دانا نەوزەر
دەگێڕنەوە كۆمەڵە كەسێك بەهەڵەداوان خۆیان دەگەیەننە لای كاك ئەحمەدی شێخ و دەڵێن یا شێخ فریا كەوە كۆمەڵە قەشەیەكی مەسیحی هاتوون خەریكە خەڵكی شارەكەمان دەكەنە گاور. ئەو سەرەتا پێیان دەڵێت كە كورد دەست لە ئیسلام بەرنادات و ترسیان نەبێت، بەڵام پاش داوای زۆری میوانەكانی، كاك ئەحمەد لەگەڵیان دەڕوات بۆ شارەكەیان و لەوێ دەبینێت چەند كەسێك بە جلی قەشەوە خەریكی باسكردنی دینی مەسیحین بۆ خەڵكێكی زۆر و خەڵكەكەش بە وردی گوێ قوڵاغن. پاش تەواوبوونی قسەی قەشەكان، كەسێك هەڵدەستێتەوە و بەدەنگی بەرز دەڵێت "سەیدی عالەم محەممەد سەڵاوات" خەڵكەكەش بە دەنگی بەرز سەڵاواتێ دەنێرن بۆ پێغەمبەری ئیسلام. كاك ئەحمەدی شێخیش دەڵێت من پێمگوتن ترسی ناوێت و كورد دەست لە ئیسلام هەڵناگرێت. ئیسلام كە زیاتر لە هەزار ساڵ لەپێش لەدایكبوونی كاك ئەحمەدی شێخەوە بووەتە ئاینی زۆرینەی كورد، تائێستاش بەشێوەیەكی رەها ئاینی زۆرینەی خەڵكە. ئەگەرچی هیچ داتایەكی زانستیمان لەبەردەستدا نییە دەربارەی ناسنامەی دینیی خەڵك لە كوردستان، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان بەتایبەتی باشووری كوردستان خۆیان بە موسڵمان دەزانن. رێژەی شوێنكەوتووانی ئاینەكانی دیكە و ئەو كەسانەی كە باوەڕیان بە هیچ ئاینێك نییە كەمترە لەوەی بەراورد بكرێت بە ژمارەی موسڵمانان. دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لەو كوردانەی خۆیان بە موسڵمان دەزانن هیچ پابەندیەكیان بە فەرمانەكانی ئیسلامەوە نەبێت لە وێنەی نوێژ و رۆژوو، هەروەك دەكرێت خەڵكانێك بن لەگەڵ هەموو بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامیدا كۆك نەبن و رەخنەیان هەبێت، بەڵام دواجار خۆیان بە موسڵمان دەزانن. لێرەدا موسڵمانبوون ئەوەندەی شوناسێكە بۆ ناسینەوەی مرۆڤەكە ئەوەندە شوێنكەوتن و پابەندبوون نییە بە ئاینەكەوە.
ئەم قسەیە دوو لایەن تووڕە دەكات. یەكەمیان ئەو ئیسلامیانەن كە پێیانوایە موسڵمانێتی شوناس نییە و پابەندبوونێكی جددیە بە ئاینەوە و كەسێك ئەركە ئاینیەكان جیبەجێ نەكات ناشتوانێت خۆی بە موسڵمان دابنێت. دووەمیشیان ئەو رۆشنبیر و سیاسیە سیكولاریستانەن كە پێیانوایە ئیسلام و هەر ئاینێكی دیكە دەبێت وەك بابەتێكی شەخسی بمێننەوە و ناكرێت ببێتە شوناسی میللەتێك. تێڕوانینی یەكەم خۆی لە ئیسلامیەكانی كوردستاندا دەبینێتەوە، بەڵام تێڕوانینی دووەم لە جوڵانەوەیەكی سیاسیی دیاریكراودا خۆی رێكنەخستووە، بەڵكو بەشێوەی تاك و كوتلە بەسەر چەند حیزبێكدا دابەش بوون. ئەم دوو هەڵوێستە ئەوەندەی ئایدیۆلۆجین، ئەوەندە تێڕوانینێكی واقیعی نین بۆ كۆمەڵگەی كوردی. هەردوو تێڕوانینەكەش پەڕگیرن و خاوەنی زۆرینەی دەنگدەران نین.
ئەمەی كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان كوردی موسڵمانی سوننەن، كوردستانی لە سێ كێشەی گەورە دوورخستووەتەوە كە ئەوانیش كێشەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبین.
پاراستنی ئەم زۆرینەیە ئەركێكی ستراتیجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. گریمان كوردستان نیو بە نیو بەسەر موسڵمان و مەسیحیدا دابەش بووایە، یاخود رێژەیەكی گەورەی شیعە لەبەرامبەر سوننەدا هەبووایە، یان لە كوردستاندا رێژەی كورد كەمێك لە رێژەی نەتەوەكانی دیكە زیاتربووایە، ئێستا ئێمەش هیچمان لە وڵاتانی دراوسێمان كەمتر نەدەبوو كە بەدەست دابەشبوونی ئیتنی و ئاینی و مەزهەبیەوە گیرۆدەن. ئەوەی كە زۆرینەی ئەم وڵاتە یەك ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیی هەیە، بەختێكی باشە و دەبێت بقۆزرێتەوە نەك بشێوێنرێت.
ئەوانەی بەناوی بەرگری لە كەمینە ئاینییەكان یاخود بەرگری لە ئازادیی دینداری دەیانەوێت ئیسلام لە فەزای گشتی بكەنە دەرەوە و وەك ئاینێكی لاوەكی مامەڵەی بكەن و بگرە لەڕێی پشتیوانی گرووپە تەبشیرییەكانی ئاینەكانی دیكەوە دژایەتی بكەن، مەترسی گەورەن و كوردستان تووشی سەرئێشەیەك دەكەن كە پاش چەند ساڵێك دەبێتە كارەسات. هەروەك ئەوانەش كە ئیسلام لە كۆمەڵێك یاسای سەدەی حەوتی زاینیدا قەتیس دەكەن، ئەوانیش مەترسی جددین و دەبێت هەم لە رێگەی دامەزراوەی ئاینییەوە و هەم لە رێگەی دەزگا حكومیەكانی دیكەشەوە هەوڵی كپكردنیان بدرێت.
كاك ئەحمەدی شێخ راستی فەرموو، ئێمە ناتوانین دەست لە ئیسلام هەڵگرین، بەڵام دەتوانین ئەو مۆدێل و تێگەیشتنە لە ئیسلام هەڵبژێرین كە سازگارترینە لەگەڵ رۆحی ئەم سەردەمە. لێرەدایە كە دووبارە رێچكەی كاك ئەحمەدی شێخ و رێبازی سۆفیگەری بایەخ پەیدا دەكاتەوە. سۆفیگەری بە پێچەوانەی هەموو تەوژمە ئاینییەكانی دیكەی كوردستان، رێبازێكی خۆماڵیە و بەشێكی زۆری رابەرانی لە كوردستان گەورەبوون. تەنانەت لەم بوارەدا كورد پێشەنگی دونیایە و موسڵمانانی وڵاتانی دیكە شوێنكەوتوون. چەق و سەنتەری تەریقەتی نەقشبەندی و قادری كە دوو لە گرنگترین قوتابخانەكانی سۆفیگەرین، لە كوردستاندایە. سۆفیگەری لەكاتێكدا ئاین وەك ئەخلاق و رەوشتی جوان لای مرۆڤ تۆخ دەكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا گرنگی بە رەمز و دروشم دەدات، بەڵام راستەوخۆ دەست لە حوكمداری و سیاسەت وەرنادات. دەكرێت لەڕێی مۆدیلێكی مۆدێرنی سۆفیگەرییەوە ئیسلامێك گەشە بكات كە لێبووردەیە و خەڵك لە دەوری یەك كۆدەكاتەوە و تاكی باش و كۆمەڵگەی یەكگرتوو دروست دەكات. خوێندنەوەیەكی نوێی سۆفیگەری و دووبارە تازەكردنەوەی و گونجاندنی لەگەڵ ئێستاماندا لە یەك كاتدا پێگەی ئیسلام دەپارێزێت وەك ئاینی زۆرینە و ئاینی گشتی، لە هەمان كاتیشدا ئەڵتەرناتیڤ و بەربەستێك دەبێت بۆ بیری سەلەفیی هاوردە و هەموو جۆرەكانی توندڕەویی ئیسلامی.
9/4/2015