فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-12-15-08-33 زیانی یەکجار زۆری پێکەتووە و دەبێت چاوەڕوان بکات لە یەمەن و عێراقیش هەمان زیان و خراپتریشی پێ بکرێت. لەهەمان کاتدا نایشارنەوە "ئەوان دژی گفتوگۆ لەگەڵ...
2025-04-04-11-24-39قۆڵی لەنێوان (ئێران و تورکیاو رووسیا)، بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسوریا سازدرا. کە ڕۆژێک پێشتر لە (١٢/٦ )هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، شاری (حەمایان ) کۆنترۆڵ کردبوو. بەمانایەکی...
2025-04-04-11-19-41هەڵبژاردوە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم هەموو کتێبەکە تەرجومە بکەمەوە .خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر مرۆڤێکی ڕادیکاڵ و عەدالەتخواز پێویستە. ئێمە تورک نین، ئێمە کوردین! جواهیر لال نەیهرۆ*...
2025-03-31-05-08-32حکومەتی دیفاکتۆ و خۆماڵی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات چێ بکات و دەگەل گەلانی دیکەی مووسلمانی ئێران بە هاوژینی بەئاشتی و باش بژیویی‌ گشت ڕەهەندی بژێت، و...
2025-03-30-02-45-13 زەفەریان پێ نەبات و هەموو کات پێکەوە بن تا بتوانن سەرکەوتوو بن "" ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە مافە نەتەوەیەکان پاشگەز بکەنەوە خەیاڵیان خاوە، ئەوانەش...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

سامڕەندsamrend1 

(باسی ئەی رەقیب)

مامۆستا حسن زادە بۆ ’ ئەی ڕەقیب’ فەرمووی كەس بۆی نیە بیگۆڕێ تەنانەت حكوومەتی ھەرێمیش. ئەگەر مەنزوور لە گۆڕین ئاڵ وگۆڕ لە سروودەكە دابێ، پێشوەعدە دوو كەس ئەو سروودەیان گۆڕیوە: یەكیان حیزبی دێموكڕات و ئەوی دیكە حكوومەتی ھەرێم. مامۆستا كە فەرمووی كەس بۆی نیە بیگۆڕێ ھەدەفی لابردنی سروودەكە بوو: " ... حەتتا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان حەقی نیە سروودێكی دیكەی لە جێگەی دابنێ، بەڵام حكوومەتی ھەرێم حەقی خۆیەتی سروودێكی میللی بۆ ھەرێمی كوردستان دابنێ، بێ ئەوەی ئەی ڕەقیب ی قاچاغ بكا، لە جێگەی وی دابنێ [1] ". پێشتر لە مەقاماتی ھەرێمم بیستبوو كە ھەر كەس قسە لەو سروودە بكا دەكەوێتە بەر تەعقیبی قانوونی.
با لە سەر ھەر دوو حاڵەت قسە بكەین. چ گۆڕینی سروودەكە و چ لابردنی. ئایا گۆڕین و لابردنی ئەی ڕەقیب چ عاقیبەتێكی بە دوواوەیە؟
گۆڕین
كە تۆ شێعری ئەی ڕەقیب ی " دڵدار" بێنیە گۆڕێ و لە گەڵ ئەوەی ئەمڕۆ پێكیان بگری، دەبینی ئەو سروودە ھەر كەس خوێندوویەتەوە گۆڕیویەتی.
ھەر لە:
’ دانە’ ڕا بگرە ھەتا " دانەر"،
لە ’ قەومی كورد ھەستایە سەرپێ’ ڕا بگرە ھەتا " لاوی كورد ھەستایە سەرپێ"،
لە ’ ئێمە رۆڵەی مێدیا و كەیخوسرەوین’ ڕا بگرە ھەتا " ئێمە ڕۆڵەی كاوەی ئاسنگەرین"،
لە ’ دینمان ئایینمانە نیشتیمان’ ڕا بگرە ھەتا " دینمان ئایینمان ھەر نیشتیمان"،
لە ’ گیان فیدایە، گیان فیدا، ھەر گیان فیدان’ ڕا بگرە ھەتا " گیان فیدانە گیان فیدانە گیان فیدان" و
ئەو جێیەی باسی نەڕڕە شێر دەكا كە ھەر نەماوە.
لە دوای ڕووخانی شای ئێرانێ " سازمان چریكھای فدایی خلق ایران" یش بەش بە حاڵی خۆی دەستی بردە نێو ئەم سروودەوە و دەیانگوت:
زند بود خلق كرد زندە بود خلق كرد مرگش مباد
پرچم سرخش بود رھنمای خلق
لە كوردستان یش شوان پەروەر دەستی تێ برد و دەیگوت:
كەس نەلێ كورد بێممێرن كەس نەلێ كورد بێممێرن
ئەو شێعرە زۆر تووشی گۆڕان بووە لەوەتی داندراوە. ئێمە ئەو ئاڵۆزییەمان بۆ زۆر بەرھەمی دیكە نیە. ئەوانەی شێعری مامۆستا ھێمن لە بەر دەكەن ئەگەر لە چەند شوێنی جودا بەرھەمێكی وی بخوێننەوە ھەمووی وەك یەكی دەڵێنەوە، مەگین بە دەگمەن. بۆ ئەی ڕەقیب ئەتۆ لەو چل میلوێن كوردە دا بگەڕێ لە ھەر شارێك پێت خۆشە بە ڕێكەوت 11 نەفەر لە شەقامێ لە نێو خەڵك جودا كەوە، داوایان لێ بكە پێكەوە سروودی ئەی ڕەقیب بخوێننەوە. دەبینی كە حەتمەن تێكی دەدەن و وەك یەكی ناخوێننەوە. ئەوە حەتتا لە نێو نوخبەی ھونەری و ڕووناكبیری و سیاسی و حیزبیش دا ھەر وایە. فەڕز كە لە بەرنامەیەكی زیندووی كوردسات، بێ خۆساز كردنی پێشوو، داوا لە كاك ناصر رەزازی و كاك نجم الدین غولامی بكەی پێكەوە ئەی ڕەقیب بخوێننەوە، دەبینی دوای نیو سەدە خوێندرانەوەی ئەو سروودە، ئەوانیش لێیان تێك دەچێ و بۆیان مەیسەر نابێ. قەت نەبووە خوێندنەوەی ئەو سروودە لە نیوەی دا لەنگ نەبێ و نەكەوێ و دوایە بە ناڕێكی نەیگەیێننە ئاخری.
ئەوە لە زەعیف بوون و ئاڵۆز بوونی موحتەوا و سەنعەتی شێعرەكەوە دێ. موحتەوا موھیممە بۆ ئەوەی خەڵك شێعرێك بە ڕەوانی و فەسیحی وەرگرێ. مەسەلەن بۆ مەفھوومی " تۆپی زەمان" لە تەرجەمە فارسییەكەی سازمانی چریكەكان دا ھەر بە جارێك ئیستیلاحەكەیان لا بردووە و لە جێی وی گوتوویانە: ئاڵا سوورەكەی گەلی كورد یانی ئاڵا كۆمۆنیستییەكەی كورد پاڵپشتی خەڵكە. كوردیش بۆ خۆی ئاگای لێ نەبوو كە ئاڵای وای ھەیە!!!
لە نێو خۆمان بڕۆ لە خەڵك بپرسە تۆپی زەمان یانی چی. كەس بە سەڕاحەت نازانێ! كوردێكی گەرمێنێ دەیگوت وەمزانیوە میدفەعی یە. قەڵەم و كاغەزێك ھەڵگرە بەو كوردستانە چوار پارچەیە دا بگەڕێ. ھەر كەس بە سودفە تووشی بووی بپرسە: ئەرێ تۆپی زەمان یانی چی؟ دوایە جوابەكان بێنەوە. ئەگەر ھەموو كەس وەك یەك جوابیان داوە بزانە شێعرەكە سەركەوتوویە. ئەگەر قەت بۆت ساغ نەبۆوە بزانە ئەو شێعرە زەعیفە!
بڕۆ لە خەڵك بپرسە: دانەی تۆپی زەمان دروستە یان دانەری تۆپی زەمان؟
ھەر كەس گوتی دانە دروستە بڵێ: بێ زەحمەت ’ دانە’ یانی چی؟
ئەوی گوتی دانەر دروستە بپرسە: دانەر یانی چی و بە كێ دەگوترێ؟
دوایە بپرسە دانە مەنتیقییە یان دانەر؟
بە گشتی شێعرەكە زمانێكی پڕ موشكیلەی ھەیە. بە پێچەوانەی ئەوە كە لە نێومان دا بۆتە باو و گوێمان عادەتی پێ گرتووە، ئەو قسەیە مایەی فەخر نیە بە گەلێك بڵێی: كەس نەڵێ مردووە!!! زۆر سامناكە و مەنفی یە.
باسی مردن لە سروودی ئەی ڕەقیب دا
لە نێو كورد دا باوە كە دەڵێن ھەموو شت بە خوێ و خوێش بە مەعنا! نە ھیندە خۆھەڵكێش بی وەك مێژووی ایران ی باستان كە ڕابردوویەكی پڕ لە جەلال و جەبەڕووت و فەخرفرۆشانەی غەیرە ریئالیستییان جەعل كردووە و بە چاوی گەلانی جیرانی دادەدەنەوە و پاكی فشەیە، و نە ئەوەندە خۆ زەلیل بكەی وەك حاڵەتی " ئەی ھاوار مردم" ی كورد كە بە گوێرەی سروودەكەی ھاوار دەكا: كەس نەڵێ مردووە!!!
نە دنیایەكی ئیمپەراتۆریی ئەشڕافیی بۆ فارسەكان كە تەنیا لە سەر تابڵۆی نەققاشی دەیبینین و ھەر لە درۆنامەی شاھنامەیی دایە ( دەنا حەقیقەتیان نیە) و نە دنیایەكی یەكسەرە تاریك و نەكبەتی بێ ڕووناكایی وەك بەعزێك فیلم كە لە ژیانی كورد ساز كراون و بە سینەمای دنیایە دا بڵاوكراونەوە و پەیتاپەیتا جایزەی وەردەگرن. فیلمی وا تەنیا لایەنە تاریكەكەی ژیان دەردەخا، حەقە بۆ باڵانسە كردنی سیمای ژیانی واقیعیی كوردەواری، لە گەڵ نیشاندانی ڕووی نەكبەتی و نەداری، ھەر نەبێ مەكتەبەیەك، چرا و گڵۆپی شارێك، مەحزەری مامۆستایەكی ئەھلی عیلم و ھیندێك ئیدەئالی بەرزی مەعنەوی و كلتووری كە لە ژیانی كورد دا پڕاوپڕە بخرێنە نێو فیلمەوە. بە كورتی و بە كوردی شێعرەكەی ئەی ڕەقیب جار جار تروسكەی ھیوایەك دەھاوێتە نێو دڵ وەك نانەوێ ئاڵاكەمان، بەڵام ھەموو جارێ بە خەبەری نەمردنەكە عیزڕائیل ت وە بیر دێنێتەوە.
لە مێژوویەك دا كە بۆ گەلانی مەنتەقە داندارە بۆ فارس جوانترین و بۆ كورد ناحەزترین ھۆڤیەت داتاشراوە:
كورش بناغەدانەری حقووقی بەشەری جیھانی بە ناوی پارس سەبت كراوە.
آستیاگ یا ئازیدھاك، اژدھاك كە دوو ماری لە سەر شانە ئاخر پادشای مادە [2] و نموونەی خوێنخۆریی تاریخی بەشەرە لە سەر كورد تاپۆ كراوە.
سروودەكە دەڵێ ئێمە ڕۆڵەی مێدیا ین!!! حكوومەتی مێدیا (ماد) لە زەمانی آستیاگ (اژدەھاك) بە دەستی كورش ڕووخێندرا. ئەو كارەساتە لە ھێمای نوروز دا جێگیر كراوە كە كاوە بە سەر اژدەھاك دا سەردەكەوێ و ئاوری سەركەوتن دەكەنەوە و یەكەم پادشای فارس كورش دێتە سەر حوكم. سەیر ئەوەیە كوردیش بۆ نوروز ھەڵدەپەڕێنن و بە شێوەیەكی مەشكووك كراوە بە ڕۆژی نەتەوەیی كورد. ستراتیژیی ناسیونالیسمی فارس كە سیمبۆلە فارسییەكان داخڵی كوردەواری دەكا لە 90 ـەكانەوە لە ڕێگەی پارچەكانی دیكەوە دەورێكی نوێی دەست پێكردەوە و تا دەگاتەوە ڕەبەت و سیسێر و مەشغەڵی دەستی ھەموو سەرۆك حیزبەكانمان بۆ دووكەڵی نوروز لەوەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەحزابی سیاسیی كوردیمان دوای بەستەڵەكی كۆمۆنیستیی 40 ساڵە، یەكسەر كەوتنە داوی پیلانەكانی عەجەم و ئەمڕۆ ھەر بابایەی دەیبینی مەشغەڵی پێیە و ئاوری نوروز دەكاتەوە!!! یانی ئاوری سەركەوتنی كاوە بە سەر اژدھاك ئاخر پادشای حكوومەتی ماد دا دەكەنەوە و جێژنی ھاتنە سەر كاری حكوومەتی پارس.
فەڕقی خوایە وەتەن ئاوا كەی لە گەڵ ئەی ڕەقیب
بڕۆ لە چ ماڵێك لە كوردستان پێت خۆشە لێی وەژوور كەوە بڵێ: پیاوەكەتان نەمردووە! یەكسەر شین و ڕو ڕۆ و لە خۆ دان دەست پێ دەكا. دەڵێن چما چ قەوماوە بە قوربانە! نیوەی دڵی لە خۆ دەبێتەوە و باوەشێنی دەكەن. یان بڵێ كوڕەكەتان نەمردووە. پێیان وایە كوڕەكەیان شتێكی لێقەوماوە و نیوە عومر بووە، بەڵام بە ئاستەم ماوە، ھەر ئەوەندەیە كە نەمردووە.
ئەوە فەڕقی ھەیە لە گەڵ ئەوە كە لە ماڵێك باسی پیاوەكەیان بەوە دەست پێ بكەی: خوایە " وەتمان" سەر بڵیند كەی چەند دڵگیر و شیرینە، تا ئەوەی لە نەكاو وەژوور كەوی بڵێی: وەتمان نەمردووە، كەس نەڵێ مردووە!!!
ئەوە تەفاوەتی لەحنی دوو سروودی ’ خوایە وەتەن ئاوا كەی’ و " كەس نەڵێ كورد مردووە" نیشان دەدا.
حیزبی دێموكڕات بەیتێكی شێعرەكەی سانسۆڕ كردووە
بە پێچەوانەی پارچەكانی دیكە، لە كوردستانی كوێستانێ خەڵك باستانگەرایی ئێرانی وەخۆ ناكەن. بەشێك لە ڕووناكبیرانی گەرمێنێ تەئسیری ئەدەبیاتی باستانیی ئێرانییان لە سەرە و كە بە سیمبۆلێك ھەڵدەڵێن كەیفیان بەوەی دێ كە لە ئەدەبیاتی فارسەوە ھەڵقوڵیوە!!! ھیندێك كوردی عێڕاقێ حەز دەكەن ساسانی بە لە خۆ دابنێن یان ڕۆستەم و سۆھراب بە ڕەمزی خۆ بزانن. شاعیری ’ ئەی ڕەقیب’ لە جێیەك بێ ھیچ بەڵگە و مەدڕەكێكی ژێنێتیكی و ڕەگەزی دەمانكا بە ڕۆڵەی كەیخوسرەو و حەتتا بگرە مێدیا كە ئاخر پادشاكەی واتە آستیاگ بەو پەندە چوو كە كورش بە قوڵبەستراوی بردی بۆ پارس و كوردی ئەوڕۆش لە ھەر چوار پارچە بەو بۆنەوە لە نوروز دا ھەڵدەپەڕێ.
ئێمە ڕۆڵەی مێدیا و كەیخوسرەوین
دینمان ئایینمانە نیشتمان
لێرە دا حیزب بە حیكمەتی خۆی ئەو دێڕە شێعرەی ھەڵگرتووە و كەیخوسرەوی لە شێعرەكە وەدەر ناوە و لە دەست مێدیاش ئاسوودەی كردووین.
بۆ میسڕەعی دووەمی ئەو بەیتە لە مەسەلەی ’دینمان ئایینمانە نیشتیمان (یان ھەر نیشتمان)’ دا سوئالی دین و سیاسەت سەر ھەڵدەدا. ئیددیعای حیزبەكان كە پێیان وایە دین مەسەلەیەكی خسووسی یە لێرە دا باطڵ دەبێ. ئەحزاب پێشتر دین و ئایینیان بە ئەمرێكی پریوات حیساب كردووە، كە چی لێرە دا شاعیر ئەوی كردۆتەوە بە عموومی.
ڤیشز سیركڵ ی ئەی ڕەقیب
لابردنی ئەو دێڕە شێعرەی " ئێمە ڕۆڵەی مێدیا و كەیخوسرەوین" لە لایەن حیزبەوە بەشێكی زۆر لە ناكۆكییەكانی لابردووە. ئەما دیسان ئەوە مەمنا فكری شاعیر ئیلتیقاتییە قەرقەش ھەر دەمێنێ، چونكە كەسێك ھەم دینی بێ، ھەم ئایینی بێ، ھەم نیشتمان، نابێتە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕش كە سیمای كۆمۆنیسمە. و جەغزە شوومەكە (ڤیشز سیركڵ) دیسان تێ دەھاڵێتەوە بەو مەعنایە كە كەسێك كۆمۆنیست بێ بە قەوم ھەڵناڵێ، بەڵكوو بە تەبەقەی كۆمەڵایەتییەوە خەریك دەبێ. ئەوەش كە بە قەومی كورد زمان ھەڵبڵێ ڕۆڵەی كیخسرو نابێ، ئەوەش كە ڕۆڵەی كیخوسرەو بێ لە ئەدیانی جەعلیی ایران باستان یەكیان ئیختیار دەكا، و ئەوەی كە لە ئەدیانی ایران باستان یەكیانی ببێ دانەری تۆپی زەمان بە بێ ھێز نازانێ. ئەوەش كە دانەری تۆپی زەمانی پێ لە قەومی كورد زەعیفتر بێ ھەر باوەڕی بە ماورائ الطبیعە نابێ چونكە كورد خۆی ژێر دەستە، جا ئەوە چ دانەری كائیناتێكە كە لە كورد زەعیفتر بێ و قەومی كوردی بۆ نەشكێ؟ ئەو كەسەش باوەڕی بە ماوەرای تەبیعەت نەبێ نوێنەرایەتی میللەتی كورد ناكا لە دەربڕینی ڕووحی میللی دا. ئەوەش كە تەمسیلی میللەتەكەی نەكا چ لازمە سروودی نەتەوەیی دابنێ و كێشەی لە سەر بكا؟ سروودێك كە تەواوی دەستگای سیاسی و حیزبی و حكوومەتیی ئەوڕۆی كوردی دەستیان وە بن باڵی داوە كەچی بۆیان لە ژێر ڕەخنەی مەنتیقی قوتار ناكرێ.
حكوومەتی ھەرێم شێعرەكەی گۆڕیوە
من لە لافیتەی وەزاڕەتی ڕۆشنبیریی حكوومەتی ھەرێم دا دیتم كە نووسیبوویان " نایشكێنێ دانەری تۆپی زەمان" . وەختی خۆی 32 ساڵ پێش، مەڕحوومی كاك تەھا عەتیقی لە بەرنامەی وڵامی نامەی گوێگرەكانی ڕادیۆی حیزب دا زۆر جار بۆ خەڵكی ڕوون دەكردەوە كە ئەوە " دانە" یە نەك ’ دانەر’. دەلیلی تیكراری زۆری كاك تەھا لە سەر ڕادیۆ، ئەوە بوو كە خەڵك زۆر نامەیان دەنووسی و بەوەی قەڵس بوون كە بگوترێ دانەری تۆپی زەمان.
جارێ تۆپی زەمانمان لێ حاسیە بووە كەس نازانێ چیە، علی الحساب بە مەعنای چەرخی فەلەك حیسابی دەكەین و بە دەور و زەمانی دەشوبھێنین. ناشكرێ بڵێین تۆپەڵەی عەرز، چونكە تۆپەڵە ددانەی نیە. جا كە مەعناكەی دەركەوت ئێستا ئەووەڵی كارەساتە. تۆپ لە ھیندێك جێگا بە چەرخ یان بە تەگەر دەڵێن. دانەری تۆپی زەمان خودایە. شاعیرێك حوڕڕە چ ھەستێكی ھەیە، ئەوەی شێعرەكەشی لێرە دا گۆڕیوە ( كردوویە بە دانەر) ئەوە بۆی دەلوێ، بەڵان ئایا حكوومەتی ھەرێم دەكرێ بڵێ دانەری تۆپی زەمان ئەو قەومەی بۆ ناشكێ و لە لافیتەی وەزاڕەتێك بنووسێ: نایشكێنێ دانەری تۆپی زەمان؟!! خۆ ئەگەر بڵێی " دانەی تۆپی زەمان" قەیدێ ناكا. بەڵام بڵێی نایشكێنێ دانەری تۆپی زەمان، یانی وەرە خوارێ با زۆرەوانی بگرین!
سەیر ئەوەیە لە كوردستانی ئێرانی بە گوێرەی ڕادیۆی حیزبی دێموكڕات، دانەی تۆپی زەمان دروستە، لە كوردستانی عێڕاقێ بە گوێرەی لافیتەی وەزاڕەتی ڕۆشنبیری كە بۆ مەڕاسیمی یادی دڵدار چەند ساڵ پێش ھەڵوەسرابوو، دانەری تۆپی زەمان دروستە!!!
بە ھەر حاڵ كەسێك بڵێ خودا حەقە و قودڕەتی موتڵەقە قبووڵ دەكرێ
كەسێك بڵێ خودایەك نیە و دنیا بێ مودیرە قبووڵ دەكرێ،
بەڵام كەسێك ڕۆژێ سێ جەمە ھاوارێ بكا ھەم خودا حەقیقەتی ھەیە و ھەم دەرەقەتی ئێمەی كورد كە ژێردەستی ھەموو عالەمین نایە، قبووڵ ناكرێ. كافییە تۆپی زەمانت لێ وەربگیرێتەوە كە ئۆكسیژێنیش ھەر بە دەوری عەرزەوە ھەیە، ئەو دەم ھەناسەت نایە تا شێعرەكەش بخوێنیەوە!
سروودی میللی كوردستان
لە ڕۆژی دامەزرانی كۆماری كوردستان دا سروودی ئەی ڕەقیب نەخوێندراوەتەوە. من لە وتووێژێكی مەڕحووم محمد شاپەسەندی كە ئەو دەم لە چاپخانە كاری كردووە، خوێندمەوە كە لە ڕۆژی 2 ی ڕێبەندان دا كرێكارانی چاپخانەی مھابادیان بردووە و لە مەیدانەكە سروودی " نیشتمانم ڕەنگینە " ی مامۆستا ھەژاریان خوێندۆتەوە. ھەڵبەت نازانم ئایا ئەو سروودە بە سروودی نەتەوەیی یا بڵێین سروودی كۆماری كوردستان ناسێندراوە یان نا! بە ھەر حاڵ، سروودێكی كە لەو مەیدانە لەو ڕۆژە دا خوێندراوەتەوە ئەوە بووە: نیشتمانم ڕەنگینە، بەھەشتی سەر زەمینە .... من خۆم لە پیاوی قەدیمیم بیستووە كە دەیانگوت، خوایە وەتەن ئاوا كەی، سروودی باوی زەمانی كۆمار بووە كە لە سەر زاری خەڵك بووە.
مامۆستا حسن زادە لە وەتووێژ لە گەڵ مەنسوور مروەتی دا ئیشارەی بە سروودی ’ نیشتمانم ڕەنگینە’ كرد و چەند كەلیمەیەكیشی لێ شی كردەوە. ناوبراو فەرمووی كە ئەوە سروودی میللیی كوردستان بووە.
ئایا میللەتی كورد بە ھەر چوارپارچە ئەو سروودەی قبووڵ كردووە؟
من پێم وا نیە كە كورد بە ھەر چوار پارچە سروودی ئەی ڕەقیب ی قبووڵ كردووە یان ڕەد كردۆتەوە. ئەمڕۆ كە دەڵێین ھەموو كورد بە بێ ریفراندۆم ئەی ڕەقیب یان قبووڵ كردووە، ئەگەر سبەینێ بە بێ ریفراندۆم لایبەن یەك كورد ناڵێ نا! وەزعەكە وایە كە ئەحزاب ئەوەی پێیان خۆش بوو پیادەی دەكەن، دوایە كە ئۆممەت ھیچ ناڵێ وای تەعبیر دەكەن كە ئەننەھوو ھەموو ڕازین.
ئەوەی مەعلوومە لە 90 ـەكان یەكێتی ئاڵای سەوزی ھەبوو یەك كورد نەیدەگوت بۆ! پارتیش ئاڵای زەردی ھەڵدەكرد كەس نەیدەگوت چما وا دەكەی! حیزب ئاڵای نەبوو كەس نەیدەگوت بۆ نیتە! یەكێتی شۆڕشگێران ئەم ئاڵایەی ھەڵدەكرد كە ئەمڕۆ حكوومەتی ھەرێم ھەیەتی كەس نەیدەگوت بارەقەڵڵا.
حیزبی دیموكڕات 55 ساڵ ئاڵای قاچاغ كرد، ئەندامێك نەیگوت لەل! دوایە ئاڵای حكوومەتی حەرێمی ھەڵكرد بێجگە لە یەك نەفەر كەس نەیگوت بۆ! سبەینێش ئەگەر ئاڵای كۆمار كە گەنم و قەڵەمی تێدایە ھەڵدا كەس ناڵێ نا.
ـ لە 55 ساڵی ئەوەڵێ دا كە ئاڵا مەمنووع بوو، ئەندام تەوجیھی مافی نێونەتەوەیی بۆ دەكرد و كەیفی ساز بوو دەیگوت حیزبەكە ھیندە سەردەمیانەیە دەزانێ مەوازینی بین الملل چیە بە پێی ئەوە حەڕەكەت دەكا
ـ لە سەردەمی ئاڵای ئەمڕۆ دا ئەندام دەڵێ بیری نەتەوەیی قەت بە قەد ئەوڕۆ بە ھێز نەبووە، حیزبەكەمان موڕاعاتی یەكپارچەیی كورد دەكا بۆیە ئاڵای ھەرێم قبووڵ دەكا
ـ ئەگەر سبەینێ گەنم و قەڵەمەكەش بێنێتەوە دەڵێن: بەھ بەھ ، ئەوەیە ڕەسەنایەتی و چوونەوە سەر ڕێبازی قاضی.
لابردنی ئەی ڕەقیب و دانانی یەكی دیكە
كەس دە ڕازی ئەو مەعەممایە ناگا بۆ چی سروودێك لە دایك نابێ كە لە جێی ئەی ڕەقیب داندرێ. ئایا خەڵك ئێستا زۆرتر نین لە زەمانی مامۆستا دڵدار، ئایا ھەست و بیری نەتەوەیی ئەمڕۆ زیاتر لە گەشە نیە لە ئەو دەمی؟ خوێندەواری لە سەرتر نیە؟
من پێم وایە عیللەتەكەی ئەوەیە لە ئەمڕۆ دا ھەستی كوردایەتی ئەوەندە زەعیفە كە كەس لە ناخی دەروونیەوە شێعرێكی بۆ نایە تەعبیر لە ڕووحێكی كوردایەتی بكا. سەیر كە لە ھەموو كوردستان ھەر حیزبایەتی باوە. كوردایەتییە تۆخەكەی زەمانی قاضی نەماوە. كە دێی سروودێك بۆ كوردایەتی دانێی حیزبایەتی نایەڵێ. دەست بۆ ھەر سیمبۆلێك بەری بە مڵكی حیزبێك دەزاندرێ.
سەرچاوەكان:

 

(1http://www.dailymotion.com/video/xpquhn_kurd-channel-barnami-persi-roj-miwan-mamosta-abdulla-hassn-zadeh_news?fbc=999
2)http://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%88%D9%88%DB%8C%DA%AF%D9%88

 


دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان