فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 ره‌زا شوان ـ نه‌رویج

reza shwan بەشی دووهەم

له‌ به‌شی یه‌که‌مدا باسمان له‌ کاریگه‌رییه‌کانی ته‌له‌فزیۆن له‌سه‌ر منداڵان کرد. له‌م به‌شه‌دا، باس له‌ کاریگه‌رییه‌ باش و خراپه‌کانی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت له‌ سه‌ر منداڵان ده‌که‌ین. که‌ چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کییان له‌ژیانی ئه‌مڕۆ له‌ داهاتوویاندا ده‌بێت. ئه‌مڕۆ کۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و ده‌زگاکانی یارییه‌ هه‌مه‌جۆره‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان ، بوونه‌ته‌ ده‌زگاکانی ماڵان ، ‏حه‌ز بکه‌ین و حه‌ز نه‌که‌ین ، بوونه‌ته‌ پێویستییه‌کانی خێزان.. ئاخۆ له‌ ساڵانی داهاتوودا، ده‌بێت چ ده‌زگایه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر بێنه‌ کایه‌وه‌..بێگومان داهێنان ناوه‌ستی و ئه‌و شت و ده‌زگایانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌لای ئێمه‌وه‌ تازه‌ و په‌سه‌ند و سه‌یرن.. له‌ سبه‌ینێدا ده‌بنه‌ ئاسایی و باویان نامێنێت و، نه‌وه‌ی دوای ئیمه‌ پێیان رازی نابن.... چونکه‌ رۆژگار له پێشبڕکێیه‌کی‌ خێرادایه‌ و ، رۆژ له‌ دوای رۆژ گۆڕانکاری و تازه‌گه‌ری و جۆره‌ها داهێنانی تازه‌تر و سه‌یرتر و جوانتر له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ده‌بینین.. مۆدێلی جوانتر و باشتر دروست ده‌کرێن.. مرۆڤیش به‌پێ ئه‌و رۆژگاره‌ی تێیدا ده‌ژێت و رادێت و خۆی ده‌گونجێنێت.. ئه‌م داهێنان و گۆڕانکاری و تازه‌گه‌رییانه‌ش هه‌ر زاده‌ی هزر و بیری مرۆڤ خۆین.. ئه‌گه‌ر ئه‌م کێبڕکێ و ململانێیانه‌ش نه‌بوونایه‌.. ئه‌گه‌ر پێویستیمان به‌ پێویستی زیاتر و شتی باشاتر و تازه‌تر نه‌بوایه‌.. پێش نه‌ده‌که‌وتین و داهێنان و تازه‌گه‌ری و گۆڕانکاریش له‌ ژیانماندا روویان نه‌ده‌دا.. ئه‌م راستییه‌ش ده‌زانین که‌، پێچکه‌ی ره‌وڕه‌وه‌ی ژیان و پێشکه‌وتن ناوه‌ستێ و.. هه‌رده‌م بۆ پێشه‌وه‌ ده‌خولێته‌وه‌.

 له‌ ئه‌مڕۆدا ، ئینته‌رنێت بۆته‌ ده‌زگایه‌کی سه‌ره‌کی و پێویستییه‌کی هه‌موو ماڵان.. شوێنی خۆی له‌ ناو خێزاندا کردۆته‌وه‌.. گه‌وره‌ و منداڵ هۆگری بوونه‌ و رۆژانه‌ ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت به‌سه‌ر ده‌به‌ن.. وای لێ هاتووه‌ له‌ هه‌ر ماڵێکدا هه‌ر که‌سه‌و ئینته‌رنێتی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه‌.. مۆدێلی هێنده‌ بچووک و سووک و ئاسانیش دروستکراون ، که‌ ده‌خرێنه‌ ناو گیرفانه‌وه‌ و بۆ هه‌ر شوێنێک بڕۆین له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌یبه‌ین و.. هه‌ر کاتێکیش بمانه‌وێت ، ده‌توانین به‌کاری بهێنین.. ئینته‌رنێت یه‌کێکه‌ له‌ ده‌زگا هه‌ره‌ گرنگه‌کانی شۆڕشی پیشه‌سازیی نوێ.

 هه‌موو ئه‌و رۆڵ و مه‌به‌ست و خه‌سڵه‌تانه‌ی، که‌ له‌ ده‌زگاکانی رادیۆ و ڤیدیۆ و ته‌له‌فزۆن و کامیرا و تۆمارکه‌ر و ته‌له‌فۆن و کتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌ و له‌ چه‌ندین ده‌زگا و ئامێر و داهێنانه‌کانی تردا هه‌ن.. ئینته‌رنێت هه‌ر هه‌موویانی له‌ له‌خۆیدا کۆکردوونه‌ته‌وه‌.. بۆیه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئینته‌رنێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ شای داهێنانه‌کان و به‌ گرنگترین و به‌سوودترین ده‌زگای پێویستی گه‌شه‌گردن و پێشکه‌وتنی بواره‌کانی ژیانمانی بزانین‌.. به‌ هۆی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌ ئاسانی و به‌ که‌مترین ئه‌رک و به‌کورترین ماوه‌.. ده‌توانین ئه‌نجام و مه‌رامێکی گه‌وره ئه‌نجام بده‌ین.. له‌ کورترین ماوه‌دا به‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هاوڕی و که‌سوکار و که‌سانی تره‌وه‌ بکه‌ین.. ده‌توانین به‌ خێراترین کات نامه‌ بۆ یه‌کتری بنێرین و هه‌ر به‌و خێراییه‌ش وه‌ڵامه‌کانیان وه‌ربگرینه‌وه‌.. ئینته‌رنێت جیهانی به‌رینی کردووه‌ به‌ گوندێک و.. هه‌ر کاتێک بمانه‌وێت.. به‌بێ پاسپۆرت و به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزه‌ ده‌توانین به‌م جیهانه‌ جه‌نجاڵه‌دا ، به‌ ئازادی و به‌ ئاره‌زووی خۆمان گه‌شت و په‌ی بکه‌ین و ، سه‌ردانی هه‌ر شوێنێک بکه‌ین که‌ ئاره‌زوومان لێی بێت.            له‌ ئه‌مڕۆدا ئینته‌رنێت بووه‌ به‌ قوتابخانه‌ی هه‌موو قۆناخه‌کان و ، به‌ مامۆستای پسپۆری هه‌موو بابه‌ت و بواره‌کانی ژیان.. به‌بێ چاوسوورکردنه‌وه‌ و زله‌لێدان زۆر‌ زانست و زانیاریمان فێرده‌کات و پێمانی ده‌به‌خشێت.. ئینته‌رنێت ده‌ریایه‌کی بێبنی زانیاری گشتیی هه‌مه‌ره‌نگه‌یه‌. . گرنگترین سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی زانست و زانیاری و رۆشنبیرییه‌.. که‌ به‌ ئاسانی له‌ به‌رده‌ستی هه‌موومان دان.. سووده‌کانی به‌ باشی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت هێنده‌ زۆرن‌ و هێنده‌ هه‌مه‌جۆره‌ و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ن که‌ نایه‌ ژماردن.. بۆیه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا هیچ ده‌زگایه‌کی تر نییه‌ خۆی له‌ شانی ئینته‌رنێت بدا و ململانێی له‌گه‌ڵدا بکا.. ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ش نه‌بین که‌ ، ده‌شێ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ ( سه‌رده‌می ئینته‌رنێت ) ناوبه‌رین.

 بێگومان هه‌ر ئینته‌رنێت بوو ، تۆڕی ( فه‌یسبووک) بوو ، گه‌لانی سته‌مدیده‌ و چه‌وساوه‌ و ماف خوراوی عه‌ربی ی خرۆشان و جۆشان.. بۆئه‌وه‌ی یه‌کبگرن و راپه‌ڕن و ، مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانیان وه‌ربگرنه‌وه‌.. هه‌ر فه‌یسبووک بوو که‌ توانی چه‌ند دیکتاتۆرێکی سته‌مکار و ملهوڕی عه‌ره‌بی ملکه‌چ بکا و بیان رووخێنێ.

 به‌ڵام ئایا ده‌ریای قووڵ و به‌رینی ئینته‌رنێت ، هێمنه‌ و دوور له‌ مه‌ترسی نییه‌‌..؟  هه‌ر که‌سێ بیه‌وێ، ده‌توانێت به‌ ئاسانی و ئاسووده‌یی په‌ی به‌م ده‌ریایه‌دا بکات؟

ئایا گه‌شت کردنی منداڵان به‌م ده‌ریا بێ بنه‌دا ، تا چ راده‌یه‌ک مه‌ترسیداره‌ و،  نیگه‌رانمان ده‌کا و، جێی دڵنیاییمان نییه‌.. ؟

گه‌لێ راو سه‌رنج و لێکۆڵینه‌وه‌ و تۆژینه‌وه‌ و تاقیکردنه‌وه‌ی پراکتیکی ی جیاواز هه‌ن  ، ده‌رباره‌ی کاریگه‌رییه‌ پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤییه‌کانی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌.. که‌ بیر و هۆشی زۆربه‌ی دایکان و باوکان و په‌روه‌رده‌کاران و خه‌مخۆرانی منداڵانی دامان و رامان کردوون.

 حه‌زه‌دکه‌م له‌ پێشا ئه‌وه‌ بڵێم ، که‌ ئینته‌رنێت رووه‌کێك نییه‌ به‌ سروشتی رووا بێ ، یا ده‌عبایه‌کی رووح له‌به‌ر نییه‌ له‌ ده‌عبایه‌کی تر زابێ.. ئینته‌رنێت ده‌زگایه‌کی بێ گیانه‌ و له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ داهێنراوه‌ و دروستکراوه‌.. مرۆڤ خۆی چۆنی بوێت ، به‌ باشی یا خراپی ، به‌رنامه‌ڕێژی ده‌کا.. ئینته‌رنێت ده‌زگایه‌کی هه‌ستیاره‌ و مڕۆڤ خۆی ئه‌و هه‌سته‌‌ی پێ به‌خشیوه‌ .. چ به‌رنامه‌یه‌کی بۆ داڕشتووبێ ، یا بۆی دابڕێژێت.. هه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌قڵ وبیر دایه‌.. له‌وه‌ زیاتری پێ نییه‌‌..‌ که‌ واته‌ راده‌ی سووده‌کان و زیانه‌کانی ئینته‌رنێت له‌ چۆنییه‌تی به‌رنامه‌ڕێژیی ئه‌قڵه‌که‌ی و، له‌ چۆنیه‌ته‌تی به‌کارهێنانی ئه‌و به‌رنامه‌ڕێژییه‌‌ بۆ دانراوانه‌ی دایه‌.. که‌ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن ، بۆ سوودی گشتی و پێشکه‌وتن و خزمه‌تی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی دایان ده‌ڕێژن.. که‌سان و لایه‌نی تریش هه‌ن ، بۆ سوودی که‌سایه‌تی و مادی و نیاز و مه‌رامی تایبه‌تیی خۆیان و ، زیان گه‌یاندن و ، له‌ ڕێ ده‌رکردنی مرۆڤ دایان ده‌ڕێژن.. دیسان مرۆڤ ئه‌وه‌ش به‌ ده‌ستی خویه‌تی که‌ ئاشنای کام به‌رنامه‌ و کام ماڵپه‌ڕ و ، چ جۆره‌ بابه‌تێک بێت.. ده‌بێت ئه‌و بزانێت که‌ کامیان له‌ خشته‌ی ده‌به‌ن و زیانی پێ ده‌گه‌یه‌نن.. کامانه‌شیان سوودی پێ ده‌به‌خشن.

 منداڵان زیاتر له‌ گه‌وره‌کان هۆگری ئینته‌رنێت بوونه‌ و، خۆشی و چیژ و سوودی لێ وه‌رده‌گرن.. منداڵان به‌ ئازادی رۆژانه‌ بۆ ماویه‌کی زۆرتر له‌ ماوه‌ی گه‌وره‌کان ئینته‌رنێت به‌کار ده‌هێنن و.. شتی باش و خراپی لێوه‌ فێرده‌بن.. سه‌یری شتی نامۆ و سه‌یر ده‌که‌ن‌ ، که‌ له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیاندا به‌دییان نه‌کردوون و نایکه‌ن .. ئه‌و شتانه‌ش که‌ ده‌یان بینن.. کاریگه‌ریی و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ باش و خراپیان له‌ سه‌ر ژیانی ئه‌مڕۆ و.. له‌سه‌ر ژیان و ره‌فتاری داهاتووشیان ده‌بێت..

 به‌پێ قسه‌ و به‌دواداچوونی ، هه‌ندێ لایه‌ن و لێکۆڵه‌وه‌ران ، تا ئێستا زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار ماڵپه‌ڕ و شوێنی ئاشکرای هه‌وه‌سبازیی ناشیرین و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن هه‌یه‌.. رۆژانه‌ش پێنج سه‌د ماڵپه‌ڕی ناشیرینی هه‌وه‌سبازی تازه‌ دێنه‌ ئاراوه‌.

 هه‌ر به‌ تۆژینه‌وه‌ش‌ ، ئه‌وه‌ زانراوه‌ که‌ منداڵان زیاتر له‌ گه‌وره‌کان خوویان به‌ به‌کارهێنانی ئینته‌رنێته‌وه‌ گرتووه‌ .. خه‌ریکه‌ کۆنترۆڵ کردنیان ئاسان نه‌بێ.

 ئه‌ی چی بکه‌ین باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانمان ، به‌ راستی و دروستی ئینته‌رنێت به‌کاربهێنن..؟ چۆن وایان لێ بکه‌ین که‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌ هه‌وسبازی و ناشیرینه‌کان..؟ خۆیان بپارێزن و خۆیان لابده‌ن..؟ بۆ هێنانه‌دیی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا راده‌یه‌ک کلیلی کۆنترۆڵ کردنی منداڵان له‌ ده‌ستی خێزان دایه‌.. له‌سه‌ر خێزانه‌کان پێویسته‌ ئه‌رکی رێنمایی و چاودێری و ئامۆژگاریی کردنی منداڵه‌کانیان له‌ ئه‌ستۆبگرن.

 به‌کورتی باسی سووده‌کانی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێتمان کرد ، به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ ئێوه‌ی خوێنه‌ریش ، هه‌موو ئه‌و سووده‌ زۆر و زه‌به‌ندانه‌ ده‌زانن که‌ ئینته‌رنێت پێمان ده‌بخشێ ‌که‌ چین.. به‌ڵام وه‌کو وتمان به‌ خراپی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت زیانمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت.. فێربوونی ئاگر کردنه‌وه‌ گه‌وره‌ترین شت بوو له‌ ژیانی مرۆڤدا.. تا ئه‌مڕۆ و داهاتووش ئاگر گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وت و هۆیه‌کی زۆر گرنگی  پێشکه‌وتنمانه‌ ‌.. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م نیعمه‌ته‌ ، ئه‌گه‌ر هاتو به‌ خراپی به‌کاری بهێنین.. ده‌مان سووتێنێ و ده‌مان کوژێت .

 زۆر به‌ کورتی هه‌ندێک له‌ کاریگه‌رییه‌کان و زیانه‌کانی خووگرتنی منداڵان له‌ به‌ خراپی و نادروستی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت باس ده‌که‌ین.. له‌گه‌ڵ هه‌ندێ رێنمایی به‌سوود بۆ سنووردارکردنی چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت له‌ لایه‌ن منداڵانه‌وه‌.

هیوادارین دایکان و باوکان و په‌روه‌رده‌کاران سوودیان لێ وه‌ربگرن :

 (*) ئه‌مڕۆ زۆر که‌س هه‌ن ناوی راستی خۆیان له‌ ئینته‌رنێتدا ناده‌ن و.. له‌ژێر ناوێکی خوازراودا په‌یوه‌ندی به‌ کاسانێکی تره‌وه‌ ده‌که‌ن وخۆیانیان پێ ده‌ناسێنن. 

له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ناوه‌ خوزراوانه‌ گوزارشت له‌ ناخی راستیی ئه‌و که‌سانه‌ نه‌که‌ن.. بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی و شاراوه‌ و له‌ خشته‌بردن ئه‌م ناوه‌ خوازراوانه‌ به‌کاربهێنن.

بۆیه‌ پێویسته‌ هۆشیاری به‌ منداڵان بده‌ین.. که‌ نابێت به‌بێ پرسی دایک و باوکیان  له‌گه‌ڵ که‌سانێکی نه‌ناسراودا په‌یوه‌ندی بکه‌ن و خۆیانیان بۆ ئاشکرا بکه‌ن.

 (*) خووپێوه‌گرتنی رۆژانه‌ی منداڵان به‌ به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت ، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ.. ده‌بێته‌ خوویه‌کی ده‌ق گرتوو و ناتوانن وازی لێ بهێنن.. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دواکه‌وتنیان له‌ خوێندندا.. تووشی له‌شقورسی و سستی و گۆشه‌گیری ده‌بن. ئه‌وه‌ش راست نییه‌ ، که‌ به‌کارهێنانی ئینته‌رنێتان لێ قه‌ده‌غه‌ بکه‌ین و، بڤه‌ بێت لایان .. چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ بیانوویه‌کی دروستکراوه‌وه‌  له‌ ماڵ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ شوێنێکی تری وه‌کو چایخانه‌ و قاوه‌خانه‌ و کتێبخانه‌ی گشتی یا له‌ هه‌ر شوێنێکی تردا بێت به‌کاری بهێنن.. بۆیه‌ باشتر وایه‌ رێیان لێ نه‌گرین له‌ ماڵه‌وه‌ به‌کاری بهێنن، به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌کی سنوردار و له‌ژێر چاودێریدا بن.. بۆ ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی ناشیرین و زیانبه‌خش نه‌که‌نه‌وه‌.. ، ئه‌و سایت و ماڵپه‌ڕانه‌ به‌سه‌رکه‌نه‌وه‌ و ، ئه‌و بابه‌تانه‌ بخوێننه‌وه‌ و ، گوێ له‌و بابه‌تانه‌ بگرن.. که‌ سوودیان پێ ده‌به‌خشن و ئاسۆی زانست و زانیاری و رۆشنبیری گشتییان فراوانتر ده‌که‌ن و ، بیر و هزریان به‌ بابه‌تی سوودبه‌خشی نوێ زاخاو ده‌ده‌ن.

 (*) پێویسته‌ دایک و باوک یا خوشک و برای گه‌وره‌ ، له‌ چۆنییه‌تی به‌ کارهێنانی ئینته‌رنێتدا نابه‌ڵه‌د نه‌بن.. تا بتوانن کۆنترۆڵی سایت و ماڵپه‌ڕه‌ ناشیرینه‌کان بکه‌ن یا فیلته‌ریان بۆ دابنێن و منداڵه‌کانیان نه‌توانن په‌یان پێ به‌رن.. به‌ راشکاویش به‌ منداڵه‌کانیان بڵێن که‌ نابێت هێڵی سوور ببه‌زێنن .. با ئه‌و ترسه‌شیان له‌ دڵدا بێت که‌ له‌ژێر چاودێری دان و، کۆنترۆڵی ئه‌و بابه‌تانه‌یان ده‌که‌ن که‌ ده‌یان که‌نه‌وه‌.

 (*) پیویسته‌ خێزان و قوتابخانه هه‌وڵی رۆشنبیری کردنی منداڵان بده‌ن.. رێنمایی و ئامۆژگاری پێویستیان بکه‌ن.. فێری به ‌باشی و راستی و دروستی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێتیان بکه‌ن.. تا جێی دڵنیایی و متمانه‌یان ‌بن و.. تا منداڵان خۆشیان هه‌ست به‌ سوود و زیانه‌کانی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت بکه‌ن و.. به‌بێ چاودێری کردن خۆیان چاودێربن به‌سه‌ر خۆیانه‌وه‌.. خۆشیان خۆیان له‌ سایت و ، له‌ سه‌یرکردنی شته‌ ناشیرین و زیان به‌خشه‌کان لابده‌ن.

 (*) هه‌ندێ سایت و ماڵپه‌ر و شوێن هه‌ن کاریگه‌ری خراپیان له‌سه‌ر ره‌وشتی منداڵان ده‌بێت.. بۆ نموونه‌ که‌ سه‌یری یاری( قومارکرن ) ده‌که‌ن ، یان کارێکی گزی و دزی ده‌بینن.. ده‌شی لاسایی قومارکه‌ره‌کان یان گزیکه‌ر و دزه‌کان بکه‌نه‌وه‌ و، فێری ئه‌م کاره‌ زیان به‌خشانه‌‌ ببن.. بۆیه‌ پێویسته‌ خێزانه‌کان ئه‌م ‏راستییه‌ به‌ هه‌ن وه‌ربگرن و ، نه‌هێڵن منداڵه‌کانیان ئه‌و شوێنانه‌ بکه‌نه‌وه‌.

 (*) سه‌یرکردنی فیلم و درامای شه‌ڕ و توند و تیژی و سه‌رکێشی و چه‌قاوه‌سوویی ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌ ژیانی منداڵاندا ده‌بێت.. ره‌نگه‌ لاسایی پاڵه‌وان و ئه‌کته‌ره‌کانی ئه‌و فیلم و درامایانه‌ بکه‌نه‌وه‌ و.. ئه‌میش چه‌قاوه‌سوو و شه‌ڕانگێز و توندوتیژی لێ ده‌رچێت.. بۆیه‌ نابێت بهێڵین سه‌یری ئه‌م جۆره‌ فیلم و ئه‌ڵقه‌ درامایانه‌ بکه‌ن.

  (*) پێویسته‌ خێزان پێویستییه‌کانی یاری کردن و وه‌رزش کردن بۆ منداڵه‌کانیان دابین بکه‌ن و ، هانیان بده‌ن که‌ به‌هره‌ و گوڕوتین و تواناکانی خۆیان له‌ چالاکییه‌ وه‌رزشییه‌کانیاندا ده‌ربخه‌ن .. چونکه‌ به‌سه‌ربردنی ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت.. منداڵان سڕ و وڕ و سست و گۆشه‌گیر ده‌بن.. په‌یوه‌ندییه‌کانی خێزانی و هاوڕێتی و کۆمه‌ڵایه‌تییان بێ هێز ده‌بێت.

 (*) سایته‌ هه‌وه‌سبازییه‌ ناشیرینه‌کان ، کاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ره‌وشتی منداڵان ده‌بێت .. حه‌ز و ئاره‌زووی ره‌گه‌زییان زووتر ده‌خرووشێنن.. له‌وانه‌یه‌ تووشی کاری ناشیرین و هه‌ڵه‌ ببن.. بۆیه‌ پێویسته‌ چاودێری و ئامۆژگارییان  بکه‌ین ، تا سه‌ردانی ئه‌و ماڵپه‌ڕ و شوێنانه‌ نه‌که‌ن ، که‌ ره‌فتاری ناشیرین و قێزه‌وه‌ن و زیان به‌خش پێشان ده‌ده‌ن.

 (*) پسپۆران و شاره‌زایانی بواری ته‌ندروستی.. ئاگادارمان ده‌که‌نه‌وه‌ ، که‌ رێ به‌ منداڵان نه‌ده‌ین ، رۆژانه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ئینته‌رنێت به‌کاربهێنن و ، ببێته‌ خوویه‌کی ده‌ق گرتوویان.... ئه‌گه‌ر بێتو کورسییه‌کانی دانیشتنیان و مێزه‌کانی داتاکانیان گۆنجاو نه‌بن و ناڕه‌حه‌تیان بکه‌ن ، هێنده‌ی تر ئازار و زیان  به‌چه‌سته‌یان ده‌گه‌یه‌نێنن.. به‌تایبه‌تیش تووشی پشت ئێشه‌ و کووڕیان ده‌که‌ن.. مه‌ترسی ئه‌وه‌شیان لێ ده‌کرێت ، که‌ تووشی گۆجی و ئیفلیجی و سه‌قه‌تی و سه‌رئێشه‌ و کورتبینین ببن و شان وملیان ره‌ق ببن.. به‌ هۆی نه‌جووڵانیشه‌وه‌ تووشی قه‌ڵه‌وی ببن.

 ئه‌م شاره‌زایانه‌ ده‌ڵێن ، له‌ به‌ریتانیادا ژماره‌یه‌کی زۆری منداڵان به‌ هۆی ناڕێکی و ماوه‌ی زۆر به‌کارهێنانی ئینته‌رنێته‌وه‌ . تووشی له‌ش شێواندن و گۆج بوون بوونه‌ و، رێژه‌ی تووشبووانێش له‌ زیاد بووندایه‌ و ، وڵاتانی تریشی گرتۆته‌وه‌.. مه‌ترسی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ ، که‌ ببێت به‌ کێشه‌یه‌کی جیهانی.

بۆیه‌ پێویسته‌ ماوه‌ی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت بۆ منداڵان سنووردار بکرێت.. کورسی و مێزه‌کانیشیان گونجا و ئیسراحه‌تبه‌خشبن.. به‌ تایبه‌تیش له‌ خوێندگاکاندا ده‌بێت کورسی و مێزه‌کان له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و باڵای منداڵانی هه‌ر پۆلێکدا بگونجێن.. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا خوێندنگاکان ، ره‌چاوی ئه‌مه‌یان‌ نه‌کردوون و ، بۆ گه‌وره‌ و منداڵان هه‌ر هه‌مان کورسی و مێزن.

 (*) زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تان بۆ پاراستنی به‌کارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت ، چاودێری ماڵپه‌ڕ و سایت و شوێنه‌ زیان به‌خشه‌کانی ئینته‌رنێت ده‌که‌ن و، فیلته‌ریان بۆ داده‌نێن.. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌سته‌میشه‌ ، که‌ بتوانن سانسۆر و کۆنترۆڵی ئه‌و هه‌موو سایت و شوێن و ماڵپه‌ڕه‌ ژماره‌ زۆرانه‌ بکه‌ن ، که‌ نایه‌نه‌ ژماردن. 

نه‌رویـج :  21/ 4/ 2011

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان