شەریف فەلاح
هەڵەبجە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە کە رۆژی 13 ئازاری 2014 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان. کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی ھەڵەبجە 27 ساڵ لەمەوپێش و لە 16ی ئازاری 1988دا ڕووی دا لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران- عێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق و بە سەرپەرشتیی “عەلی حەسەن مەجید” ناسراو بە عەلی کیمیایی شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرا، زیاد لە 5 هەزار ھاووڵاتیی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھید کران و و تێڕای خەڵکی شار و دەوروبەری ئاوارەی ئێران بوون و زیاتر لە 10 هەزار کەس بووە. کیمیاباران کردنی هەڵەبجە بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت کە بە گازی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دژی نەتەوەی کورد بەکار هێنرا. ئەوکات بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم تاوانە دژە مرۆییەی کە دەرحەق بە کورد کرا، هێندەی دیکە رەنج و ئازاری قوربانیانی بەژانتر کرد. ساتوسەودای سیاسی و بەرژەوەندیی ئابووری و پێگەی وڵاتانی زلهێز ئەوکات لە ناوچە، دەستیان دایە دەستی یەکتر هەتا بێدەنگی لە پێشیڵکاری و جینایەتێکی سامناک بەرانبەر بە نەتەوەی کورد بکرێت، هەرچەند دیکیۆمنێت، وێنە و گرتە ویدیۆە هەژێنەرەکان و ئاستی کارەساتەکە نەیانهێشت راستییەاکن بشاردرێنەوە و هەڵەبجە و زام و ئازاری سەرجەستەی بووە ناسنامەی تراژیدیای کورد و کوردستان.
لە دوای زیاتر لە دوو دەیە لە کیمابارانی ھەڵەبجە، ئاسەواری کیمیاباران بەسەر بریندارانی ھاووڵاتییانی ھەڵەبجەوە هەر ماوە.
لە درێژەی ھەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی مافخوازی هەڵەبجە و رێکخراوی داکۆکی کردن لە کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە و ڕێکخراوی چاک پاش دادگایی و لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، ساڵی 2012 ش عەلی کیمیایی ئەنجامدەری سەرەکیی هەر چەند لەسەر دۆسیەی هەڵەبجە نەبوو، بەڵام دادگایی و پاشان لەسێدارە درا.
پاشان گەورە بازرگانی چەکی کیمیایی، “فرانس ڤان ئەنرات”ی ئەڵمانی کە دابینکەری چەکی کیمیای بۆ حکوومەتی بەعس بووە، بە هەوڵێ رێکخراوەکانی هەڵەبجە پەلکێشی دادگا کرا و بە تاوانی تاوانکاریی جەنگ و کۆمەڵکوژی بە ماوەی 15 ساڵ زیندانی سزا درا.
ئێستە کە 27 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارنی هەڵەبجەی شەهیددا تێدەپەڕێ و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژانوەی شار و خزمەتی تێکڕای پێکهاتەی شارەکە بەچاوە، بەڵام ئازار و مەینەتییەکانی هەڵەبجە و کاریگەریی دەروونیی چەکی کیمیایی هەر ماوەن و ساڕێژ نابن.
گەورەترین دەستکەوت بۆ هەڵەبجەی شەهید بڕیاری بە پارێزگا بوونیەتی، هەرچەند هێشتا بە فەرمی پارێزگار و ئیدارەکەی دانەمزراوە و دەست بەکار نەبوون، بەڵام خەڵک و جەماوەری هەڵەبجەی شادمان کردووە، بەلاکوو بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە بتوانێ نەختێ لە ئازار و خەمەکانیان ساڕێژ بکات و لەڕووی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵاتی و ئابوورییەوە هەڵەبجە بووژێتەوە.
هەڵەبجە بە یەکێک لە شارە مێژوویی و گرنگەکانی باشووری کوردستان دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35 -36 پلەی باکوور و 83 کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەکەی 1599 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و ئەو سەردەمەی کە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو 39.9% ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێکدەهێنا.
لە باکووری ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورە دراوە. بە درێژایی 75 کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. دەشتی شارەزوور کە بە یەکێک لە دەشتە بەپیت و پرئاوەکانی جیھان دەناسرێت، بەشێکی گەورە لە ڕووبەری ئەم پارێزگایەی پێکھێناوە. دەشتی شارەزوور بە ڕۆژئاوای شاری ھەڵەبجە دەست پێدەکات و لە ڕۆژھەڵاتی ناحیەی سوورداش کۆتایی دێت، درێژییەکەی نزیکەی 100 کم دەبێت. ئەم دەشتە بژێوی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکەی پێکھێناوە.
پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و جوگرافی ھەیە لەگەڵ شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، وەکو شارەکانی نەوسوود، پاوە، باینگان، مەریوان.
شوێنەوارە بەناوبەنگەکانی ناوشاری ھەڵەبجە و دەوروبەری: باخی میر، قەیسەری حامید بەگ، مزگەوتی پاشا، مزگەوتی جامعە، مەرقەدی پیرمحەممەد، کارێزی حاجی ناجی، ئاشتی مەحمودی یاروەیسی، فرە خەزێنە، تووە وشک، کانی شێخ، گوڵان، کانی حەمە و غان، کانی سۆفی خدر، کۆڵە بۆز، مۆردانە، کانی نواڵە، کانی زارا.
مێژووی دروست بوونی ھەڵەبجە:
گومان لەوەدا نییە کە ھەڵەبجەی ئێستاش لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکاندا دروست کراوە، یەکڕابوونێک لەوەدا ھەیە کە ھەڵەبجە دوای ساڵی (1700)ی زایینی دروست کراوە.
عەشیرەتی جاف دروستکەر و بنیاتنەری ھەڵەبجەن. وردە وردە ئەم شوێنەی ھەڵەبجە بەھۆی ناوداری شوێنەکەیەوە کە دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا، زیاتر ئاوەدان بۆتەوە و تەنیا (خێلەکانی جاف) ی تێدابووە کە زیاتر لە (12) ھەزار خێزان دەبن، ناوەندی ئاوەدانیی شارەزوور بووە، پاشان خەڵکی تر ھاتوون و پاڵیان داوە بە ھۆزەکانی جافەوە و زیاتر ئاوەدان بۆتەوە، بەتایبەتی هەورامییەکان.
ژمارەیەکی زۆر سەرچاوە و مێژوونوس لەوەدا یەکدەگرنەوە کە بە ھەزاران ساڵ پێش زایین بوونی ژیان و قەڵەمڕەوی بچووک و گەورە، کوردی و بێگانە، لەم ناوچەیەدا ھەبوون، وەک (ئاشوورییەکان، بیشداییەکان، میدییەکان، ھەخامەییەکان، ئەسکەندەر لە سەدەی چواری پێش زایین، ئەشکانی، ساسانییەکان، ھاتنی ئیسلام (21 ی ک. 463ز)، روادییەکان، سلجوقییەکان، ئەتابەکەکان، ئەیووبی، مەغۆلی، جەلائیری مەڕەسپی، تەیمووری لەنگ (١٤٠٠ ز)، ئەردەڵان و سەفەوییەکان، بابانەکان، عوسمانی، ئینگلیز، شێخ مەحموود، حکوومەتی عێراق، حکومەتی کوردی (حکومەتی ھەرێمی کوردستان.)
ڕیش سپیان و پیاوە دێرینەکانی شار ھەندێکیان دەڵێن، یەکەم خانوو لە ھەڵەبجەدا بەگەکانی (شیوەکەڵ) دروستیان کردووە و پاشان نەوەکانیان لەوێدا نیشتەجێ دەبن، کە ئەمانیش (حەمە چاوەش) و ھەرسێ کوڕەکەی (پیرۆت و سڵێمان و عەبدوڵڵا) ئەمانیش لەگەڵ خۆیاندا بنەماڵەیەکی تر دێنن، کە ئەمانە بوون، (حەمە پیرۆت) موختاری تورک بووە، (ئەحمەدی پیرۆت) و (سڵێمان)یش ئەم منداڵانەی ھەبووە (حاجی محەممەد)، (قادر)، (حاجی فەرەج)، (ئەمین) و (عەبدوڵڵا) ش کە ئەم منداڵانەی ھەبووە (ئەوڕەحمان، ئەحمەد، مەحمود، سەعید، ئەمین، حەمە ساڵح) بەپێی ئەم بۆچوونە یەکەم بنەماڵەیەک ھەڵەبجەی دروست کردبێ ئەم ماڵانە بوون کە ئێستا لەناو خەڵکی شار بە (13) ماڵە ناسراون.
ھەڵەبجە جاران دوو قەیسەری گەورەی ھەبوو (قەیسەری پاشا و قەیسەری حامید بەگ) کە لە ساڵی 1934 دروست کراوە، بینا و سەرا و پۆلیسخانەی ھەڵەبجە ساڵی 1930 دروست کراوە، یەکەم قوتابخانە ساڵی 1925 و ساڵی 1929 بوو بەخاوەنی نەخۆشخانە، ساڵی ١٩٤٠ ئامێری کارەبای ھەڵەبجە کەوتە گەڕ. لە ساڵی 1929 پرۆژەی ڕەسمی ئاوی ھەڵەبجە تەواو بوو، لە ساڵی 1924 تەلەگرافخانە دامەزاوە.
هەڵەبجە هەردەم مەڵبەندی زانست، عیرفان، ئەدەب و کولتووری کورد بووە و کەسایەتیی ناسراو و شاعیران و نووسەرانی وەک “عادیلەخان، گۆران، نالی، ئەحمەد موختاربەگ، و دەیان ئەدەبی دیکە بووە.
باسنيوز
17/3/2015