به‌رهه‌م عه‌لی
به‌ره‌به‌یانی دوێنێ، له میحوه‌ری باشووری كه‌ركووك، له‌و هێرشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ئازادكردنی (گونده‌كانی سمایلاوا و سه‌خه‌ره) كردی، سێ پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان كه خه‌ڵكی شاره‌كانی (سنه و سه‌قز و مهاباد)ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون، گیانی پاكیان بۆ ئازادیی كوردستان به‌خشی و شه‌هید بوون. له چه‌ند مانگی رابردووش‌دا، هه‌ر له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعشدا، شایه‌دی شه‌هیدبوونی گه‌ریلای باكور له مه‌خمور، پێشمه‌رگه‌ی باشوور له كۆبانێ، پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا له زومار بووین. مێژووی بزاڤی ئازادیخوانه‌ی كوردیش، تژییه له‌م رووداوانه، به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی پێشمه‌رگه‌كانی باشوور بۆ شۆڕشگێڕانی چیای ئاگری له باكور و پشتیوانی و به‌هاناوه‌چوونی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و هێزه‌كه‌ی بۆ شۆڕش و كۆماری كوردستان له مهاباد، دیارترین دوو نموونه‌ی گیانفیدایی رۆڵه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌یه بۆ به‌رگری له خاك و خه‌ڵكی خۆیان.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه، دوور له جیاوازی و ناكۆكییه حزبی و به‌ره و به‌ره‌كاری و كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی ده‌وڵه‌ته ئیقلیمییه‌كان، ئه‌م پرسیاره سادانه له خۆمان بكه‌ین: ئه‌وه چ هێزێكه پاڵ به سێ كوڕی سنه و سه‌قز و مهاباده‌وه ده‌نێ، بچنه كه‌ركووك و له‌پێناو ئازادكردنی گوندێكی زۆر گچكه‌ی كوردستانی باشووردا، خۆیان به‌خت بكه‌ن؟ چی وا له پێشمه‌رگه‌یه‌كی گه‌نجی خه‌ڵكی شاری سۆرانی باشووری كوردستان ده‌كات، بچێ بۆ رزگاركردنی كۆڵانێكی كۆبانێی رۆژئاوا، گیان ببه‌خشێ؟ ئه‌ی چ هێزێكه ده‌توانێ هانی ئه‌و هه‌زاران كورده‌ی باكور بدات، جێ تایه‌ی ئۆتۆمبێلی پێشمه‌رگه‌ی باشوور ماچ بكه‌ن، كاتێ ده‌چن به هانای كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانه‌وه؟ چی وا له گه‌ریلایه‌كی باكور ده‌كات، له‌پێناو رزگاركردنی مه‌خموری باشووردا، خۆی به شه‌هیدكرن بدات؟ كێ ده‌توانێ ئه‌و هێزه پاڵنه‌ره‌مان بۆ ده‌ستنیشان بكات، كه وا له گه‌نجێكی كوردی موسڵمانی قامیشلوی رۆژئاوای كوردستان ده‌كات، بێته باشوور و ببێته پێشمه‌رگه و له رزگاركردنی زومار و شنگالی كوردانی ئێزیدیدا، ژیانی خۆی ببه‌خشێ؟
به‌داخه‌وه هه‌ندێ جار لێره و له‌وێ خه‌ڵكانێكی بیرته‌سك و نه‌زان، داستانی شه‌هیدبوونی ئه‌و كوڕ و كچه پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤانانه، له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، هه‌ر به ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ، له‌وه‌دا بچوك ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ڵێن: ”ئه‌مانه به فه‌رمانی حزبه‌كانی خۆیان و له خه‌می حزبه‌كانی خۆیاندا چوونه‌ته ئه‌و شه‌ڕانه‌وه و شه‌هید بوون“… نه‌خێر، چیرۆكه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و پیرۆزتره و نابێ وا سووك سه‌رنجی بده‌ین.
ئه‌و حزبانه‌ی ئه‌مڕۆ به هێزه چه‌كداره‌كانیانه‌وه، به فیعلی له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستاندان و به‌رگری له كوردستان ده‌كه‌ن، ره‌نگه رۆڵێكیان هه‌بێ له رێكخستن و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر به‌ره‌كانی شه‌ڕدا، به‌ڵام هێزه پاڵنه‌ره‌كه‌ی پشت (بڕیاردان بۆ شه‌هیدبوون) زۆر له كاریگه‌ری و فه‌رمایشت و وه‌لای حزبه‌كان گه‌وره‌تره، له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای كوردستاندا، حزب ده‌توانێ رێنماییت بكات، ده‌توانێ ئامۆژگاریت بكات، پێی ده‌كرێ پابه‌ندت بكات به پێڕه‌و و پرۆگرام و به‌رنامه و ئاراسته‌كانیه‌وه، حزب ده‌توانێ كاریگه‌ریی هه‌بێ به‌سه‌رته‌وه و وات لێ بكات له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی پێ بده‌یت، حزب ده‌توانێ مووچه‌ت بۆ دابین بكات و تۆش به‌رامبه‌ر به‌و مووچه‌یه دڵسۆرزی بۆچوونه‌كانی بیت، حزب ده‌توانێ ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار وات لێ بكات شتێ بڵێیت و بكه‌یت كه قه‌ناعه‌تی شه‌خسیت پێی نییه، حزب هه‌ندێ جار ده‌توانێ چه‌واشه‌شه‌ت بكات و به لاڕێتدا به‌رێ، حزب ده‌توانێ چه‌كیشت پێ بدات و بتنێرێته شه‌ڕه‌وه، به‌ڵمان تۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت بێ ده‌توانی خۆت له‌و ئه‌ركه بدزیته‌وه، چونكه تۆ ئاماده نیت، له‌پێناو حزبدا خۆت به كوشت بده‌یت! نه‌خێر ئه‌وه ئینتیما و هه‌ستێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه و خاكپارێزانه‌ی زۆر گه‌وره‌تره له ئینتیمای حزبی كه من توانای وه‌سفكردنیم نییه، وات لێ ده‌كات دواجار بۆ ئازدكردن گردۆڵكه‌یه‌كی وشكی سه‌ر خاكه‌كه‌ت گیانی خۆت ببه‌خشیت، ئه‌وه هێزی هه‌ستكردن به یه‌ك خوێنی و یه‌ك خاكییه، بینینی ئاسۆی گه‌شی ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیه، كه وا له رۆڵه‌كانی هه‌ر چوار پارچه ده‌كات، هه‌ریه‌كه و بۆ ئازادكردنی بستێك له خاكی پارچه‌یه‌كی تری كوردستان، گیانی خۆیان ببه‌خشن.
ره‌نگه یه‌كێك بپرسێت: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕی ناوخۆ و براكوژیی كوردستاندا خۆیان به كوشت دا، بۆ حزب نه‌بوو؟ هه‌رچه‌نده سه‌خت و هاوكات ناجۆریشه، برینی ئه‌و زه‌مانه بكولێنینه‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێم: به‌ده‌ر له‌و گه‌مه ئیقلیمییه پیس و قێزه‌ونه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ی ئێمه له شه‌ڕی ناوخۆدا ده‌گوزه‌را، ئه‌وكاتیش كه پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئه‌م حزب یان ئه‌و حزب، ئاماده‌ی گیانبه‌خشین بوو، هه‌ستێكی وای له ناخدا بوو، كه حزبی به‌رامبه‌ر ده‌یه‌وێ كوردستان به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ به‌رێ، بۆیه له سه‌نگه‌ری حزبی خۆیه‌وه، شه‌ڕی حزبی به‌رامبه‌ری ده‌كرد، كه‌واته له‌وێشدا كوردستان پێش حزب بوو، ئه‌و رۆژانه بڕوا و نه‌یه‌ته‌وه، ئێستا پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ گرنگه، به‌ڵام هه‌موومان به هیواین چیتر هیچ حزبێكی كوردستانی نه‌بێته دارده‌ستی گڵاوی بێگانه و له‌پێناو مانه‌وه و پاراستنی پێگه‌ی خۆیدا، كوردستان و رۆڵه‌كانی نه‌كاته قوربانی، با لێره‌وه قوربانیدان ته‌نیا و ته‌نیا بۆ كوردستان بێ، كوردستانێ كه لانه‌ی ئارام و پڕ سۆزی هه‌موو كوردستانیان بێ.
10/3/2015