فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-12-15-08-33 زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت. لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ...
2025-04-04-11-24-39قۆڵی لەنێوان (ئێران و تورکیاو رووسیا)، بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسوریا سازدرا. کە ڕۆژێک پێشتر لە (١٢/٦ )هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، شاری (حەمایان ) کۆنترۆڵ کردبوو. بەمانایەکی...
2025-04-04-11-19-41هەڵبژاردوە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم هەموو کتێبەکە تەرجومە بکەمەوە .خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر مرۆڤێکی ڕادیکاڵ و عەدالەتخواز پێویستە. ئێمە تورک نین، ئێمە کوردین! جواهیر لال نەیهرۆ*...
2025-03-31-05-08-32حکومەتی دیفاکتۆ و خۆماڵی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات چێ بکات و دەگەل گەلانی دیکەی مووسلمانی ئێران بە هاوژینی بەئاشتی و باش بژیویی‌ گشت ڕەهەندی بژێت، و...
2025-03-30-02-45-13 زەفەریان پێ نەبات و هەموو کات پێکەوە بن تا بتوانن سەرکەوتوو بن "" ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە مافە نەتەوەیەکان پاشگەز بکەنەوە خەیاڵیان خاوە، ئەوانەش...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

بەهادین جەلالbahaadin jalal 

قسەكردن لەسەر ڕۆڵی میدیا ئەوەندەی بایەخدانە بە پاراستنی كۆمەڵگە و بەشداریی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا، هێندە مەسەلەكە لەسەر ئەوە نییە میدیا چۆن كار دەكات، یاخود چۆن ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەكان دەكات، یان دەسەڵات بە خۆمان بدەین پۆلێنی شێوازە جیاوازەكانی كاری ڕۆژنامەگەریی ئازاد بكەین، هەر بۆیە بە پلەی یەكەم بابەتەكە پەیوەستە بەو ئاراستەیەی كە چۆن میدیا دەبێتە فاكتەرێك بۆ كارلێكی خەڵك لەگەڵ ڕووداو و رەوشە سیاسییەكە و چۆن ئاراستەی ڕاستی بۆ پیشنیار دەكات، بۆ ئەوەی خەڵك لەناو پرۆسەی حوكمڕانیدا ڕۆڵی هەبێت، لێرەوە میدیا یان كاری ڕۆژنامەگەریی پرۆفیشیناڵ جیاوازە لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبووك و تویتەر كە هەموو هاووڵاتییەك دەتوانێت لەهەر ساتێكدا بیەوێت زانیاری لە ماڵپەری خۆی بڵاو بكاتەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەگەر بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیاوە، هەموو هاووڵاتیەكی ئاسایی نەك تەنیا پێداویستیی ڕۆژنامەنووسێكی كلاسیكی لەبەردەستدا بێت وەك كامێرا و ڕیكۆردەر لە هەمان كاتدا بەهۆی لاپتۆپەكەی بەردەستیەوە وەك خاوەنی دامەزراوەیەكی میدیا خاوەنی بڕیاری بڵاوكردنەوەیە لەسەر هەموو ئاستەكانی بینراو، بیستراو، نووسراو، بۆیه‌ لەم حاڵەتەدا ئەگەر ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ بەرهەمەكەی جیاوازتر نەبێت لە بەرهەمی ئەو هاووڵاتییەی كە تەنیا بۆ خۆشیی خۆی زانیاری بڵاو دەكاتەوە، ئەوا هیچ جیاوازییەكیان نابێت، بۆیە لێرەوە ئەركی ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ قورستر بووە، ئەمەش واتە ڕۆژنامەنووس تەنیا ئەركی ئەوە نییە زانیارییەكان بگەیەنێت، بەڵكو ئەركێكی دیكەشی بۆ زیاد بووە كە بریتییە لە هاندانی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی حكومڕانیی وڵاتدا بكەن و هاووڵاتیان هۆشیار بن بە وردەكاریی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان تا بتوانن بڕیار بدەن.

ئەگەر ڕۆژنامەگەری تاقی بكەینەوە، تا بزانرێت شێوازی جۆراوجۆری كاركردن چ كاریگەرییەكی هەیە. ئایا تاچەند پابەندبوونی ڕۆژنامەنووسان بە پرانسیپە سەرەكییەكانی وردبینی و بابەتی و سەربەخۆیی و دادپەروەری، كاریگەریی هەیە و لە هەمان كاتدا هاووڵاتیانیش پێویستیان پێیەتی، ئاكامی ئەم تاقیكردنەوانە دەری خستووە، شێوازی پیادەكردنی ڕۆژنامەگەریی خەڵك، بووه‌تە ئەو هەوڵەی كە سەرنووسەر و بەڕێوەبەرانی هەواڵ دەیخەنە گەڕ تا ئەركەكانیان بەو شێوەیە پیادە بكەن كە هاوكاریی خەڵك بكات بەسەر هەستی گۆشەگیری و نەتوانیندا زاڵ بن، ئەو ڕۆژنامەگەرییە ئامانجی ئەوەیە كە خەڵك سەبارەت بەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن هۆشیار و ئاگه‌دار بكات و بتوانن بۆ بەرژەوەندیی گشتی بڕیار بدەن و بەشداری لە دیالۆگ و خزمەتگوزاریی گشتیدا بكه‌ن، بە شێوەیەكی گشتی پیادەكردنی بەرپرسیاریەتییان لە سیستمی دیموكراتیدا.

ئەوانەی لەم شێوازەی ڕۆژنامەگەرییە كار دەكەن پێیانوایە دەكرێت سیستمێكی ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەكان بەو شێوەیە بونیاد بنرێت، كە خەڵك لەگەڵ خوێندنەوە یان بینینی ڕووماڵەكە بیر بكاتەوە، نەك تەنیا سەیر بكەن یان لەدوورەوە چاودێریی ڕووداوەكە بكەن، لەم حاڵەتەدا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەم جۆرە كارەكانیان دەكەن بڕوایان بەوەیە كە بەرپرسیاریەتیی سەرشانیان بەرامبەر بە خەڵك لەسەریانی فەرز كردووە كە بەو شێوەیە ڕەفتار بكەن، هەستكردنیش بەم بەرپرسیاریەتیە ڕۆژنامەنووس لەوە دوور دەخاتەوە ڕۆڵی دەمسپی بۆ خەڵك بگێڕێت، بەپێچەوانەوە ڕۆژنامەنووس لە ناوچەیەكی بێلایەن ڕادەوەستێت و هەوڵ دەدات هاووڵاتیان بە زانیاریی ڕاست پڕچەك بكات و هەندێك شێوازی چارەسەری كێشەكان وەك پێشنیار بخاتە بەردەستی خەڵك، لەم حاڵەتەدا كە ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵی ئاراستەكردنی خەڵك لەئەستۆ دەگرن بۆ بەشداریكردن، بەڵام دەستبەرداری چاودێری نابن، ویژدانیشیان ئاسوودەیە كە لە شێوازی هێرشبەری سەرسەخت دوور كەوتوونەتەوە. هەر ئەمەش وا دەكات لەم شێوازەی كاری ڕۆژنامەگەریدا پێناسەی چەمكی هەواڵ فراوانتر بێت و هەواڵ تەنیا بریتی نەبێت لە كێشە و دووركەوتنەوەی لایەنەكان لە یەكتری، بەڵكو پێناسەی هەواڵ لەم شێوازەدا گواستنەوەی مەعریفەیە بۆ هاووڵاتی، بۆیە چۆن بایەخ بە كێشەكان دەدات بە هەمان شێوە بایه‌خیش بە ڕێككەوتن دەدات، چۆن بایەخ بە شكست دەدات، بایەخ بە سەركەوتنیش دەدات. هەربۆیە كاریگەریی ئەم شێوازە لەسەر ئاستی كۆمەڵگە دەبێتە هۆكاری ئەوەی توانای هاووڵاتیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان زیاتر بێت، بۆ ڕۆژنامەگەریش كاریگەریی بەو جۆرە دەبێت كە ڕۆژنامەنووس زیاتر لە خەڵك نزیك بێتەوە، ئەم نزیكبوونەوەیە لە ئاكامی قووڵبوونەوەی نووسینەكانە لەسەر كێشەكانی كۆمەڵگە.

14/4/2015

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان