لە لەندەن بە نوێنەرایەتی 21 دەوڵەت بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری کوبوونەوەیەکی یەک ڕۆژە ساز دەکەن بە بەشداری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق حەیدەر عەبادی. لەم کۆبوونەوەیە باس لە ڕێگریەکانی چوونی بیانیەکانە بۆ نێو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). ئەوەی جێی سەرنجە لەم کوبوونەوانە نازانین کێ نوێنەری نەتەوەی کوردە و ڕۆڵی نەتەوەییمان چیە ؟. ئەگەر وەکو لە مانشێتی هەندێ ڕۆژنامە باس لەوە دەکەن کە کورد نوێنەرایەتی جیهان دەکات لە شەڕی دژی تیرۆر. ئەمە نەک هەر قسەی ڕۆژنامەکانە بەڵکو قسەی هەندێ لە مەسولەکانی دەسەڵاتە لە کوردستان. ئەم ووتارە بۆ ئەوە نیە کە ئەمە چیە و چۆنە و داواکاریەکانی نەتەوەی کورد کێ بە دونیای دەگەیەنێ و ڕۆلی نەتەوەکەمان لەم هاوپەیمانەتیە چیە و چەندە و ئەرک و مافەکانمان لەم هاوپەیمانە تیە چیە و چی نیە؟
لەم کۆنگرەیە دەیانەوێ بەیانی بکەن کە ڕۆژئاوا دژی ئیسلام نیە و تەنها دژی داعشە لەلایەک لە لایەکی تر دەیانەوێ سەنگ و سوکی هێزەکانی داعش تەتەڵە بکەن و دواین هێرشەکانی ئیسلامیەکان لە فەرەنسا و بەلچیکا لێکبدەنەوەو ئیجرائاتی پێویست وەربگرن بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەم هێرشانە لە داهاتوودا و لە شوێنی جیاجیادا لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئوسترالیادا.
بە گوێرەی زانیاریەکانی سی ئای ئەی و هێزە نهێنیەکانی ڕۆژئاوا هێزەکانی داعش خۆی زیاتر لە ٣١ هەزارە و دژایەتیکردن و لەناوبردنی چەندین ساڵی دەوێ. یانی قوڕەکی بە کا بۆ میللەتەکەمان گیراوەتەوە و دەرچوون لێی حکمەت و ئازایەتی بڕیاردانی دەوێ.
نەتەوەکانی نێو جەرگەی شەڕ هەموویان قوربانین، کە کورد یەکێ لە هەرە نەتەوە مەزولومەکانە هەم بەرگری دەکات و هەم زۆرترین قوربانی دەدات لە هەموو مەیدانەکانی جەنگ و دیموگرافی و کاولکاری ونەهامەتی و ئاوارەیی و هتد. بە کورتی لە هەموو مەیدانەکاندا نەتەوەکەمان قوربانی سەرەکیە و بە پلان شەرێکی کاولکاریمان بۆ دارێژراوە. لەلایەک نەتەوە قوربانیە لەلایەکی تریش تاکە نەتەوەیە لە ناوچەکە کە ڕۆل و ئەرک و مافی لەم هاوپەیمانەتیە بە دۆکیومێنت دیارنیە و نە هیچ پایەیەکی دەولی و نە توانای هەیە لە باری ئاسایشی نەتەوەیی سەربەخۆ بتوانی کار بکات و هەردەم پشت بەستووە بە هێزە دەرەکیەکان و لە بەرامبەریش خاکەکەی بووەتە شانۆی قەسابخانەی گەلان لە ناوچەکە و کوشتن وسەربڕین و تۆپ باران و تاقیکردنەوەی چەکەکان و بازاڕی گەرمی چەک و بەدەست کەوتنی کەرەستە خاوەکانە بە نرخێکی هەرزان. بە کورتی نەتەوەکەمان لە مەنگەنەیەکی بەردەوام دایە.
سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ ئەوەی گەل لەم وەزعە دەربچێ دەکرێ چەندین پلانی هەبێ، بە ڕاشکاوی بۆ گەلی بەیان بکات لە ناوەندەکانی ڕێکخراوەیی و جەماوەری گەل دا، نەک هەر پلانی سەربازی و تاکتیکی سەربازی جیاجیا کە زۆر پێویستن. بەڵام چۆن دەڵێن شەڕ سیاسەتە بە هۆی تر ئەوە دەبێ سەرکردایەتی سیاسی کورد بیر لە پلانی تر بکاتەوە لە پاڵ شەر و بەرگری کە دەرگیری بووە.
پرسیاری سەرەکی دەبێ ئەوەبێ ، بێ چی بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لەم وەزعە بە سەرکەوتووی دەرچین ؟ ئەگەر بیرێکی هەمەلایەنە و چڕوپڕی لێنەکرێتەوە نەک وەکو چارەسەری تاک لایەنە و هەر حزبە وبەتەنها بەڵکو بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو نەتەوە نەک هەر لایەنەکانی کە هێزی یان هەیە، بەڵکو وەک چارەسەر و پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی چی بکەین؟.
ئەگەر ئاوا کاربکرێ ئەوە وەزعی نەتەوە لە ئایندەدا بەرەو خراپ دەچێ و دوژمنانی گەلی کوردیش ئاواتیانە هەروا کاربکرێ و حزبە کوردستانیەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی و پەکەکە تووشی یەکتر بکەن و کوردستان پارچە پارچە بکەن. بوونی ناوەندێکی نەتەوەیی بۆ ئەم کارە سەرەتای دەست پێکردنیەتی ئەم پلانەیە. گەلی کورد وەک نەتەوە کاردەکات لە پراکتیکدا سەیری هاوبەشی هێزەکان بکەن لە کۆبانی، کەرکوک ، مەخموور و داقوق و جلەولا و شەنگال. سەرکردایەتی سیاسی کورد دەبێ بەم هزرە کاربکات. ئەوکات قورسایی نەتەوەیی لە ناوەندەکاندا بەهێز تر دەبێ و داوەتی هەموو کۆبوونەوەکان دەکرێن و لە سەنگ و سوکی هیزەکان ژمێریان بۆ دەکرێ.
ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان حزبەکان لە لایەک پێشمەرگەکانیان بەو نەبوونی و گرانیەی هەیە و بەو ڕەوشەی قەیران و گرفتانەی هەن ئەوە لە گەل گریلا و یەپەگە لە بەرەکانی شەڕ لە بەرگری دایە لەگەڵ هەندێ لە کادیرانی پێشکەوتووی حزبی هەروەها کۆمەڵێ لە کادیرانی ناوەندی حزب پارتی و یەکێتی و گۆڕان خەریکی پۆست و بەدەست هێنانی پۆستن لە نێو حکومەتی بنکە فراوان و حکومەتی خۆجێیەتیەکان. یانی کۆمەڵگا لە نێو دوو فشاری ناوەخۆ و هێرشی دەرەکی دایە، کۆمەڵگا ئەو هۆیانەی بەردەست نیە هەموو گرفتەکان ببڕێ ئەگەر وا کاربکرێ. بۆیەش بەرەنجامەکانی دەبینین و لە ئاستی پێویست نین و گرفتەکانی کۆمەڵگا و نەوەکان هەروا کەلەکە دەبن و چارەسەریەکانیش بۆ کاتی نادیار پاڵدەنرێن، ئەمەش ئایندەی باشی نیە و ڕۆژێ دێ دەتەقێتەوە و لە کۆنترۆل دەردەچێ.
بەهیوای ووڵاتێکی خۆشگوزەران و بەهێزین بۆ هەموو گەلان لە کوردستان، میللەتی کورد ئەوەی بەیانکرد کە توانای قەبوڵی فرە کەتووری و کۆمەڵگای بەیەکەوەژیانی هەیە. ئەمەش سەرەتایەکی باشە. بە کورتی هەتا زووە کار بۆ ناوەندێکی نەتەوەیی لەم دەورانە هێزێ گەل زیاتر دەکات و کۆمەڵگا ئازادتر دەبێ. ئەگەریش نا ئەوا ڕیسکێ هەیە دووبارە دەچینەوە فازێ کە براکان سەنگەر لێکبگرن لە جیاتی بەیەکەوە کارکردن و بەیەکەوە بیرکردنەوە و یەکترقەبووڵکردن و بیناسازی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران بۆ هەمووان.
25/1/2015