ئازاد وەڵەدبەگی
پێشەکی
لە چەند مانگی رابردوو، بەتایبەت پاش کارەساتی شنگال لە ٣/٨/٢٠١٤، زۆر جار لە دەزگاکانی راگەیاندن، گوێمان لی دەبێت کە باس لە کارەساتی جینۆسایدی شنگال دەکرێ، کە لەم دەڤەرە دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجام دراوە. لێرەدا بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە، خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ ئەم تاوانە دەکەین. چەمک و واتای جینۆساید لێک دەدەینەوە و لە سەر ئەو کارەساتە پیادەی دەکەین، کە لە شنگال روویداوە.
چەمک و واتای گشتی جینۆساید
جینۆساید (Genocide) لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانی- لاتینییە و لە دوو بەش پێکهاتووە، وشەی یۆنانی (Genos) بە واتای نەژاد و رەگەز و هەروا وشەی لاتینی (caedere) بە واتای کوشتن، کە سەرجەم بە واتای کۆمەڵکوژیی یا کوشتاری بەکۆمەڵ دیت. ئەم زاراوەیە، یەکەمجار لە لایەن پرۆفیسۆر (رافائل لیمکن) لە ساڵی ١٩٤٤ بەکارهاتووە. ئەمەش بۆ ئەزموونی ناوبراو دەگەرێتەوە، کە لە کارەساتی هۆلۆکۆستی نازییەکان دژ بە جوولەکە رزگاری ببوو. گەشەکردنی ئەم زاراوەیە لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە کە بریتین لە:
- قۆناغی یەکەم: لە ساڵی ١٩٤٤ هەتا ١٩٤٨، کە قۆناغی داڕشتنی زاراوەکەیە لە لایەن لیمکن و پاشان رێکخستن و پێناسەکردنی لە چوارچێوەی (رێککەوتننامەی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانبارانی جینۆساید) لە ساڵی ١٩٤٨.
- قۆناغی دووەم: بریتییە لە قۆناغی کاراکردن، کە لە دادگا سەربازییەکانی پاش جەنگی جیهانی دووەم وەک دادگای نۆرمبێرگ دەست پێدەکات هەتا دادگای تایبەت بە یۆگوسلاڤیا لە ١٩٩٣، دادگای تایبەت بە رواندا لە ١٩٩٤ و پەیڕەوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٨ و هەتا ئێستا بەردەوامە.
چەمک و واتای یاسایی جینۆساید
پاش هاتنەئارای رێککەوتننامەی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ساڵی ١٩٤٨، زاراوەی جینۆساید لە رووی یاساییەوە پێناسە کرا. لە بەندی دووەمی ئەم رێککەوتننامەیە بەمجۆرە پێناسەی جینۆساید کراوە: جینۆساید هەر کردارێکە لەو کردارانەی خوارەوە کە روو دەدەن بەمەبەستی لەناوبردنی هەموو یا هەندێک لە گرووپێکی مرۆیی بە سەرنجدان بە سیفەتی ئەتنی یا رەگەزیی یا ئایینی. (یقصد بالابادة الجنس اي فعل من الافعال الآتیة یرتکب بقصد القضاء کلا او بعضا علی جماعة بشریة بنظر الی صفتها القومیة او العرقیة او الدینیة).
ا- کوشتنی ئەندامانی ئەم گرووپە (قتل اعضاء هذە الجماعة).
ب- دەستدریژیی ترسناک بۆ سەر ئەندامانی ئەم گرووپە لەڕووی جەستەیی یا دەروونی(الاعتداء الجسیم علی افراد هذە الجماعة جسمیا او نفسیا).
ج- ملکەچ پێکردنی بە ئەنقەستی گرووپەکە بۆ هەلومەرجیکی گوزەرانی وا کە مەبەستی لەناوبردنی فیعلی ئەوان بێت (اخضاع الجماعة عمدا لاحوال المعیشیة یقصدبها اهلاکها الفعلي).
د- سەپاندنی ئەو رێوشوێنانەی کە ئامانجی قەدەغەکردنی زاوزێ بێت لەناو گروپەکەدا (فرض تدابیر تستهدف منع الانجاب داخل الجماعة).
ه- گواستنەوەی منداڵانی گروپەکە بە زۆرەملی بۆ ناو گروپێکی دیکە (نقل اطفال الجماعة عنوة الی جماعة اخری).
ئەم پێناسەیە، سەرەڕای ئەوەی چەندین رەخنەی لیگیراوە، بەڵام بەوحاڵەش پێناسەیەکی گرنگە، کە پاشان لە پەیڕەوی دادگای تاوانی تایبەت بە یۆگوسلاڤیا و رواندا و هەر وا پەیڕەوی دادگای تاوانی نیودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٨ کەڵکی لێوەرگیراوە و دەقاودەق گواستراوەتەوە. هەروا یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بەم پێناسەیەی وەرگرتووە.
کارەساتی شنگال
هەروەک دەزانین لە ٣/٨/٢٠١٤، چەکدارانی داعش لە هێرشێکی دڕندانە بۆ سەر شارۆچکەی شنگال، کارەساتێکی گەورەی مرۆییان دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی خولقاند، کە تێیدا بە سەدان کەس کوژران و بە هەزاران کەس دەستگیر کران و دەستدریژیی ترسناکی جەستەیی و دەروونی کرایە سەریان و سەدان هەزار کەسیان تووشی ئاوارەیی و هەلومەرجێکی گوزەرانی خراپ هاتن بە تایبەت لە چیای شنگال. گەورەیی ئەم کارەساتە لە ئاستێکدا بوو، کە جیهانی هەژاند و ئەمەش کاریگەریی گەورەی هەبوو لە دروستبوونی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعش.
هەربۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین، کە بە پراکتیزە کردنی واتا و پێناسەی تاوانی جینۆساید لە سەر کارەساتی شنگال، ئەوە بسەلمێنین کە ئەو تاوانە لەڕووی یاساییەوە بە جینۆساید دادەنرێ.
بنەماکانی تاوانی جینۆساید (ارکان الجریمة الابادة الجماعیة)
هەر رەفتارێکی مرۆڤ بۆ ئەوەی لەڕووی یاساییەوە بە تاوان دابنرێ، پێویستە کۆمەڵیک بنەما و رەگەز لەخۆ بگرێت، کە سەبارەت بە تاوانی جینۆساید دەتوانین بەم جۆرەی خوارەوە بنەماکانی دەست نیشان بکەین:
١) شوێن (المحل): بە پێی ئەو پیناسەیەی کە باسمان کرد، دەبێ ئەم تاوانە دژ بە ئەندامانی گروپێکی دیاریکراوی ئەتنی، رەگەزیی و ئایینی ئەنجام بدرێت، کە لە کارەساتی شنگال ئەم تاوانە دژ بە گروپی ئایینی ئێزیدیی ئەنجامدراوە (بەندی ٢ رێکەوتننامەی ١٩٤٨). هیچ جیاوازییەک نیە، کە تاوانەکە لەسەر ژیان، ئازادیی یا سەلامەتی جەستەیی یا دەروونی تاوان لێکراوان بێت.
٢) بنەمای مادیی (الرکن المادي): بنەمای مادیی لە تاوان بریتییە لە رەفتارێکی تاوانکاریی، کە یاسا ئەنجامدانی ئەو کارەی بە تاوان داناوە یا خود فەرمانی بە ئەنجامنەدانی کردووە. هەربۆیە ئەم بنەمایە سێ رەگەز لەخۆ دەگرێت کە بریتیین لە: رەفتاری تاوانکاریی، دەرەنجام و پەیوەندیی هۆکاریی لەنێوان رەفتار و دەرەنجام.
ئەگەر بێت و سەیری ئەو پێنج خاڵە بکەین، کە لە رێکەوتننامەی ساڵی ١٩٤٨ وهەروا لە بەندی(٦) پەیڕەوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا هاتوون و پێشتر ئاماژەمان پێکرد، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ، کە هەر پێنج خاڵەکە لە لایەن گرووپی ترۆریستی داعش دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجامدراون. هەروا رەفتاریی تاوانکاریی، دەرەنجام و پەیوەندیی هۆکاریی لە نێوان رەفتار و دەرەنجام لەم تاوانەدا بوونیان هەیە. هەربۆیە بنەمای مادیی تاوانی جینۆساید بەتەواوەتی لەسەر ئەو رەفتارە تاوانکارییانە دەچەسپێ، کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:
أ) کوشتنی سەدان هاوڵاتی ئێزیدیی.
ب)دەستدرێژیی ترسناکی جەستەیی و دەروونی بۆ سەر هەزاران هاوڵاتی ئێزیدیی.
ت)ناچارکردنی دەیان هەزار هاوڵاتی ئیزیدیی بۆ ئاوارەبوون بەرەو چیای شنگال و شار گوندەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە بارودۆخێکی خراپی مرۆییدا ژیان دەگوزەرێنن و لە ئەنجامی ئابڵۆقەدانی چیای شنگال بۆ ماوەی ٤ مانگ، دەیان کەس لە هاوڵاتیانی سیڤیل بوونە قوربانی. ئەو ئاوارەکردنە بێگومان ئامانجی لەناوبردنی ئەو گرووپە ئاینییە بووە و سەدان قوربانی لێکەوتۆتەوە.
ث)سەپاندنی رێوشوێنی وا کە ببێتە هۆی قەدەغەکردنی زاوزێ لەناو ئەندامانی گروپەکە، ئەوەش لە رێگای کوشتنی بەکۆمەڵی پیاوانی ئێزیدیی و بەکۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدیی و بەکارهێنانی سیکسی ئەو ئافرەتانە و دوورخستنەوەی پیاوان و ژنان لەیەکتر.
ج) گواستنەوەی بەسەدان منداڵی ئیزیدیی بە کوڕ و کچ بۆ ناوچە عەرەبییەکان لە عێراق و سوریا و دوورخستنەوەیان لە ژینگەی سروشتی و مێژوویی خۆیان، کە ئەمەش بەرەبەرە دەبێتە هۆی توانەوەی ئەو منداڵانە لەناو ئەو ژینگە نوییەی کە تێیدا دەژین.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین، کە سەدان رەفتار و کرداری تاوانکاریی جۆراوجۆر لە لایەن گروپی داعش دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجام دراون، کە لە لایەن یاساوە قەدەغە کراون. هەروا دەرەنجامەکان، کە بریتین لە کوشتن، دەستدرێژیی ترسناکی جەستەیی و دەروونی، دوورخستنەوەی ژنان و پیاوانی ئێزیدیی و نەهێشتنی زاووزێ لە نێوانیان و بەکۆیلە کردنی ئافرەتانی ئێزیدیی و دوورخستنەوەی زۆرەملی منداڵەکانیان بە روونی بوونیان هەیە. هەروا پەیوەندیی هۆکاریی لەنێوان رەفتاری تاوانکاریی و دەرەنجام بوونی هەیە، کە بەمجۆرە بنەمای مادیی ئەم تاوانە دێتە دی.
٣) بنەمای مەعنەویی (الرکن المعنوي): بۆ ئەوەی تاوانێک بە تاوانی ئەنقەست دابنرێ، دەبێ مەبەستی تاوانکاریی (القصد الجنائي) تێدا بێت. ئەمەش بەوە بەدی دێت کە یەکەم، ویست (ارادة) هەبێ بۆ ئەنجامدانی تاوان لە لایەن ئەنجامدەرەکەوە، واتە بە ویست و خواست و بە ئازادیی تەواو هەڵبستێ بە ئەنجامدانی تاوان. دووەم، دەبی ئەنجامدەرانی تاوانەکە، ئاگاداریی و زانینیان (علم) هەبێ بۆ ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان و ترسناکی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی دەدەن. ئەم بنەمایەش بە تەواویی بەسەر تاوانی جینۆسایدی شنگالدا دەچەسپێ، بەوەی کە گروپی داعش و بەرپرسان و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە پلانی پێشوەختیان هەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە و بەتەواویی ویست و خواست و زانینەوە ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە.
دەرئەنجام
پاش پێناسەکردنی تاوانی جینۆساید و روونکردنەوەی بنەماکانی ئەم تاوانە لەڕووی یاساییەوە وهەروا پیادەکردنی لەسەر کارەساتی شنگال، کە دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجامدراوە، بۆمان روون بووەوە، کە ئەم تاوانە دەچێتە خانەی تاوانی جینۆساید. هەربۆیە، دەکرێ لەڕووی یاساییەوە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ دیکۆمینت کردنی تاوانەکە و کۆکردنەوەی هەموو بەڵگەکان و وەرگرتنی وتەی تاوانلێکراوان وداواکارانی مافی کەسی و شایەتحاڵەکان لە لایەن دەزگای دادوەریی و لە کاتی گونجاودا بخرێتە بەردەم دادگایەکی ناوخۆیی تایبەت، کە بۆ ئەم مەبەستە پێکدێت، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە سزایی یاسایی خۆیان وەربگرن. هەروا دەکرێ بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بخرێتە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەگوێرەی ئەو رێوشوێنانەی کە لە بەندەکانی (١٣) هەتا (١٥)ی پەیڕەوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا هاتووە، بۆ دادگایی کردنی تۆمەتباران و جیبەجێکردنی دادپەروەریی و سەپاندنی سزایی یاسایی لەسەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە.
سەرچاوەکان:
١) زهیر کاظم عبود، محکمة الانفال قراءة قانونیة، دارئاراس للطباعة والنشر، اربیل. ٢٠٠٨.
٢) د.علي حسین الخلف و د.سلطان عبدالقادرالشاوي، المبادی العامة في القانون العقوبات، شرکة العاتک لصناعة الکتاب، القاهرة. ٢٠١٠.
٣) جینۆساید و تاوانەکانی رژێمی عێراق دژی گەلی کوردستان، لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، هەولێر، ٢٠١١.
٤) ئازاد وەڵەدبەگی، فەرهەنگی سیاسی نیگا، دەزگای تویژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولیر، ٢٠١١.
٥) نظام روما الاساسي للمحکمة الجنائیة الدولیة ١٩٩٨.
٦) اتفاقیة منع جریمة الابادة الجماعیة والمعاقبة علیها ١٩٤٨.
20/2/2015