رێبین ههردی
کارل پۆپەر لەوتاری (لێکبوردنو بەرپرسیارێتی فکریدا) جیاوازی لەنیوان دو جۆر ئەخلاقی پیشەییدا دەکات کە یەکیکی ناو دەنێت ئەخلاقی پیشەیی کۆنو یەکێکیش ئەخلاقی پیشەی تازە. ئەخلاقی پیشەیی کۆنو تازە هەردوکیان لەسەر بیرۆکەی هەقیقەتو عەقڵانیەتو بەرپرسیارێتی دادەمەزرێن. بەڵام هەریەکێکیان ڕوانینی جیاوازی بۆ هەریەک لەم چەمکانە هەیە. ئەخلاقی پیشەیی کۆن عەقڵانیەتی دەبەستەوە به(سەپاندنی راستیو بەڵگەهێنانەوەی لۆژیکی بۆ ئەو راستیە). ئەم ئەخلاقە لەسەر بنەمای (گەیشتن بەیەقینو پاساوهێنانەوە بۆ هەڵوێستەکان) دامەزرابو. لەم جۆرە ئەخلاقەدا وتوێژ لەنێوان دو کەسدا روی دەدا کە یەکێکیان راست دەکاتو ئەویتریان هەڵە. یەکێکیان یەقینی لایەو ئەویتریان گومراهە. وتوێژ تەنها بۆ ئەوەبو لایەنی راست لەلایەنی هەڵە، یەقین لەگومان جیابکاتەوە. (لەم جۆرە ئەخلاقەدا رێگەی ئەوەت پێ نەدەدرا هەڵە بکەیت. هەڵە رێگەپێدراو نەبو، بگرە بەگشتی لێی نە دەبوراو قەبوڵ نە دەکرا، دەبو کەسی دەسەڵاتدار لەسەرو هەڵەوە بێت). رێکەوتنو کۆدەنگیش لەمجۆرە ئەخلاقەدا ئەوەبو کە دواجار هەموان بەیەک راوبۆچون دەگەن. ئامانجی وتوێژ ئەوەبو هەمو بۆچونەکان نەک هەر لەیەک نزیکبکاتەوە، بەڵکو چونیەکیان بکات. بۆچونی جیاواز قەبوڵکراو نیە، چونکە لەدنیای بۆچونو بیروڕاکاندا یەکـێکیان راستەو ئەوانی دی هەڵەن. واتە بەمانایەکی دی ئەوەی هەیە جیاوازی نیە، بەڵکو راستیەک هەیە لەلایەکەو هەڵەکانیش لەولای تر. قەبوڵنەکردنی جیاوازی، لەبنەرەتدا قەبوڵنەکردنی هەڵە بو. پۆپەر لەو وتارەدا دەنوسێت (پێویست ناکات ئەوەبڵێم کە ئەمجۆرە ئەخلاقە پیشەییە، جۆرێکی نالێبوردو بو، کە بەردەوام کەسایەتی مەزن هەبون -وەک ڤۆڵتێرو برناردشۆ- هەمو هەوڵێکیان بۆ دژایەتیکردنی دەدا).
بەڵام بەبڕوای پۆپەر ئەم ئەخلاقە پێشەییە لەسەردەمی تازەدا چیتر توانای خۆڕاگری نەماوە. ئەو گۆڕانە زۆرەی لەزانستو زانیاریو لێبوردندا رویدا، کارێکیان کردوە کە چیدی کەس نەتوانێت بانگەشەی زانینی هەمو راستەیەک بکات. هەمو زانینەکانمان کاتینو دەشێت بگۆڕێن. تەنانەت ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن لەیەکێک بوارەکاندا پسپۆڕن، ناتوانن تاسەر ئەو هەستەیان هەبێت کە هەمو شتێکی ئەو بوارە دەزانن، چونکە بەردەوام بوارەکەیان دەگۆڕێتو زانیاری تازەی دەچێتە سەر کە پێشتر نەزانراو بوە. ئەم دۆخە ئەخلاقێکی پێشەیی تازە لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە نەک لەسەر بناغەی ڕاستی، بەڵکو لەسەر بناغەی هەڵە دامەزراوە. وێنەی زانای ئەم ئەخلاقە پیشەییە تازە پتر لەوێنەی حەکیم دەچێت. (حەکیم بەو خۆت بناسە. بزانە کە نازانیت) وتە بەناوبانگەکەی سوقرات. ئەمجۆرە ئەخلاقیەتە پیشەییە تازەیە لەسەر بنەمای شەرمنەکردن لەهەڵە دامەزراوە. لەسەر بناغەی ئەو راستیە دامەزراوە کە ئێمە مرۆڤینو هەڵە دەکەین. ئێمە ناتوانین هەمو شتێک بزانینو هەمو زانینەکانمان وەختیو سنوردارن. کارل پۆپەر دەڵێت (داننان بەوەدا کە دەشێت هەڵە بکەین، دەتوانێت بەرەو ریفۆرمێکی ئەخلاقیمان بەرێت) بەرەو ئەوەمان دەبات کە هەمیشە نە خۆمان بەڕاست بزانینو نە هەڵەش بەو سوکایەتیەوە تەماشا بکەین کە وەک ئەوەی کارێکی مرۆڤانە نەبێت. بیرۆکەی بنەڕەتی لێبوردن لەم تێگەیشتنەوە دروست دەبێت. لەگەڵ خەڵکی دیدا لێبوردو دەبین، نەک لەبەرئەوەی زۆر میهرەبانینو دڵمان گەورەوفراوانە، بەڵکو لەبەرئەوەی دەزانین هەڵەکردن کردەیەکی مرۆڤیەو هەمومان دەشێت هەڵە بین. پۆپەر قسەکانی ڤۆڵتێر دەهێنێتەوە کە بەبڕوای ئەو هیچ کەس هێندەی ئەو بەباشی تەعبیری لەم مانایەی لێبوردن نەکردوە:(لێبوردن چیە؟ ئەمە ئەنجامێکی لکاوە بەبونمانەوە. ئێمە هەمومان دەرئەنجامی لاوازین. هەمومان لاوازینو دەشێت هەڵەبکەین. لەبەرئەوە لێگەڕین لەیەکدی ببورین، لەشێتێتی یەکتر ببورین بەشێویەکی دولایەنە. ئەمە بنەمای یەکەمی یاسای سروشتەو هەرئەمەش بنەمای یەکەمی هەمو مافەکانی مرۆڤە). ئەمجۆرە ئەخلاقە پیشەییە تازەیە، تێگەیشتنێکی دی بۆ کۆدهنگییو گفتوگۆ دەهێنێتە ئاراوە. چیدی وتووێژ لەنێوان دو کەسدا رونادات کە یەکێکیان نوێنەری راستی ڕەهایەو ئەویتریان هەڵەی رەها. یەکێیان نوێنەری هەقیقەتو یەکێکیان نوێنەری نەزانییە. بەڵکو وتوێژ لەنێوان دو کەسدا رو دەدات کە دەشێت هەردوکیان لەسەر هەڵەبن. هیچ لایەکی وتوێژ بەو دڵنیاییە رەهایەوە قسە ناکات کە راستی بێ هیچ گومانو دودڵییەک لای ئەوەو هەردولای وتوێژ ئەو راستیە دەزانن کە دەشێت هەڵە بنو بەرامبەرەکەیان راستبکات. لەم ئاستەدا هەڵە نەک گوناهو قەبونەڵکراو نیە، بەڵکو وەک بەشێک لەبونی مرۆییمان قەبوڵکراوەو ئاسایی وەردەگیرێت.
کارل پۆپەر لەم ئاستەدا دەڵێت (ئەو یۆتۆپیا دیموکراتیەی من بیری لێ دەکەمەوە ئەوەیە رۆژێک بێت کەسێک کە خۆی کاندید کردوە بۆ پەرلەمان بەئۆمیدی بردنەوەی دەنگی خەڵک، بەشانازیەوە بڵێت من ئەمساڵ توانیومە ٣١ هەڵەی خۆم لەپارساڵدا بدۆزمەوەو هەوڵمداوە ١٣یان راست بکەمەوە، لەکاتێکدا رکەبارەکەم تەنیا ٢٧ هەڵەی دۆزیوەتەوە، ئەگەرچی وەک ئەمیش بڵێت ١٣یانی راست کردۆتەوە.) لەکۆتایی ئەم قسەیەشدا دەڵێت (هیچ پێویست ناکات بڵێم کە ئەم یۆتۆپیایە، یۆتۆپیای لێبوردنە). لێبوردن وەک بنەمای سەرەکی نەک هەر دیموکراسی، بەلکو وەک بنەمایەکی سەرەکی مافی مرۆڤ. مرۆڤ وەک بونەوەریک کە هەڵە بەشێکی سروشتی ژیانی پێکدەهێنێت. لەم تێگەیشتنەدا چیدی مەرج نیە وتووێژ بۆ ئەوەبێت هەموان بکاتە خاوەن یەک ڕا، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەمو لایەک هەوڵبدهنو بتوانن زۆرترین بەڵگە بۆ بۆچونەکانیان بهێننەوە. خودی پۆپەر نمونەی وتوێژی دو زانای بەناوبانگ لەسەدەی بیستدا دێنیتەوە(ئەنشتاینو نیلس بۆهەر) کە وتووێژی نێوانیان کەسیانی لهراکانی پەشیمان نەکردەوە، بەڵام هەردولای ناچارکرد باشترو وردتر راکانی خۆی ڕونبکهنهوە. بنەمای سەرەکی هەمو ئەزمونێکی دیموکراتی، ئامادەبونی ئەمجۆرە لەئەخلاقی پیشەییە کە عەقڵانیەت لەسەر بنهمای ئەگەری هەڵە وەک ئەگەرێکی مرۆیی دادەمەزرێنێتو هەڵە وەک تاوانو گوناه تەماشا ناکات، چونکە لەبنەرەتەوە ئەو ئەگەرەی بۆ خۆی بەر لەبەرامبەرەکەی داناوە.
31/1/2015