محەمەد هەریری
زانیمان سەلەفیە سینگ تەنگ وئاسۆ کورتەکان دژایەتی هەموو شتێکی چاک وخراپ دەکەن لە نێو ئەو شتانەش نەورۆز، ئەگەر حەدیسێکی لەسەر نە هاتبێت یان سەحابیەك لە بارەوەی نەدوا بێت، یان هەر نەبێت حەدیسێکی زەعیفی لەسەر هاتبێت، وەك مەعلومە حەدیسێکی زەعیفیش لە عەقڵی هەزار عاقڵ باشترە لای قوتابخانەی سەلەفیزم، ئەوە کارێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەکراوە ئەوەیە بە ناوی ئەکادیمیەت ولە ژێر پەردەی زانستی وبابەتخوازیدا بێیتوو هەمان وڕێنەکانی سەلەفیەکان دوبارە کەیتەوە، وتا سەر ئێسقان پشتگیری لە ئەفسانەکانی دوژمنانی مێژوویی کورد بکەیت وئەفسانەکانی شاهنامە کە پڕاوپڕە لە هەڵەی مێژوویی ولۆژیکی لێت ببێتە پەراوێکی ئاسمانی و سەحیحەکەی بوخاری!! هەر دوێنێ بوو مەلایەك بەدەوری گۆی زەوی دەسوڕایوە بۆ دۆزینەوەی هەر ئەفسانەیەك تا نەورۆز لە کورد داماڵێنێت، بۆیە یەکەم جار گوتی جەژنێکی فارسەکانە وتازیمانەی کوردانە بەپێی گێڕانەوەی فیردەوسی کە نازانم کەسانی سەلەفی باوەڕ بە عاقڵترین قسە ناکەن ئەگەر سەنەدی ڕاست نەبێت، بەڵام بۆ دژایەتی کردنی نەورۆز باوەڕ بەڕیوایەتی فیردەوسی دەکەن کە خۆیان دەڵێن شیعەیەکی ڕافزی بوو!!
کە مەلا هێشتا دڵی ئاوی نەخواردەوە، کەمێکی تر لە گوگڵ گەڕابوو جەژنێکی تری قیپتیەکانی بەرچاو کەوتبوو بە ناوی [نیرۆ] یان نیرۆز، ئەوجارە دەیگووت ئەها نەورۆز جەژنی مەسیحیەکانی میسرە!! لەکاتێکدا جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان [نیرۆ] ی قیبتیەکان و [نەورۆز] ی ئاریایەکان. بەڕاستی ئەو هەڵوێست و رەفتارە نا شارستانیانەی کەسانێکی کورد لە ژێر پەردەی دینداریەوە دەرهەق بە نەورۆز دەیکەن، بەر لە هەر شتێك گوزارش دەکات لە نەزانینیان بە نرخی مێژوو وکاریگەری داستانی مێژوو بەسەر کۆ یادەوەری میللەتەکەیان. مەلاکان وبەناو ئەکادیمیەکانی دژە نەورۆز دەڵێن نەورۆز جەژنێکی قیپتی میسریە کۆنەکانە ولە سەردەمی فیرعەونیەکانەوە ئاهەنگی بۆ گێڕدراوە بەر لە ٤٧٠٠ سال پێش زایین، بێئەوەی بە چاکی بیخوێنەوە کە جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان نەورۆزی کوردی وفارسی لەگەڵ [نیرۆس] قیپتی میسری کە عەرب بە هەڵە کردیانەتە [نیروز]، ئەو مامۆستایانە بە پاڵنەرێکی ئاینی ڕووت پەلەی ئەوەیانە بە زۆری نەورۆز شاباش بکەن وبیدەنە پاڵ [هەر غەیرە کوردێك] وادەزانن بەدبەختیەکانی کورد هەمووی لە ژوور سەری نەورۆزدایە، بۆیە دەبێت لێی ڕزگار بین نە وەک بیروباوەڕی تەوحیدی ئاینیمان خەوشی تێبکەوێت!! کەنیسەی قیپتی میسری دەڵین:" نیرۆز [نەک نەورۆز] جەژنی سەری ساڵی میسرییە ویەکەم رۆژی ساڵی کشتوکاڵیە و وشەی [نیرۆز] لە [نی-یارۆ] قیپتی هاتوە بە مانای ڕوبارەکان، چونکە ئەو کاتە لە ساڵدا کاتی تەواو بوونی وەرزی لافاوی روباری نیلە کە شادەماری ژیانی میسرە، کە یۆنانیەکان هاتنە میسر پیتی [س] یان خستە سەر ناوەکە بە عادەتی زمانەوانی خۆیان چۆن بۆ نمونە [ئەنتۆنی دەکەنە ئەنتۆنیۆس] بۆیە [نیرۆ] بووە [نیرۆس] و عەرەب وایانزانی نورۆزی فارسیە.."
دەبێت بۆ زانایەکی کورد کارێکی وەک ئەو کارەی فیردەوسی پێنەکرابێت؟! لەو سەردەمە کارێکی وای بۆ کورد نەکردبێت؟! بۆ فیردەوسیەکی موسڵمان شکۆی ئەو هەموو پاشا ئەفسانەیی و راستەقینە نا موسڵمانانەی تۆمار کردۆتەوە و نەمری کردوون لە شاهنامەکەی تا دنیا ماوە؟ باشە ئەگەر دەوڵەتی میدیا زۆر کۆن و لە مێژ بوو. لە یادەوەری کورد نەمابوو، خۆ سەلاحەدینی ئەیوبی، بەو هەموو خەسڵەتە جوامیر ودەگمەنانەی کە هەیبوو، بۆ نەیانتوانی سوڵتان نامەیەک یان داستانێکیان لەسەر نەنوسی کە خۆی لە خۆیدا ببوە داستان لە نەزەری شەرق وغەربەوە، هەتا شاعیری گەورەی ئیتاڵی دانتی دڵی نەهاتوە بیخاتە دۆزەخی [کۆمیدیای خوداوەنیەوە] وبەڕیزەوە لە شوێنێکی نێوان دۆزەخ وبەهەشت سەلاحەدینی داناوە، لەکاتێکدا هەموو ئیسلامی بە پێغەمبەرەوەش خستۆتە دۆزەخی کۆمێدیاکەی!! سەلاحەدین هەموو ئەوروپای سەردەمی جەهالەت وتاریکی کەنیسەی سەرسام کردبوو بە ڕەوشتی بەرز وجوامێری وسوارچاکی. بەڕای من کورد لەچاو میلەتانی تر هێندە دەمارگیر وبەپەرۆش نییە بۆ وڵاتەکەی وبۆ سەرکردە مێژوویەکانیشی، تا ئەمڕۆش لەگەڵ بوونی ئەو هەموو مەترسیانە دەورمان زۆربەی هەرە زۆری سەرکردە ومیلەتیش تاڕادەیەکی زۆر ناوچەگەرێتی وعەشیرەتی وشارچیەتی بە پلە یەك دێت لە ئەجیندایان! دەردەکە پەڕیوەتەوە ناو ڕۆشنبیرانیش لە ئاستی بەرزەوە! کەوابوو چۆن چاوەڕێی زانایەکی کورد بکەین لەسەردەمی زێڕینی ئیسلام وەک فیردەوسی بێت وشاکارێکی وەک ئەو داهێنێت؟! بۆ زانینیش شاهنامەی فیردەوسی تاقە شاهنامە نییە لە مێژووی فارسدا، بەڵکو زیاتر لە پێنج شاهنامەی تر بەر لەئەو بەرهەم هاتبوو.
23/3/2015