی ئەم دەوڵەتە هەیە و زۆر جاران لەم دۆخەی كە خۆی خوڵقێنەرێتی، وەك كارتی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و تەنانەت زلهێزەكانی جیهان و لەسەرووی هەمووان ئەمریكا كەڵكی لێوەرگرتووە. دیارە بۆ بەدەستەوە گرتنی ئەم كارتەش بە میلیاران دۆلار لە سامانی نەتەوەكانی ئێران تێچووی بۆ داوە و بارودۆخی ئێرانی لە باری سیاسی و ئابوورییەوە گەیاندووەتە ئەم قۆناغە كارەساتبارەی ئێستا هەیەتی.
بەڵام ئەوەی كە لە داڕشتنی ئەم دوكتورینەی كۆماری ئیسلامیدا، واتە هیلالی شیعی رەچاو نەكراوە و دەتوانێ دواجار پارسەنگی هاوكێشەكە بگۆڕێ و بە زەرەری ئێران بشكێتەوە، چەند خاڵێكە كە بە كورتی ئاماژەیان بۆ دەكەم:
یەكەم: دیارە هەر لە خودی ئەم هیلالەدا رێژەی شیعەكان لە وڵاتانی شیعە، بەیەكەوە جیاوازیی بەرچاوی هەیە، بۆ وێنە ئەگەر لە عێراق و بەحرەین زۆرینەن، لە یەمەن، سووریا و لوبنان كەمینەن.
دووەم: لەناو خودی شیعەكانیشدا كەلێنی سیاسیی گەورە بەدی دەكرێ كە تەنانەت دەگاتە ئاستی دژایەتی كۆماری ئیسلامی.
سێیەم: پەرشوبڵاویی نفووسی شیعەمەزهەب لەسەر نەخشەی ئەم هیلالە، لێكدابڕانێكی جوگرافی سازداوە كە دواجار خۆی بەربەستە بۆ بەرنامەكانی ئێران.
چوارەم: سازبوونی تاقم و گرووپە رادیكاڵ و توندئاژۆكانی سوننەمەزهەب وەك دژكردەوەیەك لەبەرامبەر شیعە توندڕەوەكان.
پێنجەم: ناوەندەكانی سوننەمەزهەبی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە زۆرتر گوزارە لە رای جیهانی ئیسلام دەكەن (بۆ وێنە ئەزهەری میسر وەك باڵاترین ناوەندی زانستیی جیهانی ئیسلام و مەككەی عەرەبستان وەك قیبلەی موسڵمانانی جیهان) رێگرن لە بەدیهاتنی خولیای سەركردەكانی ئێران.
شەشەم: بیچمگرتنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەم ناوچەیە بە دوور لە ئینتیمای ئاینی و مەزهەبی كە لە زۆر قۆناغی مێژووییدا كاریگەری خۆی هەبووە.
حەوتەم: ركابەرێتیی نێوان ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان و خامنەیی كە بۆتە هۆی كەلێنێكی بنەڕەتی لەناو لایەنگرانی هەردوو لادا.
هەشتەم: دەوری توركیا وەك دراوسێیەكی بەهێزی ئێران كە ئەندامی ناتۆیە نابێ لەبیر بكرێ، وتەكانی ئەم دواییەی ئەردۆغان سەركۆماری توركیا سەبارەت بە ئێران كە دەیەوێ هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەدا بسەپێنێ گوزارە لەوە دەكا كە دەوڵەتی ئیسلامیخوازی توركیا هەرگیز رازی نابێ وەها هیلالێك بەسەركردایەتی ئێران شكڵ بگرێ.
نۆیەم: عەرەبستان هەر لەسەرەتای هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا گەلێك كێشەی گەورە و گچكەی لەگەڵی هەبووە و ئێستاش لە قەیراناویترین پەیوەندیدان، عەرەبستان وەك گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا و سەركردایەتی دنیای سوننە و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا و نزیكبوونەوەی لە توركیا دەورێكی سەرەكی دەگێڕێ لە بەرگریكردن لە سازبوونی هیلالی شیعی.
جەختی ئێران لەسەر ئەم هیلالە وەك پشتێندێكی ئەمنی بۆ پاراستنی خۆی رەنگە لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا دا كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێ، لە كورتماوەدا جواب بداتەوە، بەڵام بە هێوربوونەوەی ناوچەكە و بە سەرنجدان لەم خاڵانەی ئاماژەمان بۆ كرد و هەروەها دۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی ناوخۆیی، لە درێژماوەدا ئێران بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەو هیلالە شیعییەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەدوایەتی، تراویلكەیە!
5/5/2015