شێرزاد عەزیز
سەرنووسەری مالمۆکورد
تەقینەوەکانی ١١ سێپتەمبەر کە بووە رووخانی ئەمارەتی تاڵیبان، ئەمریکا و ئەوروپا بۆ دژایەتی تیرۆر ، زۆر شێوازی دژایەتی قاعیدەیان گرتە بەر کە هەندێ جار دەگەیشتە ئاستی بەرتەسککردنەوەی بەهاکانی ئازادی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ ، بۆ خۆپاراستنین لە تاعوونی تیرۆر. کردوە تیرۆریەکانی داعش ناتوانن ئەوە بسەلمێنن کە قاعیدە نین، بەتایبەت دوای هێرشەکانی پاریس و سەربڕینی بارمتە بیانییەکان و سووتانی فڕۆکەوانە ئوردونییەکە. هاوسۆزی گەورەی دنیا و ئەوروپا بۆ فەرەنسا دەبنە خاڵی وەرچەخان بۆ مەرگ و کۆتایی داعش. ئیمڕۆ کە داعش بۆتە کێشەیەکی گەورە و جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە ،، یەکەم هێزی گەورەی دژە داعش لەسەنگەری ڕوبەڕووبوونەوەدا کوردە. شکانی داعش لە کۆبانێ و جەنگی بەردەوامی پێشمەرگە و گەریلای دژە داعش ، ئەمریکا و ئەوروپای لەهەر کاتێ زیاتر ناچاری ئاوڕدانەوە لە کورد کردووە. بۆ دژایەتی داعش دوای پەلامارەکەی پاریس ، کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەوروپا و ئەمریکا ، پلانی دژایەتی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستەی داڕشتووە.
لەم شەوانەدا ڕاپۆرتێکی تەلەفیزیۆنی سویدی باسی ئەوەی دەکرد پێش ئەوەی پلانی ئەوروپا بۆ دژایەتی تیرۆری داعش پراکتیزە بکرێ ، دەبێ ئەوروپا پەکەکە لە لیستی تیرۆر بێنێتە دەرەوە ، تا لەڕووی یاساییەوە مامەڵەتی داعش یان تیرۆری لەگەڵ نەکرێ.
دەرهێنانی پارتی ویەکێتی لەلیستی تیرۆری ئەمریکا ئاماژەیە بۆکۆمەڵێ یاسا و ڕێسا کە دژ بە داعش دەگیرێ.
خەبات و بەرخودانی قارەمانانەی کۆبانێ . ئەلیزای هێنایە سەر ئەو باوەڕەی لەکۆشکی سەرۆکایەتی و خودی سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە پەیەدە و یەپەگە بکات کە دوو قوربانی گەورەی تیرۆری داعشن.
لەیەکەم ڕۆژانی دەرکەوتن و گەورەبوونی داعشەوە . یەکەم هێزی کوردی کە بەگژ داعشدا چووبێتەوە یەپەگە و گەریلا بوون لە ڕۆژئاوا .. هەر ئەمەش ڕۆژنامەیەکی گەورەی جیهانی وەک نیویۆرک تایمزی والێکرد کە وێنەی گەریلای پەکەکە بڵاو بکەنەوە کە دۆستایەتی ئاژەڵ دەکەن و بپرسێ دەتوانرێ بەمانە بووترێ تیرۆریست.
هاوسەنگەری گەریلاکانی پەکەکە و ئەمریکا لە کۆبانێ و لە باشووری کوردستان و لەشەڕەکانی داعش ، ئەو بیردۆزە سفر دەکاتەوە کە پەکەکە تیرۆریستە . کەی تیرۆر بەگژ تیرۆردا چۆتەوە تا پەکەکە بەگژ داعشی کەمتیار ڕەفتاردا بچێتەوە.
لە 15 شوباتی ١٩٩٩ گەورەترین غەدری مێژوویی لە کورد کرا بە ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان.
ئێستا لە هاوکێشەی تیرۆری داعش و جیهانی ڕۆژئاوا ، پەکەکەی تیرۆریست شەری داعش دەکات و تورکیای ناتیرۆر سەیرکەرێکی جەنگەکەیە و ناڕاستەوخۆش هاوکاری تیرۆر دەکات لە پشتیوانی داعش . بەهەر پاساوێ بێت هەرس کردنی ئەمە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا ئاسان نییە.
ڕۆژی 15 ئەم مانگە ساڵڕۆژی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلانە . پەکەکە لە ئێستادا ئاگربەستی لەگەڵ تورکیا هەیە و لە پرۆسەیەکی ئاشتییە لەگەڵ ئەنقەرە.
هەلێکی گەورەی مێژووییە لەم یادەدا کوردی هەموو دنیا و بەتایبەت ئەوروپا و ئەمریکا وهەندەران ڕێپیوانی گەورە بکەن تا یادەکە بکەن یادی ڕەشکردنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و بە دنیا بڵێن ئەوەی شەڕی تیرۆری داعش دەکات پەکەکە و پێشمەرگەیە.
گەر بتوانرێ پەکەکە لە لیستی تیرۆر بهێنرێتە دەرەوە ، کورد دەتوانێ سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە باشوور ئازادنەتر دەکا لە مامەڵە لەگەڵ ئەم هێزە قارەمانەی لە شەنگالەوە تا خانەقین لەسەنگەری بەرخودان و خەباتدایە دژ بە هیزێکی دڕندانەی داعش کە هەموو دوژمنەکانمان بۆ دژایەتی کورد بەکاری دێنن بێ جیاوازی.
دەبا مەراسیمی 15 شوبات ئیمساڵ بکرێتە مەراسمی نەتەوەیی و بەجیهان بووتری شۆڕشی کورد نەک تیرۆر نەبووە ، بەڵکو قوربانی گەورەی تیرۆر خەڵکی کوردستانە ، جا داگیرکەران یان تیرۆریستان بن.
شێرزاد عەزیز
سەرنووسەری مالمۆکورد
11/2/2015