قادر وریا
له 31ی خاکه‌لێوه‌ی 1358دا، شاری نه‌غه‌ده و دانیشتووانی کورد و تورکی ئه‌م شاره و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ر، له شه‌ڕێکی نه‌خوازراوه‌وه گلان. شه‌ڕێک که زیانێکی گه‌وره‌ی له پێوه‌ندیی برایانه‌ی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا و هه‌تا ئێستاش شوێنه‌واره‌کانی به ته‌واوه‌تی کۆتای‌یان پێ نه‌هاتوه.
33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، حیزبی دێموکراتی کوردستان له هه‌لومه‌رجی نوێی دوای رووخانی رێژیمی شایه‌تی دا به مه‌به‌ستی ناساندنی ئامانج و به‌رنامه‌کانی به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و راکێشانی پشتیوانی‌یان بۆ لای خۆی، هه‌ر جاره‌ی له شار و ناوچه‌یه‌ک میتینگ و کۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به به‌شداریی ئۆگران و لایه‌نگرانی خۆی پێک دێنا. له 31ی خاکه‌لێوه‌دا، متتینگێکی له‌م چه‌شنه له ستادیۆمی وه‌رزشیی شاری نه‌غه‌ده پێک هێنا تا له‌وێدا، سکرتێری گشتیی، دوکتور عه‌بدولره‌حمان قاسملوو له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌کانی حیزب له هه‌لومه‌رجی نوێ دا، قسه بۆ ئاماده‌بووان بکا.دیاره له نه‌غه‌ده رۆله‌کانی دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و تورک پێکه‌وه ده‌ژیان و تورکه‌کان که له‌باری به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری شاره‌که‌وه هه‌ر له سه‌رده‌می رێژیمی پێشووه‌وه بالاده‌ست بوون، به‌رامبه‌ر به جموجۆڵی سیاسیی کورده‌کان بۆ ئه‌م متینگه هه‌ستیار و ته‌نانه‌ت به‌دبین بوون. به‌لام کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و کاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان که هه‌ر له جێ‌دا نیازێکی ئاشتیخوازانه‌یان له پێکهێنانی ئه‌و متینگه له‌و شاره هه‌بوو، ده‌لیلێکیان بۆ به هیند گرتنی نیگه‌رانی و ههلوهشاندندنهوهی بڕیاری متینگه‌که نه‌بوو.
میتینگی حیزبی دێموکرات هه‌ر له یه‌که‌م ده‌قیقه‌کانی ده‌ستپێکردندا و له کاتێکدا، دوکتور قاسملوو، خه‌ریکی پێشکه‌شکردنی وتاره‌که‌ی خۆی ده‌بێ، به هۆی ته‌قه و دهسڕێژلێکران له گه‌ڕه‌که تورک نشینه‌کانی ئه‌و شاره‌وه، ده‌شێوێ. به‌شدارانی میتینگ له کاتی وه‌ده‌ر که‌وتن له ستادیۆمه‌که و تێپه‌ڕبوون به کۆڵانه‌کاندا له‌گه‌ڵ ده‌سڕێژ له سه‌ربان و ماڵی تورکه‌کانه‌وه به‌ره‌وڕوو ده‌بن و به‌م جۆره شه‌ڕێکی نه‌خوازراویان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ. ته‌قه و تێکهه‌ڵچوونی دوو لایه‌نه له شێوه‌ی شه‌ڕی کورد و تورک دا خۆی ده‌بینێته‌وه و مه‌رگی ژماره‌یه‌کی چه‌ندین که‌سیی مرۆڤی بێ تاوان له هه‌ر دوو لا به‌تایبه‌تی له کورده‌کانی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حیزبی دێموکرات بۆ پێشگیری له ته‌شه‌نه کردنی زیاتری شه‌ڕه‌که و که‌مکردنه‌وه له زیانی گیانی و ماڵیی دانیشتووانی شار، بڕیاری بردنه ده‌ری هێزی چه‌کداری خۆی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌رته‌ش و ده‌مڕاست و کاربه‌ده‌ستانی رێژیمی تازه له ئوستانی ئازه‌ربه‌یجانی رۆژئاوا، له جیاتی بهڕیوانیی بێ لایه‌نانه، به پشتیوانیی تورکه‌کان و به دژی کورده‌کان، دێنه نێو رووداوه‌که. له ئاکامدا تێکرای دانیشتووانی کوردی ئه‌و شاره، به ده‌ستی به تاڵ و له‌حاڵێکدا زۆرێک له‌وان که‌سوکاریان له‌م شه‌ڕه دا له ده‌ست دابوو، نه‌غه‌ده به جێ دێڵن و په‌ڕیوه‌ی شار و ناچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌بن. ئه‌گه‌رچی به‌شی زۆری ئه‌وان له ساڵانی دواتردا و به دوای هێور بوونه‌وه‌ی به‌ره‌به‌ره‌ی بارودۆخه‌که ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شاره، به‌ڵام به‌شداریی کورد له به‌ڕێوه‌به‌ریی کاروباری شاری نه‌غه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت نه‌چۆوه دۆخه نابهرامبهرهکهی جارانیش. له دوای شه‌ڕی نه‌غه‌ده کار به‌ده‌ستانی تورکی ئه‌م شاره گیانێکی تۆڵه‌ئه‌ستێنانه و پشتگه‌رم به سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، له هه‌ر بوار و ئاستێک‌دا، به‌وپه‌ڕی ده‌ست ئاوه‌ڵایی یه‌وه، سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیان له دژی دانیشتووانی کوردی ئه‌و شاره به‌ڕیوه برد.
ئه‌م هه‌ڵاواردنانه هه‌تا ئێستاش درێژه‌یان هه‌یه و نه‌ک هه‌ر له پشتگوێخستنی به ئه‌نقه‌ستی کورده‌کان له به‌ڕێوه‌بردنی ناوه‌نده ئیدارییه‌کان و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌ڵکوو له سیمای گه‌ڕه‌که کوردنشینه‌کان و شه‌قام و مه‌یدان و قوتابخانه و مزگه‌وت و پارک و سه‌رجه‌م شوێنه گشتییه‌کانی ئه‌واندا به ئاشکرا به‌دی ده‌کرێ.
شه‌ڕی هه‌ڵگیرساو له نێوان کورد و تورک له 31ی خاکه‌لێوه‌ی1358 له شاری نه‌غه‌ده دا، گه‌ڵ هه‌موو تاڵییهکهیدا، شیاوی وه‌بیر هێنانه‌وه و ئاوڕ لێدانه‌وه‌یه، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی رق و قینی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له نێوان رۆڵه‌کانی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ی پێ بورووژێنرێ. ئه‌م شه‌ڕه بۆیه ده‌بێ ئاوڕی لێ بدرێته‌وه چونکه زیانێکی قه‌ره‌بوونه‌کراو یا زۆر به‌دره‌نگه‌وه قه‌ره‌بوو کراوی له پێوه‌ندیی برایانه‌ی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه داوه و له سه‌ر رێی هاوخه‌باتیی دوو نه‌ته‌وه‌ی وهکیهک بێبه‌شکراو له زۆر مافی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر بوو به کۆسپ. ئه‌م شه‌ڕه و رووداوه‌کانی دواتر وه‌ک به‌شداریی تورکه‌کان له کوشتاری دانیشتووانی گونده‌کانی کوردستان له به‌رگی هێزی چه‌کداری رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا، چه‌ندین ده‌یه پێوه‌ندیی ئاسایی و دۆستانه‌ی تورک و کوردی که‌م ره‌نگ کرده‌وه و به‌دگومانی و بێ متمانه‌یی به‌سه‌ردا زاڵ کرد.
خه‌سارناسیی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و رووداوه خوێناوییه‌کانی ده‌یه‌ی یه‌که‌می ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌تی قه‌ڵاچۆی دانیشتووانی گونده‌کانی قاڕنێ، قه‌ڵاتان، ئیندرقاش، سه‌رووکانی، سۆفیان، کانی مام سه‌یده، قه‌ره‌گۆل، سه‌وزی و سه‌رچنار، واته کوژرانی دێنشینهکوردهکان له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆر هێزی هێرشبه‌ر و چه‌کداری تورکی کۆماری ئیسلامی له شه‌ڕه‌کانی کوردستاندا، ، له روانگه‌یه‌کی دیکه‌شه‌وه پێویسته. ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه هه‌ر ئێستا و له داهاتووشدا- هه‌ر گۆڕانێکی سیاسی له ئێران و ناوچه‌دا روو بدا- دراوسێی یه‌کترن. له نێو هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ش دا هه‌ست و بیری نه‌ته‌وه‌یی و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له گه‌شه‌کردن دایه. له نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا سه‌دان کیلۆمیتر و زیاتریش سنووری هاوبه‌ش هه‌یه و دیموگرافیی زۆر شار و ناوچه که دانیشتووانیان له کورد و تورک پێک هاتوون، ئه‌وه‌نده ئاڵۆز و تێک ته‌نراوه که له داهاتووشدا رۆڵه‌کانی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه مه‌حکووم به پێکه‌وه ژیانن.
له روانگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانه‌وه، ده‌رسێک که ده‌بێ له شه‌ڕی نه‌غه‌ده و رووداوه‌کانی دواتری پێوه‌ندیدار به هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و تورک وه‌ری بگرین، ئه‌وه‌یه: نابێ رێگه بده‌ین ئه‌م جۆره کاره‌سات و رووداوه زیانبارانه، جارێکی دیکه له نێوان رۆڵه‌کانی دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و تورک دا، روو بده‌نه‌وه. مافی بێئهم لاولای هه‌ر کام له‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێرانه بۆ گه‌یشتن به مافه نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی خۆیان خه‌بات بکه‌ن و رۆڵه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و هێزه سیاسییه‌کانیشیان، نه‌ک هه‌ر نابێ له دژی خه‌باتی ره‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌کی هاوده‌رد و هاوچاره‌نووسی خۆیان ببنه دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ پشتیوان و یارمه‌تیده‌ری خه‌باته نه‌ته‌وه‌یی و رزگاریخوازانهکه ی بن. له‌و جێگایانه‌ش که رۆڵه‌کانی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، پێکه‌وه له چوارچێوه‌ی شارێک، ناوچه‌یه‌ک یا پارێزگایه‌ک دا ده‌ژین، ده‌بێ گوتاری یه‌کتر سڕینه‌وه و ئینکاری مێژوو و بوونی یه‌کتر، وه‌لا بنێن. زێده‌رۆیی، توندڕه‌وی، یهکترقهبووڵنهکردن و به‌هێزکردنی گیانی یه‌کتر بوغزاندن و ورووژاندنی رق و قینی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی، جگه له کاره‌سات، هیچ به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی لێ ناکه‌وێته‌وه.
حیزبی دیموکراتی کوردستان له پێناوی بنیاتنانی داهاتوویه‌کی به دوور له کاره‌سات و ئه‌زموونه ناخۆشه‌کانی رابردوو، پێشنیاری دیالۆگ له نێوان رووناکبیران و هێز و لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌کانی دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و تورک، ده‌خاته روو. با له ره‌وتی دیالۆگێکی ژیرانه و به‌رپرسانه و دووربینانهدا، خه‌سارناسیی شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونه زیانباره‌کانی رابردوو بکه‌ین، قامک له سه‌ر ده‌رده هاوبه‌شه‌کان دابنێین، ئه‌زموونی هاوسه‌نگه‌ری و هاوپه‌یمانه‌تیی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه له ده‌یه‌ی 1320 و قۆناغه‌کانی دیکه‌دا وه‌بیر بێنینه‌وه. با له ئێستاوه تاوتوێی کێشه و گرفته پێشبینیکراوه‌کانی داهاتوو بکه‌ین و به گیان و روانینی رێز لێکگرتن رێگاچاره‌ی سه‌رده‌میانه و گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه. با ئه‌مڕۆ له رێگای دیالۆگێکی دۆستانه و پشت‌قایم به نه‌ریت و ریوشوێنه سه‌رده‌مییه‌کان، به‌ردی بناغه‌ی دراوسێیه‌تییه‌کی باش و دۆستایه‌تییه‌کی پته‌و دابمه‌زرێنین.