رێبوار مه‌عروف زاده
گومان، ره‌خنه و داهێنان
"نه‌وه‌ی نوێ هه‌میشه له بێ شه‌رمییه‌وه ده‌ست پێده‌کات، له شتێکه‌وه ده‌ست پێده‌کات ناوی ده‌نێم ئیراده‌ی شه‌رمنه‌کردن."به‌ختیار عه‌لی نه‌وه‌ی نوێ له گومان، ره‌خنه و داهێنان پێکدێ و هاوپێوه‌ندی گومان، ره‌خنه و داهێنانیش ده‌بێته گه‌ڕانێک هه‌تا ئه‌وسه‌ری ئه‌وسه‌ر. گه‌ڕان به شوێن بوون یان نه‌بوونی نه‌وه‌ی نوێ، تێفکرین له چۆنییه‌تی و هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی، ته‌نانه‌ت ئاماده‌بوونی خۆدی چه‌مکی نه‌وه‌ی نوێ له لێکدانه‌وه‌ی کێشه‌کاندا، یارمه‌تیده‌ری دروستکردنی فه‌زا و به‌ستێنێکی تیۆری و فێکرییه بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ قسه‌کردن، نووسین و کرده‌وه‌گه‌لێکی لێبراوانه و راشکاوانه، له به‌رامبه‌ر ئامانجه بچووک و گوتاره حه‌ماسی و بێ سووده‌کان، له به‌رامبه‌ر مێتۆد و چه‌که کۆن و به سهرچووهکان.
دواجار گه‌شه‌ی گه‌ڕان بهرفراوانبوونێتی بۆ ململانێیکی فره‌ڕه‌هه‌ندی فێکری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له گه‌ڵ خاوه‌ن و هه‌ڵگره زیندووه‌کانی به‌ها و بیرۆکه مردووه‌کان و ئه‌وه هه‌وڵێکه بۆ تێپه‌ڕین له جیهانی نه‌ریتی و کۆن به‌ره‌و جیهانی نوێ و مۆدێرن. خۆی گه‌ڕانیش شتێک نییه به‌ده‌ر له ئێراده کردنێکی بێ شه‌رمانه بۆ رۆێشتن به‌ره‌و شوێنه‌کانی دیکه و گومان خستنێکی جیددی بۆ سه‌ر واقیع و ئاماده‌بوون بۆ جێهێشتنی، شتێک نییه به‌ده‌ر له تووڕدانی نۆرم و پێوه‌ندی و سیاسه‌ته پێشوه‌خت و دیاریکراوه‌کان به‌ره‌و گۆمانکردن و خیانهتکردنێکی پێویست به نیسبه‌ت دروستی و بێ خه‌وشی مێژوو و واقیع و هه‌قیقه‌تی ئێستا. گه‌ڕان هاوکات وازهێنانه له پیاههڵکوتن به سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی هه‌ن و به دواداچوونیشه بۆ ئه‌و شتانه‌ی نین.
هه‌ر وه‌ک چۆن هیچ بابه‌تێک به بێ هاتنه‌ئارای بابه‌تی جیاواز و نوێتر قه‌ت کۆن نابێ سه‌رده‌مه نوێیه‌کانیش به بێ هاتنه‌ئارای نه‌وه‌ی نوێ قه‌ت له دایک نابن. به‌و پێیه جه‌وهه‌ری چه‌مکی نه‌وه‌ی نوێ ته‌نیا له پێکهاته و جیهانێکی نوێ و مودێرندا توانای له دایکبوونی هه‌یه.
له سێ فه‌زای تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی مودێرندا به شوێن ئه‌گه‌ری له دایکبوونی نه‌وه‌ی نوێ و گۆشه‌گیربوونی نه‌وه‌ی کۆن له نێو جیهانی کوردی‌دا ده‌که‌وین.
مۆدێرنه به واتای گه‌شه و زاڵبوونی هێزی ئه‌قڵه به سه‌ر چاره‌نووس و ژیانی مرۆڤ و به جۆرێکیش رزگاربوونی مرۆڤه له ده‌سه‌ڵاته ئایینی و بان مرۆیی و کۆنه‌کان. له سه‌رده‌می مۆدێرندا، له رێگه‌ی گه‌شه‌ی زانست که قۆناخی یه‌که‌می له پرۆسه‌ی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێناندا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، مرۆڤ خۆی ده‌بێته بکه‌ر و خوڵقێنه‌ر و ناوه‌ندی سه‌ره‌کی. پرۆسه‌ی مۆدێرنه پرۆسه‌یه‌کی یه‌کجار فره‌ڕه‌هه‌ند و به‌رفراوانه که به جۆرێک پرۆسه‌ی ئازادکردنی مرۆڤیشه، چونکه په‌یدابوونی پیشه و که‌ره‌سته و زانستی جۆراوجۆر توانای هه‌ڵبژاردن و ته‌نانه‌ت توانای ههڵهکردنیشی به مرۆڤ به‌خشی. بۆ نموونه په‌یدابوونی دراوی نیشتمانی توانای گه‌ڕان و رۆیشتن بۆ شوێنه دوورتره‌کان و به‌رفراوانبوونی جوغرافیای پێوه‌ندییه‌کان و شانسی بوون به بازرگانی بۆ مرۆڤ ره‌خساند. ئه‌وه له حاڵێکدایه له سه‌رده‌می پێش مودێرنه‌دا رۆڵی تاک تا راده‌یه‌کی زۆر، هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی نه‌گۆڕی و دیاریکراوییهکی ره‌ها بوو، دۆخێک له ئارادابوو که که‌سێک له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ره‌عییه‌ت و هه‌ژار ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی به که‌سێکی ره‌عییه‌ت یه‌کجار به‌هێز و ئه‌گه‌ری ده‌ربازبوونیشی له‌و رۆڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ریتی و داسه‌پاوه هه‌ره لاواز بوو. به واتایه‌کی دیکه له سه‌رده‌می پێش مودێرنه‌دا کوڕ توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو که بوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز له باوکی ببێ و چاره‌نووسی بریتی بوو له دووباره‌کردنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی باوکی. سه‌رده‌می پێش مودێرنه سه‌رده‌مێکی ته‌واو باوکانه بوو که تێیدا به‌رده‌وام کوڕه‌کان ده‌بوونه‌وه به میراتگری پیگه و که‌سایه‌تی باوکیان. له راستیدا سه‌رده‌می پێش مودێرنه سه‌رده‌می کۆرتبوونهوهی مرۆڤه به باوک و دواجار سه‌رده‌می دیکتاتۆرییه‌تی باوکیشه و به‌م هۆیه قسه‌کردن له سه‌ر بوون و سه‌رهه‌ڵدانی نه‌وه‌ی نوێش تا راده‌یه‌کی زۆر به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌رده‌می مودێرن.
1- مۆدێرنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی:
له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ده‌کرێ باس له بوونی جۆریک له دیکتاتۆرییه‌تی دایک بکه‌ین. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بریتیه له گۆشارخستنێکی به‌رده‌وامی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌ر کچ، بۆ بوون به ژن و گۆشارخستنێکی به‌رده‌وامیشه بۆ ژن، بۆ بوون به دایک. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بریتییه له گه‌ڕانێکی گه‌وره بۆ کچ و نائۆمێدییهکی گه‌وره‌تر له نه‌دۆزینه‌وه‌ی رۆڵی کچ و سۆز، دواجار به‌رهه‌می ئهونائومێدییه بریتی بووه له سهرههڵگهرتن و کۆچکردن له وڵاتی شه‌ره‌ف. کۆچکردن له وڵاتێک که پڕه له هه‌وڵ بۆ کۆرتکردنه‌وه‌ی و مه‌حکوومکردنی کچ بۆ بوون به ژن، پڕه له مه‌حکوومکردنی واقیعی پێکه‌وه‌بوونی "کچ و کوڕ" بۆ بوون به "ژن ومێرد". له فه‌زای کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستاندا کچی کورد ترسی به ته‌نیا رۆێشتن و به ته‌نیا گه‌ڕانی هه‌یه و له راستیدا خۆدی کچبوون مه‌ترسییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا دیوارێکی ترسناکی کۆمه‌لایه‌تی هه‌یه به ناوی په‌رده‌ی کچێنی. له نێوان قه‌ناعه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بۆ مۆدێرنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناته‌باییه‌کی کۆن و بێ نڕخ هه‌یه، ئه‌ویش بریتیه له‌وه که بوونی په‌رده‌یه‌کی بایۆڵۆژی و کچێنی له کوردستان شه‌ره‌فه و نه‌بوونی په‌رده‌یه‌کی کچێنی له ئۆروپا ئازادی جنسییه. دواجار نه‌بوونی ئازادی جنسی هێمایه‌که بۆ ئازادنه‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێمایه‌کیشه بۆ له دایکنهبوونی نه‌وه‌ی نوێ.
2- تاکی مودێرن:
یه‌کێک له‌و ده‌روازه گه‌ورانه‌ی مودێرنه بۆ مرۆڤی کردۆته‌وه توانایی نووسین و خوێندنه‌وه و په‌روه‌رده‌بوونه. نووسین بریتیه له ده‌ستبه‌رداربوون له شێوه گه‌ڕان و رۆیشتنی کۆن و نه‌ریتی، بریتییه له ده‌ستبه‌رداربوون له‌و پێیه بایۆڵۆژییهی که تواناییه‌کی به‌رته‌سک و سنوورداری بۆ بڕینی مه‌وداکان و کاته‌کان هه‌یه. هه‌روه‌ها نووسین له مانا به‌رفراوانه‌که‌یدا بریتییه له داهێنانی فۆرم و مێتۆدی نوێ ده‌ربڕین و ده‌رکه‌وتنی مرۆڤ. له پێکهاته و کۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتیدا بوونی مرۆڤ بوونێکی ته‌واو بایۆڵۆژییه، کۆرتبوونهوهی دیاڵۆگه به هاوار و هاتوچۆکردن، چونکه مرۆڤه‌کان له ده‌م و چاوێک و پییه‌کی دیاریکراو و نه‌گۆڕدا دیل و کورت ده‌کرێنه‌وه. به واتایه‌کی دیکه کۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتی کۆمه‌ڵگه‌ی مڵمڵانێ جه‌سته‌کانه، مڵمڵانێی ده‌سته‌کان و پێیه‌کان و دهمهکانه و به جۆرێک بریتییه له به‌رته‌سکبوونه‌وه و کۆتایی هاتنی مرۆڤ به جه‌سته، هه‌ر بۆیه مێژووی سه‌رده‌می کۆنیش شتێک نییه به‌ده‌ر له ده‌ستدرێژی به‌رده‌وامی جه‌سته گه‌وره‌کان بۆ سه‌ر جه‌سته لاوازه‌کان. ئه‌وه له حاڵێکدایه مێژووی مودێرن به جۆرێک به‌رجه‌سته‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی جه‌سته ناسکترهکانه(Soft power)، چونکه ئه‌وه‌نده‌ی برینداربوونی جه‌سته‌ی منداڵێک له دنیای ئه‌مڕۆدا تاوانێکی نه‌به‌خشراوه، قه‌ت کۆشتنی پیاوه‌کان و له نێوچوونی جه‌سته به‌هێزه‌کان تاوان نییه. دنیای ئه‌مرۆ دنیای گواستنه‌وه‌یه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ری جه‌سته سفتوسۆڵهکان (Hard power) به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ری جه‌سته ناسکترهکان (Soft power)، چۆنکه ئه‌وه‌نده که ژن و مندال(جه‌سته‌ی ناسک) ده‌رده‌که‌وێ و بوونی هه‌یه قه‌ت پیاوه‌کان واته مرۆڤه جه‌سته گه‌وره‌کان ئاماده‌بوونیان نییه.
له لایه‌کی دیکه به‌رهه‌مهێنانی بیر و هزر به‌ستراوه‌ته‌وه به نووسین واته بیرمه‌ندێک بوونی نییه که ده‌ستی نه‌دابێته نووسین و یان قوتابییه‌کانی نهیاننووسیبێتهوه. دیاره خودی هزر، رۆیشتن و به‌رفراوانبوونی مرۆڤه بۆ شوێن و کاته‌کانی سه‌رتر له ته‌مه‌نه بایۆڵۆژییهکهی و دواجار فێکر مانه‌وه‌شه له پاش مردنه بایڵۆژییهکهی مرۆڤ. ئه‌وه هه‌قیقه‌تی نه‌مریی هزره که واده‌کات توانایی گه‌ڕانه‌وه‌مان هه‌بێ بۆ رۆسۆ و مارکس و پووپێر و هتد.
په‌یدا بوونی نه‌وه‌ی نوێ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش‌دا تا راده‌یه‌کی زۆر به‌ستراوه‌ته‌وه به په‌یدابوونی نووسین و تێپه‌ڕین له فۆرمی کۆنی ده‌رکه‌وتنی مرۆڤ واته تێپه‌رین له سه‌رده‌می جه‌سته. دیاره مێژووی نووسینی کوردی مێژوویه‌کی دوورودرێژ نییه به تایبه‌تی به به‌راورد له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، هه‌ر بۆیه مێژووی کاری فێکری و راده‌ی به‌رهه‌مهێنانی فێکری دنیای کوردیش یه‌کجار بچووکه. هه‌روه‌ها له ئاستێکی به‌رین و به شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌تاکوو ئێستاکه‌ش، تاکی کوردی پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی رۆژانه‌ی به قسه‌کردنه‌وه هه‌یه نه‌ک به نووسین واته بوون و ده‌رکه‌وتنی مرۆڤی کورد بوونێکی زاره‌کییه نه‌ک بوونێکی نووسراو. به‌و پێیه نووسین و زمانی کوردی زمانێک و کاناڵێک نییه که بتوانێ، پرسیار بکا و وڵام و زانیاری و هۆشیاری بداته‌وه، دیالۆگ له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و جیهان بکا. بۆ نموونه ئینگڵیسیهک یان که‌سێکی شاره‌زا به زمانی ئینگلیسی گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌وره‌ی فێکری و زانستی له به‌ر ده‌ستدایه بۆ فێربوون و هۆشیاربوون. تاکی کورد بۆ سه‌رسامکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتووی کوردی، که توانایی سه‌رسامکردن تایبه‌تمه‌ندی و هێمایه‌کی گرینگه بۆ بوونی نه‌وه‌ی نوێ، پێویستی به ده‌ستڕاگه‌یشتن و که‌ڵک وه‌رگرتن له به‌رهه‌مه فه‌ڵسه‌فی و هزری و زانستییه‌کانی جیهانی مودێرن هه‌یه. دیاره زمانی کوردی زمانی زانست و فه‌ڵسه‌فه نییه، چۆنکه تاکی کوردی هه‌ڵنه‌ستاوه به ئه‌نجامدانی ڵێکۆڵینه‌وه و به‌رێوه‌بردنی پرۆژه‌ی فێکری و فه‌ڵسه‌فی، هه‌ر بۆیه توانایی دیالۆگکردنی له گه‌ڵ جیهانی مودێرن نییه. لێره‌دایه که زاڵنه‌بوونی تاک و بژارده‌کانی کورد به سه‌ر زمانی ئینگڵیسی له ئاستێکی به‌ریندا، نه‌بوونی کاناڵێکی به‌هێز بۆ ده‌ستراگه‌یشتن به به‌رهه‌مه فێکری و زانستییه‌کانی جیهانی مودێرن، خۆی ئاماژه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ نه‌بوونی توانایی سه‌رسامکردن و ئاراستهبهخشی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی. هه‌روه‌ها سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌ی مرۆڤی کورد بریتی نییه له ستاندنه‌وه‌ی خاک، به‌ڵکوو بریتیه له سه‌ربه‌خۆیی له زمان و بیری فارسی ، تورکی و عه‌ره‌بی. ئازادکردنی راسته‌قینه‌ی مرۆڤی کورد بریتیه له‌وه‌ی که له کوردستاندا زمانی کوردی یه‌که‌م، زمانی ئینگڵیسسی و فه‌رانسه‌وی و... زمانی دووهه‌م و زمانی داگیرکه‌رانیش زمانی سێهه‌م و چواره‌م و ... بێ. ئازادکردنی مرۆڤی کورد بریتیه له‌وه که تاکی کورد ته‌نیا بۆ گه‌رانه‌وه بۆ شاملوویهکان ناچار بێ بگه‌رێته و بێبهسترێتهوه به زمانی داگیرکه‌ران.
3- سیاسه‌تی مودێرن:
پێویسته سه‌رنج بده‌ینه ئه‌وه که له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتوو و به‌هێزه‌کانی ئه‌مرۆدا مودێرنه گه‌شه‌یه‌کی زۆری کردوه و سیاسه‌ت و ئابووری و فه‌زای گشتی که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی میدیا به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی تهڵهڤیزیۆن. له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌تووه‌کانی ئێستادا چێدیکه میدیا ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م نییه، به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌مه. ده‌سه‌ڵاتی میدیا وایکردوه شاهیدی گواستنه‌وه‌ی مێژوو، واقیع و ته‌نانه‌ت داهاتوو بۆ نێو وێنه و فیڵم و میدیا بین و جۆرێک له کۆمه‌ڵگه‌ی میدیایی پێکبێ. کۆمه‌ڵگه‌ی میدیایی بریتییه له زالبوونی وێنه به سه‌ر واقیعدا، چونکه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا وێنه‌ی تاوانێک ده‌رهه‌ق به مندالێک له کوژرانی میلله‌تێک له واقیعدا کاریگه‌ری زیاتری به سه‌ر خه‌ڵک هه‌یه.
دیاره مێژووی کرانه‌وه‌ی پرسی کورد به رووی جیهان، له کۆنه‌وه تا ئێستا، بریتی بووه له کورتبۆونهوهی پرسی کورد له پێوه‌ندییه‌کی به‌رته‌سکی چه‌ند سیاسییه‌کی کورد به کۆمه‌ڵیک که‌سی سیاسی جیهان.
له راستیدا مێژووی پێوه‌ندی و دیپلۆماسی کورد له گه‌ڵ جیهان و به تایبه‌تی له گه‌ڵ رۆژئاوا شتێک نه‌بووه به‌ده‌ر له پێوه‌ندییه‌کی به‌رته‌سک و ڵاوازی سه‌رۆکی حیزبه‌کان به حیزب و ده‌وڵه‌ته‌کانی رۆژئاوایی. نه‌بوونی تهڵهڤیزیۆنێکی کوردی ئینگڵیسی زمان و جیهانی، به میدیایی نه‌بوونی پرسی کورد له ئاستی جیهانیدا، به واتای نه‌بوونی توانایی سیاسه‌تی کوردییه بۆ کردنه‌وه و به‌رفراوانکردنی پرسی کورد بۆ فه‌زای گشتی و کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوا و مرۆڤی رۆژئاوایی. ئه‌و بابه‌ته ئاماژه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ روونه‌دانی وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره له دیپلۆماسی کوردی و دواجار هێمایه‌کی گه‌وره‌تریشه بۆ له دایکنهبوونی نه‌وه‌ی نوێ.
سه‌رچاوه‌کان:
1- به‌ختیار عه‌لی، کێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنه نه‌وه‌ی نوێ
2- ئاراس فه‌تاح، چه‌مکی مڵمڵانێ
3- شێرزاد حه‌سه‌ن، باوکان و هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ی فه‌رزه‌نده‌کان
4- سودابه قیصری، بررسی شکاف نسل ها
5- تقی ازادارمکی، امکان یا امتناع رابطه بین نسلی در ایران، استاد گروه جامعهشناسی دانشگاه تهران
نووسین: رێبوار مه‌عروف زاده