ڕاپۆرتێک له نه‌فیسه کووهنهوهرد په‌یامنێری تۆڕی هه‌واڵی BBC
وه‌رگێڕان: سەروەت هەڵەبجەیی
له ڕیگامان به‌ره‌و سنور، له‌م دیوی خاکی تورکیاوه، کۆبانیم به‌دی کرد. وێنه‌ی به‌رامبه‌رم له گه‌ڵ ئه‌و وێنانه‌ی که له سه‌ره‌تای هێرشه‌کانی داعشه‌وه هه‌ر له بیرم مابووه‌وه جیاوازی زۆری هه‌بوو. ده‌ڵێیت له‌و شاره جوانه و بینا سپییه‌کانی که له گه‌ڵ تیشکی هه‌تاو له داوێنی گرده‌که‌دا ده‌دره‌وشانه‌وه، ئاسه‌وارێک نه‌مابووه‌وه.
به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه جیاوازی گرنگتریشی هه‌بوو. له دوکه‌ڵی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی که ماوه‌ی چه‌ندین مانگ وه‌ک هه‌ورێکی ڕه‌ش، ئاسمانی کۆبانیی داپۆشیبوو، خه‌به‌رێک نه‌بوو. کاتێک که پاسه‌وانانی سنور له تورکیا درگای ئاسنی سنوری مورشید پهناریان به ڕووماندا کرده‌وه، ته‌نیا چه‌ند هه‌نگاوێک له کۆبانی دوور بوین. ته‌نیا 5 خوله‌ک پیاسه، ئێمه‌ی ده‌گه‌یانده درگای سنوری کۆبانی، ئه‌و شاره‌ی که بۆ چه‌ندین مانگ چاوی جیهانیان به نیگه‌رانییه‌وه سه‌یریان ده‌کرد، ئه‌و درگا ئاسنه‌ی که له ده‌لاقه‌یه‌کی بچووکه‌وه ده‌توانی هه‌موو شاره‌که‌ی تێدا ببینی.
درگا کرایه‌وه. ئه‌و کاته بوو که مانای وته‌ی دۆسته وێنه‌گره‌که‌م که خه‌ڵکی تورکیا بوو بۆم ڕوون بووه‌وه. ئه‌و ده‌یگووت:" نه‌فیسه، هه‌موو ئه‌م وێنانه‌ی که ده‌یبینی پیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه نین که به چاو ده‌یبینیت". هه‌ر له کاتی چوونه‌وه ژوورمان بۆ کۆبانی، ده‌یان ئۆتۆمبێلی سووتاومان بینی، پێده‌چێت زۆربه‌یان له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌کاندا لاشه‌که‌یان له سه‌ر یه‌ک که‌وتووبێت.
په‌روه‌ر که خۆی په‌یامنێرێکی خه‌ڵکی شاری کۆبانییه هاته پێشوازیمان، ئه‌و باسی هێرشه خۆکوژییه‌کانی داعشی ده‌کرد که کردوویانه‌ته سه‌ر درگای سنوری نێوان کۆبانی و سرووچ له تورکیا. دوومانگ به‌ر له ئێستا ئه‌م ناوچه‌یه بۆ ماوه‌ی چه‌ند کاتژمێرێک له کۆنتڕۆڵی داعشدا بووه و ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌کان ئه‌وه‌نده به‌هێزبوو که ئێمه به ئاسانی له کاتی ڕوماڵی ڕاسته‌وخۆی ڕووداوه‌کان له مه‌ودای 7 کیلۆمه‌تری ئه‌و دیوی سنور به ئاسانی ده‌مانبیست و کاروانێکی ئۆتۆمبێله‌کانی تورکیا و فریاگوزارییه‌کانمان بینی که له‌و ڕۆژه‌دا به خێرایی به‌ره‌و مورشید په‌نار ده‌ڕۆیشتن.
به‌ڵام ئێستا چه‌ند ئه‌ندامێکی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل به بزه‌ی پێکه‌نینه‌وه لێره و له ته‌نیشت ئاگرێک دانیشتوون و خێرهاتنی ئێمه ده‌که‌ن. هه‌ر چه‌نده مه‌ترسییه‌کان لێره هه‌ر دوور نه‌که‌وتووه‌ته‌وه و ده‌توانی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییه‌کانی دیکه‌ش ببینی و ده‌نگی شه‌ڕ له گونده‌کانی ده‌ورووبه‌ریش که هه‌مووی گوزارشت له بوونی داعش له‌و نزیکانه ده‌کات.
به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاره‌که به‌ڕێ ده‌که‌وین. ئه‌و ڕێگایه‌ی که له کاتی ئاسایی ته‌نیا 10 خوله‌کی ده‌برد به‌ڵام ئێستا به هۆی داخستنی شه‌قام و کۆڵانه‌کان له ژێر ئاسه‌واری بۆردوومان و ته‌قینه‌وه‌کان نیو کاتژمێر ده‌خایه‌نێت که تۆ به شوێنی ئامانجت بگه‌یت، لێره‌دا ئۆتۆمبێله‌کان به سووتاوی ماونه‌ته‌وه و وه‌ک سه‌نگه‌رێک لێی که‌ڵک وه‌رگیراوه، ئه‌مانه هه‌موو گوزارشت له شه‌ڕێکی ڕوودهڕ ڕوو و کۆڵان به کۆڵان ده‌که‌ن.
له کۆڵانه‌کان و له سه‌ر بالکۆنی خانووه‌کان به‌تانی و په‌رده‌ی زۆرت ده‌بینی که ڕۆژگارێک دیمه‌نی جوانی شاره‌که و زیندوویی و به‌رده‌وامی ژیانی هاووڵاتان بوون به‌ڵام له کاتی شه‌ڕه‌که‌دا ڕۆڵێکی گه‌وره‌تریان ده‌بینی، ئه‌ویش خۆ حه‌شاردان بوو له مه‌ترسی قه‌ناس به ده‌سته‌کانی داعش.
ده‌گه‌ینه گۆڕه‌پانێک که ئێستا پێی ده‌ڵێن گۆڕه‌پانی ئازادی. ئه‌م گۆڕه‌پانه به ته‌نیایی سه‌لمێنه‌ری ئه‌سته‌م بوونی ئه‌و شه‌ڕه بووه له دژی چه‌کدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام. ده‌ورووبه‌ری ئه‌م گۆڕه‌پانه که سه‌رده‌مێک هه‌مووی بیانی چه‌ند نهۆمی بوو، له ئێستادا ته‌نیا وێرانه‌یه‌که و به‌س، هه‌موو ئه‌و بینایانه له ژێر کاریگه‌ری بۆردومانه ئاسمانییه‌کان بوونه‌ته وێرانه، له چه‌ند هه‌نگاو ئه‌ولاترمان چاڵێکی گه‌وره‌تر ده‌بینین که جێی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کانی هێزه‌کانی ئیئتلافن. فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان زیاتر له 600 جار کۆبانی و ده‌وروبه‌ریان بۆردومان کرد، ڕێژه‌یه‌ک که له شه‌ڕه‌کانی ساڵانی ڕابردوو و ته‌نانه‌ت له شه‌ڕی دژ به داعش‌یش بێ وێنه بووه.
له هه‌ر شوێنێکی نزیک ئه‌م گۆڕه‌پانه بۆنێکی ناخۆش به‌رۆکت ده‌گرێت، هێزه‌کانی داعش زیاتر له‌م به‌شه و له به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌که‌دا بوون و ئێستا بۆنی ته‌رمه به جێ ماوه‌کانیان ئه‌و شوێنه‌ی پیس کردووه. یه‌کێک له شه‌رڤانانی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل دوو ته‌رم که له کۆڵانی نزیک گۆڕه‌پانه‌که که‌وتبوون بهمن پیشان ده‌دات که ته‌نیا ئێسک و پروسکهکهیان مابووه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت کێشه‌ی ئێمه له‌م کاته‌دا ئه‌م تهرمانهن که ڕه‌نگه ببنه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌کان، ئه‌وان داوایان له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کردووه چاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌ی ته‌رمه‌کان بدۆزنه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی که کوردان نایانه‌وێت ته‌رمی داعشییه‌کان له کۆبانی بنێژرێت.
سه‌ر له نوێ بۆ بینایه‌ک ده‌ڕۆین که سه‌رده‌مێک سه‌نته‌ری فه‌رهه‌نگی شاری کۆبانی بووه، بینایه‌کی پێنج نهۆمی له گه‌ڵ هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کان و کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره و ...، داعش ئه‌م بینایه‌ی وه‌ک ناوه‌ندی سه‌ره‌کی هێزه‌کانی خۆی به کار هێنابوو، دیواره‌کانی ئه‌م بینایه هه‌مووی به دروشمی ئه‌و گروپه داپۆشرابوو که زۆربه‌یان له ستایشی ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی خه‌لیفه‌ی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بوون. له سه‌ر یه‌کێک له دیواره‌کان قه‌ناس به ده‌ستێکی داعش ناوی خۆی نووسیبوو، ئه‌بوو تۆرابی قه‌ناس به ده‌ست، به‌ڵام کورده‌کان هه‌موو ئه‌و ناوانه و دروشمانه‌یان به ڕه‌نگی ڕه‌ش سڕیوه‌ته‌وه و له ژێریدا ئه‌مه‌یان نووسیوه که کۆبانی ته‌نیا بۆ خه‌ڵکی کۆبانییه و گۆڕستانی داعشییه‌کانه.
که‌مێک پێشتر له شه‌قامێکدا که به‌ره‌و ڕۆژئاوای شاره‌که ده‌مانبات له گه‌ڵ گرووپیک له شه‌ڕڤانان کۆده‌بینه‌وه. شۆڕش که ماندوویه‌تی له سه‌ر و چاوانی ده‌بینرێت به خۆشحاڵییه‌وه ئاڵاکه‌ی داعشمان پیشان ده‌دات که فڕێ درابوو و له دژواربوونی شه‌ڕه‌که قسه‌ی بۆمان ده‌کرد. له نزیک ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه هامه‌رێکی دستکردی داعشییه‌کان ده‌بینرا که ویستی خۆته‌قاندنه‌وه‌یان بووه به‌ڵام کوردان ته‌قه‌یان لێ کردووه و خۆکوژهکهشیان کوشتووه و لاشه‌ی ئۆتۆمبێله‌که به جێ ماوه.
ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه بۆ هێزه‌کانی کۆبانی باجی گه‌وره‌شی هه‌بووه، سه‌دان که‌س له شه‌ڕڤانان و هێزه خۆبه‌خشه‌کان گیانی خۆیان به‌خت کردووه، گۆڕستانێک به ئێمه پیشان ده‌ده‌ن که سه‌رده‌مانێک شوێنی یاری منداڵانی کۆبانی بووه به‌ڵام ئێستا کوژراوه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی تێدا ئارام گرتووه.
ته‌نیا به‌شێکی شاره‌که که که‌متر خه‌ساری به‌رکه‌وتووه، به‌شی ڕۆژئاوای کۆبانییه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که هێزه‌کانی داعش خۆیان نه‌گه‌یاندبووه ئه‌و شوێنه، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێک له خانووه‌کانی تۆپباران کراون و زۆربه‌ی دانیشتووانهکانیشی ماڵ و حاڵی خۆیان به جێ هێشتووه و چوونه‌ته تورکیا، به‌ڵام هه‌ر ئێستاش هه‌ندێک بنه‌ماڵه لێره‌دا نیشته‌جێن و بڕیاری مانه‌وه‌یان له کۆبانی هه‌ڵبژاردبوو. بنه‌ماڵه‌ی ڕه‌حیمه یه‌کێک له‌و بنه‌ماڵانه‌یه، سه‌ردانی ئه‌وانمان کرد، ڕه‌حیمه‌ی ته‌مه‌ن 72 ساڵه و 12 منداڵه‌که‌ی له گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕه‌دا ژیاون. ڕه‌حیمه ده‌ڵێت: هه‌ندێک کاتیش زۆر ترساوه ئه‌ڵبه‌ت بۆ منداڵه‌کانی، به‌ڵام سوپاسی خودا ده‌کات که له کۆبانی ماوه‌ته‌وه و ئازادی شاره‌که‌ی به چاوی خۆی بینیوه. پرسیارم لێکرد که پێداویستییهکنی چۆن ده‌ست ده‌که‌وێت؟ ده‌ڵێت: به‌و ئارده‌ی که له نانه‌واخانه‌کان به جێ مابوو بۆ خۆمان و شه‌ڕڤانان نانم ده‌کرد، له‌و دیوی سنوریشه‌وه که‌ل و په‌لیان بۆمان ده‌هێنا و کاره‌باشمان له ڕێگای موه‌لیده‌وه دابین ده‌کرێت. کاتێک که گه‌یشتینه نێو ماڵه‌که‌ی ڕه‌حیمه ئه‌وان له تاریکیدا بوون و ته‌نیا بۆ وێنه هه‌ڵگرتنه‌که‌ی گرووپه‌که‌ی ئێمه موهلیدهکهیان به‌کار هێنا، ئه‌وان ده‌یانگووت که دابین کردنی سووته‌مه‌نی ئه‌و موه‌لیده‌یه کارێکی ئه‌سته‌مه بۆیان.
له‌یلای ته‌مه‌ن 12 ساڵه که ئیدی له‌م ماوه‌دا به ده‌نگی گولله و تۆپبارانه‌کان ڕاهاتبوو، ئه‌و کاتانه‌ی باس ده‌کرد که پێیان وابووه که کۆبانی ته‌واو ده‌که‌وێت، له‌یلا له درێژه‌دا ده‌ڵێت: ئێستا خۆشحاڵم که ده‌توانم بیر له قوتابخانه و خوێندن بکه‌مه‌وه، ئه‌مه دیاری ساڵی نوێی شه‌ڕڤانان بۆ ئێمه بوو.
کوردانی سوریا (ڕۆژئاوا) له‌م ماوه‌ی شه‌ڕه‌دا به ته‌نیا نه‌بوون. هاروون کۆبانی له فه‌رمانده باڵاکانی یه‌کیه‌نه‌کانی پاراستنی گه‌ل ده‌ڵێت: یارمه‌تییه‌کانی هاوپه‌یمانان و هه‌رێمی کوردستان فریایان که‌وت هه‌ر چه‌نده کاته‌که‌شی دره‌نگ بوو. هاروون له درێژه‌دا ده‌ڵێت: ئه‌و داعشه‌ی که ئه‌وان بینیویانه زیاتر له زۆرێک له وڵاتان که‌ره‌سته و پێداویستی سه‌ربازییان هه‌بووه و خۆڕاگرتن له به‌رامبه‌ر هێزێکی وه‌ک داعش به ده‌ستی خاڵی و بێ چه‌کی پێشکه‌وتوو، باجه‌که‌شی قورس ده‌بێت وه‌ک ئه‌وه‌ی له کۆبانی ڕووی داوه.
فه‌رمانده هاروون باسی ستراتیژی داعشییه‌کانیش ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌وان باشیان ده‌زانی که چۆن شه‌ڕ ده‌که‌ن، 37 هێرشی خۆکوژییان بۆ کۆبانی ئه‌نجام داوه، تۆنێلیان لێده‌دا تا بگه‌نه ژێری ئه‌و شوێنه‌ی که ئێمه‌ی تێدابوو، زۆربه‌یان له نێو شاردا خۆیان ده‌ته‌قانده‌وه، ئه‌وان له ئینته‌رنێت به باشی بۆ ڕووخاندی وره‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر که‌ڵک وه‌رده‌گرن.
هاروون ڕه‌خنه له‌وه‌ش ده‌گرێت که هه‌ندێک له چه‌که‌کانی سوپای ئازادی سوریا ئێستا به ده‌ستی داعشه‌وه‌یه و له‌و بڕوایه‌دا که له سه‌ره‌تادا مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه به جیددی وه‌رنه‌گیرا تا بوونه ئه‌ژدیها.
کاتێک له هاروون سه‌باره‌ت به یارمه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پرسیار ده‌که‌م، ده‌ڵێت: له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌موو یارمه‌تیمانیان دا به‌ڵام کاته‌که‌ی نه‌ختێک دره‌نگ بوو، به‌ڵام سه‌ردار که له‌وبه‌رمانه‌وه ڕاوه‌ستاوه و چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ئێمه ده‌بینێت ئه‌م کێشه‌یه گه‌وره‌تر له‌وه ده‌زانێت و له‌و بڕوایه‌دایه که کێشه سیاسییه‌کان له به‌رده‌م هاتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستاندا ڕێگربوون، پرسیاری لێ ده‌که‌م که ئایا ئه‌و پێشمه‌رگانه یارمه‌تی سه‌ربازییان بۆ ئێوه هێنابوو؟ سه‌ردار ده‌ڵێت: به‌ڵی، به‌ڵام خۆشیان ئه‌و چه‌کانه‌یان زۆرتر به کار ده‌هێنا.
که‌ژاڵ، ئه‌و کچه جوانه‌ی که له گه‌ڵ هاوڕێکانی له ته‌نیشت ئاگرێک دانیشتبوو، ده‌ڵێت: شاره‌که ئازاد کراوه، ئه‌مه‌ش سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی ڕاسته‌قینه ئه‌و کاته‌یه که هه‌موو گونده‌کانیش ئازاد بکرێن، ئێمه ده‌رفه‌تی ئه‌وه ناده‌ین که داعشییه‌کان له سه‌ر خاکی کوردستان به زیندوویی بمێننه‌وه.
له به‌رده‌وامیمان له گه‌ڵ شه‌ڕڤانان، که‌سێکی ئێرانی‌یان به ئێمه پیشان دا، له گه‌ڵ ئازاد ئاشنا ده‌بین، ئه‌و خه‌ڵكی شاری سه‌رده‌شته و سێ مانگ به‌ر له ئێستا له ئێرانه‌وه بۆ شه‌ڕ هاتووه‌ته کۆبانی. ئه‌و جانتایه‌کی بچووکم پیشان ده‌دات که له یه‌کێک له داعشییه‌کان به جێ مابوو، ته‌نانه‌ت تلیاک و ده‌مامکی کیمیاویشی تێدایه و قورئانێک به زمانی چیچانی، ده‌ڵێی ئێمه کافرین که له چیچانه‌وه بۆ شه‌ڕی ئێمه هاتوون.
ئازاد له شه‌ڕڤانانێک باس ده‌کات که کورد نه‌بوون، فارس، تورک و عه‌ره‌ب بوون. یه‌کێک له‌و شه‌ڕڤانانه خه‌ڵکی شاری مه‌شهه‌د له ئێران بووه، ئازاد ده‌ڵێت: زۆر لێهاتوو بوو، فه‌رمانده‌که‌مان ئه‌مری ئه‌وه‌ی کردبوو که ئاگاداری ئه‌و بین، ئه‌و بۆ هه‌ر شه‌ڕێک ئاماده‌بوو، پێی وابوو که ئه‌گه‌ر داعش لاواز نه‌بێت ڕۆژێک ده‌گات به‌ره‌و ئێرانیش به‌ڕێ که‌ون.
ئازاد ده‌ڵێت ئه‌و شه‌ڕڤانه مهشههدییه شه‌هید کرا و ئازادی شاره‌که‌ی به چاو نه‌بینی.
ئێواره‌یه و پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه، به‌رپرسانی ئه‌م دیو و ئه‌ودیوی سنور له کۆبانی و تورکیا ته‌ئکیدیان له‌وه ده‌کرده‌وه که پێش له هاتنی شه‌و پێویسته بۆ سرووچ بگه‌ڕێینه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا مه‌ترسی شه‌ڕ ئاسه‌واری خۆی به جێ هێشتووه، به تایبه‌ت که داعشییه‌کان ده‌ستێکی باڵایان له ڕفاندنی په‌یامنێران دا هه‌یه.
سه‌ردانه‌که‌ی ئێمه کۆتایی هات، به‌ڵام وێنه‌ی ئه‌م شاره به‌م زووانه ناسڕێته‌وه. دواتر که کتێبی بیره‌وه‌رییه‌کانی شه‌ڕی کۆبانی دژ به تیرۆریستانی داعش ده‌نووسرێت، بێ گومان کۆبانی به‌شێکی سه‌ره‌کی ئه‌و کتێبه ده‌بێت، کۆڵان به کۆڵانی ئه‌م شاره گوزارشت له‌و شه‌ڕه‌ی ده‌که‌ن که به سه‌رکه‌وتن کۆتایی پێ هات.
6/2/2015