حكومەتی رووسیا، شوێنی حەوانەوەی مستەفا بارزانی لە مۆسكۆ بە فەرمی دەناسێنێ و ئەو كەسەی ئێستا لە نێو خانووەكەی بارزانیدایە نرخێكی زۆری لەسەر خانووەكە داناوە، بەو هۆیەشەوە كەس لێی ناكڕێت. بارزانی ماوەی چوار ساڵ لە مۆسكۆ لە ئەكادیمیایەكی سەربازی خوێندوویەتی و بەگوێرەی بەڵگەنامەكان لەوێ ناوی "مامیدۆڤ" بووە. دوای رووخانی كۆماری مهاباد، مستەفا بارزانی لەگەڵ نزیكەی 500 پێشمەرگەی خۆی بڕیار دەدات ئێران جێبهێڵێت و پەنا بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران ببات. رۆژی 15ی نیسانی 1947 سەرجەم پێشمەرگەكان كۆدەكاتەوە و پێیاندەڵێت "ئەم سەفەرەی ئێمە، سەفەری هات و نەهاتە، برینداربوون و ئازار و ئەشكەنجە و كوژرانی تێدایە، من خۆم نادەمە دەست عێراق، هەر كەس ئامادەیە لەگەڵم بێت با رای خۆی بڵێت". پاش 59 رۆژ بەپێ رۆیشتن و 3 سێ رۆژ مانەوە لەسەر سنوور، دواجار لە 18/6/1947 لە رووباری ئاراس پەڕینەوە ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەت و بارزانی لە 29ی ئەیلولی 1947 لە شاری "نەخچەوان"ی كەناری ئەرمینیاوە گوازرایەوە بۆ شاری "باكۆ"ی پایتەختی كۆماری ئازەربایجان.
لە ئازەربایجان دەستبەسەر دەكرێ
مستەفا بارزانی هەرزوو تووشی كێشە دەبێت لەگەڵ جەعفەر باقیرۆڤ، سەرۆكی ئەوكاتی ئازەربایجان. چونكە لە دیدارێكدا باقیرۆڤ داوا دەكات رۆژهەڵاتی كوردستان، لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی سنووردار بخرێتە پاڵ ئازەربایجانی سۆڤیەت، بەڵام بارزانی بەتوندی لە دژی ئەو قسەیەی باقیرۆڤ وەستاوەتەوە، هەروەها لە ئێوارە خوانێكیشدا كە سەرۆكی ئازەربایجان بۆ بارزانی سازی كردووە، باقیرۆڤ دەڵێ "ئەم ئاهەنگە بە خۆشی و سەلامەتیی قارەمانی ئەم سەدەیە، مستەفا بارزانییە"، بەڵام بارزانی لەوەڵامدا دەڵێ "من كاتێك شاد و خۆشحاڵی خەباتی خۆم دەبم كە هەڤاڵەكانم بە ئاسوودەیی بژین و لەدەست برسێتی و بەدبەختی لە یەكێتی سۆڤیەت رزگاریان بێت".
باقیرۆڤ بەم هەڵوێستەی بارزانی زۆر تێكدەچێت و هەر ئەو شەوە پەیوەندی بە جۆزێف ستالینەوە دەكات و دوای چەند رۆژێك فەرمانی دا بە لێكدابڕین و پەرش و بڵاوكردنی پێشمەرگەكان و ئازاردان و راگواستنیان بۆ سەختترین ناوچەكانی سۆڤیەت.
لە 29/8/1948 بارزانی لە ئازەربایجانەوە گواسترایەوە شاری تاشقەندی پایتەختی ئۆزبەكستان. دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت هەر بەوە ناوەستن، بەڵكو لە 13/3/1949 بارزانی لە هەڤاڵانی دادەبڕن و خۆی و دوو پێشمەرگەی دیكەی دەگوازنەوە بۆ شاری "چەمبای" لەسەر دەریاچەی ئۆراڵ و لەوێ دەستبەسەری دەكەن. دوای سێ ساڵ بارزانی جارێكی دیكە دەگەڕێنرێتەوە ئۆزبەكستان.
مردنی ستالین بەخێر شكایەوە
ستالین لە شەوی 5 ئاداری 1953 كۆچی دوایی كرد و دوای ئەو خرۆشۆڤ بووە سەرۆك كۆماری سۆڤیەت. بارزانی بەشێوەیەكی نهێنی لە تاشقەندەوە بەرەو مۆسكۆ دەكەوێتە رێ و سێ رۆژ لەبەردەم كۆشكی كرێملین مان دەگرێت. پاسەوانەكان خرۆشۆڤ لە هاتنی بارزانی ئاگادار دەكەنەوە و پاش دیداری لەگەڵ خرۆشۆڤ، سیاسەتی سۆڤیەت گۆڕانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بارزانی لەو دیدارەی لەگەڵ خرۆشۆڤدا، داوا دەكات ئەم كۆت و بەندانەی سەر هەڤاڵانی هەڵبگیرێت و دەرفەتی فێربوون و خوێندن بۆ پێشمەرگەكان بڕەخسێنرێت.
چوار ساڵ ژیان لە مۆسكۆ
ساڵی 1954 تا ساڵی 1958 بارزانی لە شوقەیەكی شەقامی نۆڤەسلابۆدسكایەی شاری مۆسكۆ دەژیا. د.خۆشەوی مەلا ئیبراهیم نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە رووسیا كە باوكی ئەویش یەكێك بووە لە یاوەرانی بارزانی بۆ یەكێتی سۆڤیەت، سەبارەت بە شوێنی ژیانی بارزانی گوتی "ژمارەیەك لەو ئەفسەرە سۆڤیەتیانەی كە لە ئەكادیمیای سەربازی فرونزی دەیانخوێند، لە شەقامی نۆڤەسلابۆدسكایە دەژیان، ئەوانیش تەنیا ئەو ئەفسەرە هەڵبژاردانە بوون كە بەلای سۆڤیەتەوە گرنگ بوون و خاوەنی میدالیا بوون و بە قارەمانی رووسیا دەناسران، چونكە ئەو شەقامە بەیەكێك لە گرنگترین شوێنەكانی مۆسكۆ دەناسرێت".
دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لە سەردەمی خرۆشۆڤدا گرنگی زۆریان دەدا بە بارزانی، هەربۆیە شوقەی ژمارە 125 لە نهۆمی پێنجەمی باڵاخانەی ژمارە 50ی شەقامی نۆڤەسلۆبۆدسكایەی شاری مۆسكۆیان بە بارزانی دا، بۆ ئەوەی تێیدا بژی.
لە 45 ساڵی دەستی بەخوێندن كرد
بارزانی لە ژیانی ئاوارەییدا، گرنگی و بایەخی زۆر دەدات بە خوێندن و بەردەوام هانی پێشمەرگەكانی دەدا بۆ ئەوەی بخوێنن، بۆیە داوا لە كاربەدەستانی سۆڤیەت دەكات كە رێگا بدەن پێشمەرگەكانی بخوێنن. بارزانی بۆ سۆڤییەتیەكان دەنووسێ "لێرە بێشك كاركردن شتێكی پیرۆزە، بەڵام فێربوونی زانست و زانیاری گرنگترین قۆناغی سەرەتاییە بۆ سەركەوتن، ئێمە پێویستمان بە فێربوونی زانستی سیاسی و كاروباری پارتایەتی و زانستە نوێیەكان هەیە، تكام ئەوەیە لەم بارەیەوە یارمەتیمان بدەن".
لەسەر داوای بارزانی، حكومەتی سۆڤیەت دەرفەتی خوێندنی رەخساند بۆ زیاتر لە 200 پێشمەرگە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، بارزانی خۆیشی لە تەمەنی 45 ساڵیدا لە شاری مۆسكۆ چووە ئەكادیمیای فرونزی.
د.خۆشەوی دەڵێ "ئەكادیمیای فرونزی یەكێكە لە باشترین ئەكادیمیا سەربازییەكانی رووسیا كە تەنیا خەڵكێكی هەڵبژاردە لەو ئەكادیمیایە وەردەگیران، مەلا مستەفا بارزانیش بە ناوی مامیدۆڤ لەو ئەكادیمیا سەربازییە وەرگیرا و خوێندنی سەربازی لەوێ خوێند".
(رووداو) سەردانی ئەكادیمیای فرونزی كرد بەمەبەستی دەستخستنی بەڵگە و دۆكیومێنتەكانی خوێندنی بارزانی لەو ئەكادیمیایە، بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەكادیمیاكە رێگا بەهیچ كەسێك نادەن بەبێ نووسراوی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاخود خانەوادەی بارزانی، چاوی بەو بەڵگانە بكەوێت.
تابلۆی ناوی بارزانی
حكومەتی رووسیا بەشێوەیەكی فەرمی تابلۆی یادەوەری لەسەر دیواری زۆر لەو باڵاخانانە هەڵواسیوە كە پێشتر كەسایەتییە ناودارەكان تێیدا ژیاون، یەكێكیش لەو كەسایەتیانە مەلا مستەفا بارزانییە. لە ناوەڕاستی شوباتی 2012 لەلایەن حكومەتی رووسیاوە تابلۆی یادەوەری ئامادەكرا بۆ شوێنی ژیانی بارزانی.
تابلۆ هەڵواسراوەكە بەردێكی مەڕمەڕە كە لەسەری نووسراوە (كەسایەتی دیاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد مستەفا بارزانی لەساڵی 1954 تا 1958 لەم ماڵەدا ژیاوە). ئەو تابلۆیە بەشێوەیەكی فەرمی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی رووسیا و باڵیۆزی عێراق لە رووسیا، لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە مەراسیمێكدا لەسەر دیواری باڵاخانەكە هەڵواسرا و لەهەمان شوێن سەرۆكی هەرێمی كورستان وتەیەكی پێشكەش كرد.
شوقەكەی بارزانی ئێستا خێزانێكی رووسی تێدا دەژی، چەند جارێكیش هەوڵدراوە شوقەكە بكڕدرێت، بەڵام كاتێ خاوەنی شوقەكە دەزانێ مەلا مستەفا تێیدا ژیاوە، داوای نرخێكی خەیاڵی دەكات.
خۆشەوی محەممەد
رووداو- مۆسكۆ
12/3/2015