ستران عه‌بدوڵلا
رووداوی توركیا وا به په‌له ده‌ڕوا وتار و سه‌رنجێك، یان شرۆڤه‌یه‌كی یه‌كجاریی ده‌رقه‌تی نایات. به تایبه‌تی توركیای ئێستا، توركیای سه‌رده‌می دادوگه‌شه‌پێدان و سه‌ركومار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان كه پانزه ساڵه گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری له سیمای سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و وڵاته ده‌كات و هێشتاش زۆری تریان ماوه. رووداوی ئێستای توركیا زنجیره درامای چاودێری و به‌دواداچوون و په‌راوێزنووسینی گه‌ره‌كه تا وه‌فاداری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و جه‌ریانه بێت كه جیاوازی تێڕوانینی له‌سه‌ره، به‌ڵام مه‌علومه كه‌س شك له‌وه ناكات ئه‌م جه‌ره‌یانه وڵاتێكی تری خوڵقاندووه و سه‌ری پێوه‌ناوه شتی گه‌وره‌تر بگۆرێت. ئه‌وه‌ی له توركیا‌و له دونیای سیاسه‌تیدا ده‌قه‌ومێت وه‌ك درامای سه‌د ئه‌ڵقه‌یی و چه‌ند وه‌رزی ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی توركیایه كه فره لینك و فره ره‌هه‌ند و به یه‌كدا چووه، درامای توركی كه عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م شێتی بووه و كوردی باشووریش له‌ده‌ستی دووه‌میه‌وه ده‌یكڕێ و ده‌ردخواردی ده‌درێت. زۆربه‌ی هۆنینه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییه كه په‌ره‌سه‌ندنه‌كه‌ی بۆ ڕێكه‌وت یان بۆ ئه‌ندازه‌ی سه‌رنجی بینه‌ران و كاردانه‌وه‌یان له به‌رامبه‌ر پاڵه‌وانه‌كان و ڕه‌فتار و گوفتاریان به جێهێڵراوه. به گوێره‌ی ئه‌مه دراماكه ده‌ستكاری ده‌كرێت و ئاراسته‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كه بۆ كۆمێدی یان ڕۆمانسی یان ئه‌كشن، سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. له درامای توركیدا كه‌س تا سه‌ر كوڕی چاك و خانه‌دان، خانمی سه‌لار و كچی لاسار نییه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه ڕۆمانسی و كه‌مه‌ندكێشه له نیوه‌ی دراماكه‌دا ده‌بێته پیاوكوژ و تاوانكار و ئه‌وه‌ی له ئه‌وه‌ڵین ئه‌ڵقه‌وه بریارت داوه وه‌ك شه‌ڕانگێز و به‌د عه‌مه‌ڵ ڕقت لێی بێت له‌وه‌رزی دووه‌مدا به فلاش باك و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌كته‌رێكی لاوه‌كی بۆت ده‌رده‌كه‌وێت باوكێكی به سۆزی منداڵه‌كانێتی، مێردێكی به‌وه‌فای براژنمانه له‌ناو دراماكه‌دا. ئێ مه‌علومه كه‌سی وا كه خۆی په‌رۆشی باوكایه‌تی و ماڵداری بێت چۆن تاوانباره و ماڵی خه‌ڵكانی تر ده‌روخێنێت؟!
ڕاستییه‌كه‌ی به‌نده كه چه‌ندین ساڵه له‌سه‌ر توركیا ده‌نووسم و كتێبیشم له‌سه‌ر كوردستانه‌كه‌ی هه‌یه و به پچڕ پچریش بێت له‌گه‌ڵ منداله‌كاندا سه‌یری ئه‌م ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و درامایه و ئه‌و گرته‌ی ئه‌وی تریان ده‌كه‌م و بۆ گه‌یشتن به‌م شرۆڤه دوو دانه‌م به‌ته‌واوی ته‌ماشاكردوه، تا ئێستا بۆم روون نه‌بۆته‌وه داخۆ سیاسه‌تی توركیا له دراماكه‌ی ده‌چێت یان درامای سه‌رنجڕاكێشی توركی چاو له سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات؟ هه‌ردوولا له‌یه‌كتری ده‌خۆن و ئیلهامبه‌خشی یه‌كترن له‌گه‌لێك و وێستگه‌دا و هه‌ردوولاشیان كوردیان به خۆیانه‌وه ئالوده كردووه.
ڕه‌نگه ئه‌و خه‌سڵه‌ته دراماییه هونه‌رییه چمكێكی ئه‌و گۆڕانكارییه دراماتیكییه روون بكاته‌وه كه به‌سه‌ر توركیادا هاتووه له‌م پانزه‌ساڵه ئۆردوگانییه‌دا، چونكه له‌م پانزه ساڵه‌دا وه‌ك پانزه سه‌ده‌ی رابردووی ژیانی جیهانی توركی گۆڕانكارییه‌كان گه‌وره و كاریگه‌رن به‌هه‌ردوو دیوی ئیجابی و سه‌لبییه‌وه. گۆڕانكارییه‌كان درامای ژیانی سیاسی توركیایان پڕكردووه له ناكۆكی و گرێی ململانێی سیاسی زیندوو.ته‌نانه‌ت خه‌سڵه‌تی گۆڕانكاری له كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، له هاوپه‌یمانێتیی و دابونه‌ریتی سیاسی هه‌موو ئاراسته‌و پێكهاته سیاسییه‌كان چه‌شنی خه‌سڵه‌تێكی درامی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و هه‌ندێك جاریش وه‌رگۆڕینی دراماتیكی له‌كه‌سایه‌تی سیاسییه‌كان چرترو دیارتره له‌وه‌ی له تیفتیفه‌ی دراماكانی ته‌له‌ڤزیۆندا ده‌یبینین. ره‌نگه ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بێت دڕه‌ختی ژیان سه‌وزتر و به‌به‌رتره و هه‌ر ده‌بێ درامای ژیان له هی هۆنینه‌وه‌ی درامانووسه‌كان سه‌وزتر و ته‌ڕ و پڕتر بێت.
داخۆ ئه‌م دراما ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی سیاسی سه‌ر بۆ كوێ ئه‌كێشێت و له‌كوێ ده‌نیشێته‌وه؟
وه‌ك ده‌زانین دراماكانی سه‌ر شاشه چه‌ند بخایه‌نن هه‌ر له ئه‌ڵقه‌یه‌كدا ڕاده‌وه‌ستێت و هه‌ر له‌وه‌رزێكدا بینه‌ر و ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ریش لێیان بێزار ده‌بێت و شوێن بۆ درامایه‌كی تر چۆڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام درامای ژیانی ڕاسته‌قینه باوكی هه‌موو دراماكانه‌و درێژترینیانه، ئه‌گه‌ر شوێنیش چۆڵ بكه‌ن بۆ كه‌سی تر و پاڵه‌وانی تر ئه‌وا له ناونیشان و تایتڵی یه‌ك درامادایه كه راوه‌ستانی بۆ نییه مه‌گه‌ر داهێنه‌ره گه‌وره‌كه، خوای تورك و خوای عه‌جه‌م و كورد و عه‌ره‌ب و ئیفره‌نج له كۆتایی ژیاندا هه‌موو شانۆ و شاشه‌و سه‌كۆكان دابخات، ئه‌وه‌ش له پێشبینی عه‌بده‌كانی، با عه‌بده شرۆڤه‌كاره‌كانیش بن، به ده‌ره.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانین دراما سیاسییه‌كه‌ی توركیا به كوێ ده‌گات و له‌به‌ر هۆكاری سه‌ره‌تاش كه گوتمان یه‌ك وتار و سه‌رنجدان تێری جموجۆڵه‌كه‌ی ناكات، بۆیه وا منیش چاو له دراما توركییه‌كان ده‌كه‌م و بڕیارم داوه زنجیره‌ی ئه‌ڵقه‌ی وه‌رزێك له‌سه‌ر رۆژانه‌ی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی توركیا بنووسم و به‌شی ئه‌وه‌ی پێوه‌بێت خوێنه‌ری كوردستانیی له‌و ئاڵۆز باڵۆزه‌ی وێنده‌ر تێبگات، دڵنیا نیم ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم چه‌ند سه‌رنجراكێش ده‌بێت به تایبه‌تی دراماكه‌ی من به‌هارات و زه‌رده چه‌وه‌ی ڕۆمانسی و دیمه‌نی كیژه جوانه‌كانی ئه‌سته‌نبول و كوڕه قۆزه‌كانی وانی تێدا نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ململانێكانێتی كه چه‌ندی جوان بنوێنێ هێشتا دزێوی و گرژی و مۆنی دیمه‌نی زاڵیه‌تی. وێجا وه‌كو ئه‌مانه‌تێك به‌و گێڕانه‌وه‌یه ئه‌م سه‌ره‌تایه قفڵ ده‌ده‌م كه له‌گه‌ڵ خانمه نووسه‌رێكی توركدا هه‌مبووه.
خانمی نووسه‌ر، به‌لما ئاقچوورا، له‌ساڵی 2008دا كتێبێكی به ناوی فیلمه كوردییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت نووسیووه، ئه‌م كتێبه‌ی كراوه‌ته كوردییش له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ڕاپۆرت و پرۆژانه ده‌دوێت كه له ماوه‌ی ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر پرسی كورد له‌لایه‌ن نوێنه‌ره ره‌سمییه‌كانی خودی ده‌وڵه‌ته‌وه ئاماده كراوه و هیچیان لێ شین نه‌بووه(فیلمه كوردییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت، راپۆرته‌كانی سه‌باره‌ت به كورد له ساڵی 1925-2007، به‌لما ئاقچوورا، وه‌رگێرانی ئه‌رده‌لان گۆران، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، ساڵی 2010)
خانم كه پێده‌چێت جۆشی به بنه‌چه كورد بیت نووسیویه‌تی له منداڵییه‌وه گوێم له باسی مه‌سه‌له‌ی كورده، كه گه‌وره‌ش بووم بڕیارمدا ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر كۆی ئه‌م پڕۆژانه بنووسم كه له كۆتایی عوسمانییه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌تاتورك و عیسمه‌ت ئینینۆ و كۆماره‌كانی دوای كوده‌تای 1960 ئاماده‌كراون و كه‌چی ئه‌م فیلمه هه‌ر كۆتایی نه‌هاتووه. بێگومان به‌لما خان ئیلهامی ناونیشانه‌كه‌ی له‌و فیلمه‌وه وه‌رگرتووه له سه‌ره‌تای كتێبدا چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گێرێته‌وه. فیلمێك گوایه ده‌وڵه‌ت به سوپا‌و ئیستیخبارات و چه‌ند داموده‌زگایه‌كی گه‌وره‌وه بڕیاریان داوه به‌رهه‌می بهێنن وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی پڕوپاگه‌نده دژی ته‌ڤگه‌ری كوردی و (پێ كه كه) له دونیادا بڵاوی بكه‌نه‌وه و گوایه تیرۆر و جینایه‌ته‌كانی ئه‌وان دژی توركیا بناسێنن. فیلمی پروپاگه‌نده‌ی بودجه بۆ ته‌رخان كرا‌و چه‌ند جار ده‌ستكاری كراوه لێ هه‌ر به‌رهه‌م نه‌هات و شاشه‌ی نه‌دیت.
ئه‌و كتێبه(فیلمه كوردییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت) جگه له‌وه‌ی ئه‌رشیفی هه‌موو پرۆژه‌كانی سیاسه‌تی ره‌سمییه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد رێڕه‌وێكی شرۆڤه‌كاری جوانی گرتوه‌ته به‌ر بۆ ده‌رخستنی ئازاره‌كانی توركیا به‌ده‌ست كێشه‌یه‌كی ڕه‌وای وه‌كو كێشه‌ی كورده‌وه.
به‌نده ناسیاویم له‌گه‌ڵ به‌لما خانمدا په‌یدا كرد وه‌ختێك میوان بوو له‌كوردستان، پێم گوت: ئه‌و كتێبه‌ت چاك و به‌كه‌ڵكه و ناونیشانه‌كه‌شی ئیلهام به‌خشه بۆ ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌ی له‌سه‌ر كورد دواوی له‌سه‌ر توركیاش بدوێین. گوتم (دراماكه‌ی توركیا) ناوێكی چۆنه بۆ زنجیره‌یه‌ك نووسینی وا له‌سه‌ر توركیا؟
(دراماكه‌ی توركیا) كوڕی ئه‌و وتوویژه بوو، ئه‌گه‌رچی چاره‌نووسی دوو ساڵ دوا كه‌وت.
ستران عه‌بدوڵلا
4/4/2015