دوکتور تاهیر حیکمەت
ئایا به ڕاستی سه‌ردەمی "نه‌ته‌وە – دەوڵه‌ت" به‌سه‌رچووە؟
" ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی بڕینهوەی په‌لی دارێکن که بۆخۆشیان له سه‌ری دانیشتوون "
دوکتور تاهیر حیکمه‌ت (د. ئازاد)
ڕەوتی داهاتووی ژیانی مرۆڤ له ژیر کارتێکه‌ری ڕاسته‌قینه‌کانی هه‌ڵقوڵاو له بنه‌ما زانستییه‌کان و ئه‌و تیۆریانهدایه که له سێبه‌ری مشتومڕەکانیاندا ڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی داهاتوو ڕووناکتر دەبێته‌وە.
- بنه‌مای زانستی ئه‌وەیه که سهلماوە و تووشی گۆڕانکاری نابێ. وەکوو کوڵانی ئاو له ١٠٠ پلەدا که له هه‌موو جیهان و هه‌موو هه‌لومه‌رجێکدا هه‌ر وایه و ناگۆڕێ. یانی "ئه‌وەی دەبێ وابێ".
- تیۆری و ته‌نانه‌ت تیۆری زانستی واته پیشبینی داهاتوو له ڕووی ڕاسته‌قینه‌کانی ئه‌مڕۆوە که له‌وانه‌یه وا نه‌قه‌ومێ، به کورتی تیۆری واته "وێدەچێ وابێ".
پاش ههرەسهێنانی سیسته‌می فیۆداڵی و سه‌رهه‌ڵدانی زێدەبهرههم و بازاری سەرمایەداری، نیزامی نوێی سه‌رمایه‌داری پێویستی به دەزگا و دەسهڵاتێک بوو تا پتر گه‌شه و پهرەبستێنێ. بێگومان دەوڵه‌ت - نه‌ته‌وە دیاردەیه‌کی سه‌رمایه‌دارییه و پرسیاری لێکۆڵهرەوەکان ئه‌وەیه که پاش سه‌رمایه‌داری دەوڵه‌ت- نه‌ته‌وە و بازاڕ و زیدەبهرههم چی‌یان لێدێتهوە؟ ئه‌وەش دەیان ساڵه باسێکی ئاکادیمیکی خوڵقاندووە و هه‌ر بیرمه‌ندێکیش بۆچوونی خۆی هه‌یه. به‌ڵام به گشتی دوو شێوە بۆچوون هه‌یه:
١ - دەکرێ داهاتووی مرۆڤ به پێی ئاست و زانیارییه‌کانی ئه‌مڕۆ پێش بینی بکرێ، ئه‌و به‌شه پێیان وایه که سه‌رمایه‌داری تووشی قه‌یرانی قووڵ بووە و کۆتایی ژیانی نزیکه.
٢ – ڕەوته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌وەندە به په‌له و له ژێر کارتیکه‌ری ڕووداوەکاندان که ناکرێ پێشبینی بکرێن. سه‌رمایه‌داری تا ئێستا خۆی له زۆر قه‌یران دەرباز کردووە و هێشتاش زۆر زەرفییهتیتری ماوە که خۆی بپارێزێ. سه‌رمایه‌داری ئه‌وەندە بێڕەحمه که بۆ مانه‌وەی خۆی بڕێک به‌رژەوەندی خۆشی فیدا دەکات، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر کات سه‌رمایه‌داری گه‌یشته کۆتایی خۆی و دەستی هه‌ڵهێنا، ئاڵتڕناتیوی خۆی دەخولقێنێ.
بۆ وێنه چارەنووسی مارکسیزم دێننهوە که له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی سه‌دەی نۆزدە هاته گۆڕێ، ڕەوتی سه‌دەی بیست ئه‌وەندە جیاواز بوو که مێژوو به ڕێڕەوێکی به ته‌واوی جیاوازدا سووڕا. ئه‌گه‌رچی ماڕکس دەیزانی ڕەنگبێ ئه‌وە ڕوبدا، به‌ڵام دوگماتیزمی ماڕکسیسته‌کان سه‌رئه‌نجام ئه‌و مه‌کته‌به‌ی تووشی شکست و داڕمان کرد. به گشتی تیۆریه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێشبینی ناکرێن، ئه‌گه‌ریش به دروستی پێشبینی کرابن ئه‌وە ته‌نیا له قۆناخ و کاتی خۆیدا دەبنه کردەوە.
ئه‌وەش جێی سرنجه که کۆتایی ژیانی سه‌رمایه‌داری یانی دەست هه‌ڵێنان و ته‌سلیم بوونی دەبێ له وڵاتانی گه‌ورەی سه‌رمایه‌داریدا بێ نه وەکوو جیهانی سێهه‌م و به‌تایبه‌ت له شوێنێکی دواکه‌وتوو و یا دواکه‌وتوو ڕاگیراوی وەکوو کوردستاندا که هیچ نه‌خشێکی له‌سه‌ر جیهانی سه‌رمایه‌داریدا نییه.
تا سه‌رمایه‌داری بمێنێ دام و دەزگا و پێداویستییه‌کانیشی دەمێنن که گرینگ‌ترینیان دەوڵه‌ت- نهتهوەیه. دەوڵه‌تی میللی ته‌نیا چه‌کی پارێزەری به‌رژەوەندی نهتهوەکانه، بێبه‌شکردنی نه‌ته‌وەیه‌ک له‌م چه‌که وەکوو ئهوەوایه له مه‌یدانی شه‌ڕی جیهانی سه‌رمایه‌داریدا لشکرێکی بێ چه‌ک بنێردرێ بۆ شه‌ڕ که بێجگه له قڕ کردن و قوربانی کردنیان ئاکامێکی تری نییه.
ئه‌گه‌ر تیۆری و پێشبینییه‌کان ببنه بنه‌مای پڕاکتیک، ته‌نیا وێنای ساویلکه‌یی سیاسییه. زانایان پێیان وایه که لە چه‌ند ساڵی داهاتوو جیهان تووشی سه‌رماو سۆڵ و سه‌هۆڵبه‌ندان دەبێ و زۆربه‌ی گیان له‌به‌ران له‌ناو دەچن. ئه‌وە ڕێک وەکوو ئه‌وە دەچێ که هه‌ر له ئێستاوە کۆمه‌ڵێک شۆڕشگێڕی خێرخواز له هاوینیشدا کوورەی گه‌رم بۆ خه‌ڵکه‌که‌یان دانێن و بیان پڕۆکێنن. ئه‌و پێشبینییه له‌وانه‌یه هه‌ر نه‌یه‌ته دی چون پێشبینییه ڕیازی و فیزیکیه‌کانیش زۆریان به هه‌ڵه دەرچوون.
تیۆری "خۆبهڕێوەبهری دیموکڕاتی"، یه‌کێک له‌و بۆچوونانه‌یه که پتر له‌ناو نئۆماڕکسیستهکاندا لایه‌نگری هه‌یه و دەیان ساڵه له کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کاندا باسی لێوە دەکرێ. لایه‌نگرانی کوردی ئه‌و تیۆرییه "خه‌ریکی بڕینهوەی په‌لی دارێکن که بۆخۆشیان له‌سه‌ری دانیشتوون". ئه‌و هه‌ڵوێسته له خزمه‌تی"سیاسه‌تی پاراستنی ته‌واویه‌تی ئه‌رزی" ئه‌و دەوڵهتانهدایه که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابهشکراوە. بۆ دەبێ دەوڵه‌ت – نه‌ته‌وە بۆ خه‌ڵکی تر و دژبه‌رانی کورد تا کۆتایی سه‌رمایه‌داری ڕەوا بێ و بۆ کورد نا. پڕاکتیزەکردنی ئه‌و تیۆری و پێشبینییه شتێکی پتر له: "هه‌ر له ئێستاوە پڕوکاندنی خه‌ڵکه‌که یان له به‌ر کوورەدا" نییه.
ڕەنگدانه‌وەی ئه‌و بۆچوونه له دامه‌زراندنی "کانتۆن"دایه، کانتۆن بۆ جزێرە و کۆبانی و عه‌فرین که له شه‌ڕدان جیاوازی هه‌یه (چوون له هه‌موو سوریه‌دا سیسته‌می ئیداری و دەوڵه‌تی نه‌ماوە و ئه‌و وڵاته خۆبهڕێوەبهرە) به‌ڵام بۆ شه‌نگاڵ پڕ مه‌ترسی و کارەساته. کانتۆنی شنگاڵ له ناوەرۆکدا یانی دابهشکردنهوەی کوردستان به سه‌ر کۆنه داگیرکه‌راندا.
ئه‌گه‌ر "به‌شار ئه‌سه‌د"جارێکی‌تر به‌سه‌ر سوریادا زاڵ بێته‌وە، سێ کانتۆنه‌که دەکهونهوە سه‌ر سوریا و ئه‌و هه‌موو له‌خۆبوردوویی، وڵاتپارێزی و گیانفیدایی کچان و کوڕان، ژنان و پیاوانی کوبانی بۆچی بوو؟ بۆ ئه‌وەی ببنه‌وە به‌شێک له خاکی سوریا و وەکوو پێشوویان لێ بێته‌وە؟ ژێر دەسه‌ڵاتی "به‌شار ئه‌سه‌د" و "ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی" هه‌ر دووک بندەستییه، ته‌نیا به بڕێک جیاوازییهوە. وڵامی ئه‌و هه‌موو خوێنه ڕژاوانه، فیداکاری، له‌خۆ بوردوویی و دەربهدەریانه به کام دەسکهوت دەدرێتهوە؟
ئه‌گه‌ر کورد ڕۆژێک پێش ڕووخانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری هه‌لی بۆ هه‌ڵکه‌وێ تا دەوڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وەیی دامه‌زرێنێ، دەبێ بیکات ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ تاقه ڕۆژێکیش بووە، ئه‌گینا بێگومان له ڕەوتی مێژوویی و فۆڕماسیۆنی داهاتووشدا پاش دەکه‌وێ.
19/1/2015