بەختیار عەلی
“ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی لە بەردەم شوناسی دینی و ئەتنی و تایفی دا نەیتوانیوە فاکتەری یەکەم بێت” “ئەو دابەشبوونانەی کە لە دوای سایکس پیکۆ وە هاتوون قووڵترن لەوەی کە سایکس پیکۆ خۆی دروستیکردوە” ئایدۆلۆژیا بۆ دەوڵەتی مۆدێرن لە خۆرهەڵاتدا تەنیا کەرەستەی پروپاگەندەیە، دەوڵەت وەک نوێنەری ڕاستگۆی هیچ ئایدۆلۆژیایەک کار ناکات “گێڕانەوەی گرفتەکانی فۆرمی دەوڵەت نەتەوە بە تەنیا بۆ سایکس پیکۆ، ڕوانینێکی سیاسی ڕوکەشە، کە وەک ئەو ڕوانینە وایە کە کێشەکانی خۆرهەڵات دەگێڕێتەوە بۆ هەندێک سوڵتان و دیکتاتۆر، کە هەردووکیان دوو بۆچوونی سیاسی بازاڕیی و سەتحین و لە ناوەوە گرفتە بونیادییەکان فەرامۆش دەکەن”
1. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی توڕەیی ئێمە لە ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ تێکشکاندنێتى بۆ فۆرمی دەوڵەت نەتەوە. بەڵام بە بڕوای من ناکرێت کێشەی دروست نەبوونی دەوڵەت ـ نەتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تەنیا بگێڕینەوە بۆ ئەم پەیوەندییە. تێکشکاندنی فۆرمی دەوڵەت نەتەوە و لێدان لە ئەگەری سەرهەڵدانی، لە ساتێکی مێژوویدا هاتووە کە خودی نەتەوە لەم هەرێمەدا جێگای شوناسەکان و لایەنگری و ئینتماکانی تری نەگرتبووەوە، بە پێچەوانەی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەی ئەوروپی کە لەساتێکدا دێت شوناسە دووەمەکان، وەک شوناسی دینی و ناوچەیى، لاوازیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیبوو، زەمینە تەواو ساز بوو بۆ دەرکەوتنی فۆرمێکی تا ڕادەیەک جێگێر لە دەوڵەت. لە ساتەوەختی سایکس پیکۆ و دابەشکردنی خۆرهەڵاتدا لە ساڵی 1916 خودی هەستی ناسیونالیستی هێشتا گەلێک لاوازە، گەشەکردنی هەستی ناسیونالیستی بەو جۆرە ئاگرینەی کە لە سەدەی بیستدا دەیبینن ئامادەنەبووە. ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی لە بەردەم شوناسی دینی و ئەتنی و تایفی دا نەیتوانیوە فاکتەری یەکەم بێت. لێرەوە لە ساتەوەختی سایکس پیکۆدا هەر بۆ خۆی فۆرمی دەوڵەت نەتەوە ناموکین بووە. ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی، ئایدۆلۆژیای نوخبەیەکی بچوک بووە، کە هێدی هێدی و لە شێوەی خەونی گەورەبوونی لۆکاڵەکاندا خۆی بینیوەتەوە، وشەی نەتەوە، کەرەستەی هەندێک هێزی ناوچەیی و نوخبەویی بووە بۆ دەستگرتن بەسەر جوگرافیای بەرینتر و فراوانتردا، نەوەک بزاوتێک و دینامیکییەتێک بێت لە تەواوی جەستەی نەتەوەدا جوڵابێت و سەری هەڵدا بێت، لێرەوە هێندەی شەڕی لۆکاڵ و ناوخۆی داگیرساندوە، یەکخستنی سیاسی بەرهەم نەهێناوە. دابەشبوونە قووڵەکان لە پێش سایکس پیکۆدا هەبوون و دوای ئەویش بەردەوام بوون، ئەو دابەشبوونانەی کە لە دوای سایکس پیکۆ وە هاتوون قووڵترن لەوەی کە سایکس پیکۆ خۆی دروستیکردوە.
2. بەدرێژایی سەدەی بیست. ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی بەهێزدەبێت، بەڵام هیچ کات ناتوانێت ئایدۆلۆژیای زاڵ بێت و بەبێ کۆمەکی شوناسەکانی تر بژی و ئیشبکات. شوناسی نەتەوەیی بە گشتی لە خۆرهەڵاتدا هێندە لاواز دەبێت، هیچ کات بێ کۆمەکی شوناسی مەزهەبی، ئایدۆلۆژی، ناوچەیی ئیش ناکات. شوناسی نەتەوەیی لە خۆرهەڵات، چ لە ناو کورد و چ لە ناو عەرەبدا هیچ کات ئەوەندە بەهێز نەبووە، بتوانێت شوناسە سیاسی و ئەتنی و ناوچەیی و دینییەکان ببەزێنێت. لاوازبوونی شوناسی ناسیونالیستی وادەکات ناسیونالیزم تەنیا لە ڕێگای خۆ بەستنەوە بە ئایدۆلۆژیایەکی ترەوە بوونی هەبێت، لە ڕێگای هاوسەرگیرییەوە لەگەڵ مارکسیزمدا، لەگەڵ ناوچەگەراییدا، لەگەڵ دیندا یاخود لەگەڵ حیزبێکی مێژوویی یان سەرکردەیەکدا. فیکری ناسیونالیستی هیچ کات بەرزنابێتەوە بۆ دامەزراندنی جیهانبینییەکی تەواو، یان بوون بە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی کامڵ. ئەم لاوازییەی هەستی ناسیونالیستی لەوەی بتوانی شوناسە دووەمەکان لاوازبکات، بە پارچە پارچەبوونی هەر چی زۆرتری کایەی سیاسی کۆتایی هاتووە. ناسیونالیزم لە بری یەکخستنی شوناسەکان، ژمارەی ئەو شوناسە لاوەکیانە زیادکردوە کە دەبوو لاوازبن. ناسیونالیزم دەبێت بە هەوێنی ئەو میکسە ئایدۆلۆژییانەی کە دەتوانێت چەندین شوناسی سیاسی لاوەکی تر دروستبکات کە پێکڕا سەرچاوەی دابەشبوونی تازەن. لە تێکەڵکردنە ئایدۆلۆژییەکاندا، پرۆسەی سەرهەڵدانی هێزی نوێ دێتەگۆڕێ. پرۆسەی کۆلاژ و موتربەکردن دەبنە زەمینەی سەرهەڵدانی چەندەها حیزبی نوێ، کە هەمویان لە ناوەوە توانای دابەشبوونی ئایدۆلۆژیی نوێیان هەیە، پرۆسەیەک لە مێژووی سیاسی ئێمەدا بە «کەرتبوون یان انشقاق» ناو دەبرێت.
3. ڕۆڵی دەوڵەت لە خۆرهەڵاتدا، ڕۆڵێکی دابەشکەری هەیە. دەوڵەت وەک گوزارشت یان تەعبیر لە تەواوی کۆمەڵگا بوونی نەبووە، وە نە ئەکرا بوونی هەبێت، ئەوەشی دەشێت بیربکەینەوە کە دەشێت دەوڵەتێک بوونی هەبێت، دەوڵەتی هەمووان بێت، وەک یەک ماف بدات بە هەمووان لە پێکهات و چنینیێکی دینی و نەتەوەیی کاری نەکردەبووە. گەڕان بە دوای دەوڵەتێکدا بۆ هەمووان کە کۆن مارکسیستەکان و ئێستا لیبرالەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕاکردنە بە دوای وەهمێکی گەورەدا، چنینی درۆیەک و ئەفسانەیەکی خۆشە کە ئێستا هەندێک لە لیبراڵە بێ فیکرەکان بانگەوازی بۆ هەڵدەدەن. ئەم نوشوستەی دەوڵەت لەوەوە نە هاتووە کە دەوڵەت دەبێت بە نوێنەری گروپێک یان نەتەوەیەک. بەڵکو لەوەوە هاتووە کە دەوڵەت دەبێت بە هێزێک و دەزگایەکی زەبەلاحی سەربەخۆ کە دەیەوێت ڕێکخستنی تەواوی کایەی سیاسی لە ژێر چنگی خۆیدا بێت. ڕاستە دەوڵەت بەردەوام بە پێویستی ئایدۆلۆژیایەک هەیە، بەڵام دەوڵەت ئایدۆلۆژیا تەنیا و تەنیا وەک کەرەستە بەکاردەهێنێت. لێرەوە زۆر ئاسان بەرگی ئایدۆلۆژیا دەگۆڕێت لە سۆسیالیستیەوە بۆ ناسیونالیستی یان دینی. ئایدۆلۆژیا بۆ دەوڵەتی مۆدێرن لە خۆرهەڵاتدا تەنیا کەرەستەی پروپاگەندەیە، دەوڵەت وەک نوێنەری ڕاستگۆی هیچ ئایدۆلۆژیایەک کار ناکات، دەشێت شوناسی ئایدۆلۆژی بداتە خۆی، بەڵام ئەم شوناسە هەم کاتی و هەم قابیل بە فەرامۆشییە. بۆ نمونە سەیرکردنی دەوڵەتی عێراق وەک نوێنەری ناسیونالیزمی عەرەبی یەکێکە لە هەڵە تیورییە گەورەکان، دەوڵەتی عێراق هیچ کات بەرامبەر بە دونیای عەرەب خۆی دەوڵەتێکی ناسیونالیستی نەبووە، بەڵکو هێزێی لۆکاڵ، ماشێنێکی سەربەخۆی کوشندەبووە کە بۆ گەورەبوون و فراوانبوون و کۆنترۆڵکردن ئیشیکردوە . دەوڵەت خۆی بووە بە دەزگایەکی سەربەخۆ، بووە بە لەشێک کە یاری خۆی دەکات، بە پێی پێویست ئینتیمای ئایدۆلۆژی خۆی دەگۆڕێت.
دەوڵەت بەدەر لە شوناسەکەی خۆی هێزێکی هەڕەشەیە لەسەر هەموو پێکهاتەکان…. ئەمە مانای چی? مانای هەڵوەشانەوەی دەوڵەت لەخۆرهەڵاتدا بە مانی هەرەسی ئایدۆلۆژیایەک نایەت، پەیوەندی دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا وەک لە خۆرئاوادا هەیە یان وەک ئەوەی لە بلۆکی سۆسیالیستیدا دەمانبینی لێرە نابینرێت…. ئایدۆلۆژیاکان لەدەرەوەی دەوڵەت ژیانی خۆیان هەیە، دەوڵەتیش وەک ئامێر توانای ئەوەی هەیە کە بەردەوام بەرگ و شوناس و بانگەوازی ئایدۆلۆژی خۆی بگۆڕێت. جوگرافیای سیاسی لە خۆرهەڵاتدا، ئێستا دەوڵەت دەستنیشانی ناکات، بەڵکو ئەو ململانێ و پێکدادانە توندانە دیاری دەکات کە لە نێوان شوناسە جیاوازەکاندان، لە نێوان نەتەوە و ئەتنیەت و قازانجە حیزبی و نوخبەوییەکاندا هەیە. لێرەوە جوگرافیای سیاسی ڕاستەقینە ، پابەندی جوگرافیای نێوان دەوڵەتەکان نییە. هەمان ئەم بونیادەی کە ئێستا بە بوونی ئەم جوگرافیا سیاسییە هەیە دەشێت بە تێکدانیشی هەر بەردەوام بێت، یان قووڵتر ببێتەوە، یان شەڕانگێزانەتر دابەشبێت. لێرەوە بە بڕوای من کێشەی گەورە لە مانەوە یان نەمانەوەی سایکس بیکۆدا نییە، دابەشبوونی ناو یەک نەتەوە خۆی کەمتر خوێناوی و ترسناک نییە لە شەڕی نێوان دوو نەتەوە یان دوو شوناس . کە دەڵێین نەخشەی دەوڵەتەکان «جوگرافیای دەوڵەت» ، یەکسان نییە بە نەخشەی سیاسی «جوگرافیای سیاسی»، ئەوە مانای ئەوە نییە کە نابێت دەوڵەتەکان بڕوخێن، بەڵکو بەو مانایەی کە ڕوخانی دەوڵەت هەڵگری موژدەی گۆڕانکاری قووڵ نییە، ئاماژە نییە بۆ تێکچوونی بونیادی کۆن/ ئێمە لە بەهاری عەرەبیدا بینیمان، ڕوخانی دەوڵەت بە مانای سەرهەڵدان و ژیانەوە و زیندووبوونەوەی هەموو هێزە کۆن و شوناسە خەوتووەکان بوو، نەوەک سەرهەڵدانی خۆری سەردەمێکی نوێ . لێرەوە شۆڕش بەسەر دەوڵەتدا ڕاستەوخۆ نابێت بە شۆڕش بەسەر بونیادی سیاسیدا، هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەکانی ئەمڕۆ و سنوورەکانیان ڕاستەوخۆ بە مانای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە نییە.
4. کێشەی گەورەی خۆرهەڵات تەنیا ئیستبدادی هەندێک فەرمانڕەوا نییە، ئەمجۆرە وێناکردنە لە ئیشی عەقڵە گەمژەکانە، لە ئیشی ئەو سیاسەتچییە بێ فیکرانەیە کە لەبری فیکر دروشم بەرهەمدەهێنن. لەپاڵ کێشەی دیکتاتۆرییەت و ئیستیبدادا، بونیادی ناوەکی خۆرهەڵات بەدەست دەیان کێشەی قووڵەوە دەناڵێنێت، بەبێ بوونی ئەم بونیاد قووڵانە خۆگری و بەردەوامی دیکتاتۆرییەت نامومکین دەبوو. لە گرنگترین ئەو کێشانە نەبوونی مۆدێرنەیەکی ناوخۆیە کە ڕێگا بۆ لاوازبوونی بونیاد و شوناسە تەقلیدییەکان خۆشبکات. یەکەمین ڕێگر لە بەردەم دروستبوونی نەتەوەدا وەک هێزێکی یەکگرتوو، وەک هەرێمێکی سیاسی سەربەخۆ، وەک بونیادێکی چوونیەک، ئەوەیە کە شوناسە لاوەکییەکان، ئایدیا دێرینەکان، خورافەتەکانی پێش مۆدێرنە، ئایین بە فۆرمە ئەنتی زانستییەکەی، فەندەمەنتالیزم بە هەموو جۆرەکانییەوە زیندون. هیچ شتێک لە خۆرهەڵاتدا نامرێت، گەر هێزێک بۆ ماوەیەک لە بەرچاو ونبێت، تەنیا بۆ ئەوەیە وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش زیندووبێت و لە کاتێکی دیدا سەرهەڵبداتەوە. بەوەدا لەم هەرێمانەدا هیچ نامرێت، وە مۆدێرنەی خۆرهەڵاتی لەسەرەتای سەدەی بیستدا لانکەی ڕاگرتن و پاراستنی بونیادە کۆنەکان بووە، زەمینەی دابەشبوون و نوێبوونەوەی فۆرمە کۆنەکان لە سروشتی نوێدا، بە بەربڵاوی لە مەیداندایە. گێڕانەوەی گرفتەکانی فۆرمی دەوڵەت نەتەوە بە تەنیا بۆ سایکس پیکۆ، ڕوانینێکی سیاسی ڕوکەشە، کە وەک ئەو ڕوانینە وایە کە کێشەکانی خۆرهەڵات دەگێڕێتەوە بۆ هەندێک سوڵتان و دیکتاتۆر، کە هەردووکیان دوو بۆچوونی سیاسی بازاڕیی و سەتحین و لە ناوەوە گرفتە بونیادییەکان فەرامۆش دەکەن.
7/3/2015