رێبوار كەریم وەلی
لە 3ی تشرینی دووەمی 2002ەوە كە پارتی دادوگەشەپێدان (AKP) بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان چووە ناو هەڵبژاردنی گشتییەوە، ئەو پارتە 9 هەڵبژاردنی لە ركابەر و نەیارەكانی بردووەتەوە. لە هەڵبژاردنی گشتییەوە بگرە تا هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، ریفراندۆم لەسەر دەستوور و دواهەمینیشیان كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بوو لە مانگی ئابی پارساڵ. ئەم هەڵبژاردنە بە یەكێك لە چارەنووسسازترین هەڵبژاردنەكانی مێژووی نوێی توركیا لەقەڵەم دەدرێت. چونكە دوای پتر لە دەیەیەك، كورد لە كوردستانی باكوور، یەكەمجارە وەكو حیزب بەشداری هەڵبژاردنی گشتی دەبن و ئەگەر بتوانن بەربەستی 10% بۆ گەیشتنە پەرلەمان دەرباز بكەن، ئەوا یەكەمجار دەبێ كە بتوانن وەكو حیزبێكی سەركەوتوو بچنە ناو پەرلەمانەوە. لەبەرامبەردا پارتی داد و گەشەپێدان بۆ یەكەمجار لەمێژووی خۆیدا ژمارەیەكی زۆر كورسی لەدەستدەدات و توانای بۆ گۆڕینی دەستووری وڵات و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ نیمچە سەرۆكایەتی یان سەرۆكایەتیی تەواو، لەدەست دەڕوات.
چارەنووس و داهاتووی سیاسیی توركیا لە گرەوی ئەو هەڵبژاردنەدایە كە لە مانگی حوزەیران بەڕێوە دەچێت. چونكە لەمڕۆوە باس لە چەند سیناریۆیەكی جیاواز دەكرێت كە بەرچاوترینیان ئەوان: پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) بتوانێ رێژەی 10% بهێنێ و بەو شێوەیە ژمارەی كورسییەكانی لە 29 كورسییەوە بەرز بكاتەوە بۆ دوو بەرابەر، واتا نزیكەی 60 كورسی لە كۆی 550 كورسیی پەرلەمانی توركیا. بەوەش ئەگەر حیزبە ركابەرەكانی دیكەی AKP بتوانن كەمێك دەنگی زیاتر بهێنن، ئەوا نەك ئاكپارتی توانای گۆڕینی دەستووری نامێنێ، بگرە بۆ پێكهێنانی حكومەتیش ناچاری پێكهێنانی ئیئتیلاف دەبێت.
لە روانگای دەسەڵاتیشەوە سیناریۆیەكی دیكە هەیە و پێیوایە كە نەك HDP ناتوانێ بچێتە پەرلەمانەوە، بگرە ئەو كورسیانەی كە هەشیەتی لەدەستی دەدات و بەوەش AKP خۆی نزیكی 400 كورسیی پەرلەمان دەكاتەوە، یان لانیكەم زۆرینەی رەهای پەرلەمان و سەرووی 300 كورسی دێنێت (كە ئێستا AKP لە پەرلەمان 312 كورسیی هەیە) و ئەو كاتەش ئەگەر نەیانتوانی بە دوو لەسەر سێی پەرلەمان دەستوور بگۆڕن، وەك چۆن لە 2010 بۆ گۆڕینی دەستوور پەنایان بردە بەر ریفراندۆم، ئەوا هەمان سیناریۆ دووبارە بكەنەوە.
ئامانجی HDP كە ئێستا پتر وەكو پارتێكی سەرانسەریی توركیا و داماڵدراو لە دروشم و بانگەشەی نەتەوەیی دەبینرێت، بەرزەفتكردنی ئاكپارتی، رێگرتن لە گۆڕینی دەستوور و سیستەمی حوكمڕانیی توركیایە لەلایەن ئاكپارتییەوە. بۆیە چاوی لەوەیە كە ئەوەی لە ماوەی 13 ساڵی رابردوو بە حیزبە رەگەزپەرست و كەمالیستەكانی توركیا دەرهەق بە ئاكپارتی نەكراوە، لەسەر دەستی ئەوان بكرێت. سەرانی ئەو حیزبە دەڵێن كۆتایی ئاكپارتی لەسەردەستی هادەپ دەبێت. بۆیەش لەلایەن میدیای كەمالیستەكانەوە حیساباتی ماتماتیكی لەسەر دەكرێت و پشتیوانیش دەكرێن لەو ئامانجەیاندا.
سەركەوتنی هادەپ ئەگەر تەنها بۆ ئیسپاتی ئەوە بێت كە دەتوانن پشتی ئاكپارتی بۆ ركابەرەكانی لەئەرز بدەن، ئەوا مانایەكی ئەوتۆی تێدا نییە، چونكە ركابەرەكانی ئاكپارتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد هیچیان پێ نییە. ئەی خەباتی نەتەوەیی كورد لە كوردستانی توركیا و ئەو هەموو قوربانیدانە لە پێناوی چیدا بوو؟ بەڵام ئەگەر هادەپ نەتوانێ سەربكەوێ، دەبێ بچێتەوە ناو قاوغەكەی خۆی و لە تۆڵەی ئەوە، خۆسەریی دیموكراتیی خۆی لە شارەكانی كوردستانی باكوور رابگەیەنێ، چونكە بواری سیاسەتكردنیان لە ئانكەرە نامێنێ، بەڵام ئایا ئەو رۆژەی ئەوە دەكەن هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ دەست لە پشتی هادەپ دەدەن، هەمان هەڵوێستیان دەبێ؟
هادەپ لەجیاتی ئەوەی چاوی لەوە بێت بە دەنگی كەمالیست و شۆڤینییەكان سەربكەوێ، دەبووایە پرۆژەیەكی بۆ كوردەكانی دەرەوەی خۆی هەبووایە، پرۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی وەها كە هەمووان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، ئەوكاتە ئەمڕۆ كەس حیساب و كتابی وەهای نەدەكرد و هادەپ و ئەوانەی پێش هادەپیش بە مسۆگەری 10% یان دەهێنا و با بەرزەفتكردنی ئاكپارتیش بۆ كەمالیستەكان مابایەوە.
rudaw
21/4/2015