فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

yaman u chakdarakani

 

لەگەڵ یەكەم خولەكی رۆژی پێنجشەممە، 26 ی ئازاری 2016 دا، سەلمانی كوڕی عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە، فەرمانی دەستپێكردنی ئۆپەرسیۆنی سەربازی "گەردەلوولی مكوڕبوون"ی دایە سوپای وڵاتەكەی. ئۆپەراسیۆنەكە بە بەشداری راستەوخۆی 8 وڵاتی عەرەبی و پشتیوانی چەندین وڵاتی دیكە بەڕێوەدەچێت.

ناوی ئۆپەراسیۆنەكە

ناوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە بە عەرەبی بریتییە لە "عاصفە الحزم" كە بە كوردی دەكرێت بە "گەردەلولی مكوڕبون" مانا بكرێت. الحزم لە عەرەبیدا بەمانای مكوربون و پێداگری و بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستێك دێت. ناوەكە لە دێرە شیعرێكی عەبدولعەزیزی باوكی پادشای ئێستای سعودیەوە دێت كە تێیدا باسی گرنگی عەزم و خۆڕاگری و خراپی شلبوون و مكوڕنەبوون دەكات.

هەروەك لە وشەی "العاصفە"واتە گەردەلوولدا نزیكە، لە ناوی ئۆپەراسیۆنی سەربازی "عاصفە الصحراْ - گەردەلوولی بیایان" كە لە ساڵی 1991 بۆ رزگاركردنی كوەیت لە داگیركاری سەدام ئەنجامدرا. لە دوای گەردەلوولی بیایانەوە یەكەمجارە چەند وڵاتێكی عەرەبی بەشێوەیەكی هاوبەش پرۆسەی سەربازی ئەنجامدەدەن.

بەشداربووانی ئۆپەراسیۆنەكە

عەرەبستانی سعودی پێشەنگی هاوپەیمانیەتیسەكە كە لە چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئیسلامی پێكدێت. سعودیە بە 150 فڕۆكەی جەنگی بەشدارە و 180 هەزار هێزی زەمینیشی بە چەكی قورسەوە لەسەر سنوورەكانی یەمەن جێگیركردوون.

ئیمارات بە 30 فڕۆكەی جەنگی، كوەیت و بەحرەین هەریەكە بە 15 فڕۆكەی جەنگی، قەتەر بە 10 فڕۆكەی جەنگی، ئوردون و مەغریب هەریەكەیان بە 6 فڕۆكەی جەنگی و سودان بە سێ‌ فڕۆكەی جەنگی بەشدارە.

پاكستان لەسەرزاری نەواز شەریفی سەرۆكوەزیرانەوە ئامادەگی خۆی بۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە دەربڕیوە ئەگەر پێویست بكات. میسریش پشتیوانی سیاسی و سەربازی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەكە دەربڕیوە. بە هەمانشێوە ئەمریكا و فەرەنسا و توركیا پشتیوانی پرۆسە سەربازیەكەیان دەربڕیوە و ئامادەگی خۆیان بۆ یارمەتی لۆجستی پیشانداوە.

بەشداری و پشتیوانی هەریەكە لەم وڵاتانە مانای جیاوازی خۆی هەیە. وڵاتانی كەنداو وەك "برا گەورە" تەماشای سعودیە دەكەن و ئەوەی ئاسایشی سعودیە بخاتە مەترسیەوە بۆ ئەوانیش بە مەترسی دەبینرێت.

قەتەر كە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بەهاری عەرەبی و لێكەوتەكانیەوە لەگەڵ سعودیەدا دردۆنگ بوو, لەم هەنگاوەدا خاوەنی هەمان روئیەی سعودیەیە. ئەگەرچی تا رۆژێك پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەش قەتەر دەیویست ببێتە رییشسپی نێوان لایەنە جیاوازەكانی یەمەن و لە دەوحە كۆیان بكاتەوە، بەڵام دژ بە پرۆسە سەربازییەكەش نەوەستایەوە. چونكە قەتەر لە یەمەندا دژی عەلی عەبدوڵڵا سالحی سەرۆكی پێشوی یەمەنە كە ئێستا هاوپەیمانێكی بەهێزی حوسیەكانە.

هەروەك بەشداری لەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەدا رێگا خۆشكەردەبێت بۆ هاوپەیمانی سەربازی دیكە لە داهاتوودا، بەتایبەت بە ئامانجی لێدانی رژێمی بەشار ئەسەد كە دەمێكە قەتەر كاری بۆ دەكات.

عومان تاكە وڵاتی كەنداو كە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی نەكردووە، بریتیە لە سەڵتەنەی عومان. ئەگەرچی سەرۆكی یەمەن عەبد رەبە مەنسوور هادی بە شێوەیەكی رەسمی داوای لە سەڵتەنەتی عومانیش كردبوو بەشداربن، بەڵام عومان بەشداری رەتكردووەتەوە.

سوڵتان قابووس، سوڵتانی عومان خاوەنی پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ ئێراندا و چەندینجار وەك نێوەنگیری وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران مامەڵەی كردووە. ئەگەری ئەوە هەیە كە عومان بیەوێت لەم بارودۆخەشدا بێلایەن بمێنێتەوە و لە هەر ئەگەرێكی گفتوگۆدا ببێتە نێوەنگیر و ناوبژیوانكەر.

میسر: لە دوای هاتنەسەركاری عەبدولفەتاح سیسییەوە، پەیوەندییەكانی میسر و وڵاتانی كەنداو لە گەشەسەندندایە. زۆركەس وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیە و عەرەبییە بە سپۆنسەری سەرەكی دوورخستنەوەی محەممەد مورسی، سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە و هێنانە سەر حوكمی سیسی دەزانن.

وڵاتانی كەنداو بێجگە لە قەتەر، پشتیوانی گەورەی میسری سەردەمی سیسی بوون لەروی داراییەوە. سیسی لە چەندین لێدواندا مننەتباری خۆی بۆ وڵاتانی كەنداو دوپاتكردووەتەوە و لە هەمانكاتیشدا هەموو جارێ‌ ئامادەگی خۆی بۆ بەرگری لەو وڵاتانە دەربڕیوە.

سیسی كە خۆی لە دامەزاروەی سەربازی مییرەوە دێت، خاوەنی بیرۆكەی دامەزاراندنی سوپای عەرەبی هاوبەشە و دەشیەوێت لەو رێگەیەوە سەركردایەتی مییر بۆ وڵاتانی عەرەبی تۆختربكاتەوە.

دەستتێوەردانی سەربازی لە یەمەن دەرخەرێكی گەورەی ئەو راستیەیە كە سیسی دەیەوێت گرنگی و بایەخی سوپای میسر لە گۆڕینی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا بخاتەڕوو. هۆكارێكی دیكەی گرنگی بەشداری میسر بریتیسە لە دەرچەی باب المندب، كە بوونی هەر كێشە و گرفتێكی ئەمنی لەو ناوچەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری بۆ هەموو ئەو مامەڵە ئابووریانەی كە لە كەنداوی سوێس ئەنجامدەدرێن. گرتنی دەرچەی ئاوی باب المندب لەلایەن حوسییەكانەوە لەلایەن میسرەوە بە هێڵی سوور دەبینرێت.

پاكستان: یەكێك لەو وڵاتانەی هەر لە ساتەكانی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەوە پشتیوانی خۆی بۆ سعودیە دەبڕی پاكستان بوو. پشتیوانی پاكستان كە تاكە وڵاتی ئیسلامی خاوەن چەكی ئەتۆمییە، وەك گەرەنتییەك دەبینرێت بۆ سعودیە. بۆ ساڵانێكی زۆر سعودیە لەروی داراییەوە پشتیوانی پرۆژەی ئەتۆمی پاكستان بووە و ئەم پشتیوانییە وەك گەرەنتییەك دەبینرێت. هەروەك بەشداری پاكستان هێندەی دی ناسنامەی سوننی هاوپەیمانییەتە سەربازییەكە تۆختردەكاتەوە.

گوتەبێژی سوپای پاكستانی و نەواز شەریفی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەش لە دو لێدوانی جیاوازدا پابەندی خۆیان بۆ پاراستنی سعودیە لە هەر هێرشێك خستەڕوو. ئەمەش ناڕاستەوخۆ پەیامێكە بۆ ئێران و بەو مانایە دێت كە هەر روبەڕوبوونەوەیەك لەگەڵ سعودیە زیانی گەورەی لەدوا دەبێت.

سودان: بۆ ماوەیەكی زۆر سودان بە نزیكبوونەوە لە ئێران تۆمەتباردەكرا. ئێران و سودان هەردووكیان خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەشن و لە ساڵانی رابردووشدا لەرووی سەربازی و دیبلۆماسیەوە لێكنزیكبوونەوەی گەورە روویدا.

چەندین جاریش لە ناوخۆ و دەرەوەی سودانیشەوە ئێران بە بڵاوكردنەوەی مەزهەبی شیعە لە سودان تۆمەتباركراوە. بەڵام تا دوای بەهاری عەرەبیش پەیوەندییەكانی سودان و ئێران وەك خۆیان مانەوە. دوای شكستی سیاسی ئیخوان لە میسر و پێویستی دووبارە نزیكبوونەوە لە وڵاتانی عەرەبی, سودان بەشێكی زۆری سەنتەر و قوتابخانە ئێرانییەكانی داخست و ئێستاش بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی كە لە ئێران دووركەوتووەتەوە، بەشداری خۆی لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەكە راگەیاندووە.

تەوقیتی ئۆپەراسیۆنەكە

تەوقیتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی سعودیە و هاوپەیمانانی قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام چەند ئەگەرێك هەیە كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن:

1- حوسییەكان بە پشتیوانی و هاوكاری هێزەكانی سوپای سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە شاری عەدەن نزیكبوونەوە، كە دەكەوێتە باشووری یەمەن و بەشێوەیەكی كاتی وەك پایتەخت بەكاردەهێنرا لەلایەن حكومەتەكەی مەنسوور هادیەوە.

ئەو كاتەی حوسییەكان سەنعای پایتەختیان گرت، زۆركەس پێیانوابوو لەوێدا دەوەستن و بەرەو باشووری یەمەن ناڕۆن. بەڵام سەرەڕای هەڕەشەكانی سعودیە, حوسییەكان و هێزەكانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەرەو عەدەن رۆیشتن. ئەگەرچی رووبەڕووی بەرگری لیژنە میللییەكان و هێزەكانی سەر بە مەنسوور هادی بوونەوە، بەڵام ئەگەر هێرشەكەی سعودیە نەبووایە، ئێستا عەدەن و تەواوی یەمەن بەدەستی حوسییەكانەوە بوو.

2- هێرشی فراوانخوازی حوسییەكان هاوكاتە لەگەڵ گەورەبوونی هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا. گەشتنی حوسییەكان وەك هێزێكی نزیك لە ئێران بۆ سەر سنووری سعودیە، مەترسی راستەوخۆی بۆ ئەو وڵاتە دروستدەكرد. لە ساڵانی رابروودا و ئەو كاتەی حوسییەكان تەنها لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سەعدەدا بوون، سعودیە ئەوانی بە مەترسی دەبینی و پشتیوانی سوپای یەمەنی دەكرد لە لێدانیاندا. ئێستا كە حوسییەكان چەند كیلۆمەترێك لە سنووری سعودیەوە دوورن، مەترسییەكە گەورەترە.

دواهەمین شت سعودیە بیەوێت بریتییە لە دراوسێیەتی ئێران. لە سعودیە رێژەیەكی بەرچاوی شیعە مەزهەب هەن كە هەندێ‌كجار سەرئێشە بۆ حكومەتی سعودیە دروستدەكەن. هاتنی حوسییەكان و ئەگەری دروستبووونی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و جوڵانەوە شیعییەكەی ناو سعودیە، گەورەترین كابووسی دەسەڵاتدارانی سعودیە بوو. هەر بۆیە سعودیە عەدەنی كردە هێڵی سوور و پاش شكاندنی ئەو هێڵە سوورە ئۆپەراسیۆنەكە دەستیپێكرد.

3- لەدوای مردنی مەلیك عەبدوڵڵا و هاتنەسەر حوكمی مەلیك سەلمانەوە، جوڵەیەك بۆ رێكخستنەوەی هاوپەیمانیەتییەكان لەناوچەكەدا دروستبووە. ناكۆكی نێوان سیسی میسر و ئەردۆغانی توركیا گرنگترین لەمپەر بوو لە بەردەم دروستبوونی هاوپەیمانییەكی میسری- سعودی- توركی بە بەشداری وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئیسلامی، بەڵام مەترسی حوسییەكان بۆ سعودیە دروستبوونی هاوپەیمانییەتەكەی كردە ئەمری واقیع و ئێستا میسر و توركیا هەردووكیان پشتیوانی لێدەكەن.

ئامانجی ئەم هاوپەیمانێتییتەش تەنها وەستاندنی حوسییەكانی یەمەن نییە، بەڵكو رێگرتنە لە هەژموونی ئێرانی لەناوچەكە كە چەندین پایتەختی عەرەبی گرتووەتەوە. هەر بۆیە دەكرێت دوای یەمەن هەنگاوی هاوبەشی سیاسی یان سەربازی لە سووریا و عێراقیشدا بنرێت.

4- دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە لەكاتێكدایە ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لە سویسرا لە هەستیارترین قۆناغی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانیاندان، ئەمەش مانای گرنگی هەیە. ئەمریكا لە گفتوگۆ ئەتۆمییەكانیدا لەگەڵ ئێران دوو هاوپەیمانی گرنگی خۆی لە ناوچەكەدا دردۆنگ كرد كە ئەوانیش ئیسرائیل و ئێرانن.

لە چەند مانگی بەر لە دوا قۆناغی گفتوگۆ ئەتۆمییەكاندا، ئێران پێگەی ستراتیجی خۆی لەناوچەكەدا بەهێزكرد. بەشێك لە چاودرێران چاوپۆشیكردنی ئەمریكایان لە جوڵە سەربازییەكانی ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەن دەگەڕاندەوە بۆ ویستی ئەمریكا بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران. هەربۆیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی سعودیە باشترین دیاریەك نەبوو بۆ ئەمریكا لەم كاتەدا.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەنووسییەكان سعودیە تەنها سێ‌ كاژێر بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە ئەمریكای ئاگاداركردووەتەوە. ئەمە پەیامێكە لە سعودییەكانەوە بۆ ئەمریكا كە ناكرێت ئاسایشی سعودیە بكرێتە قوربانی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران.

ئەوەی ئەم بابەتە یەكلایی دەكاتەوە هەڵوێستی ئێرانە. ئایا ئێران ئامادەیە دەست لە گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی هەڵگرێت لەپێناوی یەمەندا؟ ئایا ئێران دەیەوێت تەحەدای سعودیە و وڵاتانی كەنداو و میسرو توركیا بكات و بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خۆی لەشەرێكی سەربازی بگلێنێت؟ ئەگەر وەڵامی ئێران بەڵێ‌ بێت، ئەوە ئەمریكاش تووندتر لە جاران رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، بەتایبەت ئێستا كە ئیدارەی ئەمریكی لەژێر فشارێكی نائاساییدایە لەلایەن كۆنگرێسەوە.

5- ئەگەرچی چەندین وڵات لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن، بەڵام سعودیە سەركردایەتی دەكات و خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەیە تێیدا. دەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە بەمشێوە لەناكاوە ئەوەبێت كە جڵەوی سەركردایەتی رووداوەكان لە میسر وەربگرێت، چونكە ئۆپەراسیۆنەكە تەنها سێ‌ رۆژ بەر لە ئەنجامدانی لوتكەی عەرەبی هات لە شەرەم ئەلشێخ.

یەكێك لە مادە گرنگەگانی ئەم لوتكەیە تاوتوێكردنی دروستكردنی سوپایەكی عەرەبی ئامادەیە بۆ حاڵەتی پێویست. ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەو لووتكەیە ئەنجامدرابا، ئێستا ناوی سەرۆك سیسی زیاتر دەهات لە مەلیك سەلمان.

ئێستای یەمەن

لەناوخۆی یەمەندا كاردانەوەكان بەسەر پشتیوانی و دژایەتی ئۆپەراسیۆنەكەدا دابەشبوون. حوسییەكان كە بزووتنەوەیەكی سیاسی سەربازین و زۆرینەیان سەر بە مەزهەبی شیعەی زەیدین، دژ بە ئۆپەراسیۆنەكانن.

ئەوان ئەگەرچی لەروی مەزهەبییەوە زۆر لە ئەهلی سوننە و جەماعەت دوورنین، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە دژ بە سعودیەن و لە ئێرانەوە نزیكن. نە هەموو حوسییەكان شیعەی زەیدین و نە هەموو شیعە زەیدییەكانیش حوسین، بەڵام ئێستا بەڕوونی دابەشبوونێكی تائیفی و مەزهەبی لەنێوان سوننە و شیعەی یەمەندا دەبینرێت.

بەشێكی گەورەی سوپاش كە سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆكی پێشوی یەمەنن و لە رووداوەكانی ئەم دواییەدا هاوپەیمانی حوسییەكان بوون، دژ بە هێرشەكانی سعودیەن. لە شەوی یەكەمی هێرشەكاندا چەندین جبەخانە و بنكەی سەربازی سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیش بۆردوومانكران.

لەلایەكی دیكەوە، بەشێكی زۆری خەڵكی یەمەن لەپێش هەموویانەوە باشوورییەكان پشتیوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دەكەن. هەروەك بزووتنەوەی ئیسڵاحی یەمەنی كە بە باڵی ئیخوان موسلیمینی یەمەن دادەنرێت، ئەگەرچی بە راستەوخۆ پشتیوانی هێرشەكانی نەكردووە و داوای گفتوگۆ دەكات، بەڵام لە واقیعدا هاوپەیمانی عەبد رەبە مەنسوور هادیە و بەشداری شەڕەكانی بەرگریكردن بوون لە شاری عەدەن. هەروەك دووژمنێكی سەرسەختی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحن كە ئێستا هاوپەیمانی حوسییەكانە.

ئەگەرێكی گەورەی ئەم دابەشبوونە فراوانە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیە لە نێوان لایەنە جیاوازەكاندا بەشێوەیەكی گەورەتر و فراوانتر لەوەی ئێستا هەیە.

ئەنجامەكانی ئۆپەراسیۆنەكە

ئێستا تەنها دوو رۆژە ئۆپەراسیۆنەكە دەستیپێكردووە، بەڵام بەرەنجامە بەراییەكانی بریتین لە وەستاندنی جوڵەی حوسییەكان بەرەو سنووری سعودیە و رزگاركردنی شاری عەدەن لە كەوتن و دروستبوونی جیابوونەوە لەنێوان ریزەكانی سوپای سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح . هەروەك حیبزەكەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەیاننامەیەكی دەركردووە، كە تێیدا داوا لە حوسییەكان دەكات جوڵە سەربازییەكان بووەستێنن، ئەمەش بە سەرەتای كۆتایی هاوپەیمانێتی ساڵح و حوسییەكان دەبینرێت.

ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوازە بەردەوامبێت، ئەوە جیابوونەوەی سەربازی گەورەتر لە سوپای یەمەندا دروستدەبێت و دەكرێت لەماوەی مانگێكدا حوسییەكان لە بەشێكی زۆری شارەكانی یەمەن دەربكرێن و بگەڕێنرێننەوە بۆ شاری سەعدە لە باكووری یەمەن، كە بنكەی سەرەكی خۆیانە . ئەگەر ئەمەش روونەدات، ئەگەری ئەوە هەیە سعودیە و هاوپەیمانەكانی هێزی سەربازی بنێرنە نێو یەمەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی پێشوو.

ئیخوانەكانی یەمەن باڵێكی بەهێزی بەرەی دژە حوسییەكانن، بەڵام نە سعودیە و نە میسریش نایانەوێت ئەوان لە لووتكە و هەڕەمی دەسەڵاتی یەمەنیدا ببینن، هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەر دەستهەڵگرتن لە هاوپەیمانێتی حوسییەكاندا، جارێكی دیكە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی كۆنە هاوپەیمانیان بگەڕێنرێتەوە، ئەگەر خۆشی نەبێت كەسێكی نزیك لەو، ئەمەش پەیوەستە بەوەی كە تا چەند هێرشە ئاسمانییەكان كاریگەریان دەبێت لە گۆڕینی وەلائی سەربازی سوپای یەمەنی لە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحەوە بۆ عەبد رەبە مەنسوور هادی.

ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەی سعودیە سەركەوتووبێت لە كۆتاییهێنان بە هەژموونی حوسییەكان لە یەمەن، ئەوا دەبێتە هێرشێكی هەڵگەڕاوە دژ بەو شەپۆلە بەهێزەی فراوانبوونی ئێرانی لە ناوچەكەدا. هەمان رۆژی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە, ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا بۆ یەكەم جار بە ئاشكرا و بە توندی داوای لە ئێران كرد فراوانخوازی خۆی لە ناوچەكەدا بوەستێنێ‌.هەروەك هەمان رۆژ سوپای ئەمریكی بریاری یارمەتیدانی سوپای عێراقیدا لە هێرشەكانی سەر تكریت بە مەرجی كشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شیعی.

ئەگەر سعودیە بتوانێت ئەم هاوپەیمانیەتیە كە لەسەر بنەمای ترس لە فراوانبونی هەژمونی ئێرانی دروست بوە بەهێزتر بكات و بەردەوامی پێببەخشێت ئەوە ئێران ناچارە بەشێك لە ویستە فراوانخوازییەكانی دابمركێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر لە گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی خۆشیدا لەگەڵ رۆژئاوا سەركەوتووبێت، ناتوانێت هەموو وڵاتانی ناوچەكە بكاتە دووژمنی خۆی. خۆ ئەگەر گفتوگۆكان سەركەوتوو نەبن، ئەوە ئەو كات هەڵوێستی لاوازتر دەبێت و لە مەلەفەكانی سووریا و یەمەن و عێراق و لوبناندا ناچار بە پاشەكشەی جەرگبڕ دەبێت.

روداۆ/ دانا نەۆزەر

28/3/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان