مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داعش چیدی ناتوانێت ببێتە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر کوردستان. بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری (کوردستان ریڤیو) ئاماژە بەوەدەکات، کە رێکخراوی داعش خاوەنی چەک و تەقەمەنی و توانایەکی هێندەی دوو دەوڵەتە. دەشڵێ: ئەم گرووپە تەنیا هەڕەشە نین بۆسەر کوردستان، بەڵکو هەڕەشەن بۆ هەموو جیهان، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان هاوکاری بکەن و پێکەوە دژ بەم گرووپە تیرۆریستییە بووەستن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەو هەڤپەیڤینەدا دەڵێ: رێککەوتنەکانی ئێستا سەرەتا و هەنگاوێکی باشن بەرەو چارسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەڵەی حکومەتی پێشوو راستبکرێتەوە.
پرسیار: چۆن دەستنیشانی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەکەن لەدژی هەڕەشەکانی داعش؟
بارزانی: داعش خاوەنی چەک و تەقەمەنی و توانایەکی هێندەی دوو دەوڵەتە و ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری بیانیی هەیە، کە لە وڵاتانی جیهانەوە هاتوون. ئەم گروپە تیرۆریستییە تەنها هەڕەشە نین بۆسەر ئێمە، بەڵکو هەڕەشەن بۆ هەموو جیهان، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان هاوکاری بکەن و پێکەوە دژ بەم گرووپە تیرۆریستییە بوەستن. ئێمە هاوکارییەکان و هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، کە وایان کرد باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی پێشمەرگەدا بگۆڕێت. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو هاوکارییە سەربازییانە دەکەین کە تا ئێستا لە وڵاتانەوە پێمان گەیشتوون، هەرچەندە ئەم هاوکارییانە هێشتا بەس نین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، کە خاوەنی چەکی پێشکەوتووی دوو وڵاتن. وەک گەمارۆیەکی سەربازی لەلایەن بەغداوە، دەبوایە پێشمەرگە بە چەکی سووکەوە رووبەڕووی ئەو گرووپە ببێتەوە. بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاریدا هاوکاریی کوردستان بکات، چونکە لە ناوچەکەدا تاکە شوێنە پارێزەری ئازادی و فرەڕەنگی بێت.
پرسیار: سەقامگیری و ئاسایش کلیلی سەرەکی داواکارییەکانی وەبەرهێنەرە بیانییەکانن، لەبەرامبەر ئەو ململانێ تازانەی لە ناوچەکەدا دروستبوون، وەڵامت چییە بۆ ئەم دۆخە هەستیارە؟
بارزانی: کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و گەلەکەی ئارەزووی ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکەن، ئەمانە دەبنە سەرەتای گەشەسەندن و دروسکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ وەبەرهێنانی بیانی. راستە کە هەڕەشەکانی داعش دژ بە کوردستان نیگەرانی و نائارامییەکی دروستکرد، بەڵام سوپاس بۆ ئازایەتی پێشمەرگە بە هاوکاری دۆستە نێودەوڵەتییەکانمان، ئێستا داعش چیدی ناتوانێت ببێتە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر کوردستان. داعش لێرە داهاتووی نییە و بە تەواوی تێکدەشکێت، پێشمەرگە پێشانیداوە کە دەتوانێت داعش تێکبشکێنێت.
بازرگانی و وەبەرهێنان پرۆسەیەکی درێژخایەنن، من باوەڕم وایە کوردستان هەموو ئەو مەرجە پێویستانەی تێدایە کە بتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆلای خۆی رابکێشێت. من دەمەوێت هەموو کەس لەوە دڵنیا بکەمەوە کە لە کوردستاندا شوێنێک بۆ تیرۆریستان بوونی نییە.
کوردستان نزیکەی ٢ میلیۆن ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتووە. کوردستان لەماوەی چەند هەفتە و مانگی پێشوودا پێشوازی لە چەندین سەرکردە و دیپلۆمات و بەرپرسی باڵای جیهانی کردووە، چەندین کۆنفرانس و پێشانگای نێودەوڵەتی تێدا کراوەتەوە، دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان کارێکی بێوێنەیان کردووە و بەشەو و بە رۆژ لەکار بەردەوامن، ئەمەش مانای ئەوەیە سەقامگیری و ئاسایش باڵ دەکێشێت بەسەر کوردستاندا.
پرسیار: پێشبینی ئەوە دەکەن پەیوەندییەکی جێگیرتر لەساڵی ٢٠١٥ و دواتر لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بێتە ئاراوە؟
بارزانی: من پێم وایە رێککەوتنەکانی ئێستا سەرەتایەکی باشە و هەنگاوێکی باشە بەرەو چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەڵەی حکومەتی پێشوو راستبکرێتەوە، عێراق بە دۆخێکی ئەمنی ترسناکدا تێپەڕدەبێت و لە ململانێیەکی ئەمنی و ئابووریدایە و لەهەمان کاتیشدا هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە. گەندەڵی و دابەزینی نرخی نەوت لە کێشە سەرەکییەکانی دۆخی ئابوورین. عێراق پێویستی بەوەیە لەگەڵ کوردستان کاربکات و وەڵامی داوکارییەکانی کوردستان بداتەوە.
پرسیار: چۆن سەیری پێگەی کوردستان دەکەیت، لە هەردوو رووی ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە ساڵانی داهاتوودا؟
بارزانی: گەشەی ئابووری و بونیادنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کوردستان بێ بڕانەوە بەردەوام دەبن، لەبەرئەم هۆیە دەبێت کوردستان بەردەوام بێت لە راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان و کەرتی پیشەسازی بەهێزبکات. کوردستان نیشانیداوە کە هێزێکی سەقامگیرە لە ناوچەکەدا، وەک چۆن زۆر لە سیاسەتمەدار و سەرکردەی سیاسی و ئابووری جیهانی پشتڕاستیان کردووەتەوە. لەسەرووی ئەوانەشەوە کوردستان توانیویەتی کۆتاییەک بۆ پێشڕەوییەکانی داعش دابنێت. کوردستان لەرووی زەمینییەوە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی گرووپێکی تیرۆریستی دەکات، کەچی لە کاتێکدا ئەم کارە دەکات بەغدا بودجەی کوردستانی بڕیوە و لەلایەکی دیکەشەوە کوردستان پێشوازی لەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و پەنابەر کردووە کە لە ترسی تووندوتیژی و هێرش هەڵاتوون.
کوردستان پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانی پێیە و لەگەڵ هەموو جیهاندا هاوکاریی دەکات. کوردستان رێز لە بەهاکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەگرێت، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی نەوت و گازە، پێشکەوتنی باش لەو بوارەدا سەریهەڵداوە کە دەبنە هاوکارێکی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی کوردستان لە جیهاندا.
پرسیار: ئەگەر بگەڕێینەوە ساڵانی رابردوو، ماوەی چەند ساڵێکە سەرۆکیت، شانازی بە کام پێشکەوتنەوە دەکەیت؟ لەوکاتەوەی سەرۆکی کوردستانیت چ دەستکەوتێک زۆر گرنگ بووە؟
بارزانی: من هەڵسەنگاندنی سەرۆکایەتی خۆم بۆ ئەوانی دیکە بەجێدێڵم تا هەڵیبسەنگێنن. پێشکەوتنەکانی ئێمە دەرنجامی هەوڵ و تەحەدییەکانی گەلی کوردستانن، پێشکەوتنی زۆر هەبووە، سەرەڕای ململانێکان کوردستان سەرکەوتوو بووە لە بەرگریکردن لە بەهاکان و پێشخستنی دیموکراسیدا. گەشەی ئابووری سیاسەتی نەوت و بەرزبوونەوەی داهات و هەروەها دروستکردنی ژینگەیەک بۆ راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان سەرکەوتنێکی دیارە. من پێم وایە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان باوەڕی بەخۆی پەیداکردووە و رۆحی بەرەنگاربوونەوەی ململانێکانی هەیە. گەلی ئێمە پێشانیداوە کە نەک تەنها هەڕەشە نین، بەڵکو ئەم گەلە هیزێکن لەپێناو سەقامگیری ناوچەکەشدا. هەموومان شاهێدی ئەوەین کە کوردستان سەدان هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە و پێشوازی لێکردوون، شاهیدی ئەوەین چۆن لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەرگری دەکەن. جیهانی ئازاد سەیری کوردستان و ئازایەتی پێشمەرگە دەکات، ئێمە شانازی بەم دەستکەوتانەوە دەکەین.
24/2/2015