بەختیار کەریم
”ئه‌گه‌ر هەموو مرۆڤایه‌تی جگه له یه‌ک كه‌س هاوڕا بوون و ته‌نها ئه‌و یه‌ک كه‌سه ڕای پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو، مرۆڤایه‌تی له بێده‌نگکردنی ئه‌و یه‌ک كه‌سه‌دا، هیچ ڕه‌وایه‌تیه‌کی زیاتری نییه له‌وه‌ی ئه‌و یه‌ک كه‌سه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، کۆی مرۆڤایه‌تی بێده‌نگ بکات.”
جۆن ستیوارت میڵ
بیریاری گەورەی ئینگلیز (جۆن ستیوارت میڵ) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (دەربارەی ئازادی) پێداگری لەوە دەکات کە پێویستە ئازادیی دەربڕین بێ سنوور بێت، پێویستە چوارچێوەکانی ئەوەندە فراوان بن کە رێگە بە دەربڕینی هەموو رایەک بدرێت، تەنانەت قسە و رای پووچیش. چونکە دواجار ئێمە چۆن بزانین کام رایە بێ بنەمایە و کام رایە بەرگەی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە دەگرێت، ئەگەر فەزایەکی ئازادیی لەم جۆرەمان نەبێت؟ لە ساتەوەختێکدا ئێمە لە جەنگداین لەگەڵ تاریکترین هێزی مێژوو، دەبێ هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانمان بۆ سەرکەوتن، هەمیشە لە خەمی ئازادی‌دا بین. جەنگ ساتەوەختێکی ترسناکە بۆ ئازادی، چونکە لە کاتی جەنگ و پاش جەنگدا کەس لە خەمی ئازادی‌دا نییە. تەنانەت لە زۆر لەو جەنگانەی بەناوی ئازادییەوە کراون، یەکەم قوربانی، خودی ئازادی بووە.
بۆیه براوەی جەنگ ئەو لایەنە نییە کە دوژمنەکەی تێکدەشکێنێت، بەڵام دەستەوسانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی دوای-جەنگ. براوەی راستەقینە ئەو لایەنەی جەنگە، کە لە یەک کاتدا دوژمنەکەی تێکدەشکێنێت و بەها گرنگەکانی مرۆڤایەتیش بەرز ڕادەگرێت و ئازادی دەپارێزێت. یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی جەنگی داعش، ئەوەیە کە ئەم هێزە خاوەنی سێبەرێکی قورسە لەژێر پێستی خۆماندا، داعش درێژکراوەیەکی قێزەونی هەیە کە بەشێکە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خۆمان.
جەنگی داعش ئاسانترە لە جەنگی سێبەرەکەی داعش، چونکە ئەمەی دووەمیان، جەنگێکە کە پێویستە لە هەناوی خۆماندا یەکلایی بکەینەوە. گەورەترین چەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم جەنگە ناوخۆییە، سنووردارکردنی ئازادی نییە، بەڵکو بەرفراوانکردنیەتی.
کاتێک مرۆڤ گوێ لە کەسێکی وەک د. عه‌بدولواحید دەگرێت، پێکەگریان (پێکەنین+گریان)ی دێت. پێکەگریان تێکەڵەیەکی سەیرە لە کاردانەوەی مرۆڤ بەرامبەر بەو شتانەی کە سەراسیمەی دەکەن. لەبەرئەوە پێویستە ئێمە، لە یەک کاتدا وەک تراژیدیایەکی پێکەنیناوی و کۆمیدیایەکی دڵتەزێن، لە دیاردەی عه‌بدولواحید بڕوانین! پێویستە بگرین بۆ ئەو کۆمیدیایەی بەناوی هزرەوە نمایش دەکرێت و پێبکەنین بەو قسە پووچانەی بەناوی ئایینەوە دەکرێت. ئەوەی گرنگە شتێک فێر بین لەم شانۆ تراژۆکۆمیدییەی مرۆڤایەتی کە لە هەناوماندا نمایش دەکرێت. دەتوانین ئەم وانەیە ناو بنێین وانەی ئازادی.
بەخشینی ئازادیی دەربڕین بە عهبدولواحیدەکان، باشترین رێگەیە بۆ دەرخستنی پووچیی بۆچوون و بیرۆکەکانیان، بەپێچەوانەوە سەرکوتکردنیان بەخشینی جۆرێکە لە رەوایەتی بە خۆیان و بۆچوونەکانیان. تا پووچیی بۆچوونێک نیشان بدەین، پێویستە وەک (میڵ) دەڵێت لێگەڕێین بکەوێتە بەردەم نەشتەری گفتوگۆ و وتووێژی گشتی. تەنها لە فەزایەکی ئازاد‌دا دەتوانین لە پووچیی ئەم جۆرە قسانە بگەین و ئاشنا بین بە فشەڵیی ئەو بنەمایانەی ئەم جۆرە گوتارەی لەسەر هەڵچنراوە. مێژووی هزر و دەربڕین نیشانمان دەدات کە بە تێپەڕبوونی کات، خاوەنی ئەم جۆرە بۆچوونە دەبنە بابەتی نوکتە و پێکەنین. لەجیاتی کتێبەکانی مێژوو، ناویان دەچێتە رشتەکانی مروارییەوە!
‘ئیمانۆیڵ کانت’ بێبه‌شکردنی مرۆڤ له ئازادیی ده‌ربڕین له هزر ده‌به‌ستێته‌وه به بێبه‌شکردنی هه‌مان مرۆڤ له بیرکردنه‌وه. گرنگ نییه ئێمه ده‌ربڕین له هزرێك ده‌كه‌ین كه دواجار تێده‌گه‌ین هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ژینگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌بار فه‌راهه‌م بكه‌ین بۆ ده‌ربڕین له هزره‌کانمان، ژینگه‌یه‌ک كه تێیدا له ئه‌نجامی راگۆڕینه‌وه و بهریهکكهوتنی بۆچوونه‌کانمان، ده‌توانین ئه‌م بۆچوونانه به‌راورد بكه‌ین و هه‌ڵه و راستییان تاقی بكه‌ینه‌وه و له ئه‌زموونی یه‌کدی فێر بین.
زۆر گرنگه بزانین كه بۆچوونی پووچ، بۆچوونێک كه توانای نه‌بێت له‌ژێر تاقیکرده‌نه‌وه و له به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌زمووندا خۆی ڕابگرێت، له هیچ کۆمه‌ڵگایه‌کدا ناتوانێت به‌ئاسانی جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا كه خاوه‌نی ئه‌زموونی درێژن له دیبەیتی کۆمه‌ڵایه‌تی. کەواتە لەم قۆناغە مێژووییە گرنگەدا پێویستە ئێمە عهبدولواحیدەکان بکەین بە دەوازەیەک بۆ دروستکردنی کولتووری گفتوگۆ، نەک بەناوی شەڕکردن لەگەڵ تاریکیدا، ئازادیی بکەینە یەکەم قوربانی، پێویستە لێگەڕێین عهبدولواحیدەکانەکان قسە بکەن، خۆشمان بوێریی ئەوەمان هەبێت گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین. عهبدولواحیدەکان لەودیو دەمامکێکی ئایینییەوە و لەپشت پەردەیەکی پیرۆزەوە قسە دەکەن، کاتێک ئەو پەردەیەمان هەڵدایەوە و ئەو دەمامکەمان هەڵماڵی، چیتر یان کەس گوێ لە عهبدولواحیدەکان ناگرێت، یان عهبدولواحیدەکان بە خۆیاندا دەچنەوە.
کەواتە پێویستە شەڕێ ئێمە لەگەڵ عهبدولواحیدەکان شەڕێک نەبێت کە ئامانجەکەی دەموکتکردنە، بەڵکو شەڕێک بێت کە ئامانجەکەی ئازادیی دەربڕینە بۆ هەموان، شەڕێک نەبێت لەدژی ئایین، بەڵکو شەڕێک بێت لەپێناوی رزگارکردنی ئایین لە عهبدولواحیدەکان، شەڕێک نەبێت لەدژی ئازادیی ئایینداری و ویژدان، بەڵکو شەڕێک بێت لەپێناو ئازادیی ویژدان و ئاینداری و بێئایینی.
دەکرێت لەجیاتی پێشنیارکردنی دەمکوتکردنی عهبدولواحیدەکان بەناوی پاراستنی پیرۆزییەکانەوە، ئەوانەی هەست دەکەن بە قسەی لەم جۆرە بیریندار بوون، پەنا بەرنە بەر دادگایەکی مەدەنی و داوای قەرەبووی دارایی بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر عه‌بدولواحید بڕێکی باش پارە غەرامە بکرێت، جارێکی تر گوێمان لە دەنگی نابێت. بەڵام ئەگەر عه‌بدولواحید بەناوی پاراستنی پیرۆزییەکانەوە بخرێتە زیندانەوە، ئەوا قارەمانێک و قوربانییەکی لێ دروست دەکەین و رەوایەتی دەدەین بە عهبدولواحیدەکان.
لە کۆتاییدا، شەڕی پیرۆزییەکان، ئایینی بن یان نەتەوەیی، شەڕێکی سامناکە و قوربانییەکەی بەهاداترین سەرەوتی مرۆڤ دەبێت کە ئازادیییە.
17/4/2015