حسێن عەبدوڵڵا قادر
بەشداری ئێران لە شەری سۆپای عێراقی بەرامبەر بە هێزەکانی تیرۆریستی داعش لە شاری تکریت پرسیارێکی گرنگ زەق دەکاتەوە کە بریتییە لەوەی ئایا عێراق بە تەواوەتی کەوتووە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ئێران و لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا چۆن لەم بابەتە دەروانێت. ئامادە بوونی هێزەکانی ئێرانی لەم شەڕە هەر چەندە پەیامێکی گرنگی بە ئەمەریکا دا کە ئێران توانای دەستێوەردانی لە کاروباری ناوچە هەیە، هەر وەکو چۆن لە رابردووشدا ئێران بە پەیامەکانی یدکەی وەکو نمونەگەلی سوریا و یەمەن و…هتد ئەمەی سەڵماندووە، بەڵام دەرکەوتنی بەو شێوەیە ئایا زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کارتێکەری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە یاخود سەرەتای هاوکارییەکی نوێی ئەمەریکا وەکو زڵهێزێک لە ناوچە و ئێران وەکو هێزێکی ناوچەییە. بەرلەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، پێویستە چەند شتێک روون بکرێنەوە. بەهێزبوونی داعش لە عێراق هەر چەندە لە ئەنجامی سیایسەتە هەڵەکانی لایەنی دەسەڵاتداری شیعە لە عێراق بەرجەستە دەکرێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئەمە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت کە بەهێزبوونی داعش لە عێراق لە دوو لایەنەوە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ئێران بووە، یەکەم بەهێزبوونی بلۆکی سونە لە عێراق و ناوچە کە دژایەتی راستەوخۆی بلۆکی شیعە بە سەرکردایەتی ئێران دەکات و لە لایەکی دیکەوە مەترسی داعش بۆ سەر سنوورەکانی ئێران بە ئەگەری پەرەسەندنی بووە. ئەو دوو لایەنە هۆکار بوونە لەوەی ئێران رووبەروو بوونەوە بەرامبەر بە داعش بە پێویست بزانێت و کار لە سەر هاوکاری زیاتر لەگەڵ هێزەکانی عێراقی بکات و ئەمەش بە شێوەی راستەوخۆ لە پەرەسەندنی کارتێکەری ئەو وڵاتە لە عێراق گەیشتە ئەنجام و دەتوانێت مەترسی بۆ سەر سونەکان هەبێت لە بابەتەی پەرەسەندنی هێزی شیعە لەو ناوچە سونانەی کە لە ژێر دەستی داعش رزگار دەکرێن و بە هەمان شێوەش کاریگەری نیگاتیڤی لە سەر سونەکانی ئەو وڵاتە دەبێت.
لە لایەکی ترەوە، ستراتیژی ئەمەریکا لە ناوچە بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی وا دەرکەوتووە کە کەوتووتە ژێر کاریگەری پەیوەندییەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران لە بابەتی دانۆستانەکانی وزەی ناوەکی. ئەمەش بە شێوەیەکە کە ئەمەریکا لە لایەک بە دانۆستان لەگەڵ ئێران سەرقاڵە و لە لایەکی دیکە لە بەشداری ئێران لە شەڕی تکریت دەروانێت و هەڵوێستێکی ئەوتۆی بەرامبەر بەو بابەتە نەبووە. هەر چەندە لەوانەیە دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و دەرکەوتنی هێزەکانی لە شەڕی بەرامبەر بە داعش بە بەشێک لە سیاسەتی ئێران لە قەلەم بدرێت لە رووی خۆپاراستنی بەرامبەر بە داعش لە داهاتوودا و لە لایەکی دیکەشەوە بێدەنگی ئەمەریکا وا لێک بدرێتەوە کە داعش دۆژمنێکی هاوبەشە بۆ هەموو وڵاتان لە ئەمەریکا و عێراق بگرە تاکو ئێران و سعودیا و وڵاتانی دیکە. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە بە راشکاوانە بەشداریکردنی ئێران چ کاریگەرییەکی لە سەر داهاتووی عێراق لە لایەک و سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچە دەبێت. ئەو بابەتە لە لایەن کۆمارییەکانی ئەمەریکا نیگەرانی لی کەوتووتەوە بە شێوەیەک کە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی سینای ئەمەریکا لە رۆی 11ی مارچ لەگەل وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا و فەرماندەی گشتی سۆپای ئەمەریکا، هەر یەک لە رۆن جۆنسۆن و مارکۆ رۆبیۆ سیناتۆرەکانی کۆماریخواز لە کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی سینای ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە پەرەسەندنی پانتایی کارتێکەری ئێران لە عیراق دەربری و هەروەها سیناتۆر رۆبیۆ ئیدارەی ئۆبامای بەوە تاوانبار کرد کە نەرمی نواندووە بەرامبەر بە ئێران لە کەیسی عێراق و سوریا بۆ ئەوەی ئێران لە سەر دانۆستانەکان بەردەوام بێت.
بە پێی ئەو بۆچوونەی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی سینای ئەمەریکا، دەبێت چاوەروانی بەهێزبوونی زیاتر هژموونی ئێران لە ناوچە بکرێت و ئەمەش راستەوخۆ کار لە سەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچە لەوانە سعودیا دەکات و لە لایەکی دیکەی نەک تەنیا نابیتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی شەرەکانی ئایینی لە ناوچە بەڵکوو پەرە بەو جۆرە بەرەنگاربوونەوانەی بەرامبەر بە یەکتر دەدات تەنانەت بە ئەگەری نەمانی داعش لە داهاتووی عێراق. بەهێزبوونی ملیشیاکانی شیعە لە داهاتووی عێراقیش زەنگێکی مەترسیدار دەبێت بەرامبەر بە پێکهاتەکانی دیکە بە تایبەتی سونەکان لە عێراق.
هەر وەک چۆن ئاماژە پێدرا بەهێزبوونی ئێران و بەرەی شیعە لە ناوچە و گلۆپی سەوزی ئەمەریکا لە پێناو گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە و نیگەرانی هاوپەیمانەکان بە تایبەتی ئیسراییل و سعودیا دەتوانێت ریگا خۆشکەر بێت بۆ بەردەوامبوونی پشتگیری کردن و پەرەسەندنی داعش لە ناوچە لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی ئەمەریکا هەست بە زەر و زیان دەکەن. دیارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش جەختی لە سەر هەرەشەی بەهێز بوونی ئێران لە ناوچە کردۆتەوە و دانی بەوە ناوە کە ئەگەر بێت و دانۆستانەکان لەگەڵ ئێران نەگەنە ئەنجام، ئەمەریکا هەڵبژاردەی دیکەی لەبەر دەست دا دەبێت، بەڵام پێناچێت هەڵبژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دوای شکستەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و عێراق بکەوێتە دەستووری کاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و تەنیا هەڵبژاردەی زیادبوونی گەمارۆکانی ئابووری بۆ سەر ئێران دەکەوێتە بواری جێبەجێ بوونەوە، بەڵام بە زیادبوونی هژموونی ئێران لە ناوچە، ئاستەمە ئەو گەمارۆیانە سوودێکی ئەوتۆیان هەبێت و ئێران لە رێگاگەلی دیکە کێشەکانی چارەسەر دەکات و ئەو گەمارۆیانەش تەنیا بەسەر خەڵکی وڵاتەکە کاریگەریان دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئاماژە پێدان بەهێزبوونی ئێران لە ناوچە و دەرکەوتنی وەکو زڵهێزێکی ناوچەییە کە دەتوانێت بە سەر سەرجەم هاوکێشەکانی ناوچە کاریگەر بێت و دەتوانێت کاریگەرییەکی نیگاتیڤی لە داهاتووی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەبێت و بە پێچەوانەی هەندێک لێکدانەوە کە ئاماژە بە دۆژمنی هاوبەش وەکو داعش بۆ بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی ئەمەریکا و ئێران دەکرێت، دەبێت ئەو بابەتەش رەچاو بکرێت کە بە هۆی ئەو دژایەتییەی کە ئێران بەرامبەر بە ئەمەریکا هەیەتی و هەروەها لەبەر نەبوونی متمانەی هاوبەش لە نێوان هەر دوو لا، ئاستەمە ئەو دوو وڵاتە بتوانن لە بەرەیەکدا شەڕ دژی تیرۆر بکەن و هەر یەک لە روانگەی خۆی و لە ئاست بەرژەوەندی خۆی لە سەر ئەم بابەتە چالاکی دەنوێنێت.
16/3/2015